قه‌یرانی ئابوری‌و خه‌باتی مه‌ده‌نی


قه‌یرانی ئابوری، جیهانی‌و ناوچه‌یی‌و كوردستانییه‌. حكومه‌تی كوردستان، چه‌ند هه‌ڵه‌ی كردووه‌، هه‌قه‌ ره‌خنه‌ی بابه‌تیی لێبگیرێ‌. به‌ڵام نادیده‌گرتنی قه‌یرانه‌كه‌ له‌ڕوی بابه‌تیه‌وه‌، هه‌ڵه‌یه‌. ئه‌مریكا (800 ملیار دۆلار) قه‌رزاره‌. عێراق ساڵانه‌ (7 ملیار دۆلار) قه‌رزی بانكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌دات. میسرو ئوردن، هاوكاری ئه‌مریكاو ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو نه‌بێ‌، ناچن به‌ڕێوه‌. یونان به‌ (300 ملیار دۆلار)ی بانكی نێوده‌وڵه‌تی خۆی گرته‌وه‌. ئه‌و دۆخه‌، دوو ساڵه‌، كوردستانیشی گرته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكومه‌ته‌كانی كوردستان مشوری باشتری ژێرخانی ئابورییان بخواردایه‌، كه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ دوچاری قه‌یرانه‌كه‌ هات، ده‌یتوانی باشتر خۆی رابگرێ‌. به‌ڵام نه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌و نه‌ حكومه‌ته‌كانی پێشتر، بۆ به‌ربه‌ستی له‌به‌رده‌م بێده‌ربه‌ستی ئابوری، پلانیان نه‌بوو. بۆیه‌، قه‌یرانه‌كه‌، له‌كورده‌واریدا قوڵتر ته‌قیه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی سه‌یره‌، كێشه‌ی قوڵی ئابوری، خراپیی سیسته‌می حوكمڕانی، ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی گوزه‌ران، تاوانی گه‌وره‌و بچوك له‌ دوو ده‌هه‌ی رابوردوی حوكمڕانی كوردستاندا، رویانداوه‌، كه‌چی یه‌ك كاربه‌ده‌ستی گه‌وره‌ی كوردستان، به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌گرتوه‌و غیره‌تی ده‌ستله‌كاركێشانی نه‌بووه‌!
خه‌باتی مه‌ده‌نیش.. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه‌دا، هه‌تا هاتووه‌، له‌گه‌شه‌كردندا بووه‌. ئه‌مه‌ جێگه‌ی دڵخۆشییه‌. به‌تایبه‌تی، له‌م دوو هه‌فته‌یه‌دا، ده‌یان هه‌زار كه‌س داكۆكییان له‌ مافی پیشه‌ییان كرد. گه‌رچی ده‌ستێوه‌ردانی حزبی هه‌بوو، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌، ئاڕاسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان به‌ره‌و توندوتیژی، وه‌كو ناڕه‌زاییه‌كانی پایزی پار، نه‌گۆڕی. ئه‌م خه‌باته‌ مه‌ده‌نییه‌ دوور له‌ توندوتیژییه‌، مژده‌ی خه‌مڵینی خه‌باتی مه‌ده‌نی وه‌كو ستراتیژی دیموكراسی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌خشێ‌. چاره‌سه‌ركردنی به‌شێكی به‌رچاوی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ش، له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، له‌هه‌موو بارێكه‌وه‌، گرنگ‌و كاریگه‌ر بوو. لای من، گرنگ ئه‌وه‌یه‌، سه‌ندیكاو رێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان، قاڵبونیانه‌ له‌خه‌باتی مه‌ده‌نی‌و پیشه‌یی. هه‌ر ئه‌م رێگایه‌ش، مافه‌ پیشه‌یی‌و مه‌ده‌نیه‌كان دابین ده‌كات‌و به‌س!


AM:10:35:31/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 450 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌