پێشتر وا باو بوو كه سه‌رده‌مى سه‌ركرده به‌هێزه‌كان له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنى سه‌ده‌ى رابردوودا كۆتاییهاتووه و ده‌ركه‌وتنى ئه‌وانه په‌یوه‌ست بووه به هه‌ندێك وه‌رچه‌رخانى جیا و تایبه‌تى ده‌رهاویشته‌ى بێكهڵكى جه‌نگه‌كانى سه‌ربه‌خۆیى یاخود جه‌نگه جیهانییه‌كانه‌وه، به‌ڵام به‌دواداچوونى رووداوه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه ئاڵنگارییه‌كانى ئه‌م سه‌ده‌یه هیچى له ئاڵنگارییه‌كانى سه‌ده‌ى پێشخۆى كه‌متر نییه، ئیدى با پێدراوه‌كان و بارودۆخهكانیش جیاواز و گۆڕا بن.
پێده‌چێت وڵاته‌كان له هه‌ندێ جاردا، وه‌ك ئه‌وه وابن كه چاوه‌ڕێى پیاوێك بكه‌ن، پیاوێك تواناى كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌كانى ئومێدى هه‌بێت، ئیراده‌كان كۆبكاته‌وه، دووراییهكان نزیكبخاته‌وه، ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییانه بكات كه ئه‌وانى دى لێى دوودڵن. پیاوێك دۆگما و چه‌قبه‌ستوویى بشكێنێت و ته‌مبه‌ڵى و ته‌وه‌زه‌لى و دهستیدهستی ببه‌زێنێت و ئازایه‌تیى ئه‌وه‌ى هه‌بێت كه له ده‌ره‌وه‌ى قاڵبه میراتى و بهجێماوهكانهوه، بیر بكاته‌وه. زێده‌ڕۆیى نییه كه بگوترێت ئه‌و جۆره پیاوانه له‌وپه‌ڕى پێویستیدا ده‌رده‌كه‌ون، چونكه وه‌رچه‌رخانه قورسه‌كان پێویستیان به خاوه‌نى دیدگا و خاوه‌نى بڕیار و خاوه‌نى ئیراده هه‌یه.
هه‌ندێك جار ده‌ركه‌وتنى پیاوى جیا و تایبه‌ت، ده‌بێته هۆى دووركه‌وتنه‌وه‌ى وڵات له‌و گۆشه‌گیرییه‌ى كه بۆى ده‌ڕوات، خه‌ونى لاوه‌كانى نوێ ده‌كاته‌وه و به‌شدارییان پێده‌كات له دروستكردنى چاره‌نووسیدا. دوورى ده‌خاته‌وه له خورپه و تێوهژانى خوێناوى و هه‌ره‌سه كوشنده‌كان.
چیدى خۆرئاوا ناتوانێت (پیاوێكى به‌هێز) بخاته‌وه كه هه‌یبه‌تى ده‌سه‌ڵاته‌كانى تێپه‌ڕێنێ. دیموكراسیه‌ت له‌و كه‌سه به‌هێزانه ده‌ترسێت كه خولیا و پهرۆشییهكى قووڵیان بۆ ده‌سه‌ڵاتێكى بێ سنوور هه‌یه، بۆیه سه‌ركه‌وتوو بووه له رێكخستن و پلانڕێژیى كۆتوبه‌ند كردنیان. ده‌ستوره‌كان به‌زه‌ییان تێدا نییه، له ساتى ئاهه‌نگگێڕان به بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنى خۆیه‌وه، كه‌سى سه‌ركه‌وتوو كاتى جێهێشتنى پۆسته‌كه‌ى ده‌زانێت. په‌رله‌مان بۆ ساتێكیش له كۆسپ و له‌مپه‌ر بۆ دروستكردنى دواناكه‌وێت و راى گشتییش دوودڵ نابێت له په‌لاماردانى. فرتوفێڵى نه‌یاران و رۆژنامه‌نووسان ده‌كه‌ونه گیانى سه‌رۆك و رۆژانه له پێچ و پهناكانى سوسیال میدیادا خوێنى ده‌ڕژێت، چونكه ئه‌وه روون و ئاشكرایه كه دیموكراسیه‌ت گره‌و له‌سه‌ر رۆڵى دامه‌زراوه‌كان و بهردهوامیپێدانیان ده‌كات نه‌ك له‌سه‌ر قاره‌مانى دهستكراوهى سنوور به‌زێن.
خۆرئاوا، سه‌ره‌ڕاى پێشكه‌وتوویى و به‌هێزیى و دره‌وشاوه‌یى، به‌ڵام هه‌موو جیهانیش نییه، ئه‌وانه به‌هه‌ڵه‌داچوون كه له‌و باوه‌ڕه‌دابوون گونده گه‌ردوونییه‌كه به خێرایى باوه‌ڕ به‌و نموونه‌یه دێنێت كه له كاتى گلۆربوونه‌وه و خۆكوشتنى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت-دا ناوبانگى سه‌ركه‌وتنه‌كانى هه‌موو لایه‌كى گرته‌وه. گرهوهكانى نهبرانهوه و سیستمى تاك جه‌مسه‌ریى ته‌مه‌نى درێژ نه‌بوو. ئه‌وه‌تا ده‌بینین یاریزانانى بۆكسێن-ێك گۆڕه‌پانى نێوده‌وڵه‌تییان له‌رزاندووه كه ناكرێت به دیموكراسیه‌ت تۆمه‌تباریان بكه‌ین، لانیكه‌م به شێوه خۆرئاواییهكهى.
بارودۆخى خۆرئاوا زانراوه. ئه‌مریكا و جیهان له‌سه‌ر ریتمى تویتهكانى سه‌رۆك ده‌ژین. راوێژكاره‌كه‌ى ئه‌ڵمانیا-یش نووسینگه‌كه‌ى خۆیى پاراستووه، به‌ڵام ئهنجامگهلى هه‌ڵبژاردنه‌كان وێنهكهییان شێواند. مانگى ههنگوینیى نێوان گه‌وره‌ى ئه‌لیزیێ و فرهنسیهكانیش به‌ره‌و كۆتاییه. خانمى داونینگ ستریت-یش شانى ناوه‌ته ژێر سه‌ركردایه‌تیى گه‌شتى جیابوونه‌وه له یه‌كێتى ئه‌وروپا.
دیمه‌نه‌كه له گه‌ڕه‌كى چین-ى گونده گهردونییهكهدا به ته‌واوى جیاوازه، له‌وێ له‌دایكبوونى (ما‌و تسى تۆنگ له سه‌ده‌ى 21)دا ده‌بینین. باوه‌ڕێكى وایش هه‌یه كه وڵاته‌كه‌ى ما‌و ئاماده‌یه له سایه‌ى ئیمپراتۆرێكى تازه‌دا بژى. ئه‌و باوه‌ڕه‌یش هه‌ڵه‌یه وابزانین كه رووداوه‌كه لێمانه‌وه دووره و په‌یوه‌ندیى پێمانه‌وه نییه، چونكه ئێمه باس له وڵاتێك ده‌كه‌ین كه ژماره‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى 1،4 ملیار كه‌سه و خاوه‌نى دووه‌م ئابوریى جیهانه.
پێش ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، كۆمیته‌ى ناوه‌ندیى حزبى شیوعى چین جیهانى سه‌رسام كرد. (پێشنیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و گوزارهیهى له ده‌ستورى وڵات‌دا كرد كه ده‌ڵێت نابێت سه‌رۆكى چین و جێگره‌كه‌ى زیاتر له دوو خولى دواى یه‌ك بمێننه‌وه) كه هه‌ر خولێكیان پێنج ساڵه.
هه‌روه‌ها وتى حزب پێشنیارى كردووه (بیر-ى شى جینبینگ ده‌رباره‌ى سوسیالیزمى تایبه‌تمه‌ندى چین بۆ سه‌ده‌ى نوێ) بخرێته ده‌ستورى وڵاته‌وه. ئه‌مه‌یش مامه‌ڵه و ره‌فتارێكه هیچ كام له میراتگره‌كانى ما‌و نه‌یانكردووه و ئه‌و خۆشبهختییهیان نه‌بووه. ئه‌مه‌یش به ساده و سانایى ماناى وایه كه گه‌شتى چین له‌گه‌ڵ شى-دا كراوه‌یه و واده‌ى كۆتاییهاتنى خولى دووه‌مى له 2023 دا بووه‌ته ته‌نیا وێستگه‌یه‌كى سه‌رۆكایه‌تیكردنى به درێژایى ژیانى. سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ-یش به ئیره‌ییه‌وه ستایشى خاوه‌ن بیرۆكه‌كه‌ى كردووه.
ئه‌وه ئاشكرایه كه شى له پێنج ساڵى رابردوودا سه‌ركه‌وتوو بووه له رێگه‌خۆشكردن بۆ ده‌سه‌ڵاتێكى كراوه به‌سه‌ر عه‌رشى ما‌و-دا. ژهنراڵهكانى سوپا و بارۆنهكانى حزب-ى جڵهوكێش و ده‌سته‌مۆ كرد و سه‌ركردایه‌تیى هه‌ڵمه‌تێكى توندى كرد له دژى گه‌نده‌ڵى كه چه‌ندین سه‌رى زل و یاخى و سه‌ركێشى لابرد.
ئه‌وه‌ى ئاگادارى كاروبارى چین بێت هه‌ست به قه‌باره‌ى ئه‌م كوده‌تایه ده‌كات. له 1982 دا حزب ئه‌وه‌ى سه‌پاند كه سه‌رۆك له دواى دوو خولى سه‌رۆكایه‌تى، وازبێنێت. مه‌به‌ست و مه‌رامى ئه‌مه ئه‌وه‌بوو كه پیاوێكى به‌هێزتر له حزب و له دامه‌زراوه‌كان ده‌ركه‌وێت و وڵات له كه‌سێتیى ئه‌ودا كورت ببێته‌وه. پیاوێك كه ئازادیى ره‌فتارى به وڵات و خه‌ڵكه‌وه هه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ى ما‌و كردى، به تایبه‌ت له كاتى (شۆڕشى روناكبیرى)دا كه زیانى مرۆیى و ئابوریى زۆرى لێكهوتهوه.
بیروڕاى باو له خۆرئاوا وابوو كه روسیاى ده‌ربازبووى ژێر داروپه‌ردووى سۆڤیه‌ت، شوێنپێى كاریگه‌ریى ده‌وڵه‌ته‌كانى خۆرئاوا هه‌ڵده‌گرێت و سروش له‌و دیموكراسیه‌ى ئه‌وێ وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌رچى بۆ ماوه‌یه‌كى دور و درێژ له ژێر ده‌سه‌ڵاتى تاك حزبیدا ماوه‌ته‌وه. ئه‌مه رووینه‌دا. هه‌ر له سه‌ره‌تاى ئه‌م سه‌ده‌یه‌وه روسیا له سه‌رده‌مى پیاوێكدا سه‌ركه‌وتوو بووه له دانانى كۆپییه‌كى دیموكراسیى روسى-یانه‌دا. په‌رله‌مان زامنه و رۆژنامه گیراوه و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى به‌رده‌وام له لهقاڵبداندایه و رایه‌كى گشتیى سه‌ربه‌خۆیش بۆ رێگرى و لێپرسینه‌وه بوونى نییه.
سه‌ركرده‌یه‌كى به‌هێز له‌دایكبوو ناوى ڤلادیمێر پوتین-ه. ره‌وشى ناوخۆى رێكخسته‌وه، هه‌روه‌ها وێنه‌ى وڵاته‌كه‌یشى له ده‌ره‌وه و پێگهكهیى له یانه-ى گه‌وره‌كاندا سه‌پانده‌وه. كابرا هه‌موو هێڵه‌كانى گرته ده‌ستى خۆى و كارێكى وایكرد كه چوونى به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ك چوونه پیاسه‌یه‌كى وابێت. قرم-ى گه‌ڕانده‌وه و سه‌قامگیریى ئۆكرانیاى شێواند و ده‌ستوه‌ردانى سه‌ربازیى له سوریادا كرد و رۆڵى خۆیى له هه‌ردوو دیوى ئیقلیمى و نێوده‌وڵه‌تیدا سه‌پاند.
چین-یش ئاڵنگاریى پێشتر روونهدراو چاوه‌ڕێیه‌تى. ده‌ركه‌وتن و هه‌ڵكشانى، ترس لاى ده‌وڵه‌تانى نزیك و دوور دروست ده‌كات. ده‌ستپێشخه‌ریى (پشتوێن و رێگه) به ئاشكرا گوزارشت له چوونى به‌ره‌و رۆڵى تایبه‌ت و جیاكه‌ره‌وه‌ى ده‌كات له ئاستى جیهانى له رووه ئابورییه‌كه‌ى و دواتریش رووه سیاسیه‌كه‌ى. ره‌فتارى ئه‌و له ده‌ریاى چینى باشور ره‌نگدانه‌وه‌ى مكوڕ و سووربوونیهتى له‌سه‌ر خۆشحاڵیى به پێگه‌ى ده‌وڵه‌تێكى به‌هێزه‌وه. ویست و كاركردنى بۆ ئه‌وه‌ى پێگه‌ى یه‌كه‌م به‌هێزترین هێزى ئابوریى له گرێكانى داهاتوودا بگرێته‌وه، به‌ربژێرى ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى بچێته ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه گه‌وره‌كانه‌وه له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كاندا.
له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ، ئاڵنگارییه‌كان هه‌روا سانا و ساكار نین. پاراستنى تێكڕاى گه‌شه‌سه‌ندنى به‌رز و پاراستنى ئارامیى له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه بارى گوزه‌رانى سه‌دان ملیۆن له ئه‌ندامه‌كانى باشتر بووه و هانیان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى داواى به‌شداربوونیان بكه‌ن له نه‌خشاندنى ئایینده‌ى وڵاته‌كه‌دا، ئه‌مانه له‌م چوارچێوه‌ى ئێستاى حزبیه‌دا به‌دینایه‌ن. پرۆسێسى نوێكردنه‌وه‌ى كراوه و پێڕاگه‌یشتن به شۆڕشه ته‌كنۆلۆژییه یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كان، مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ شۆڕشى دیجیتاڵى و گۆڕینى هه‌ر هاووڵاتییه‌كه بۆ رۆژنامه‌وان و بڵاوكار و گه‌واهیده‌رێك.
له سایه‌ى ئه‌م پێدراوانه‌دا، حزبى شیوعى چین، گه‌ڕایه‌وه بۆ كردنه‌وه‌ى ده‌رگا به رووى دیارده‌ى سه‌ركرده‌ى به‌هێز-دا. ره‌نگه له‌به‌ر هه‌ستكردنى بێت به‌وه‌ى كه بوونى سه‌ركرده‌یه‌كى هه‌میشه‌یى، پێویستیه‌كى ناوخۆیى و ده‌ره‌كییه له قۆناغى داهاتوودا. پێویستییه‌ك بێت بۆ پاراستنى په‌ره‌سه‌ندن و سه‌قامگیریى پێكه‌وه. پێویستیه‌ك بێت بۆ پێشڕهویكردنى چین به‌ره‌و پێگه‌ى یاریزانه گه‌وره‌كه له گۆڕه‌پانى نێوده‌وڵه‌تیدا. ره‌نگه له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یش بێت كه هه‌ندێك كه‌س پێیانوایه وتاره جهنگییهكهى ئه‌م دواییانه‌ى پوتین، كه ئاراسته‌ى خۆرئاوا كرابوو، سه‌ركه‌وتوو نییه. چونكه یه‌كه‌مین ركابه‌رى ئه‌و پیاوه به‌هێزه‌ى كه له كرملین دانیشتووه، ئه‌و پیاوه به‌هێزه‌یه كه له‌سه‌ر عه‌رشى ما‌و دانیشتووه و هێنده له روسیاوه دوور نییه.
سه‌رچاوه: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید