‌تەنگەی ھورمز لە چەقی ململانێکاندا

تەنگەی ھورمز ئەو ڕێڕەوە ئاوییە یە تەنگەیە کە دەکەوێتە نێوان سوڵتاننشینی عومان و ئێرانەوە کە کەنداوی عەرەبی دەبەستێتەوە بە کەنداوی عومان و دەریای عەرەب و ئۆقیانووسی ھندەوە، کەنداوی عەرەبیش گەورەترین و وڵاتانی بەرھەمھێنی نەوت و غاز  وەکو ئێران و عەرەبستانی سعودیە و عێراق و کوەیت و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو و قەتەر لە خۆ دەگرێت  کەواتە ئەم تەنگەیە  پێگەیەکی گرنگی  دەریاییە لە کۆتایی کەنداوی عەرەبیدا.


لە دوای ھەڵکشانی ناکۆکیەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران  بە دیاریکراوی دوای دەست بەکاربوونی سەرۆک ترەمپ و پاشەکشەی ئەو وڵاتە لە ڕێککەوتننامەی (٥+١)  ڕۆژ بە ڕۆژ پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕۆن لەکاتێکدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوازدە مەرجی بۆ ئێران داناوە بۆ ئەوەی پابەند بێت پێیەوە کە دیارترینیان وەستاندنی بەرنامەی ئەتۆمیی ڕۆکێتی بالیستی دوورمەودایە و دەستوەرنەدانە لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، وەکو سوریا و عێراق و لوینان و یەمەن.

وا ڕوداوەکان بۆ پێشەوە دەڕۆن لە کاتی جێبەجێ نەکردنی مەرج و داخوازییەکانی ئەمریکادا کە ئێران تا ئێستا ھیچ ئاماژەیەکی پیشان نەداوە بۆ پەسەندکردنی ئەمریکیەکان باس لەوە دەکەن کە قورسترین و سەخترین سزای ئابووری و بازرگانی بە سەردا بسە پێنن کە  مێژووی مرۆڤایەتی بە خۆیەوە نەدیبێت بە تایبەتی دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ بە نیازە لە ڕیگای وڵاتانی دۆستیەوە کڕینی نەوتی ئێران لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەوە بووەستێنێت.

تەنگەی ھورمز دادەخرێت؟
لە ‌وەڵامی ئەو ھەنگاوەی ئەمریکادا سەرۆکی ئێرانی رۆحانی ھەڕەشەی داخستنی تەنگەی ھورمز دەکات کە نزیکی ٣٠% نەوتی جیھان بەوێدا تێپەڕ دەبێت لە کاتێکدا ئێران خاوەنی درێژترین کەنارە لە کەنداوی عەرەبیدا و ئێران نەوتو غاز کە بەشێکی زۆری داھاتی نەتەوەیی پێکدەھێنن ئەم ھەنگاوە ی ئەمریکا لێدانە خاڵە ھەستیارو ستراتیجیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ھەر لە سەرەتاکەیدا دراوی ئەو وڵاتە بەشێکی زۆری بەھاکەی لە دەستدا. بۆیە ھەڕەشەکان ھەر بە وتەکانی سەرۆک کۆمارەوە نەوەستا بەڵکو زۆرێکی تر لە فەرماندە دیارەکانی سوپای پاسداران  ھەڕەشەی توندیان دا وتیان ئەگەر ئێمە نەوت نەفرۆشین ئەوا وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەش ناتوانن بیفرۆشن وتەنگەی ھورمز یان دەبێت بۆ ھەمووان بێت یان نابێت بۆ کەس بێت.

گرنگیی ئابووریی  تەنگەی ھورمز 

تەنگەی ھورمز سێ یەکی وزەی جیھان لە نەوت و غاز ساڵانە لێرەوە دەڕۆن بە شێوەیەک بە گوێرەی سەرچاوەکانی وزەی ئەمریکی ساڵی ٢٠١٦ ڕۆژانە ١٨.٥ بەرمیل نەوت لەوێوە ڕۆیشتووە.


کێ زیانمەندە لەم ھەنگاوە؟
لەکاتی داخستنی تەنگەی ھورمز نرخی نەوت بە شێوەیەکی کتوپڕ بەرز دەبێتەوە کە ئەمەش لە پێش ھەموو کەش وڵاتانی فرۆشیارو کڕیار زەرەرمەند دەبن و شۆفێرو بەکاربەرانی نەوت و بەرھەمەکانی  لە ھەموو کون قوژبنێکی ئەم جیھانە بە تایبەتی بەشێکی زۆری ئەو نەوتەی لێرەوە دەڕوات بۆ وڵاتانی ئاسیاویە وەکو چین و یابان وھند و کۆریای باشوور و سەنگاپوورە کە لە ساڵی ٢٠١٦ لە ٨٠% ئەو نەوتەی لەوێوە ڕۆیشتووە بۆ ئەو وڵاتانە چوون.


ئەڵتەرنا‌تیف بۆ تەنگەی ھورمز
ھەرچەندە لە ناوچەکەدا جگە لە عێراق کە بۆڕی نەوتی ھەیە بو بەندەری جیھانی تورکی و ھێڵی تری ھەیە بۆ بەندەرە بانیاس لە سوریا کە ساڵانێکی زۆر لە کار کەوتووە عەرەیستانی سعوودیە و ئیماراتی عەرەبیش ھێڵ و بۆڕی یان ھەیە بۆ فرۆشتنی نەوتو غاز بە شێوەیەکی کەم کە ناتوانێت جێگەی ئەو بڕە زۆر ە بگرێتەوە کە لە تەنگەی ناوبراوەوە ھەناردە دەکرێت.

لە کۆتاییدا داخستنی ھورمز لەوەیە ھێندە کارێکی ئاسان نەبێت لە بەر ھەستیاری بارودۆخی ناوچەکە،‌ لە بەرامبەردا ئەمریکییەکان بەڵێنی ئەوە دەدەن کە ھاتوچۆو جموجووڵی دەریایی کەشتیەوانی لە کەنداوی عەرەبی و تەنگەی ھورمز دەپارێزن و لە ھیچ کەسێکی قبووڵ ناکەن چونکە لە کاتی شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق ئێراندا کە کاردانەوە و پرژی شەڕەکە گەیشتە ئەوێندەرێ شەڕەکە وەستا، چونکە ئیتر بەرژەوەندی زۆرێک لە وڵاتان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیھان کەوتنە مەترسیەوە  ئەوکات  ھێزە دەریاییەکانی ئێران ھەندێک مینی یان دانا لە ئاوەکانی دا کە کاردانەوەی توندی ئەمریکا ی لێکەوتەوە کە زۆرێک لە بنکە ‌و بەندەر و ناوەندەکانی نەوتی ئێرانی بە ئامانج کران و و بەشێکی  زۆری ھێزی دەریاییەکان لە ناوبران.

PM:01:24:21/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 331 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌