كورد چیبكات پاش ئه‌م بودجه‌یه‌؟

زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی بنه‌مای به‌ڕێوه‌بردنی حوكمی دیموكراسی واته‌ ده‌سه‌ڵاتی گه‌له‌، سیاسییه‌كان به‌ تێكڕا ده‌زانن ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن یاخود له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان زۆرترین ده‌نگ كۆده‌كاته‌وه‌ توانای مانۆڕی سیاسی زیاد ده‌كات، سه‌یر ده‌بێت كورد هێشتا له‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌و دروشمه‌ تێنه‌گه‌یشتبێت كه‌ له‌ ماوه‌ی نزیك به‌ ٥٠ ساڵی ڕابرودا هه‌ڵی گرتووه‌ ئه‌وه‌ش (فیدراڵی بۆ كورد‌و دیموكراسی بۆ عیراق)، پێودانگه‌كانی دیموكراسی ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ نه‌بێت ئه‌ی ئه‌بێت چی بێت، سه‌یرتر له‌وه‌ ئه‌و شۆكه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مانتارانی كورد له‌په‌رله‌مانی تێیكه‌وتوون، و پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ی ڕویدا له‌ پرسی بودجه‌ی ٢٠١٨ی عێراق چاوه‌ڕوان كراو نه‌بووه‌، و ته‌نانه‌ت سه‌رۆك حكومه‌ته‌كه‌شمان پێی وایه‌ بنه‌ماكانی حوكمی عێراقی نوێ له‌كه‌دار كراوه‌، مه‌به‌ستی جه‌نابی ده‌وڵه‌تمه‌دار هه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌ی ته‌وافوقه‌یه‌ كه‌ درێژكراوه‌ی یاساكانی دیوه‌خانه‌‌و گوێنه‌دانه‌ به‌پره‌نسیپه‌ نوسراوه‌كان، كورد تێبگات یان نا، ته‌نانه‌ت ئه‌و بیانیانه‌ش كه‌ به‌مامۆستای عێراقییه‌كان ناسراون و كار بۆ جێبه‌جێكردنی بنه‌ماكانی دیموكراسی ده‌كه‌ن له‌ عێراق، دره‌نگ یان زوو ده‌سه‌ڵات له‌ ناوه‌ند له‌سه‌ر بنه‌مای زۆرینه‌ دروست ده‌كرێت، زۆرینه‌ش له‌عیراق هه‌مان ئه‌ومانایه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ وڵاتانی دیكه‌ی خاوه‌ن كلتوری دیموكراسی له‌ناو پارته‌ سیاسییه‌كان و له‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌دیدێنن، به‌ڵكو ئه‌م زۆرینه‌یه‌ كه‌ له‌ عیراق پێك دێت له‌ دوو حاڵه‌ت به‌ده‌ر نییه‌ و پێش هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامه‌كه‌ی دیاره‌، حاڵه‌تی یه‌كه‌م بلۆكبه‌ندییه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كان ئه‌وه‌ش بێ پێچ‌و په‌نا تیایدا شیعه‌كان براوه‌ن چونكه‌ نزیكه‌ی ٦٠% عیراق پێك دێنن، و شێوه‌ی زۆرینه‌ی دووه‌م به‌هه‌مان ڕێچكه‌ی یه‌كه‌مدا ده‌ڕوات‌و به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ر شیعه‌ براوه‌یه‌ به‌ڵام به‌ میوانداریكردنی هه‌ندێك نوێنه‌ر و كه‌سایه‌تی له‌ پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عیراق ئه‌وانه‌یان كه‌ رامكراون له‌ لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه‌. ئه‌م بارودۆخه‌ به‌لانی كه‌م تا نزیك به‌ یه‌ك ده‌یه‌ی تر به‌رده‌وام ده‌بێت.
له‌مه‌یدانێكی ئاوادا كه‌ زۆربه‌ی جار ئه‌نجامه‌كان دیارن و هه‌موكات هه‌مان به‌ربه‌ستمان توش ده‌بێت، پێویستمان به‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێچكه‌ ورێبازه‌كه‌ بگۆڕین و یاساكانی یارییه‌كه‌ دابڕیژڕینه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ مافی كه‌مینه‌ی كورد و ئه‌وانی تریش تیایدا پارێزراو بێت، و ڕێبگیرێت له‌جه‌سپاندنی دیكتاتۆرییه‌تی زۆرینه‌ به‌ناوی دیموكراسییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌توانرا یاساكانی مانۆڕی سیاسی له‌ عیراق بگۆڕدرێت ئه‌وا پێویسته‌ شێوازی یاریكردنی كورد له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌ ڕێكبخریته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌گه‌ڵ یاساكانی گه‌مه‌كه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان بگونجێت.بۆ هه‌ریه‌ك له‌م ڕێبازانه‌ كه‌ ئاماژه‌مان پێكرد سه‌ختی زۆر و ڕه‌نجی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌داهاتودا ئه‌و مه‌راقانه‌ی ئێستا دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌ ،و خه‌فه‌خاری ئازاره‌كانمان نه‌كه‌ین و ڕێچكه‌ی نوێ تاقی بكه‌ینه‌وه‌.
بۆئه‌وه‌ی یاساكانی گه‌مه‌كه‌ بگۆڕێن باش وایه‌ بیر له‌و خاڵانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌حوكمڕانی عیراقدا هۆكاره‌ بۆ فه‌رامۆشكردنی كه‌مینه‌كان، كه‌ ئه‌گه‌ر زۆر وردیش نه‌بین ده‌توانین هه‌ست به‌ بونی هێزێكی زۆر له‌پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی عیراق بكه‌ین، ئه‌وه‌ی له‌م خاڵه‌دا كێشه‌یه‌ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌وجۆره‌ سه‌ركردانه‌یه‌ كه‌ به‌خواستی خۆیان ده‌توانن ئه‌وانی تر پشتگوێ بخه‌ن له‌ڕێی ئه‌م پۆسته‌وه‌، ئه‌م نمونه‌یه‌ له‌ سیستمی ئه‌ڵمانی نزیكه‌ كه‌ سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاته‌كانی پرۆتۆكۆلی و سنوردارن له‌به‌رامبه‌ر ڕاوێژكاری ئه‌و وڵاته‌ كه‌ هه‌مان پێگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی عێراقی هه‌یه‌. به‌ باش ده‌زانرێت كه‌ بیر له‌دابه‌شكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌و ده‌سه‌ڵاته‌نه‌ بكرێت كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ په‌یڕه‌وی لێده‌كرێت و پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ چالاكتر بكرێت، له‌گه‌ڵ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییانه‌ی كه‌ پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نددا هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی و پێدانی ڕۆڵ به‌م ئه‌نجومه‌نه‌ بۆئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز ڕابگیرێت، یه‌كێكی دیكه‌ له‌چاره‌سه‌ره‌كان دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی پیاچونه‌وه‌ی یاساكان، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌خۆ بگرێت و ده‌سه‌ڵاتی پیاچونه‌وه‌ی به‌ یاسا ده‌رچوێنراوه‌كان هه‌بێت، ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ تێكڕا مافی ڤیتۆیان هه‌بێت كه‌ به‌ئاسایی ژماره‌یان كه‌م ده‌بێت چونكه‌ بۆ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك ته‌نها یه‌ك نوێنه‌ر له‌خۆ ده‌گرێت، و ده‌كرێت ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ به‌ مه‌جلیسی ده‌ستوریش ناوبنرێت كه‌ وه‌ك پارێزه‌ری پێكهاته‌ ناوهێنراوه‌كانی ده‌ستور ڕۆڵی ده‌بێت.
ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه‌ پێویسته‌ ئه‌نجام بدرێت له‌كۆی سیستمه‌كه‌ وه‌ك كاری نه‌كرده‌ ده‌بینرێت كه‌ ڕه‌نگه‌ كورد به‌م بارودۆخه‌ی ئێستایه‌وه‌ نه‌توانێت ئه‌م ئامانجانه‌ به‌دیبێنێت، له‌ڕوی سیاسییه‌وه‌ قۆناغی ئێستا له‌به‌رژه‌وه‌ندی كه‌مینه‌كان نییه‌، تانانه‌ت ده‌توانرێت به‌سه‌رده‌می پوكانه‌وه‌ی كه‌مینه‌كانی عیراق ناوی بهێنرێت به‌هۆی ده‌ربه‌ده‌ركردنی كه‌مینه‌ ئاینییه‌كانی عیراق و له‌په‌ل وپۆخستنی پێكهاته‌ی سوننه‌ و كوڕازاندنه‌وه‌ی كورد بۆ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی. ئه‌وه‌ی رێ له‌ كورد ده‌گرێت كه‌ بارودۆخه‌كه‌ی خراپتر نه‌بێت، هه‌وڵدانه‌ بۆ خۆگونجاندن وپاراستنی ئه‌وه‌ی كه‌ ماوییه‌تی له‌ سیستمی فیدراڵی وده‌سه‌ڵاتی خۆجێی، له‌م ڕێیه‌دا سیاسه‌ت و دیبلۆماسی كاری گه‌وره‌ی پێده‌كرێت. كه‌ تێكڕا له‌ ناو عێراق و ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌توانێت كاریگه‌ری‌و پاڵپشتی بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان دروست بكات، ئه‌وه‌ی واده‌كات هه‌مان ئه‌نجامی ١٤ ساڵی پێشو له‌به‌غداد نه‌جنینه‌وه‌، گۆڕینی ڕێگه‌كه‌مانه‌ به‌ره‌و ئامانج، كورد له‌پاش سه‌لماندنی بودجه‌ی ٢٠١٨ له‌لایه‌ن سوننه‌‌و شیعه‌كانی عیراقه‌وه‌ ده‌بێت تێگه‌یشتبێت چیتر مه‌سه‌له‌ی ته‌وافوق به‌ئاسانی پێكناهێنرێت، و ئه‌وانی تر واته‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سوننه‌ و شیعه‌ له‌ گۆڕینی شێوازه‌كانی مانۆڕی سیاسی پێش كورد كه‌وتون، ئه‌وه‌ی كه‌ كورد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق گۆڕینی ڕێچكه‌ی خه‌بات‌و هه‌وڵدانه‌ بۆ به‌رنامه‌ڕێژییه‌ك كه‌ بتوانێت مافی كورد‌و ئه‌وانی تریش بپارێزیت ئه‌وه‌ش ده‌بیته‌ هۆی كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین ده‌نگ و گه‌یشتنی كورد به‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی.
بۆ قۆناغی نوێی خه‌بات له‌هه‌مو كه‌ره‌سته‌یه‌ك زیاتر پێویستمان به‌ هاوڵاتییه‌كانمانه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێستا ناڕزین له‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌داهاتودا حكومه‌ت پێویستی به‌ پاڵپشتییانه‌، و ناچاره‌ ڕازییان بكات كه‌ مافه‌كانیان خاوه‌نداری هه‌یه‌ وحكومه‌تی هه‌رێمیش ئه‌و لایه‌نه‌ متمانه‌ پێكراوه‌یه‌ كه‌ له‌پێناویاندا له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوه‌ندی عێراق كێشمه‌كێشی ده‌ستپێكردووه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌م متمانه‌ بۆ حوكمه‌تی هه‌رێم دروست ده‌كات درێژه‌ نه‌دانه‌ به‌م بێسه‌روبه‌رییه‌ی له‌ كه‌رتی داراییدا هه‌یه‌ و كۆتایهێنانه‌ به‌ قۆناغی دیزه‌به‌ده‌رخۆنه‌كردنی سه‌روسامانی خه‌ڵك‌و كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی ئاشكرا هاوشێوه‌ی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی خاوه‌ن متمانه‌، و ڕونكردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی دارایی وسزادانی هه‌موو ئه‌و كاربه‌ده‌ست و خاوه‌نكارانه‌ی كه‌ ساڵانێكه‌ به‌ناوی ئابوری سه‌ربه‌خۆوه‌ چه‌رمه‌سه‌ری خه‌ڵكیان گه‌یاندۆته‌ لوتكه‌.
ئه‌نجام:
ئه‌وه‌ی له‌ ساڵانی داهاتوو چاوه‌رێی كورد ده‌كات خراپتر دێته‌ به‌رچاو له‌وه‌ی ئێسته‌ به‌سه‌ری هاتووه‌، به‌رده‌وامبون له‌ سه‌ر ئه‌م رێچكه‌ی ئێستا به‌رده‌وامیدانه‌ به‌نه‌هامه‌تی، قۆناغی نوێ پێویستی به‌عه‌قڵ‌و ئیداره‌ی نوێ هه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ی سه‌رده‌ستانی كورد جارێكی تر خۆیان به‌ میلله‌ته‌كه‌یان ئاشنا بكه‌نه‌وه‌، سودوه‌رگرتنه‌ له‌هه‌ڵه‌ی رابردوو ، و ده‌ستهه‌ڵگرتنه‌ له‌م شێوازه‌ ئیداره‌ی كه‌ هیچ شتێكی له‌شێوازی حوكمرانی سه‌رده‌م ناچێت.

AM:10:33:18/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 117 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌