چۆن بناغه‌كانی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانت له‌سه‌ر شێوازی ژاپۆنی فێر ده‌بیت؟

ژاپۆن یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی شارستانیه‌تێكی دوورودرێژی هه‌یه‌ و ئێستاشی زۆر پێشكه‌وتووه‌ و داهاتووشی زۆر گه‌شه‌، كه‌واته‌ په‌روه‌رده‌كردن له‌سه‌ر شێوازی ژاپۆنی شتێكه‌ ده‌بێت تێی بڕوانین و لێی بكۆڵینه‌وه‌، وه‌ ئایا گه‌لی ژاپۆن چی ده‌كه‌ن تا خه‌ڵكه‌كه‌یان گه‌شتۆته‌ ئه‌م ئاسته‌ له‌ ژیری، لێره‌دا ئاشنا ده‌بین به‌ په‌روه‌رده‌ له‌ ژاپۆن و هه‌ندێك ورده‌كاریی سه‌رنجڕاكێش.
یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه‌ ناكرێت تیایدا ناكۆك بین بریتیه‌ له‌وه‌ی له‌م سه‌رده‌مه‌ماندا ژاپۆن وڵاتێكی سه‌ركه‌وتووه‌ و زه‌به‌لاحێكی بواری ته‌كنۆلۆژیایه‌ و له‌ڕووی ئابوری و په‌روه‌رده‌ییشه‌وه‌ مه‌كانه‌تێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ نێو وڵاتانی جیهاندا، ئه‌مه‌ش بێگومان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ندێك سیاسه‌ت كه‌ وڵاته‌كه‌ په‌یڕه‌وی ده‌كات له‌ پێگه‌یاندنی ڕۆڵه‌كانیدا، هه‌رچه‌نده‌ ژاپۆن وڵاتێكه‌ پڕه‌ له‌ بومه‌له‌رزه‌ و له‌ هه‌موو كاتێكدا به‌بێ هیچ ئاگاداریه‌كی پێشوه‌خته‌، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌م هه‌موو كاره‌ساته‌ سروشتیه‌ ژاپۆن توانیویه‌تی مه‌كانه‌تێكی مه‌زن له‌نێو وڵاتانی پێشكه‌وتووی جیهاندا هه‌بێت و هه‌مووانیش گه‌واهی ئه‌و ڕاستیه‌ن، ئه‌وه‌ی گومانی تێدا نیه‌ ئه‌وه‌یه‌ گه‌شه‌ و پێگه‌شتنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌نده‌ به‌گه‌شه‌ی ڕۆڵه‌كانیه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ناوهێنانی گه‌لدا تاكه‌ ڕێگه‌یه‌ك بۆ گرنگیدان به‌ گه‌ل بریتیه‌ له‌ نه‌وه‌ی تازه‌ و ئه‌و شێوازه‌ی په‌یڕه‌و ده‌كرێت له‌ پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌كه‌یدا تاببنه‌ هاوڵاتیه‌كی گونجاو و بتوانن به‌رپرسیارێتی به‌ره‌وپێشبردنی گه‌ل بگرنه‌ ئه‌ستۆ، كاتێكیش گه‌وره‌ ده‌بن ئه‌م گه‌له‌ گونجاوه‌ ده‌بنه‌ ڕێچكه‌ بۆ پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی داهاتوو، تا ئێمه‌ی كورد له‌ ڕۆژئاواوه‌ فێر بین ده‌بێت بڕوانین چۆن پێكه‌وه‌ ده‌ژین و چۆن پێكه‌وه‌ هه‌ڵده‌كه‌ن، ده‌بێت بزانین ڕوانگه‌یان بۆ ژیان له‌گه‌ڵ ڕۆله‌كانیان چۆنه‌ تا لێوه‌یان فێر بین و ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ ڕۆشنبیریی ئه‌واندا هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌گونجێت وه‌ری بگرین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین جیاوازی بكه‌ین و كاریگه‌ریمان هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌مه‌ لایه‌نی سه‌ره‌كی گفتوگۆكه‌مان لیره‌ بریتیه‌ له‌ په‌روه‌رده‌كردن له‌سه‌ر شێوازی ژاپۆنی و چۆن ژاپۆنیه‌كان ڕۆڵه‌كانیان پێده‌گه‌یه‌نن و په‌روه‌رده‌یان ده‌كه‌ن و هانی لێهاتوویی و به‌هره‌كانیان ده‌ده‌ن تا بتوانن ئه‌و كاریگه‌ریه‌ مه‌زنه‌یان هه‌بێت له‌كاتی گه‌وره‌بوون و پێگه‌شتنی گه‌لدا ببێته‌ شارستانیه‌تێكی به‌هێز، پاشان ئاشنا ده‌بین دیارترین به‌هاكانی به‌شداربوو له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی مه‌كانه‌تیان له‌ ته‌واوی بواره‌كاندا، ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌و به‌هایانه‌ وه‌ربگرین كه‌ له‌گه‌ڵ كه‌لتور و ڕه‌وشتی كورددا ده‌گونجێت و بتوانین په‌یڕه‌ویان بكه‌ین به‌بێ فشار خستنه‌ سه‌ر ڕۆڵه‌كانمان، ئه‌مه‌ش لایه‌نه‌كانی گفتوگۆی ئه‌م نوسراوه‌مان ده‌بێت.

ژاپۆنیه‌كان چۆن منداڵه‌كانیان په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن؟
به‌ پێچه‌وانه‌ی كه‌لتوری ڕۆژهه‌ڵاتیی كورد كه‌ منداڵ له‌ ده‌ستی داپیره‌ و باپیره‌ و داده‌ی دایه‌نگه‌كاندا جێدێڵن، په‌روه‌رده‌ی ژاپۆنی پێی باشه‌ دایه‌‌و بابه‌یانن خۆیان گرنگی بده‌ن به‌ منداڵه‌كانیان و لای هیچ كه‌سێك به‌جێیان نه‌هێڵن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك، ئه‌مه‌ش له‌ سێ ساڵی یه‌كه‌می منداڵدا به‌ تایبه‌تی ڕووده‌دات، واته‌ پێش ئه‌وه‌ی منداڵ بگاته‌ ته‌مه‌نی باخچه‌، هه‌روه‌ها دایباب هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و گرنگی پێدانی، نه‌ك دایك به‌ ته‌نها. دایبابان هه‌ڵده‌ستن به‌ چاندنی بنه‌ما و به‌ها گرنگه‌كان له‌ منداڵدا وه‌كو ژیری، چونكه‌ ژیری بناغه‌ی سه‌ره‌كیه‌ كه‌ مرۆڤ جودا ده‌كاته‌وه‌ له‌ كه‌سانی تر، پاشان ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌كان فێری منداڵ ده‌كه‌ن و ده‌بێت منداڵه‌كه‌ هه‌موو ژیانی فێری بێت، دایبابان ته‌نها گرنگی ناده‌ن به‌ هه‌ست و ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌كان، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا هه‌موو كارامه‌یی و لێهاتووییه‌كان له‌ منداڵدا گه‌شه‌پێده‌ده‌ن و فێری ده‌كه‌ن چۆن ببێته‌ كه‌سێكی داهێنه‌ر، چونكه‌ بنیاد نانی گه‌ل پشت ده‌به‌ستێت به‌و منداڵانه‌ی گه‌وره‌ ده‌بن و ده‌بنه‌ داهاتووی گه‌له‌كه‌یان، كه‌واته‌ یه‌كێكی تر له‌ لایه‌نه‌ گرنگه‌كانی تر كه‌ منداڵ گرنگی پێده‌دات بریتیه‌ له‌ په‌ڕتووك و یاریه‌ خۆشه‌كان كه‌ گه‌شه‌ ده‌ده‌ن به‌ زیره‌كی، وه‌كو یاریی نوشتاندنه‌وه‌ی كاغه‌ز، ئه‌مه‌ به‌های فێربوون و په‌ڕتووك و لێهاتووییه‌ ژیرییه‌كان به‌هێز ده‌كات، ئه‌مانه‌ كه‌سه‌كان له‌ یه‌كدی جودا ده‌كه‌نه‌وه‌.

فێربوون له‌ ژاپۆن
بیرۆكه‌ی فێربوون له‌ ژاپۆن ته‌نها بریتی نیه‌ له‌ ئامانج و هۆكارێك بۆ فێربوون، چونكه‌ فێربوون له‌لای ئه‌وان ته‌نها بریتی نیه‌ له‌ فێربوونی ناو خوێندنگه‌، ئه‌وان فێربوونی خوێندنگه‌ و به‌ها ڕه‌وشتیه‌كان لێك جودا ناكانه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌موو منداڵێك فێری ببێت، به‌ڵكو ئه‌وان په‌روه‌رده‌كردن له‌سه‌ر شێوازی ژاپۆنی تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ فێركردنی ژاپۆنی، خوێندنگه‌ له‌وێ تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ ڕه‌وشتی په‌روه‌رده‌یی كه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزكردنی ئاكار بۆ ئه‌وه‌ی منداڵێكی تایبه‌تی دروست ببێت له‌سه‌ر شێوازی په‌روه‌رده‌ی ژاپۆنیی دروست، یه‌كێك له‌و نمونانه‌ی قسه‌كانم پشت ڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی منداڵان خۆیان خوێندنگه‌كانیان پاك ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ خوێندنگه‌ ژاپۆنیه‌كاندا ده‌رنه‌چوون نیه‌ تا قۆناغی سێهه‌می ناوه‌ندی، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت خوێندنگه‌ شوێنێكی زۆر تایبه‌تیه‌ له‌وه‌ی ته‌نها بریتی بێت له‌ وتنه‌وه‌ی وانه‌كان به‌ڵكو شوێنی ڕه‌وشت و ڕێزیشه‌، له‌به‌ر ئه‌مه‌ حكومه‌تی ژاپۆنی وانه‌ی ڕه‌وشت له‌ قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ داده‌نێت هه‌ر له‌پۆلی یه‌كه‌وه‌ تا پۆلی شه‌ش، له‌م وانه‌یه‌دا فێر ده‌كرێن چۆن ده‌بێت هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و ڕه‌وشتیان چۆن یێت و چۆن له‌گه‌ڵ یه‌كدی بژین. هه‌روه‌ها شێوازی فێركردنی هاریكارانه‌یان هه‌یه‌ كه‌ هانده‌دات بۆ به‌های هاریكاریی نێوان منداڵان و چاندنی گرنگێتی كاری پێكه‌وه‌یی، ئه‌مه‌ له‌ڕێی وانه‌ی جیاوازه‌وه‌ ده‌وترێته‌وه‌ كه‌ تیایدا خوێندكاران چالاكیی هه‌ماهه‌نگكارانه‌ی جیاواز ئه‌نجام ده‌ده‌ن وه‌كو گفتوگۆ و ڕوونكردنه‌وه‌ی به‌ نۆره‌ و یاریی به‌ كۆمه‌ڵ و چه‌ندان جۆری تر. یه‌كێك له‌ شته‌ نایابه‌كان كه‌ ژیان پێكه‌وه‌ گرێده‌دات به‌ فێربونه‌وه‌ له‌ خوێندنگه‌ ژاپۆنیه‌كاندا بریتیه‌ له‌وه‌ی مامۆستایان و خوێندكاران پێكه‌وه‌ له‌ هه‌مان كات و شوێندا نان ده‌خۆن، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان مامۆستا و خوێندكار به‌هێز ده‌كات و زیاتر ده‌بێت له‌وه‌ی ته‌نها ڕوونكردنه‌وه‌ و وانه‌ وتنه‌وه‌ بێت.

هه‌ندێك زانیاریی نایاب له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كردن به‌ شێوازی ژاپۆنی
لێره‌دا هه‌ندێك زانیاری له‌سه‌ر ژاپۆن به‌ گشتی و له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ به‌ شێوازی ژاپۆنی به‌ تایبه‌تی ده‌خه‌مه‌ ڕوو، ئه‌م زانیاریانه‌ ده‌كرێت یارمه‌تیده‌رمان بن له‌وه‌ی زیاتر ئه‌م گه‌له‌ بناسین و بزانین چۆن پێكه‌وه‌ ده‌ژین تا ئێمه‌ش هه‌ڵسوكه‌وت و شێوازی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانمان به‌ هه‌مان شێوه‌ په‌ره‌ پێبده‌ین:
●له‌ ژاپۆن هه‌ر له‌ كاتی دووگیانیه‌وه‌ گرنگی به‌ منداڵ ده‌درێت، خانمی دووگیان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه‌ گرنگیی تایبه‌تی پێده‌درێت و ناهێلدرێت ئه‌و خواردنانه‌ بخوات كه‌ زیان له‌ كۆرپه‌له‌ ده‌دات وه‌كو سوشی و قاوه‌ و خواردنه‌ بێ به‌ها خۆراكیه‌كان و نا ته‌ندروسته‌كان، ئه‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئیجباری په‌یڕه‌و ده‌كرێت له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ خواردنی ڤیتامینه‌ به‌سووده‌كان.
●له‌ ئاهه‌نگگێڕاندا ژاپۆنیه‌كان دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر پیاوان و ئافره‌تاندا و پێكه‌وه‌ تێكه‌ڵ نابن، خانمان پابه‌ند ده‌بن به‌ كاروباری چێشتلێنانه‌وه‌ و ئاگاداری منداڵه‌كانیان ده‌بن و پیاوان خه‌ریكی خواردنه‌وه‌ی بیره‌ن له‌ ژووری میوان.
●ژاپۆنیه‌كان نرخی كات ده‌زانن و به‌ پیرۆزی داده‌نێن، له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ كاتی به‌سه‌ربردنیان نیه‌ ته‌نها پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو به‌رپرسیارێتیه‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كردبێت.
●ژاپۆنیه‌كان ته‌نها به‌پێی پێویستی خۆیان نان ده‌خۆن، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ له‌ ڕێگرتن له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌ندان نه‌خۆشی و ژیان له‌ ته‌ندروستیه‌كی باشدایه‌.
●ژاپۆنیه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ورد پارێزگاری له‌ پاكژیی گشتی ده‌كه‌ن، ده‌بینیت منداڵان فڵچه‌ی ددانه‌كانیان بۆ هه‌موو شوێنێك له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن، ته‌نانه‌ت بۆ خوێندنگه‌ش.
●ژاپۆنیه‌كان هه‌موو كاتێك خۆراكی ته‌ندروست له‌ میوه‌ و سه‌وزه‌ ده‌خۆن كه‌ سودیان پێده‌گه‌یه‌نیت وه‌ك له‌وه‌ی زیانیان پێ بگه‌یه‌نێت.
●خانمان كاته‌كانی خۆی بۆ منداڵه‌كه‌ی ته‌رخان ده‌كات پاش له‌دایكبوون و شێوازی ژیانی به‌ ته‌واوه‌تی ده‌گۆڕێت، ته‌نانه‌ت كاته‌كانی خواردنیش ده‌گۆڕێت، چونكه‌ دایك زوو تر هه‌ڵده‌ستێت و له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌ی نان ده‌خوات و پاشان كاتی مێرده‌كه‌ی دێت، ئه‌مه‌ش واته‌ په‌روه‌رده‌كردن به‌ شێوازی ژاپۆنی به‌رپرسیارێتیه‌كی گه‌وره‌یه‌.
●زۆرینه‌ی ژاپۆنیه‌كان خۆراك له‌ چێشتخانه‌ی خواردنه‌ ئاماده‌كراوه‌كاندا ناخۆن و پشت ده‌به‌ستن به‌ خۆراكی لێنراوی ماڵه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ نرخیشی زۆر گرانه‌، ئه‌مه‌ش خوویه‌كه‌ ده‌بێت له‌ كوردستاندا فێری بین.
●ژاپۆنیه‌كان هه‌ر مانگی جارێك په‌رستگا بوزیه‌كانیان پاكژ ده‌كه‌نه‌وه‌ و منداڵه‌نیان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌م كاره‌دا به‌شدار بن له‌گه‌ڵیان، هه‌روه‌ها سڵاو له‌ یه‌كدی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌ ده‌سته‌كانیان و چه‌ماندنه‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی باوه‌ له‌ناویاندا، ئه‌م خووه‌ به‌ شكۆدارترین خوو داده‌نرێت منداڵ فێر بكرێت له‌ په‌روه‌رده‌ به‌ شێوازی ژاپۆنیدا.
●خوێندنگه‌ ژاپۆنیه‌كان هه‌لی تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌موو پیشه‌كان بۆ ڕۆڵه‌كانیان دابین ده‌كه‌ن كه‌ له‌ شارێكی بچوكدا ئه‌نجام ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكار به‌ وردی بزانێت له‌ كام بواردا ده‌یه‌وێت كار بكات، ئه‌مه‌ش پێش ئه‌وه‌ی خوێندكار بچێته‌ زانكۆ، ئه‌م كاره‌ ئه‌وه‌ مسۆگه‌ر ده‌كات خوێندكار حه‌زی له‌ چ به‌شێكه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی داهێنانكردن له‌م كاره‌دا.
په‌روه‌رده‌كردن به‌شێوازی ژاپۆنی به‌ نمونه‌یه‌كی باڵا داده‌نرێت بۆ ئێمه‌ی كورد، بێگومان هه‌موو په‌روه‌رده‌یه‌ك كه‌موكوڕی و تایبه‌تمه‌ندی و خاڵی لاوازی زۆری هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ داوای ئه‌وه‌ ناكه‌ین ته‌واوی كه‌لتوره‌كه‌ وه‌كو خۆی و به‌بێ ئاگایی په‌یڕه‌و بكه‌ینه‌وه‌ و چاوی لێ بكه‌ین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمانه‌ بریتیه‌ له‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت له‌م شارستانیه‌ مه‌زنه‌ و بزانین په‌روه‌رده‌كردن به‌ شێوازی ژاپۆنی به‌ڕاستی كارێكی سه‌خت و ماندوكاره‌، به‌ڵام ئه‌نجامێكی هه‌یه‌ به‌ هه‌موو جیهاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و له‌ هه‌موو جیهاندا جێ په‌نجه‌ی دیار ده‌بێت.

 وه‌رگێڕانی: شه‌رمن سالار



AM:06:15:01/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 83 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌