پێشەکی:
ئەگەر بە خێرایی تەماشایەکی ئەم دوو چەمکە بکەین (مەرکەزیی و لامەرکەزی)، پێمانوایە دژ بەیەکن و تەواو لەگەڵ یەکتریدا ناکۆکن، لێ حاڵەتەکە بەو رەهاییە نییە، ئەوەی دووەمیان لە ئامێزی ئەوەی یەکەمیاندایەو دەبێتە تەواوکەری ئەوەی یەکەم.
لە راستیدا مەرکەزیی و لا مەرکەزیی دوو شێوازی کارکردنن کە رەنگدانەوەی سروشتی سیستمە سیاسی و ئابوورییەکە دەگەیەنێت. هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە پرسی مەرکەزیی و لامەرکەزیی، زیاتر پرسێکی سیاسییە تا پرسێکی ئیداری و کارگێڕی، زیاتر پەیوەستە بە جۆر و شێوەی ئەو دەسەڵاتەی حکومڕانی دەکات، ئایا دەسەڵاتداران ئامادەیی ئەوەیان تێدایە بڕێک لە دەسەڵاتەکانی خۆیان، شۆڕبکەنەوە بۆ خوارەوە؟ ئاخۆ لە بنەڕەتدا بڕوایان بە دابەشکردنی دەسەڵاتە گشتییەکان هەیە یان نا؟ ئایا سیاسییەکانی وڵات، دەیانەوێت و پێیان باشە دەسەڵات ورد بکرێتەوە بۆ یەکە بچووک بچوکەکان و هەر وەزارەت و فەرمانگەیەک، دەسەڵاتی سیاسی و کارگێڕیی خۆی هەبێت؟ یان نەخێر پێیان باش نییە و دەیانەوێت کۆی دەسەڵاتەکان لەدەستی خۆیاندابێت و بەهیچ جۆرێک شۆڕنەبێتەوە بۆ خوارەوە.
لێرەوە بۆ پیادەکردنی مەسەلەی لامەرکەزی، ناتوانین باس لە بوونی زەمینەیەکی گونجاو و لەبار بکەین، ئەگەر بێت و مەسەلەی دابەشکردنی دەسەڵات لای دەسەڵاتداران، نەبووبێت بە کەلتور و بە پێداویستییەکی حەتمی، نەبووبێت بە قەناعەت و لە دید و تێڕوانینیاندا جێگیرنەبووبێت. ئەگەر بیرکردنەوە و زهنیەتی سیاسی دەسەڵاتداران، بە ئاراستەی چڕکردنەوەی دەسەڵات بێت لە ناوەندێکی بەهێزدا، ئەوا هەموو دەقە دەستووریی و یاساییەکانیش ناتوانن لامەرکەزی لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ بکەن.
بەڵام لەگەڵ ئەو راستییەی سەرەوەدا، واقیعی حاڵی بەڕێوەبردنی بەشی زۆری کۆمەڵگەکان، ئەوە دەردەخەن هیچ مەرکەزیەتێکی رەها یان لا مەرکەزیەتێکی رەها نییە. ئەوەی هەیە گونجاندنێکی نێوان ئەو دوو شێوازەی ئیدارەدانە کە یەکتر تەواودەکەن و پێکەوە دەزگا ئیدارییەکانی وڵات بەڕێوەدەبەن.
لە خواروە هەوڵدەدەین بە کورتی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەردوو چەمکەکە دەستنیشان بکەین.
لامەرکەزی ( نا ناوەندێتیی) چییە؟
سیستمی لامەرکەزی واتا دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، نەک تەنها چڕبوونەوەیان لە پەرلەمان و حکومەت و دادوەریی بەڵکو شۆڕدەبێتەوە بۆ ناو یەکە کارگێڕییەکان.
پێناسه ئهکادیمییهکان له زانست و هونهری بهڕێوهبردندا بۆ لامهرکهزیی زۆرن، بهڵام ههمووان له خاڵێکدا کۆدهبنهوه که لامهرکهزیی ئهوهیه دهسهڵات تهنها له یهک ئاستدا قهتیس نهکرێت، بهڵکو بهسهر ئاسته جیاوازهکاندا دابهشبکرێت له ههر دامهزراوه یان حکومهت و دهوڵهتێکدا.
زانای کارگێڕی (وایت) بۆچوونی وایه که لامهرکهزی پرۆسهی گواستنهوهی دهسهڵاتهکانی جێبهجێکردن و یاسادانان و ئابوورییه، له بهرزترین ئاستی کاڕگێڕییهوه بۆ نزمترین ئاست، بهڵام مادیک کە زانایەکی دیکەی کارگێڕییە تا رادهیهک تێڕوانینی بۆ لامهرکهزی پێچهوانهی وایت-ه و تیۆرییەکەی بهسهر دوو دهروازهدا دابهشدهکات، به بۆچوونی مادیک، دهروازهی یهکهم بریتییه له شیکردنهوهی دهسهڵات و دهسهڵاتی ناوهندی بهشێک له دهسهڵاتهکانی خۆی دهدات به دهسهڵاتێکی بچووکتر بهتایبهتی که پانتایی جوگرافی له نێوانیاندا بێت بۆ بهجێهێنانی ئهرکێکی دیاریکراو، دهروازهی دووهمیش رێگهپێدانه لهلایهن دهسهڵاتی ناوهندییهوه بۆ دهسهڵاتێکی بچووکتر تهنانهت له دهسهڵاته دهستوورییهکانیشدا بۆ ههندێک ئهرکی دیاریکراو.
به لهبهرچاوگرتنی ههردوو تێڕوانینهکه ههرێمی کوردستان لهکاتێکدا که ڤایرۆسی کۆرۆنا نهک سنووری نێوان پایتهخت و پارێزگاکانی سلێمانی و ههڵهبجه و دهۆک و ئیداره سهربهخۆکانی راپهڕین و گهرمیانی لهیهکتر دوورخستهوه، بهڵکو لهناو خودی پارێزگا و شار و قهزا و ناحیه و گوند و تهنانهت گهڕهک و ناو ماڵهکانیشدا سنوورهکانی لێک دابڕی، به دڵخوازیی یان به ناچاری سیستمی لامهرکهزی لهبهر رۆشنایی تیۆرییەکەی مــــادیک بهشێوهی خودکارانه کهوتهکار و ههر پارێزگایه بووه زۆنی دهسـهڵاتێکی تهندروستی، ئیداری، ئهمنی بۆ ئهرکێکی دیاریکراو که ئهویش شهڕی ژیان و مردن بوو لهگهڵ ڤایرۆسی کۆڤید -١٩ کۆرۆنای نوێ.
لهپاڵ ئهوهی له جیهانی ئهمڕۆدا و له ناونیشانی کارگێڕیی زۆرینهی ههرهزۆری دهوڵهتانی جیهاندا باس له لامهرکهزیی کارگێڕی دهکرێت و تهنانهت له زۆرینهی دهستووری وڵاتاندا ئاماژهی پێدراوه، بهڵام بهشێوهیهکی گشتی هیچ دهسهڵاتێک نهیتوانیووه بهپێی پێوهره زانستی و ئهکادیمییهکان ئهزموونی بکات، جگه له ویلایهته یهکگرتووهکانی ئـــهمـــریـکا و میرنشینە یەکگرتووەکانی عهرهب، تهنانهت ئهو وڵاتانهشی بهردهوام له ههوڵی سهپاندنی دهسهڵاتی مهرکهزیدان له دروشم و دهستووردا باسی لامهرکهزیی دهکهن بۆ نموونه عیراق و ههرێمی کوردستان.
ئێستا له ههموو عیراقدا به سێ یاسا پارێزگاکان بەڕێوهدەبرێت، یاسای یهکهمیان یاسای ئهنجومهنی پارێزگاکانی عیراقه که دهسهڵاتی زۆرتری داوهته ئهنجومهن و پارێزگاکان، دووەم یاساش یاسای بلیمهری پێدهگوترێت که تەنها لە کهرکوک ئەو یاسایه پەیڕەو دهکرێت، که دهسەڵاتی زۆرتری داوهته پارێزگاکان، دواتــریش یــاسای ژماره 3 ی ساڵی 2009، ئــهم یاسایهش کەموکورتییهکی زۆری تێدایه و پێویستی به ههموارکردنهوه ههیه.
جۆرەکانی لامەرکەزی
شارەزایانی ئەم بوارە، لامەرکەزی بۆ ئەم جۆرانەی خوارەوە دابەش دەکەن:
یەکەم- لامەرکەزیی جوگرافی: لەم جۆرەدا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەسەر هەرێمە جیاوازەکان یان پارێزگا جیاوازەکانی یەک دەوڵەتدا دابەشدەکرێت، بەو مەرجەی هەرێمەکان یان پارێزگاکان خاوەنی شەخسییەتێکی مەعنەوی بن، کە لەلایەن کۆمەڵگەی خۆجێیەتی یان دانیشتووانی لۆکاڵی هەرێمەکە یان پارێزگاکە هەڵبژێردرابێت. واتە دانانی شەخسییەتە مەعنەوییەکە لەلایەن ناوەندەوە نابێت، بەڵکو لەپرۆسەیەکی هەڵبژاردندا دەستنیشان دەکرێت کە تێیدا دانیشتووانی پارێزگاکە یان هەرێمەکە بەشداریی دەکەن. ئەم شەخسییەتە مەعنەوییە دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ دەرکردنی بڕیارە کارگێڕییەکان، ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە پڕۆژەکان و سێکتەرە گشتییەکانەوە هەیە. ئەمە جگەلەوەی دەسەڵاتی دانانی بودجەیەکی تایبەتی بە هەرێمەکە یان پارێزگاکە هەیە و جۆرێک لە سەربەخۆیی دارایی هەیە.
دەکرێت ئەم جۆرە لا مەرکەزییە بە ئیدارەی خۆجێیەتی ناوببرێت. نموونە بۆ پۆستەکانی لامەرکەزیی یان ئیدارەی خۆجێیەتی، پارێزگار، قایمقام، سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی و چەندین پۆستی دیکە.
دووەم- لامەرکەزیی وەزیفی: لەم جۆرەدا دەسەڵاتەکان لە ئاستە کارگێڕییەکانی یەک وەزارەتدا، دابەشدەکرێت بەسەر یەکە ئیدارییەکاندا، هەر یەکەیەکی ئیداری بەپێی پێگەی خۆی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و بڕیاردانی هەیە. تا ئەرکی وەزارەتێک لە وەزارەتەکان فراوانتربێت و زۆرترین چین و توێژ لەخۆبگرێت و زۆرترین یەکەی کارگێڕیی هەبێت، پێویستی بۆ لامەرکەزیی وەزیفی زیاتر دەبێت، ئەمەش لە پێناوی بەخێرایی ئیشکردن، بە مەبەستی زوو تەواوکردنی کاروبارەکان. بۆ نموونە بەڕێوەبەری گشتی دەتوانێت بڕێک لە دەسەڵاتەکانی ببەخشێت بە سەرۆک بەشەکان بۆ پەکنەخستنی کاروبارەکان و زوو جێبەجێ کردنیان.
سێیەم- لامەرکەزیی سیاسی: ئەم جۆرە لە لامەرکەزیی، بریتییە لە پرۆسەیەکی یاسایی و پەیوەستە بە دەستووری دەوڵەتەوە، بۆ دابەشکردنی وەزیفە حکومییەکان، لەوانە یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی، بەمجۆرە دابەشکارییەش دەوترێت یەکێتیی فیدراڵی، وەک ئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیدا بەرقەرارە. هەروەها سیستمی فیدراڵی و کۆنفیدراڵیش بەرهەمی ئەم جۆرە دابەشکردنەی دەسەڵاتە، وەک لە وڵاتانی بەرازیل و هیندستان و سویسرا و گەلێک شوێنی دیکەدا پیادە دەکرێت.
سیستمی لامەرکەزیی سیاسی بۆ ئەو وڵاتانە گونجاوە کە قەبارەیەکی گەورەیان هەیە و چەندین نەتەوە و ئایین و زمانی جیاواز جیاواز و فرەڕەنگ لەخۆدەگرن.
چوارەم- لامەرکەزیی ئیداری: واتە دابەشکردنی وەزیفە ئیدارییەکانی دەوڵەت لەنێوان حکومەتی مەرکەزی و حکومەتی هەرێمەکان یان پارێزگاکان. بەڵام بەو مەرجەی حکومەتی مەرکەزی سەرپەرشتی و چاودێرییان بکات.
لێرەدا مەرکەز سەرەکییە و لا مەرکەزیی لاوەکییە. ئەگەر مەرکەزیی بریتی بێت لە کۆکردەوەی سەرجەم دەسەڵاتەکان لەدەستی یەک دەستەدا، ئەوا لا مەرکەزیی بریتییە لە گواستنەوەی هەندێک لەو دەسەڵاتانە بۆ دەستە و یەکەی کارگێڕیی سەربەخۆ، تا لەو سنوورەی یاسا بۆی دیاریکرووە پیادەیان بکات. ئەمە بەبێ ئەوەی ناوەند توانای چاودێریکردنی بەسەریانەوە لەدەستبدات. هەروەها بەبێ ئەوەی دەوڵەت یەکێتییەکەی و پێکەوە بەستنەوەکانی لەدەستبدات.
سیستمی لامەرکەزیی دەتوانێت چی بکات؟
دەسەڵاتە کارگێڕیی و دارایی و یاساییەکان دابەش دەکات بە پێی پێگە و بەرپرسیارێیتیەکان و سەرلەنوێ پەریکەری کارگێڕیی رێکدەخاتەوە بەنزیکترین دووری لە جەماوەر رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی سەندیکاکان، رۆژنامەنووسان، نوخنەی رۆشنبیر کە دەبنە بەشێکی پڕۆسەی بەڕێوبردن.
ئەوکات پێویستییەکی تر دێتە پێشەوە کە دەسەڵاتە داراییەکانە بۆ بەھێزکردنی ئابووریی. ئێستا حکومەتی ھەرێم دووچاری قەیرانی ئابووری بووە کە ناتوانێت بەڵێنەکانی خۆی لە پێدانی مووچە بباتە سەر.
کورتھێنان لە بودجەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، نەمانی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و وەفرەکانی نەوت، دەتوانرێت لە رێگەی ریفۆرمە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان بەھێنانە پێشەوەی کەرتی تایبەت و رەخساندنی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان بە خۆیی بوونی کار و بایەخدان بە کەرتی گەشتوگوزار و دروستکردنی رێگەوبان و پردی بارزگانیی لەلایەن کەرتی تایبەت و ھۆکارەکانی گواستنەوەی گشتییەوە کە دەبێتە ھۆی دەستەبەرکردنی ھەلی کارو کەمکردنەوەی بارگرانی مووچە لەسەر حکومەت و داواکردنی شایستە داراییەکانی نەوت و گازی سروشتی. دەرئەنجامی دۆخەکە جێگیربوونی سیاسی و بەرەو پێشەوەچوونی دیموکراسی و دروستبوونی بەھا نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لای تاکی ھاووڵاتی و ژیانێکی شایستەی بژێویی.
سیستمی لامەرکەزیی چەند گرنگییەکی دیکەی هەیە کە ئەمانەن:
1-رێگریکردن لە قۆرغکردنی دەسەڵات لەلایەن تاکێک یان چەند تاکێک یاخود دەستەیەکی دیاریکراوەوە.
2-بەخشینی متمانە بە یەکە ئیدارییەکان، کە خۆیان بەپێی بەرژەوەندیی و سوودی گشتی ناوچەکەیان، بڕیار لە چۆنێتی بەڕێوەبردنی دەزگا حکومییەکانی خۆیان بدەن.
3-ئاستی هۆشیاریی لای تاک و میللەت بەرزتر دەکاتەوە، بەوەی دەرفەتیان پێدەدات دوور لە مەرکەز و ناوەندی بڕیار، خۆیان چارەنووسی کارگێڕیی و پێشخستنی ناوچەکەیان دیاریی بکەن.
4-کەمکردنەوەی قەبارەی بەرپرسیارێتی سەرشانی مەرکەز و بەخێرایی بڕیاردان و دوورکەوتنەوە لە رۆتینی زۆری وەرگرتنی بڕیار و بەخێرایی جێبەجێکردنی پلانەکان و گەیشتن بە ئامانجەکان. جگە لەوە وادەکات دەسەڵاتی مەرکەزی زۆر خۆی بە کێشە و گرفتە لاوەکییەکانی پارێزگاکان و قەزاو ناحییەکانەوە سەرقاڵ نەکات و کاتی خۆی بۆ وەرگرتنی بڕیارە چارەنوسسازەکان تەرخان بکات.
5-بەڕێوەبردنی کارەکان سیفەتێکی دیموکراسی لەخۆدەگرێت، بەوەی دەسەڵاتە کارگێڕییە جیاوازەکان، دەتوانن بڕیاری تایبەت بە خۆیان دەربکەن و لەمەشدا بەشداریی بە فەرمانبەرانی یەکە کارگێڕییەکان دەکرێت و پرس و رایان پێدەکرێت و گوێ لە بیروڕا و پێشنیازەکانیان دەگیرێت.
6-دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ ئەو کێشە و قەیرانانەی لە ناوچەیەکی کارگێڕیی دیاریکراودا روودەدات، دیاریکردن و وەرگرتنی بڕیاری گونجاو و بەپەلە لە کۆی ئەو بڕیارانەی لە بەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان.
7-بەدیهێنانی هاوسەنگی و بەرپرسیارێتی لە نێوان دەسەڵاتەکان، هەر دەسەڵاتە و بەرپرسیارە لەو بڕیارەی کە بۆ بەڕێوەبردنی دەزگاکەی دەریان دەکات. لەکاتی بوونی هەڵە و بڕیاری ناڕاست، لێپرسینەوە و موحاسەبەکردنی بەرپرس یان کەسی خەتابار ئاسانتر و خێراتر دەبێت. ئەمە جگەلەوەی بڕیاری هەڵەی یەکەیەکی کارگێڕی، کار ناکاتە سەر یەکە کارگێڕییەکانی دیکە.
8-بەرزکردنەوەی رۆحی مەعنەوی لای یەکە کارگێڕییە نزمەکان، چ لەسەر ئاستی فەرمانبەرە ئاساییەکان یان لەسەر ئاستی بەڕێوەبەر و سەرۆک بەشەکان، بەوەی هەست دەکەن بەشدارییەکی ئەرێنییان هەیە و گوێیان لێ دەگیرێت و پێشنیازو رێنماییەکانیان بەهەند وەردەگیرێت.
9-مەترسییەکانی بڕیاردانی خراپ، لە سنوورێکی تەسکدا دەمێنێتەوە و تەنها کاریگەریی لەسەر ئەو یەکە کارگێڕییە هەیە کە بڕیارەکەی لێوە دەرچووە و سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی دیکە ناگرێتەوە.
10-بۆ کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان، سیستمی لامەرکەزی باشترە لە سیستمی مەرکەزی، چونکە لامەرکەزی زیاتر پارێزگاریی لە شوناس و زمان و دابونەریت و کەلتوریان دەکات.
11-لەو وڵاتانەی میللەت باج و رسوماتێکی زۆر دەدەن، سیستمی لامەرکەزی باشترە، چونکە هاووڵاتیان دڵنیان لەوەی ئەو باج و رسوماتانەی کە لێیان وەردەگــیــرێت، دواجــار بــــۆ خــــۆیــــان دەگــــەڕێتـــەوە و لـەپرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکەیاندا خەرج دەکرێتەوە و نـــاڕوات بـــۆ پـڕۆژەی ناوچەکانی دیکە.
12-چاکسازیی ئیداری و کەمکردنەوەی گەندەڵی و رۆتینیات، زیاتر پەیوەستە بە سیستمی لامەرکەزییەوە. لەبەرئەوە لەمڕۆدا هەوڵدان بۆ پیادەکردنی لا مەرکەزیی، هەوڵدانێکی جیهانییە.
14-وڵاتانی پێشکەوتوو لە بواری پیشەسازیدا، لە رێکخستنی کاروبارەکانیدا زیاتر پشت بە لامەرکەزی دەبەستن.
15-مەرکەزیی چەمکێکە زیاتر پەیوەستە بە سەرمایەداریی و بیرۆکراسییەوە، بەڵام لامەرکەزی چەمکێکە زیاتر پەیوەستە بە دیموکراسی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانەوە.
16-ئیدارەی کۆمپانیا قەبارە بچووکەکان، زیاتر مەیلیان بەلای مەرکەزییەوە هەیە، وەلێ کۆمپانیا قەبارە گەورەکان زیاتر کار بەسیستمی لامەرکەزیی دەکەن، ئەمەش لەپێناوی جووڵەی خێرا و زوو قۆستنەوەی دەرفەتەکان بە خێرایی.
لامەرکەزی لە دەستووری عیراقدا:
عیراق لهدوای دروستبوونییهوه له ساڵی1921 ئهوهی پێی دهوترێت عیراقی نوێ، چهندجارێک سیستمە سیاسییەکەی گۆڕانی ریشهیی بهسهرداهاتووه ههتا کۆتایی دهسهڵاتی بهعس و پڕۆسهی ئازادی.
دوای رووخانی رژێمی پێشووی عیراق هاوپەیمانێتی کاتی بە سەرۆکایەتی پۆڵ برێمەر لە 6 نیسانی ٢٠٠٤ بڕیاری ژمارە 71ی تایبەت بە دەسەڵاتە حکومیە ناوخۆییەکانی عیراقی دەرکرد و یاسایی ژمارە159ی ساڵی ١٩٦٩ ی پارێزگاکانی هەڵپەسارد و ئەو فەرمانە شوێنی گرتەوە، دەتوانین بڵێین ئەمە هەنگاوێکی نوێ بوو بۆ دەرکەوتنی لامەرکەزیی، لە شێوازی نوێی بەڕێوەبردنی عیراقدا، چونکە ئەم بڕیارە کاریگەریی گەورەی هەبوو لەسەر دەستووری نوێ و یاسا نوێکانی عیراق و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش.
فەرمانی بریمەر کە لەپێشەکییەک و هەشت بەش پێکهاتبوو ، لەوێدا ئاماژەی بە سیستمی حوکمڕانی عیراق دەکات بۆ قۆناغی گواستنەوە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەسەر بنەمای لامەرکەزیی ئیداری لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگا و قەزاو ناحیەکاندا، ئەمە جگەلەوەی کە مافی داوە بە یەکە ئیدارییە خۆجێیەکان ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی تایبەت بەخۆیان هەبێت، و هەروەها هەر پارێزگایەک بودجەی سەربەخۆی هەبێت و مامەڵەی پێوەبکات.
سیستمی حوکم لە عیراق کۆماریی فیدراڵی دیموکراسی دەبێت و تێیدا دەسەڵاتەکان دابەش دەکرێت لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی ھەرێمەکان و پارێزگاکان و شارەوانی و ئیدارە خۆجێیەکان، مافی ھەر پارێزگایەکە ئەنجومەنێک دروست بکات بەناوی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار ھەڵبژێرێت، ھەروەھا ئیدارە خۆجێی و ھەرێمیێەکان پێک دێن، ئەمەش لەسەر بنەمای لامەرکەزیی دەبێت و دەسەڵات بە حکومەتە خۆجێییەکان دەدرێت.
هەروەها لە دەستووری هەمیشەیی ساڵی 2005 ی عیراقدا لامەرکەزیی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەو شێوەیە کە لەدەروازەی پێنجەمی دەستوورەکەدا هاتووە بەناوی دەسەڵاتی هەرێمەکان تیایدا هەرێمەکانی وەک یەکەی دەستووریی ناساندووە.
بەشی یەکەمی ئەو دەروازەیە تایبەتە بە هەرێمە فیدرالییەکان و لەمادەی 116دا بەم شێوەیە باس لە سیستمی فیدراڵی دەکات لە کۆماری عیراقدا: "سیستمی فیدراڵ لە کۆماری عیراق پێکدێت لە پایتەخت و هەرێمەکان و پارێزگا لامەرکەزییەکان و ئیدارە خۆجێیەکان”
هەروەها لەمادەی ١١٧:-
یەکەم: ئەم دەستوورە لە رێکەوتی پیادەکردنییەوە دان بە هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستا دەهێنێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی.
دووەم: دەستوور دان بەو هەرێمە نوێیانەدا دەنێت کە بەگوێرەی بڕگەکانی دەستوور دادەمەزرێن.
لەمادەی ١١٩شدا هاتووە:-
پارێزگایەک یان زیاتر مافی پێکهێنانی هەرێمێکیان هەیە بە پشتبەستن بە داواکارییەک بۆ ئەنجامدانی راپرسی لەسەری، داواکارییەکە بە یەکێک لەم دوو رێگایەی خوارەوە پێشکەش دەکرێت:
ٲ – لەسەر داواکاریی سێیەکی ١/٣ ی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانەی کە داوای پێکهێنانی هەرێمەکە دەکەن.
ب- لەسەر داواکاریی دەیەکی ١/١٠ ی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایانەی کە داوای پێکهێانی هەرێمەکە دەکەن.
لە مادەی 120-یش بەدەق هاتووە:
هەرێم دەستوورێک بۆخۆی دادەڕێژێت، هەرەمی دەسەڵاتەکانی هەرێم و میکانیزمی بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە دیاری دەکات بەمەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ ئەم دەستوورەدا.
مادەی١٢١
یەکەم: هەرێمەکان مافی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و راپەڕاندن و دادوەرییان هەیە بەگوێرەی ئەم دەستوورە، جگە لەو دەساڵاتانەی کە تایبەتن بە حکومەتی فیدراڵیەوە.
لەبەشی دووەم دەروازەی پێنجەم لەمادەی ١٢٢دا کە تایبەتە بەو پارێزگایانەی لە سنووری هەرێمێکدا رێک نەخراون، بەم شێوەیەی خوارەوە پەیکەر و میکانیزمەکانی سیستمی لامەرکەزیی کارگێڕی و ئەوەش بەیاسا رێکدەخرێت.
مادەی١٢٢
دووەم: ئەو پارێزگایانەی سەر بەهیچ هەرێمێک نین، دەسەڵاتێکی بەڕێوەبردن و دارایی فراوانیان پێ دەدرێت، بەجۆرێک کە بتوانن کاروباری خۆیان بەڕێوەبەرن، بەگوێرەی بنەمای لامەرکەزیی کارگێریی و ئەوەش بەیاسا رێکدەخرێت.
سێیەم: ئەو پارێزگارەی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵی دەبژێرێت، سەرۆکی راپەڕاندنی باڵایە لە پارێزگادا بۆ پیادەکردنی ئەو دەسەڵاتانەی کە لەلایەن ئەنجومەنەوە پێی بەخشراوە.
چوارەم: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار و دەسەڵاتەکانیان بەیاسا رێکدەخرێت .
پێنجەم: ئەنجومەنی پارێزگا ناکەوێتە ژێر رکێف و چاودێریی هیچ وەزارەت یان لایەنێکەوە کە پەیوەست نەبێت بە وەزارەتێکەوە و ئەنجومەن داراییەکی سەربەخۆی خۆی هەیه .
مادەی١٢٣ : حکومەتی فیدراڵی دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی ببەخشێت بە حکومەتی هەرێم و بە پێچەوانەشەوە، بەڕەزامەندیی هەردوولا، ئەوەش بەیاسا رێکدەخرێت.
چارەسەری پرسی لامەرکەزیی لە کوردستاندا
ئەم پرسە زۆر قسە و گفتوگۆ و نووسین هەڵدەگرێت، بەڵام لە روانگەی یاساییەوە زۆر بە کورتی ئێمە چەند هەنگاو و جووڵەیەکمان دەوێت لە هەموار و دەرچوواندنی چەندین یاسا و دەرکردنی چەند بڕیارێک، کە پەیوەندیی راستەوخۆ و کاریگەرییان هەیە بەجۆری سیستمی کارگێڕییەوە بۆ شۆڕکردنەوه و پێدانی دەسەڵات و دەستکردنەوەی پارێزگار، قایمقام، بەڕێوەربەری ناحیە و سەرۆکی فەرمانگەکان، دیارترینیان:
۱-هەمواری یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ژمارە ۳ ساڵی ۲٠٠۹.
۲-هەمواری یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ۲ی ساڵی ۱۹۹۲ هەموارکراو.
۳-هەمواری یاسای وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ژمارە ٦ ساڵی ۲٠٠۹.
٤-هەموارکردنی یاسای بەڕێوەربردنی شارەوانییەکان ژمارە ٦ ساڵی ۱۹۹۲ی هەموارکراو.
٥-دەرچواندنی یاسای بودجە بە جۆرێک هەر پارێزگایە و لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی پارەی بۆ دەستنیشان بکرێت، بەدەر لەو بڕە پارەیەی کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵ بۆ گەشەپێدانی هەرێم دەنێرێت لەوەش دەستنیشان بکرێت.
٦-دەرکردنی بڕیار لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە تایبەت بە پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان، چونکە بەپێی مادەی ۳٥ ی یاسای پارێزگاکان، هەڵبژاردن نەماوە بۆ ئەنجومەنی شارەوانی، بەڵکو بە میکانزمی نوێ پێک دەهێنرێن.
۷-سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕیی بدرێتە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان لە نموونەی پارێزگار، قائیمقام، بەڕێوبەری ناحیە و بەڕێوبەرە گشتییەکان.
۸-شۆڕکردنەوەی دەسەڵات لەلایەن حکومەت و وەزیری ناوخۆ بۆ سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان بۆ هەندێک بواری تایبەتی رۆتینی رۆژانە بەبێ گەڕانەوه بۆ پایتەخت، شۆڕکردنەوی دەسەڵاتی وەزیرەکان بۆ بەڕێوبەری گشتییەکانی پارێزگاکان، بەپێیی تایبەتمەندییان.
۹-دەرچواندنی یاسا و بڕیار بۆ سوودمەندبوونی راستەوخۆی ئەو پارێزگا، قەزا و ناحیانەی کە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت، غاز و پێکهاتەکانی تری تێدایە. دەبێت سەرچاوەی داهاتی گشتی بەبێ رەچاوکردن و گرنگی پێدانیان هەریەکە و بەپێی سروشتی خۆی و ژمارەی دانیشتوانی.
۱٠-ھەموارکردنەوەی سەرجەم یاسای ئەو وەزارەتانەی کە کاری وەزارەتەکەیان مۆرکێکی خزمەتگوزاری- خدمی-یان ھەیە، کە لە رابردوودا بە نەفەسێکی مەرکەزیی دەرچوون و زۆربەی مادەکانیان پێچەوانەی یاسای ژمارە ٣ ی پارێزگاکانی ھەرێمە.
١١- هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ژمارە ٥ ساڵی 2010.
*لە بەشی یاسای مەکتەبی هەڵبژاردنی ی.ن.ک