ڕۆژی جیھانی سەلامەتی خۆراک و ئاڵەنگاریەکان لە کوردستاندا

ساڵانە لە جیھاندا  ٧ ی حوزەیران  دانراوە بە ڕۆژی جیھانی سەلامەتی خۆراک وە ھەر ساڵێک دروشمێک دەبێتە ئەجندای کارو کارنامەکانی ڕیًکخراوەکانی ھەڵدەستن بەم یادە بەتایبەت ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی  WHO  وە  ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیھانی ناسراو بە FAO . دروشمی ئەمساڵیان بریتیە لە (خۆراکی سەلامەت لەمڕۆدا زامنی داھاتویەکی تەندروستە) ھاوکات لەگەڵ ئەم دروشمەدا بە دەستەواژەیەکی تر ھەموان بە ئاگا دێننەوە کە دەوترێت ( سەلامەتی خۆراک کاری ھەموومانە). گرنگی و پەیامی ئەم ڕۆژ و یادە بریتیە لە ڕاکێشانی سەرنج و کارکردن بۆ نەھێشتن و ئاشکراکردن و چارەسەرکردنی ئەو مەترسیانەی دەکەوێتە سەر خۆراک  یان ئەگەری گواستنەوەی ھەیە لەڕێگەی خۆراکەوە کە ئەم مەترسیەش ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە تەندروستی مرۆڤ و ئاسایشی خۆراک و ئابوری و سێکتەری کشتوکاڵ و بازاڕی کار و تەنانەت کەرتی گەشتیاریشەوە.لە وێنە گەورەکەشدا ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە سەلامەتی مرۆڤەکان و ئاژەڵەکان و ژینگە پێکەوەبەستراون و ھەر ڕوداوێکی نەخوازراو لە ھەر یەکێکیاندا ڕوبدات کاریگەری ھەیە بۆ ھەموو جیھان. لەڕوی پراگماتیکیەوە  بۆ ئەمساڵی ڕۆژی  جیھانی سەلامەتی خۆراک پێنج بانگەوازی گرنگی لە خۆگرتوە بۆ پێنج  لایەنی جیاواز لەسەر ئاستی سەرجەم وڵاتانی جیھان تا چۆن سەلامەتی خۆراک بپارێزرێت  کە بە کورتی بریتین لەمانە:

١- بانگەواز بۆ حکومەت : پێویستە خۆراکی سەلامەت و بەھا بەرز دابین بکات بۆ ھەموان
٢- بانگەواز  بۆ بەرھەمھێنەرانی خۆراک و کشتوکاڵ : پێویستەپراکتیزە و پەیڕەوی باشترین ڕێنمایی و یاساکان بکەن.
٣- بانگەواز  بۆ بازرگانەکانی خۆراک: دڵنیا بن کە خۆراکێکی سەلامەتە
٤- بانگەواز  بۆ تیمەکانی سەلامەتی خۆراک: با ھەموو بە یەکەوە ھاوکار بین بۆ دابینکردنی خۆراکی سەلامەت و تەندروستی باش.
٥- بانگەواز  بۆ  بەکارھێنەرەکان : پێویستە بەرچاوڕون بن لە ھەڵبژاردنی خۆراکی سەلامەت و تەندروست.
ئەمە کورتەی پەیامی ئەمساڵی ئەم ڕۆژەجیھانی یە بوو کە لە دەیان ولاًتی پێشکەتوو و گەشەسەندوو وە دامەزراوەیی زۆر بە بایەخەوە سەیر دەکرێت بە تایبەت کە ھێشتا تارمایی و ترسی ڤایرۆسی کۆرونا نەڕەویوەتەوە و ھەرچەندە سەرەتای سەرھەڵدانەکەشی لە بازاڕێکی خواردنە ئاویەکانەوە سەری ھەڵدا لە وۆھانی چین بەڵام لە ڕێگای خواردنەوە نەدەگوازرایەوە پرسیارێکی لۆجیکیش کە دێتە ئاراوە ئەوەیە باشە  لە داھاتودا چۆن گرەنتی ئەوە دەکرێت  نەخۆشی کوشندە لە ڕێگەی خواردنەوە نەگوازرێتەوە ؟ بە تایبەت کە گۆڕانی کەش و ھەوا و ناھاوسەنگی ژینگەیی و زۆربونی نەخۆشی ئاژەڵ و پەلەوەر و فێڵی خۆراکی بەرۆکی جیھانی گرتووە.

بنەماکانی سەلامەتی خۆراک :

پێش ھەڵسەنگاندنی دۆخی سەلامەتی خۆراک لە کوردستاندا پێویستە لەم نوسینەدا دوو چەمک ھەیە بیناسێنین و ڕونی بکەینەوە کە بریتین لە:

١- سەلامەتی خۆراک: واتە ڕونەدانی  زیان لە تەندروستی مرۆڤ کاتێک خۆراک دەخوات  ( خۆ ئەگەر زیانی پێبگات مەرج نیە ڕاستەوخۆ لێی دیاری بات ڕەنگە دوای چەند ساڵێک کاریگەریەکەی دەرکەوێت  وەک چۆن کەسی جگەرەکێش دوای ماوەیەکی دورمەودا کاریگەریەکانی تیا دەرەکەوێت)  لێرەوە پێناسەیەکی وردتر بۆ سەلامەتی خۆراک  دێتە ئاراوە کە بریتیە لە پابەندبون بەسەرجەم ئەو پێوەر و پەیڕەو مەرجانەی کە دانراون لە لایەن دەزگا و ناوندە زانستیەکانی تایبەت بە سەلامەتی خۆراک لە کاتی (بەرھەم ھێنان و ئامادەکردن و گواستنەوە و دابەشکردن و خواردنی خۆراک) بەمەبەستی دوربون لە پیسبون و ژەھراوی بون و دەستکەوتنی خۆراکێکی تەندروست و سەلامەت  .
٢- مەترسیەکانی  سەر خۆراک : مەترسی لەسەر ھەر بابەتێک بۆ نمونە (خۆراک) واتە ئەگەری زیان پێگەیاندنمان ھەیە لە ڕێگەی ئەو خۆراکەوە کەواتە پێویستە بێین دەستنیشانی مەترسیەکانی  (Hazards) سەر ئەو خۆراکە بکەین  و سەرچاوەکانی و قەبارەی مەترسیەکە دیاری بکەین  ،
بۆ ئەمەش پێویستە قۆناغەکانی بەرھەمھێنانی خۆراک لە( کێڵگەوە بۆ سەر سفرە) جیا بکرێتەوە بە پێی جۆری بەرھەمە خۆراکیەکە وە مەترسیەکانیش دیاری بکرێت لە ھەر قۆناغێکدا کە بەم شێوەیە دەتوانین پۆلێنی بکەین :

یەکەم / قۆناغی کشتوکاڵکردن و دروێنەو چنینەوە(سەرچاوە ڕوەکیەکان) یان بەخێوکردن و پەروەردەکردن (سەرچاوە ئاژەڵیەکان)

دووەم / قۆناغی گواستنەوەی بەرھەمە سەرەتاییەکە لە کێڵگەوە کە ئەمەش بە دوو شێوەیە :

i. یان ڕاستەوخۆ بەکاردەھێنرێت لەلایەن بەکاربەرەوە  وەک خواردنی ڕۆژانە (سەوزەو میوە)
ii. یان ناڕاستەخۆ کە پێویستی بە ئامادەکاری و پڕۆسێسکردن (Processing) ھەیە، ئەگەر گەنم بە نمونە وەربگرین ئەوا پێویستە بھارڕێت بکرێت بە ئارد پاشان دەتوانرێت بەرھەمەکانی تری لێدروست بکرێت.
سێیەم / قۆناغی بەرھەمھێنان و ئامادەکردن و تێکەڵکردن و پێچانەوەو سەرجەم ئەو پرۆسانەی کە دەچنە بواری پیشەسازی خۆراک و کارەکانی ناو کارگە خۆراکیەکان کە ئەم قۆناغە گرنگترین و چەقی مەترسیەکانە کە زۆربەی خۆراکەکان پرۆسەی زیادکردنی ماددەی جیاواز یان گۆڕانکاری لە پێکھاتە ، یان مامەڵەی گەرمی و درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەیان بۆ دەکرێت یان وشک دەکرێنەوە یان کرداری بەستن (بەسەھۆڵکردن) بۆ دەکرێت یان .... دەیان کرداری تر کە لەم قۆناغەدا دەکرێت

چوارەم / قۆناغی گواستنەوەی خۆراک لە کارگەکانەوە و دابەشکردن و ھەڵگرتن لە کۆگاکان

پێنجەم / قۆناغی بەکارھێنان لە لایەن بەکاربەرەوە.

سەرچاوەکانی مەترسی لەسەر خۆراکەکان :

١- مەترسیە بایلۆجیەکان ( بکتریا – ڤایرۆس – مشەخۆرەکان – کەڕوەکان، جینی گۆڕاو ...)
٢- مەترسیە کیمیاییەکان ( ماددە قڕکەرەکانی مێروەکان – ماددە کیمیاییە زیادکراوەکان – تیشک پاشماوەی چارەسەرە کشتوکاڵیەکان – ھۆڕمۆنات – ئەنتی بایۆتیک )
٣- مەترسیە فیزیاییەکان ( بونی ئەو شتانەی بە چاو دەبینرێن وەک مێروەکان یان پاشەڕۆکانیان ، پارچە شوشەیەک ، ئاسن و کانزاکان ،.....)
٤- مەترسی ئەو پێکھاتانەی کە ھەستیاری( Allergy ) زیاد دەکەن ( وەک ھەندێک خۆراک یان پێکھاتەکانیان لە بەرھەمێکی تردا)
ئەم پۆلێنکردنانە بەشێوەیەکەی گشتی و ئاسانکراوە تاوەکو ھەمووکەس بە ئاسانی تێگەیشتنی بۆی ھەبێت  چونکە لە ڕووە زانستیەکەیەوە  وردەکاری زۆرتر لە خۆدەگرێت .

سەلامەتی خۆراک لە کوردستاندا:

نەبوونی ئامار و داتای ڕاست و دروست بۆ ھەر سێکتەرێک لە کوردستاندا گەورەترین کێشەی توێژینەوەو توێژەرانە بۆ بوارە جیاجیاکان کە زۆربەی جار بە نزیکی و خەمڵێنراوی دەگەینە ڕاستیەکان ، بۆیە ئەگەر لە ڕوانگەی ئاسایشی خۆراکەوە یان لە ڕوی بەرھەمھێنانی خۆراکەوە سەیری دۆخی ھەرێم بکەین دەبینین زۆربەی بەرھەمە خۆراکیەکان ھاوردەکراون دەتوانین بە ڕێژەیی و بەنزیکەی بە سەروو  ٧٠ % بیخەمڵێنین وە بەرھەمە ناوخۆییەکانیش بە ڕێژەی  ٣٠ %  دابنێین جگە لە چەند بەرھەمێکی کەم کە تاڕادەیەک گەیشتوینەتە ئاستی خۆژێنی (بۆ نمونە گەنم )  بەڵام پرسیاری جەوھەری و واقعی ئەوەیە ئایا :      کواڵێتی و سەلامەتی خۆراک لە کوردستاندا بۆ ھەردوو جۆرەکە ( ھاوردە و بەرھەمی ناوخۆی) چۆنە و لە چ ئاستێکدایە؟  وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان و سادە نیە بەڵام ئەستەمیش نیە ، ئەگەر شیکاریەک بکەین بۆ وەڵامدانەوەی بە پشتبەستن بە چەند فاکتێک با بزانین دەرئەنجام چی دەبینین:

فاکتی یەکەم / کارەکانی لیژنەکان و دەزگاکانی کواڵێتی کۆنترۆلڕ  لەناو شارەکان سەرمەرزەکان دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە خۆراکی ناتەندروست و ناسەلامەت وەک بۆمبی چێنراو لە ھەموو جێگایەک ئەکرێت ھەبێت بۆ نمونە ئاماری یەک مانگ تەنھا لەشاری سلێمانی پیشانی دەدات نزیکەی ٤٥ تەن خۆراکی ناتەندروست ناسەلامەت دەستی بەسەردا گیراوە لە کاتێکدا بەشێکی پەیوەندی بە خراپ ھەڵگرتنەوەیە، وە زۆربەی ئەم پشکنینانەش تەنھا بەھۆی ھەستەوەرەکانەوە کراوە واتە (پشکنینی فیزیای) بووە ئەی ئەگەر لە داھاتوودا پشکنینی کیمیایی و مایکرۆبیش بەشێوەی ڕۆژانە ئەنجامدرا ئاخۆ چی دەبینین؟؟  

فاکتی دووەم / دەرئەنجامی پشکنینی خوێن بۆ  ڕێژەی ئاسن ، گروپەکانی ڤیتامین B ، ڤیتامین D لە زۆربەی ھاوڵاتیاندا (+ منداڵان) لە زۆرینەدا لە ئاستی پێویستدا نیە وە ھیچ ھەڵوەستەیەک نەکراوە لەسەر ئەم خاڵە؟! ئایا تاچەند پەیوەندی ھەیە بە کواڵێتی و بەھای ئەو خۆراکانەوە کە ڕۆژانە دەیخۆین؟

فاکتی سێیەم / بازرگانی و ھاوردەکردنی خۆراک لە کوردستاندا لەگەڵ کام وڵاتانە؟ وە ئەو کۆمپانیا خۆراکیانە کامانەن و لە چ ئاستێکدان کە بازرگانانی کورد مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن ؟ ئایا خاوەنی بڕوانامە نێودەوڵەتیەکانن و براندێکی بەناوبانگی جیھانین؟ ئەوخۆراکەی  کە دەینێرن بۆ ئێمە ھەمان خۆراک بۆ وڵاتی خۆیان بەرھەمدێنن؟ ئایا مەرجە ھەرچی خۆراکێک لە وڵاتێکی ئەوروپیەوە ھات ساخڵەم بێت؟؟

فاکتی چوارەم / سەرنج و بۆچوونی بەکارھێنەر ( Consumer )  مەرج نیە کەسی بەکاربەری خۆراک خوێندەوار بێت یان خاوەن ڕۆشنبیری خۆراکی بێت بەڵام کاتێک سەرنجێکی ھەیە لەسەر کاڵایەکی خۆراکی پێویستە بە ھەند وەربگیرێت بۆ نمونە دەڵێت جاران کە شەوان (چا) دەخورایەوە خەومان لێنەدەکەت بەڵام ئێستا وانیە؟ یان گۆشتی مریشک تامی نیە؟ یان ......

فاکتی پێنجەم / ئەو شوێنانەی خۆراکی تێدا پێشکەش دەکرێت تا چەند پاک و خاوێنی کەسی و گشتی تیا بەرجەستە بووە ،خۆراکی لێنراو جیاکراوەتەوە لە لێنەنراو ، تاچەند خۆراک ئەمێنێتەوە بۆ ڕۆژی دواتری ؟ ئایا ئەوکەسانەی لەو شوێنانە کاردەکەن تاچەند شارەزاییان ھەیە لەسەر پیس بون و ژەھراوی بونی خۆراک ؟ بەھەمان دەست کە خواردن ئاماددە دەکات پارە وەردەگرێت و جگەرەش دەکێشێت؟؟ ئایا ھیچ خولێکی بینیوە لەسەر سەلامەتی خۆراک ؟ ئەگەر کارگەیەکی خۆراکیە ئایا شارەزایی ھەیە لەسەر سیستەمی                               ( HACCAP) ؟ ھیچ پسپۆڕێکی زانستی خۆراک تیایدا کاردەکات؟  (وەڵامی ئەم پرسیارانە لە تاقیگەکان و پشکنینەکان و لای کەسانی پسپۆڕ دەست دەکەوێت لەو دەزگاو دامەزراوانەی تایبەتن بە بواری خۆراک)

چی بکرێت بۆ دابینکردنی سەلامەتی خۆراک : لەسەر ئاستی بەرھەمە ناوخۆییەکان و بەرھەمە ھاوردەکان لە وڵاتانی دەرەوە  و لە بازاڕەکان پێویستە ڕەچاوی ئەم ڕێنماییانە بکرێت

١- چاودێری و بەدواداچوون بۆ خۆراک و بەرھەمە کشتوکاڵیەکان لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کە تایبەتن بەم کارە خۆ ئەگەر تا ئێستا دەزگاو دامەزراوەیەکی تایبەت نیە بۆ ئەم کارە یان ھەیەو ئیش ناکات دەکرێت دابمەزرێت و چالاک بکرێت و بە جددی کاری لەسەر بکرێت  وە زیادکردنی ڕێژەی پسپۆڕەکانی تایبەت بەم بوارە لەو دامەزراوانەی کە کاردەکەن.
٢- پەرەپێدان و بەرزکرنەوەی ئاستی زانستی ئەو فەرمانبەرانەی کە لە دەزگا جیاوازەکانی تایبەت بە بواری پشکنین  و چاودێری تەندروستی  و کوالێتی کۆنترۆڵ و شیکردنەوەی خۆراک کاردەکەن بەمەبەستی بەئاگابوونیان لە سەرجەم زانیاریە نوێکان و ڕێگاچارە مۆدێرنەکان لەو بوارانەدا.
٣- کۆنترۆڵکردن و پێدانی ڕێنمایی و ڕاھێنانی جوتیاران  لەسەر بەکارھێنانی  ماددە قڕکەرەکان و چارەسەرە کشتوکاڵیەکان و پەینی کیمیای و ھەر ماددەیەکی تری کیمیای لە کێڵگەکاندا وە کڕینیان لە لایەنی ڕەسمی کە گرەنتی بدات زیانبەخش نیە .
٤- کۆنترۆڵکردنی ئاو و ڕێژەی کانزا قورسەکان و چارەسەرکردنی پێش بەکارھێنانی بۆ پرۆژە کشتوکاڵیەکان
٥-  پەیڕەوکردنی بنەماکانی سەلامەتی خۆراک: وەک نەھێشتنی پیس بوونی خۆراک و بە نەخۆشیەگواستراوەکان لە مرۆڤ و ئاژەڵ و مێروەکانەوە ، جیاکردنەوەی ماددەی خۆراکی خام و ئامادەنەکراو لە خواردنی لێنراو  ئامادەکراو بۆ خواردن وە بەکارھێنانی ئاوی پاک لەکردارەکانی ئامادەکردن ە بەرھەمھێناندا ، بەکارھێنانی پلەی گەرمی گونجاو بۆ خۆراک لە کاتی ئامادەکردنی کە ئەو بەکتریاو وردە زیندەوەرانە لەناو ببات  کە ئەبنە ھۆی نەخۆشی ، پاشان ھەڵگرتن و پاراستنی خۆراک لە پلەی گەرمی گونجاو و شیاودا.
٦- چۆنێتی بەکارھێنانی پاکژکەرەوەکان و ھەڵبژاردنیان و گرنگیدان بە پاکژی و پاک و خاوێنی کەسی (لەسەر ئاستی تاک)
٧- پێدانی زانیاری و بەرچاو ڕوونی  لەسەر  یاساو پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە ھاوردەکردنی بەرھەمی خۆراکی و  دیاری کردنی جۆرو پێکھاتە و چۆنیەتی ناسینەوە ی بەرھەمی ڕەسەن و دوور لە گزی (غەش) تیاکراو بۆ ئەو بازرگان و کۆمپانیاو سەرچاوانەی خۆراک ھاوردە دەکەن .
٨- پێدانی ڕێنمایی لەسەر چۆنیەتی  عەمبارکردنی خۆراک لە کۆگاکاندا و  بوونی مەرجەکانی شوێنی کارو پیشەی خۆراکی بە شێوەیەکی تەندروست.
٩- تێگەیشتن لە شریتی زانیاری (لەیبڵ)ی خۆراکی و بەرواری دەرچوون و بەسەرچوون و زانینی پێکھاتەی ھەرخۆراکێک و زانینی شوێنی بەرھەمھێنان و ڕاستی زانیاریەکانی سەری.
لە کۆتایدا خۆراک گرنگترین ئامڕازی بەردەوامی ژیانە بۆ مرۆڤەکان سەرچاوەی سەرەکی  ووزەیە ، وە گەورەترین کاری مرۆڤایەتیش دابینکردنی سەلامەتی و تەندروستی و نەھێشتنی مەترسیەکانی سەریەتی  لەھەمان کاتدا گەورەترین مەترسیشە لەسەر تەندروستی مرۆڤ  بە ھۆی توانای گواستنەوەی چەندەھا جۆری جیاوازی نەخۆشی کە وەک رێکخراوی تەندروستی ئاماژەی پێداوە  خۆی زیاتر لە ٢٠٠ جۆردا دەبینیتەوە ئەمەش وای کردووە لە ھەر( ١٠ کەس / ١ کەس) سەرچاوەی نەخۆشیەکەی خواردنی خۆراکی ناتەندروست بێت واتە ھەموو تاکێکی کۆمەڵگا ئەگەری توشبوونی ھەیە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ  ئەگەر ھۆشیاری خۆراکی و تەندروستی و چاودێری پێویست نەبێت بۆیە پێویستە لەسەر ھەمولایەک کە بەرپرسیارەتی سەلامەتی خۆراک بخاتە سەر شانی بۆ بەدیھاتنی ژیانێکی تەندروست.

 

AM:08:18:07/06/2021




ئه‌م بابه‌ته 374 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌