با نەورۆزی 2018 نوێ رۆژی یەكڕیزیی‌و یەكهێزیی گەلەكەمان بێت

جەژنی نەورۆز سەرەتای وەرزی ناوازەیی‌و رەنگاڵەیی بەهارو هاتنەوەی وەرزی نێرگزی كوردانە، بەبۆنەی هاتنەوەی ئەو جەژنە لەمێژینەیەی رەمزی بەرخودان‌و بەرگریی‌و ئەو یادە نەتەوەییەوە، بەبەختەوەرییەوە پیرۆزبایی ئاڕاستەی هاونیشتمانیان بەگشتی‌و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان‌و پێشمەرگە قارەمانەكانی پاڵەوانانی دوژمنبەزێن‌و پارێزەرانی دەستكەوتە مەزنەكانی گەلەكەمان بەتایبەتی‌و سەرجەم لایەنە سیاسی‌و دۆست‌و لایەنگرانیان بەگشتی‌و هەڵگرانی مەشخەڵی نوێ‌و ئاڵا بەهارییەكەی یەكێتی بەتایبەتی‌و گەلی كوردو سەرجەم ئەو گەلانەی شانبەشانی گەلەكەمان لەنەورۆزدا بەرگێكی نوێ بەساڵدا دەپۆشن، دەكەم.
نەورۆز وەك چۆن هەمیشە لای گەلی كورد جێی شكۆمەندیی بووەو لەكلتوورو ریزی نەریتە نەتەوەییەكاندا لەپێشەنگدایە، یادكردنەوەو بەرزڕاگرتنی ساڵانەی ئەو یادە پڕشكۆیە لەكوردستانی لانەی پێكەوەژیانی نەتەوەو ئایین‌و ئاینزا جیاوازەكان‌و ئازادیی فرە بیروباوەڕەكان‌و مەڵبەندی پێگەیاندنی پیاوچاكانی بواری چاكسازیی پەروەردەو دەرخەری رووی گەشی شارستانی‌و فراوانبوونی بازنەی گەشەسەندووی كۆمەڵایەتی‌و دیموكراسی، زیندووڕاگرتن‌و بەڵێن نوێكردنەوەی گەلی كوردە لەپرسی نەتەوەو خۆشەویستی نیشتمانی كوردستاندا، هەر لەبەر ئەوەیە گەلەكەمان لەبەرەبەیانی مێژووەوە وەك یەكێك لەنەتەوە دێرینەكانی مرۆڤایەتی لەڕیزبەندییەكاندا ژمارەیەكی دیارو بەرچاوەو لەنێو لاپەڕەكانی تۆماری مێژوودا ئەستێرەیەكی گەشاوەیە. گەرچی ئەمساڵ یادكردنەوەی ئەو بۆنە نەتەوەییە لەهەلومەرجێكی زۆر تایبەتی قەیراناویی سیاسی‌و ئابوورییەكی سەختی پڕمەینەتی‌و نائارامیدا بەڕێدەكەین، جێی خۆیەتی بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو دژوارییانەی دۆخی چەقبەستووی سیاسی‌و ئابووری‌و باری خراپ‌و ناگوزەرانی خەڵكی كوردستان‌و مەترسیی گۆڕانكارییەكانی ناوخۆو ناوچەكە، لەپێناوی پووچەڵكردنەوەی پیلانە نەزۆكەكانی دوژمنان‌و ناحەزانی دژ بەپێشكەوتن‌و دانەرانی بەربەست لەبەردەم گەیشتنی گەلەكەمان بەمافە سەرەتاییەكانیان لەئازادی‌و رزگاریی گشتیی یەكجارەكی، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارەی، كە نیشتمانەكەمانی پێدا گوزەردەكات، ئومێدەخوازم لەساڵی داهاتوودا بەسەر سەرجەم ئەو كۆسپانەدا زاڵبین‌و ئاشتی‌و ئاشتەوایی، پێكەوەژیانی مرۆڤدۆستانە بكەینە دیاریی دەستمان‌و بەگەشانەوەی زێدەترو كاركردنی پێكەوەیی دەستەجەمعی، هەوڵەكانمان بخەینەگەڕ بۆ چاكتربوونی گوزەرانی خەڵك‌و دەربازبوون لەدۆخی چەقبەستووی سیاسیی هەرێمەكەمان بەگشتی.
لەلایەكی تریشەوە ئەركی لایەنە سیاسییەكانیشە لەڕابردوو؛ جیاوازترو زێدەتر درك بەمەترسییەكان بكەن، وەك ئەركی نیشتمانی‌و نەتەوەییان لەپێناوی هەرەسهێنان‌و پووچەڵكردنەوەی پیلانی دوژمنكارانەی دوژمنانی نەتەوەكەمان، كە ئەمڕۆ زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت، تواناكانیان بخەنەگەڕو بە كەنارخستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان، بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كورد بپارێزن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەو قۆستنەوەی دەرفەتەكانی گەیشتن بەمافەكانمان، پرسی یەكێتی‌و یەكگوتاری‌و یەكڕیزیی‌و یەكهێزی بكەنە نوێ رۆژو سەرمەشقی كاری سیاسیی داهاتوویان‌و نێوماڵە گەورەكەی كورد، رێكبخەنەوە.

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك)


AM:10:28:24/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 310 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌