ڕۆڵ و گرنگى كه‌رتى تایبه‌ت له‌ پڕۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى وڵاتدا...

ئاشكرایه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌ چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان پێكدێت،كه‌ هه‌موانیان پێكه‌وه‌ ده‌بنه‌ موڵك و سه‌رمایه‌ى كۆمه‌ڵگا و هه‌ریه‌كه‌شیان به‌ توانا و قه‌واره‌ى خۆیان به‌شدارده‌بن له‌ گه‌شه‌ و پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگا و وڵاتدا،هه‌ربۆیه‌ هیچ چین و توێژێك بێ گرنگى و بێكاریگه‌ر نامێنێته‌وه‌،به‌ڵام چینێك یان توێژێك زیاتر له‌وانى تر ڕۆڵ و كاریگه‌رى ده‌بێت كه‌ ئه‌وه‌ش كارێكى ئاساییه‌، بۆ نمونه‌ له‌ چینه‌ گرنگه‌كانى كۆمه‌ڵگا كرێكاران و جوتیاران و دواتریش توێژه‌كانى  پزیشكان و ئه‌ندازیاران و پارێزه‌ران و ته‌كنیككاران و كاسبكاران و خوێندكاران و ژنان و ...هتد.كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش دابه‌شبونه‌ته‌ سه‌ر دوو كه‌رتى گه‌وره‌ و فراوانى تر له‌ كه‌رتى گشتى((حكومى)) و كه‌رتى تایبه‌ت.كه‌ ئه‌م دوو كه‌رته‌ش پێكه‌وه‌ ته‌واوكارى یه‌كترن و پێكه‌وه‌ ده‌توانن ئیداره‌ى پڕۆسه‌ فراوان و گشتگیره‌كه‌ى پێشكه‌وتن و گه‌شه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگا و وڵات بده‌ن.به‌تایبه‌تیش له‌و سیسته‌مه‌ حوكمڕانیانه‌دا كه‌ پیاده‌ى سیسته‌مێكى دیموكراسى و بازاڕ و ئابورى و بازرگانى ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ى تێبینى كراوه‌ له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كانى دونیادا ئه‌وه‌یه‌،كه‌ هیچ حوكمه‌تێك ناتوانێت به‌ته‌نها پێڕابگات به‌ سه‌رپه‌رشتیارى و دانانى پلان و جێبه‌جێكردنى  هه‌موو كه‌رت و بواره‌كانى ژیان به‌ڵكو ئه‌ركى حكومه‌ته‌كان بریتیه‌ له‌ دانانى پلان و ده‌ركردنى یاسا و دابینكردنى بودجه‌ و دواتریش چاودێریكردنه‌ ، هه‌ربۆیه‌  به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ كه‌رتى تایبه‌تدا كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى پلانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى زانستى و پراكتیكى وسه‌ركه‌وتوو بێننه‌ دى.نه‌ كه‌رتى گشتى/ حكومى به‌ته‌نها ده‌توانێت هه‌موو كاره‌كان بكات نه‌ كه‌رتى تایبه‌تیش ده‌توانێت ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر ته‌واوى جومگه‌ و ئۆرگانه‌كانى ژیانى كۆمه‌ڵگادا.چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌یان كاتێك ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوى هه‌بوو شێوه‌یه‌ك له‌ تاكڕه‌وى و خۆسه‌پێنى و پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌ته‌كانى خۆى دێنێته‌ كایه‌وه‌ و ئه‌وكاتیش پێده‌چێت ته‌نها چینێك یان توێژێك یان زیاتر یان ده‌سته‌بژێرێك یان ته‌نها سه‌رمایه‌داران كه‌ كه‌مترین ڕێژه‌ن به‌ به‌راوورد به‌ زۆرینه‌ى خه‌ڵكى گشتى سوودمه‌ندببن له‌داهات و سه‌روه‌ت و سامانى وڵات.
بۆیه‌له‌ ئه‌نجامى بینین و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ردوو شێوازه‌كه‌دا ((سیسته‌مى تاكڕه‌وى و سیسته‌مى ئازادیه‌كانیش)) به‌ تاقیكردنه‌وه‌ ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ هیچ كامیان بێئه‌ویتر سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ وه‌ده‌ست ناهێنێت.بۆیه‌ له‌ كوردستانیشدا وه‌ك هه‌رێمێكى ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن داهاتێكى زۆر و زه‌وه‌ند و توانا له‌بن نه‌هاتوه‌كانى مادى و سروشتى و مرۆیی،ده‌كرێت ئه‌م دوو كه‌رته‌ پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن و ته‌واوكه‌رى یه‌كتر بن نه‌ك دژ و ناحه‌زى یه‌كتر.خۆشبه‌ختانه‌ش له‌دواى دامه‌زراندنى حكومه‌تى هه‌رێم و پیاده‌كردنى سیسته‌مى بازاڕو ئابورى ئازاده‌وه‌ توانراوه‌  گه‌لێك ده‌سكه‌وتى ئابورى گه‌وره‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بونیاتنانه‌وه‌ى ژێر خانى ئابورى و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى گوزه‌ران و به‌رزكردنه‌وه‌ى داهاتى تاك و كۆمه‌ڵگا به‌رزبكرێته‌وه‌ و گه‌لێك پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى و ئاوه‌دانى و ئه‌ندازیارى له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانى پیشه‌سازى و بازرگانى و گه‌شتوگوزار و وه‌به‌رهێنان و ڕێگاوبان و نیشته‌جێبون و كاره‌با و ئاو و نه‌وت و گازى سروشتى و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب و ..هتد. وه‌دیبهێنرێن كه‌ پێكه‌وه‌ هه‌موانیان سیماى وڵات و كوردستانیان جوانتر و ڕاوه‌زاتر كردوه‌ ، گه‌رچى بێ كه‌موكوڕى و بێ گه‌نده‌ڵى و بێ هه‌ده‌ردان نه‌بوون و ده‌كرا گه‌ر ئیداره‌یه‌كى به‌هێز و كه‌سانێكى شیاوتر و ئه‌كادیمى و متمانه‌پێكراو و خاوه‌ن ده‌ستپاكى و ئه‌مانه‌ت كاریان بكردایه‌ به‌دڵنیایى ده‌سكه‌وتى زیاتر وه‌دیده‌هات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌شدا توانراوه‌ سه‌رنجى گه‌لێك له‌كۆمپانیا گه‌وره‌كان و حكومه‌ته‌كانى ناوچه‌كه‌ و دونیاش راِبكێشرێت بۆ هه‌رێمى كوردستان و هه‌ریه‌كه‌ له‌بوار و پسپۆڕى خۆیدا ئه‌سپى خۆیان تاوداوه‌ و جێگه‌ په‌نجه‌ى خۆیان دیاریكردوه‌.
بۆیه‌ هه‌ركاتێك كه‌رتى حكومى و تایبه‌ت هه‌مئاهه‌نگ و ته‌واوكه‌رى یه‌كتربوبێتن ده‌سكه‌وت و سه‌ركه‌وتن و كار و پڕۆژه‌ى ناوازه‌ى لێكه‌وتۆته‌وه‌.بۆیه‌ ئه‌ركى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌ كه‌ بۆ ئاینده‌ش له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ى خۆى به‌رده‌وام بێت به‌دانانى یاسا و ڕێنمایى و مه‌رجى  دیاریكراو كه‌ كارئاسانى زیاتر بكات بۆ هاوكاریكردن و هاندانى كه‌رتى تایبه‌ت و ڕێگه‌ بگرێت له‌ دیارده‌كانى گه‌نده‌ڵى و قۆرخكارى بازاڕ و بازرگانى و پاوانخوازى ته‌نها بۆ كۆمه‌ڵ و گروپ و ده‌ستڕۆیشتوه‌كان و بێبه‌شكردنى زۆرینه‌ى كۆمپانیا و سه‌رمایه‌دارانى تر. هه‌روه‌ها ئه‌ركى حكومه‌ته‌ كه‌ هه‌لى به‌شداربوونى یه‌كسان و وه‌كیه‌كى بداته‌ هه‌موو كۆمپانیا و خاوه‌ن سه‌رمایه‌ ناوخۆیى و ده‌ره‌كیه‌كانیش به‌بێ جیاوازى و لایه‌نگیرى، به‌هه‌مانشێوه‌ ئه‌ركى حكومه‌ته‌ كه‌ جه‌خت و پێداگیر بكاته‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌رجه‌كانى سه‌لامه‌تى و كوالێتى به‌رز بۆ هه‌موو كه‌رت و بواره‌كان له‌ پێناو پاراستنى گیان و سه‌روه‌ت و سامانى وڵاتدا.چونكه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ى ته‌نها له‌لایه‌ن كه‌رتى حكومى و سیاسه‌تێكى داخراو و مه‌ركه‌زیه‌وه‌ ده‌برێن به‌ڕێوه‌ به‌به‌راوورد به‌و وڵاتانه‌ى كه‌ سیسته‌مى ئازادى ئابورى و بازاڕیان گرتۆته‌ به‌ر هه‌میشه‌ دواكه‌وتووتر و هه‌ژارتر و وێرانتر هاتونه‌ته‌ به‌رچاو.چونكه‌ له‌كه‌رتى حكومیدا دیارده‌ زیانبه‌خشه‌كانى ڕۆتین و دواكه‌وتن و گه‌نده‌ڵى و مه‌حسوبیه‌ت و لایه‌نگ یرى به‌دیده‌كرێت و بونى یاسا و ڕێكاره‌ یاسایى و داراییه‌كان و نه‌بوونى سیسته‌مێكى پێشكه‌وتووى دارایى و بانكیش هۆكارى ترن.
گرنگى و ڕۆڵى كه‌رتى تایبه‌ت هیچى كه‌كتر نیه‌ له‌كه‌رتى گشتى ،چونكه‌ ئه‌م كه‌رته‌ش تایبه‌تمه‌ندى و پسپۆڕى و ڕۆڵ و كاریگه‌رى خۆى هه‌یه‌ ،له‌ دۆزینه‌وه‌ و دابینكردنى هه‌لى كار و نه‌هێشتنى هه‌ژارى و بێكارى و كه‌مكردنه‌وه‌ى هه‌ڵاوسان و نه‌خوێنده‌وارى و پێشكه‌وتنى وڵات و كۆمه‌ڵگا و دروستكردنى تۆڕێكى به‌رفراوانى په‌یوه‌ندى ئابورى و ته‌نانه‌ت سیاسى و فه‌رهه‌نگی و ئه‌منیشدا،به‌تایبه‌تیش له‌ دونیاى ئێستادا كه‌ هۆكاره‌كانى په‌یوه‌ندى گه‌لێك پێشكه‌وتوون ،ئه‌وا كۆمپانیا و كه‌رتى تایبه‌ت ده‌توانن ببنه‌ نێوه‌ندگیر و هۆكارى په‌یوه‌ندى دروستكردنى په‌یوه‌ندى نێوان حكومه‌ته‌كانیش و سنوره‌ سیاسیه‌كان تێببه‌ڕێنن و ته‌نانه‌ت ململانێ سیاسى و ئه‌منیه‌كانیش خاوبكه‌نه‌وه‌ و ئاشتیش به‌رقه‌رار بكه‌ن و ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنى زیاتریش ببه‌خشنه‌ كۆمه‌ڵگا و وڵاته‌كان.
ئاشكراشه‌ كه‌رتى تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو گرنگیه‌ى كه‌ هه‌یه‌تى بێ كه‌موكوڕى نیه‌ و هه‌ندێك جار چاوچنۆكى و ته‌ماعكارى و خۆدزینه‌وه‌ له‌ پابه‌ندیه‌ یاسایی و داراییه‌كان و گران بوونى نرخه‌كان و بازاڕ و كاڵاكان و قۆستنه‌وه‌ى هه‌له‌كان و ته‌نها حسابكردن بۆ قازانجى تایبه‌تى و زۆر جارانیش پێهه‌ڵده‌كێشن بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ و پێدانى كرێى كه‌م و كارى زۆرو نه‌بونى بیمه‌ى بێكارى و ته‌ندروستى و سه‌لامه‌تى كرێكاران و فه‌رمانبه‌راكانیشیان.
به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى گشتى هه‌میشه‌ دوانه‌ى كه‌رتى حكومى و تایبه‌ت دوو ڕووى دراوێك بونه‌ و پێكه‌وه‌ كار و ده‌سكه‌وتى گه‌وره‌یان بۆ مرۆڤایه‌تى بنیاتناوه‌.هه‌ربۆیه‌ هه‌ق وایه‌ له‌هه‌رێمى كوردستاندا داموده‌زگا حكومیه‌كان هێنده‌ى به‌چاوى ترس و دوودڵى و تۆمه‌تباركردن و ناحه‌زى سه‌یرى كه‌رتى تایبه‌ت ده‌كه‌ن ، نیوهێنده‌ به‌چاوى هاوكار و كارئاسانیكه‌ر و یارمه‌تیده‌ر وێنایان بكێشن و ده‌ستى هاوكارى و ته‌باییان بۆ درێژبكه‌ن. به‌وهیوایه‌ى ئاینده‌یه‌كى گه‌شتر و ئاوه‌دانتر چاره‌نوسى كۆمه‌ڵگاى كورده‌وارى و ده‌سه‌ڵاتى كوردیش بێت له‌م هه‌رێمى كوردستانه‌ ئازیز و خۆشه‌ویسته‌دا كه‌ لانكه‌ و ماڵ و جێگه‌ى حه‌وانه‌وه‌ى هه‌موانمانه‌ و ئه‌ركى هه‌موانیشمانه‌ كه‌ به‌هه‌موو تواناكانمانه‌وه‌ بیپارێزین و هه‌وڵى گه‌شه‌كردن و ئاوادانكردنه‌وه‌ى بده‌ین ،هه‌ریكه‌مان له‌بوار و پسپۆڕى و شاره‌زایى خۆماندا بۆ ئه‌وه‌ى وڵاتێكى ئاوه‌دان و پێشكه‌وتوو بۆ نه‌وه‌كانى ئاینده‌مان به‌جێبهێڵین و دروست بكه‌ین..
 
 
‌‌ زیاتر ...

AM:04:39:17/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 165 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌