ژمێریاری


ژمێریارێش وەک هەموو بوارێکێ تر مێژوی هەیەو زانستە، سەرجەم شارستانیەکان جۆرێک لەژمێریاریان هەبوە، گریکەکان، فیرعەونیەکان، ڕۆم‌و چینیەکانیش لەچوار هەزار ساڵ پێش ئێستادا ژمێریاریان هەبوە. هەرچەندە بەمجۆرە پێشکەوتوەی ئێستا نەبوە بەڵام زانای بیرکاری ئیتالی لۆکا باشولی (LUCA PACIOLI) ١٤٤٥ - ١٥١٧ ئەم زانستەی بەرجەستە کرد، سیستمی جوت تۆماری پەرەپێداو ڕێکیخست، کە ئێمە ئەتوانین بەمجۆرە ناوی لێبنێین، هاتوو، ڕۆشتوو یاخود (کڕین، فرۆشتن)  یان قەرزار، خاوەن قەرز، کە بوە بەژێرخانی زانستی ژمێریاری‌و تا ئەم ئاستەی ئەمڕۆ هەزاران زانکۆو کۆلێج ئەو زانستە ئەخوینن‌و بەهەزاران لێکۆڵینەوەو تۆیژینەوەی زانستی لەسەر کراوەو ئەکرێ، ئەم سیستمە بەجۆرێکە کە ڕۆژانە هەردو فاکتەکە تۆمار بکات لەدوو لیست یان دەفتەری جیاوازدا، هەروەها ئەبێت ئەوە بزانین کە تا ئەمڕۆ بانکەکان بەو سیستمە کار دەکەن،  کە بەمجۆرەیە:
١ ــ سەرەکی کە (قەرزار)ە 
٢ ــ پابەند بونەکان (خاوەن قەرز)ە
٣ ــ مافی خاوەندارێتی (خاوەن قەرز)ە 
 
ژمێریار:
لەزانستی نوێدا ژمێریار کەسێکە کە بەئاگایە بەگشت لق‌و پۆپی درەختی ژمێریاری، توانای ئەوەی هەیە کە بازنەی ژمێرەیی دروست بکات  وەک پسوڵەی پاکتاو کردن، ژماردن (جرد)، ژماردنی کۆتایی شارەزابێت، جیاوازی جۆری چەکەکان‌و دەستەبەری بانکی (خطاب ضمان)، متمانە (اعتماد) موستەنەدی بزانێت لەباج‌و پێداویستیەکان‌و میزانیەو بودجەدا شارەزاییەکی تەواوی هەبێت.
 
چۆن ببمە ژمێریارێکی سەرکەوتوو؟
بۆ ئەم ئامانجە پێویستە پێشینەیەکی زانستی بونی هەبێت، یەکێک لەقۆناغەکانی زانستی ژمێریاری وەک پەیمانگایەک یان کۆلێجێکت خوێند بێ. خۆ ئەگەر بڕوانامە بەرزترەکانیشت تەواو کردبێت ئەوا باشتر، ئەمانەو ئەزمونی کارکردنیش گرنگەو لەئەمڕۆدا بەهۆی تەکنۆلۆجیاوە بەدەستهێنانی سەرچاوەی زانستی زۆروزەوەند هەیە  ئەتوانرێ لەڕێگەیانەوە ژمێریاری سەرکەوتوو لەڕووی زانستیەوە خۆی پێ پێش بخات.
 
ئەو فاکتەرانەی کە پێویستە ژمێریار هەیبێت بۆ سەرکەوتن:
١ــ پلان: ژمێریاران کەسانێکن کە بەرپرسیارێتیان زۆرو گەورەیەو هەر لەم ڕوانگەیەوە پێویستە پلان‌و نەخشەڕێگایان هەبێت بۆ کارەکەیان. 
‌آ ــ رێکخستنی کات: ڕێکخستنی کات یەکێکە لەفاکتەرەکانی ژمێریاری سەرکەوتوو، کە بەئاگابێت لەوەی چۆن کاتەکانی ڕێکئەخات بۆ کارەکانی خاڵبەندی هەنگاوو قۆناغەکانی کاری ژمێریاری خۆی بزانێت کام کارە ئەخاتە پێش، کامی تر ئەکاتە دووهەم‌و سێهەم‌و.. هتد.
ب ــ خۆگونجاندن: کاری ژمێریاری هەم لق‌و پۆپی زۆرەو هەم فرە لایەنەو پەیوەستە بەچەندین لایەنەوە لەناو هەر دامەزراوەیەکدا، بۆیە خۆگونجاندن ئەبێتە ئەرک‌و زانست‌و فاکتی سەرکەوتنی ژمێریاری سەرکەوتوو.
ج ــ گفتوگۆکردن‌و گەیاندن: مەبەست لەگەیاندن ئەوەیە ژمێریار چۆن مەبەستەکەی بگەیەنێتە بەرامبەرو تێی بگەیەنێ مەبەستەکەی بپێکێ، کەواتە هەڵسوکەوت‌و جۆری دایەلۆگەکەی کە چۆن بتوانێ لەگەڵ ئەوکەسانەی کە مامەڵەیان لەگەڵدا ئەکات ئاستی لۆژیکی کە گفتوگۆی پێئەکات لەگەڵ بەرامبەردا.
د ــ کراوەیی: دەستپاکی‌و ڕاستگۆیی‌و شەفافی بەهای بەرزن‌و پیرۆزی خۆیان هەیە، هەر بۆیەش ئەو دامەزراوانەی ژمێریاری سەرکەوتوویان هەیە شانازی پێوە ئەکەن، هەروەها ژمێریاری سەرکەوتوو دەستپاک‌و سەرکەوتوو ئەبێتە ئاوێنەیەکی ڕون بۆ دامەزراوەکە.
ز ــ کارکردن بەشێوەی تیم: ژمێریاریش وەک گەلێک لەبوارەکانی کارکردن بواری ئەوەی هەیە کە بەتیم کار بکرێت، لێرەدا ژمێریاری ماستەر ئەبێت پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی تیمەکەیدا باش بێت گوێگریکی باشیان بێت پێشنیارەکانیان بەهەند وەربگرێت‌و بۆ خۆشی داکۆکیکارو فێرکەرێکی هەمیشەییان بێت بۆ سەرکەوتنی کارەکەیان.
ڕ ــ پەیوەندی کردن: شارەزایی پەیوەندی کردن فاکتەرێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی پیشەیی لەپەرەپێدان‌و بوژاندنەوەی توانای مرۆیی بەگشتی دادەنرێ، یارمەتی پەرەپێدانی کارامەیی کەسی دەدات لەگەڵ هاوکاران‌و دروستکردنی تیمێکی سەرکەوتوو بۆ ئەوەی کارامەیی پەیوەندی ماستەر بێت وا ئەخوازێت تاکەکان بەگشتی بەسەر کۆسپ‌و ئاستەنگەکاندا زاڵ بن‌و بەربەستەکان کەم بکەنەوە لەهەموو قۆناغێکی پرۆسەی پەیوەندیکردندا. 
 
پێویستە ژمێریار بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت ئەم خەسڵەتانەی تیابێت:
١ ــ هەمیشە ئەبێت ژمێریار خۆی یارمەتیدەری خۆی بێت، باوەڕی بەخۆی بێت.
٢ ــ خۆڕاگرو بوێر بێت خۆی بەرپرسیارێتی کارەکانی خۆی هەڵبگرێت.
٣ ــ گرنگی بدات بەوردەکاریەکان (اهتمام بالتفاصیل) لەبەرئەوەی وردەکاریەکان ئەبنە بناغەی ژمێریاری دروست.
٤ ــ گەڕانەوە بۆ سەرچاوە زانیاریەکان کە ئەبێتە یارمەتیدەر بۆ بەرەو پێشچونی کاری ژمێریاریی.
٥ ــ دەستپاکی، هاوکاری، کارکردن بەتیم، ڕۆحی پێشەنگی لەکارکردندا. 
٦ ــ ئەزمونی ڕۆژانەو سوود وەرگرتن لەو کێشانەی کە بەرۆکی کارکردن ئەگرێت تا ببێتە ئەزمون‌و سەرچاوە بۆ زانستی ژمێریاریی، خۆ بەدورگرتن لەڕۆتین.
 
ئامانج‌و لێکەوتەکانی ژمێریاری: 
١ ــ دامەزراوەو کۆمپانیاکان سوود لەزانست‌و ئاکامەکانی ژمێریاریی وەردەگرن‌و لەکاتی گونجاودا بڕیاری گونجاو دەدەن بۆ زیادکردنی داهات‌و قازانج‌و ڕێکخستنی سەرمایە.
٢ ــ بەهۆی زانیاری ژمێریاریەکانەوە هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم کارو چالاکی کۆمپانیاو دامەزراوەکان ئەکرێت.
٣ ــ سەرجەم هەڵسەنگاندنی کارە کارگێریی‌و دارییەکان پشت بەزانیارییە ژمێریاریەکان ئەبەستێت، هەم بۆ پلان دانان‌و هەم بۆ لێکدانەوە دارییەکان.
٤ ــ ژمێریاریی گرنگە بۆ خاوەن پشکەکان‌و سەرجەم هەموو دامەزراوەیەک کە خەرجی‌و بودجەی هەبێت.
 
گریمانە ژمێریارییەکان: 
١ ــ گریمانەی یەکەی ژمێریاری: یەکەی ژمیریاریی بەکۆڵەکەی سەرەکی دائەنرێت کە چالاکی ژمێریاریی چالاکیەکانی بازرگانی پێوە بەندە، هەرچەندە پێناسەیەکی دیاریکراو نیە بۆ یەکەی ژمێریاریی بەهۆی بۆچونە جیاوازەکانەوە، بەڵام پێناسەی گونجاو بۆ ئەم پرسە پێویستی بەم تایبەتمەندیانە هەیە.
آ ــ یەکەی ژمێریاریی کەسایەتیەکی مەعنەوی سەربەخۆیە. 
ب ــ یەکەی ژمێریاریی گوزارشت لەچالاکیەکی دیاریکراو دەکات لەبارێکدا کە تۆمارو دەفتەرە ژمێریاریەکان بەسەرچاوەی زانیاری دائەنرێت.
ج ــ چەمکی یەکەی ژمێریاریی چەمکێکی نەرمە، واتە لەسەر پێداویستیەکانی بەکارهێنەران زانیاریە ژمێریارییەکان دەوەستێت.
 
گریمانەی بەردەوامبون:
بەپێی ئەم گریمانەیە نابێت تەمەنی کۆمپانیا یا دامەزراوە دیاری بکرێت، بەڵکو بەردەوام ئەبێت تا ماوەیەکی ناکۆتا، هەروەها ناکرێت پاکتاو بکرێت یا پلانی پاکتاوکردن یاخود پێشبینی پاکتاو بکرێت مەگەر لەکاتی زۆر پێویستدا.
 
گریمانەی خولی:
ئەم گریمانەیە کاتەکانی دامەزراوە یان کۆمپانیا دابەش ئەکات بۆ چەند کاتێک یان وەرزێکی دارایی یەکسان بەپێی چالاکی‌و ڕوداوە ئابوریەکان لە ڕێگەی ئامادەکردنی (لیستی مالی) دامەزراوەکە.
گریمانەی پێوانەی نەختینە (فریضە قیاس النقدی): 
بریتیە لەپێوانە کردن‌و گەیاندنی ئەوزانیاریانەی کە گوزارشت لەڕوداوە دارییەکان ئەکات کە ئەکرێت بگۆردرێت بۆ پارەی نەخت، کە مەبەست پارەیەو پارەش لەوڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر ئەگۆڕدرێت.
 
زانستی ژمێریاری دوو بەشی سەرەکین:
 1ــ ژمێریاریی کارگێڕی (Managerial Accounting)
٢ ــ ژمێریاریی دارایی (Financial Accounting)
ئەم دوو بەشە لەژمێریاریی دوو بەشی تەواو جیاوازن، هەریەکەیان بەئاڕاستەیەکدا کار دەکات، بەڵام هەردووکیان بەیەکەوە یەکەیەکی ژمێریاریی تەواو تۆکمە دروست ئەکەن.
١ــ ژمێریاریی کارگێڕیی: ئەم بەشە زیاتر مامەڵە لەگەڵ دیوی ناوەوەی بزنس ئەکات، بریتیە لەڕێکخستن‌و ڕاگرتنی داهات‌و خەرجیەکان، هەروەها ئامادەکردنی ڕاپۆرت بۆ بەڕێوەبەرو بەشە جیاوازەکانی دامەزراوە کە ڕونکردنەوەی خەرجیەکان، جیاکردنەوەی خەرجی جێگیرو خەرجی ناجێگیر، ڕێژەکانیان، سەرچاوەکانی داهات‌و ڕێکخستنی موچە. لەکۆتاییدا هەموو ئەو زانیاریانە ئەبنە داتاو ئامار بەکاردێت بۆ لێکۆڵینەوەو توێژنەوە بۆ باشترکردنی بەرنامەی کاری دامەزراوەکە ئەم بوارە بەتەنها پەیوەندی بەناوخۆی دامەزراوەکەوە دەبێت‌و زانیاریەکانی ناچێتە دەرەوە.
٢ ــ ژمێریاری دارایی: لەم بوارەی ژمێریاریدا ڕاپۆرت ئامادە ئەکرێت بۆ دەرەوەی دامەزراوەکە کە داهات‌و قازانج‌و فرۆشتن‌و پشک‌و هەموو ئەمانەی تیا دیاری ئەکرێ‌و ڕون ئەکرێتەوە، هەروەها هەردوو جۆری قەرزی تیا ئاشکرا ئەکرێت، هەروەها موڵک‌و سەرمایەی دامەزراوەکە ئەخرێتە ڕوو بۆ لایەنی پەیوەندیدار، ئیتر ئەو لایەنە بانکەکان بن یاخود خاوەن پشکەکان یاخود حکومەت بێت بەمەبەستی وردبینی یاخود هەر مەبەستێکی تر، زۆرێک لەدامەزراوەکان ئەم پرۆسەیە ساڵانە ئەنجام ئەدەن یان وەرزی. 
 
قۆناغەکانی خولی ژمێریاریی‌و کاری ڕۆژانە:
یەکەم - شیکاری چالاکیە دارییەکان.
دوهەم - تۆمار کردنی دەفتەری ڕۆژانە. 
سسهەم - ناردن بۆ دەفتەری ئوستادی ڕۆژانە.
چوارهەم - دەرهێنانی کۆی گشتی.
پێنجەم - دروستکردنی  تەرازوی پێداچونەوە (میزان المراجعة).
ئەمە سەربوردەیەک بوو لەکارو سیستمی ژمێریاری کە پێویستە هەمو ئەو کەسانەی خاوەن کاری بازرگانین بیزانن.
 


AM:11:39:09/08/2021




ئه‌م بابه‌ته 488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌