شار وەك بوونەوەرێكی زیندوو پێویستە خۆی نوێ بكاتەوە، خۆی بگونجێنیت لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی رۆژگاردا، ئەگینا دوادەكەویتو جێدەمێنێت، یان لە ناودەچێتو ون دەبیت، بە مانا ئابوورییەكەی لە مەیدانی كێبڕكێ جێدەمێنێت.
هەروەك چۆن مرۆڤ پێویستی بە گەشەو پێشكەوتنە، ئاوا شاریش پێویستی بەوەیە نەوەستێت، درك بە پێداویستییەكانی گەشەو پێشكەوتن بكات. ئەگەر شار نەبوو بە سەنتەری راكیشانی تواناو لێهاتووییەكان، دەرامەتو دەرفەتەكان، ئەوا هێدی هێدی دەپوكێتەوە.
هەر وەك مرۆڤ بوونەوەرێكی فرە رەهەندو فرە ئاراستەیە، بە هەمان شێوە لە بونیادنانو گەشەكردنی شاریشدا ئەم خەسڵەتەی مرۆڤ دەبێت رەچاو بكرێت. شار هەروەك چۆن دیزاینو ئەندازیاریو پلانسازیو ژینگەو رێگاوبانو خزمەتگوزارییە، ئاواش چەمكێكی زیندووی كۆمەڵایەتییە. هەر وەك چۆن مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە، ئاوا شاریش ئەركی كۆمەڵایەتیی گرنگی هەیە، وەك دابینكردنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، رەخساندنی دەرفەتو هەلی یەكسان بۆ هەموو دانیشتووانی شار، گوێنەدان بەم ئەركانە، شار دووچاری داڕمان دەكات.
فەزای گشتی وەك پێداویستیی بنەڕەتی و سەرەكی
نەك تەنها كوالێتیی شەقامو رێگاوبانەكان، باخچەو شوێنی یاریو بەسەربردنی كات، بەڵكو رووی دەرەوەی خانوو و باڵەخانەكانیش بەشێكی گەورەن لە سەلیقەی گشتیو فەزای گشتی. هەندێك جار ئێمە بە هەڵە چەمكی فەزای گشتی وەك خزمەتێكی خۆشگوزەرانیو رەفاهی سەیر دەكەین، بەڵام لە راستیدا ئەمانە پێداویستیی بنەڕەتیی هاووڵاتییانی شارنشینن. بوونی هێڵی گواستنەوەی گشتی، هاوكات شەقامی فراوانو باش، رووخساری باڵەخانەكان، شۆستەكان، باخچەو پاركو شوێنی حەوانەوەی گشتی، رووبەری سەوزایی….تد، جگە لەوەی كاریگەری هەمەچەشنەیان لەسەر گەشەو پەرەسەندنی شار هەیە، لە هەمانكاتیشدا یارمەتیی ناڕاستەوخۆی چینی هەژار و كەمدەرامەتان دەدەن. بوونی باخچەو پاركو شوێنی یاریی فراوان، بوونیان بە قەبارەی بچوكتر لەگەڕەكەكاندا، باری قورسی چینی كەمدەرامەت سوكتر دەكاتو سیماو رووخساری شاریش جوانتر دەكات، چونكە ئەم چینە بە زۆری توانای ئەوەیان نییە خۆیانو منداڵەكانیان بڕۆن بۆ شوێنە گەشتیارییەكان (بۆ نمونە چافی لاند)، باخچەی وا گەورەشیان نییە كە منداڵەكانیان كاتی تێدا بەسەر بەرن.
سەرەڕای ئەوەی ئەم بابەتە گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە، بەڵام بە داخەوە، بەردەوام كاربەدەستانی شار پشتگوێیان خستوون، ئێمە شاهیدی ئەوەین پاركو شەقامو شوێنە گشتییەكان چەندە بێنازن، چەند بە كوالێتیی خراپ دروست دەكرێن، پاش دروستكردنیش چۆن پشتگوێ دەخرێن، ئەمەش دوو هۆكاری سەرەكیی هەیە. یەكەم: كاربەدەستانی شار هەست بە گرنگیی فەزای گشتی ناكەن، نازانن فەزای گشتی كاریگەری زۆری هەیە لە گەشەكردنی شار و دروستكردنی هارمۆنیكی كۆمەڵایەتیو دابینكردنی بەشێكی دادپەروەری، یان لانیكەم، كەمكردنەوەی نادادپەروەری، بە قووڵی دەركی ئەوە ناكەن نەبوونی فەزای گشتی یانی سنورداركردنی چالاكییە ئابوورییەكان، پیسبوونی ژینگەو تێكچوونی ئاسایشی كۆمەڵایەتی. هۆكاری دووەم: بەداخەوە بەرپرسانی شار فەزایی گشتی وەك مافی خەڵكی سەیر ناكەن.
فەزای گشتی وەك مافی خەڵك
ئێمە وەك هاووڵاتی كاتێك لە شاردا دەژین مافی ئەوەمان هەیە چەندین شوێنمان هەبێت تێیدا بحەوێینەوە (بەداخەوە لە زەمەنی لیبڕالیزمی نوێدا، حكومەت لەم ئەركە خۆی دزیوەتەوە، خەڵكی هەواڵەی دەستی بێ بەزەییانەی كەرتی تایبەت كردووە). ئێمە مافی ئەوەمان هەیە چێژ لەفەزای گشتی وەربگرین، مافی ئەوەمان هەیە رێگاوبانو شەقامی باشمان بۆ ئۆتۆمبێل، بۆ پاسكیلسواریو پیادەڕەوی هەبێت. بە داخەوە لەگەڵ ئەوەی پاسكیلسواری هەر بواری نییە، پیادەڕەویش زۆر تاقەتپڕوكێنو پڕ مەترسییە، ترافیكو هاتووچۆش هەزار و یەك دەرد و گرفتی هەیە.
مافی ئەوەمان هەیە وەك بەشێكی گرنگی فەزای گشتی داوای شۆستەی رێكوپێك بكەین، ئاخر كاتێك بە بازاڕ و كوچەو كۆڵانەكانی شاردا گوزەر دەكەین، دیمەنی ناشیرینی ئەو شۆستانە جگە لەوەی زەوقی گشتی دەشوێنن، ئەو هەموو بەرزو نزمیو ناڕێكییەی لە شۆستەكانیشدا هەن زۆر بێزاركەرن. ئەمانە مافن، خێر و سەدەقەی حكومەت نین، هاووڵاتی، گروپەكانی فشار دەبێت وەك مافی خۆیان داوای ئەم پێداویستییە بنەڕەتییانە بكەن، ئەمانە بەشێكی گەورەی شكۆی مرۆڤن.
شار تەنها شوێنی كەڵەكەكردنی قازانج نییە، قازانجو چالاكییە ئابوورییەكان بۆ شار گرنگن، بەڵام بە مەرجی پاراستنی شكۆی مرۆڤ ، ئێمە دەبێت لە خەمی پایەداركردنی شكۆی هاووڵاتیاندابین. ئەركی شار پاراستنی شكۆی هاووڵاتییە، ئەگەر كەڵەكەبوونی قازانج زیانی بە شكۆی مرۆڤ و دانیشتووانی شار گەیاند، ئەوا بێ هیچ دوودڵییەك شكۆی مرۆڤ لە پێشترە.
مافی دەستەبەركردنی فەزای گشتی لە شاردا، لە چەمكی مافی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە. هەر دانیشتوویەكی شار مافی ژیانێكی شایستەو دادپەروەری هەیە، بەپێی ئەمە پێویستە حكومەت چەندین پێداویستی وەك نیشتەجێبوون، گواستنەوەی گشتیو كارەباو رۆشنكردنەوەی شەقامەكانو خزمەگوزاریی گشتی، شەقامو شۆستە…تد، دابین بكات.
بڵاوكراوەی جیهانیی مافی شاریبوون، بەم شێوەیە مافی شاریبوونی پێناسە كردووە: شاریبوون مافی چێژوەرگرتنی یەكسانە لە فەزای گشتیی شار، لەگەڵ پاراستنو رێزگرتنی بنەماكانی دیموكراتیو دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، ئەمە مافی دەستەجەمعیو هاوبەشی هەموو دانیشتووانی شارە، پڕۆسەی سودمەندبوونو چێژوەرگرتن، پڕۆسەیەكی هاوبەشە. هەر بەپێی ئەو بڵاوكراوەیە هیچ كەس نابێت رووبەڕووی جیاكاری ببێتەوە، جیاكاریی جێندەری، جیاكاری لە خزمەتی گشتی، خوێندنو پەروەردە، جیاكاری لە چاودێریی تەندروستی…تد.
پێویستمان بە رێكخستنەوەی گوندەكانو ناوچەكانی دەرەوەی شار هەیە
شار هەر وەك دیوێكی فیزیكیی هەیە، بە هەمان شێوەش، ئەركی كۆمەڵایەتیی هەیە. وەك ئامانجی سەرەكی، شار پێویستە ئەركی كۆمەڵایەتی خۆی ئەنجامبدات، ئەویش دەستەبەركردنی چانسو دەرفەتی یەكسانە بۆ هەمووان، هەمووان هەست بە خاوندارێتی شار بكەن، هەلو دەرفەتەكان بۆ كەمینەیەك قۆرخ نەكرێت، دابەشكردنی دەرامەتو پڕۆژەو وەبەرهێنان بەشێوەیەك بێت بنەمای دادپەروەریی دابەشكردنی رەچاوكردبێت، هەمووان بتوانن بە یەكسانی چێژ لە شار و فەزای گشتی وەربگرن، پشتگوێخستنی ئەركە كۆمەڵایەتییەكانی، شار تووشی گرفتی گەورە دەكات، تووشی داڕمانی راستەقینەی دەكات. كاتێك شار خاڵییە لە ئەركە كۆمەڵایەتییەكەی، ئەوا تەنها هەر كۆبوونەوەیەكی دانیشتووان دەبینینو هیچی تر، لەم دۆخەدا شار تەنها دارای خەسڵەتە فیزیكییەكەیەتی، روانین بۆ شار تەنها لە دیوە مادییەكەیەوە، روانینێكی كەموكورتە، هەرچەندە بە داخەوە ئێمە لەڕووی مادیو خەسڵەتە فیزیكییەكانی شاریشەوە زۆر لە دواوەین، نەك بە باشی مامەڵەمان لەگەڵ ئەم بوارەدا نەكردووە، بەڵكو زۆر وێرانین.
بۆیە، ئەمڕۆ گەشەكردنێكی بێ سەروبەر، بێ پلانو هەڕەمەكی لە شارەكانی هەرێمی كوردستاندا دەبینین. شار بێ پلان دەكشێت، هەروا خانوو لەسەر خانوو كەڵەكە دەكرێت، شار رەنگی بارستاییەكی كۆنكرێتیی گرتووە، ژینگەی شار یەكجار خراپو كارەساتبارە، فەزایی گشتی (Public Space) بەشێوەیەكی بەرچاو پەراوێزخراوە، رووبەری ئەم فەزایە بەردەوام لە داكشانو كەمبوونەوەدایە، هاوتەریب لەگەڵ فراوانبوونی شاردا گەشە ناكات، گرفتی سەرەكی لەوەدایە، ئێمە وەك خەڵكو وەك بەرپرسانی شارو شارەوانییەكانیش روانینو دونیابینییەكی هەڵەو كەموكورتمان بۆ فەزای گشتی هەیە، ئێمە سەیری فەزای گشتی ناكەین وەك ئەوەی مافی خۆمان بێت، بەرپرسانی شار وەك مافێكی خەڵك لە فەزای گشتی ناڕوانن، هەر لە بەر ئەمەشە ئەو هەموو وێرانەو بێنازیو پشتگوێخستنی پاركی ئازادیو هەواری شار (وەك دوو رەمزی فەزای گشتی) دەبینین. بۆیە پێویستە سەرەتا تێڕوانینو دونیابینیی خۆمان راست بكەینەوە، لەوە تێبگەین كە فەزای گشتی مافی بنەڕەتیی هاووڵاتییانە، خێر و سەدەقە نییە، شمەكی تەرفیهی نییە، تا بتوانین بە ئاسانی دەستبەرداری بین. مافی فەزای گشتی، لە مافی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەویش پەیوەندیی راستەوخۆی بە شكۆی ئێمەوە هەیە.
تێبینی: ئەوانەی سەرەوە كە بۆ شار باسمان كردن، بۆ شارۆچكەو تەنانەت بۆ گوندیش دروستن، بەڵام ئەوەی شار لەوانیتر جیادەكاتەوە تەنها بوونی دامودەزگاو دامەزراوەو رێكخراوەی جۆراو جۆرە، سەرنج بدەن ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا، چەندە پێویستمان بە رێكخستنەوەی شار هەیە، بەو ئەندازەیەش پێویستمان بە رێكخستنەوەی گوندەكانو ناوچەكانی دەرەوەی شار هەیە، بۆ نمونە كاتێك بە دۆڵی سماقولیدا دەڕۆیتو دیمەنی تەلبەندكردنو دروستكردنی خانووی هەڕەمەكی گوندەكان لە نێو چیاو دارستانەكاندا دەبینیت، بە شێوەیەك فەزای گشتیو زەوقی گشتیی شێواندووە، مرۆڤ گریانی بۆ ئەو سروشتە دێت!