پەیوەندیی گشتی نێودەوڵەتی

بواری پەیوەندییە گشتییەكان یەكێكە لەو زانستە سەردەمیانەی كە بەردەوام كاری خۆی كردووەو هۆكارێكی گرنگی لێكتێگەیشتنەكانە لەنێو كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، ئەم زانستە سەرەڕای بوونی خۆی هەنگاوی گەورەتری ناوە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە، كە ئامانجەكانی زۆرن‌و هەوڵدەدەم بەكورتی باسیان بكەم.
سەرەتا وەك شارەزابوون لەم زانستە، پێویستە بزانین مانا تەواوەكەی زانستی پەیوەندیی گشتی نێودەوڵەتی لەڕوانگەی بیرمەندان‌و توێژەرانی زانستەكە چۆن باسی لێوە دەكەن؟ زۆرێك لەتوێژەران هاوڕان لەسەر ئەوەی كە ئەم زانستە (هەوڵێكی پلان بۆ داڕێژراوی رێكخراوە كە لەلایەن دامەزراوەكان‌و حكومەتەكانەوە جێبەجێ دەكرێت، بەئامانجی ئاڵوگۆڕكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ جەماوەری وڵاتانی كە).
كەواتە پەیوەندیی گشتی نێودەوڵەتی بەتێپەڕاندنی سنوورەكان ئامانجەكەی دەپێكێت، رەنگە هەندێك بۆچوون دروست ببێت لەخوێندنەوەی بابەتەكە بەوەی كە ئەم زانستە وەك زانستی پەیوەندیی نێودەوڵەتی خۆی دەبینێتەوە، كە ئەمە لەڕاستیدا پێچەوانەكەی راستە، چونكە ئەم زانستە هەر لەكۆنەوە بەشێوازێكی كە جێبەجێكراوەو توانیویەتی ببێتە زەمینە سازكارێكی باش، لەپێناوی دروستبوونی پەیوەندیی نێودەوڵەتی‌و پاشانیش گەشەسەندنی بۆ زانستی دیپلۆماسی لەنێوان وڵاتاندا.
بۆ زیاتر تیشك خستنە سەر كرۆكی بابەتەكە لە چەند خاڵێكدا كە توێژەری دیاری پەیوەندییە گشتییەكان ئاماژەی پێداوەو دەڵێت، پەیوەندیی گشتی نێودەوڵەتی لەم بوارانەی خوارەوە مومارەسە دەكرێت:
یەكەم: رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان وەك نەتەوە یەكگرتووەكان‌و بانكە نێودەوڵەتییەكان بە جێبەجێكاری ئەم زانستە ئەژمار دەكرێن.
دووەم: پەیوەندیی نێوان حكومەتەكان وەك نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان‌و هاوپەیمانێتییەكان‌و گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان‌و زۆری تریش لە پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتەكان‌و وڵاتان لەم زانستەوە پەیڕەو دەكرێن.
سێیەم: پەیوەندییە ئابوورییە جیاوازەكان، وەك بەبازاڕكردنی نێودەوڵەتی‌و وەبەرهێنان‌و بازرگانیی نێودەوڵەتی‌و كۆمپانیا فرە رەگەزەكان.
چوارەم: پەیوەندییەكانی نێوان تاكەكان لەڕێگەی گەشتوگوزارو سینەماو وەرزش‌و شانۆو هونەرەكان بەگشتی.
كەواتە پەیوەندیی گشتی نێودەوڵەتی لەبنەما گرنگەكانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان خۆی دەبینێتەوە، لەڕوانگەی توێژەرانەوە پەیوەندیی گشتی نێودەوڵەتی ئەو ئەركەی پەیوەندیكردنە كە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان پێی هەڵدەستن، وەك نووسینگەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ میدیا.
گرنگترین دامەزراوە جیهانییەكانی پەیوەندیی گشتی نێودەوڵەتی خۆی لە سێ دامەزراوەو ئاژانسدا دەبینێتەوە، ئەوانیش: یەكەم دامەزراوە فرە رگەزەكان، ئەو دامەزراوانە دەگرێتەوە كە سنووری هەرێمییان تێپەڕاندووەو زۆرینەیان پشت بەتوانا مرۆییەكانی وڵاتی دایك دەبەستن لەدامەزراوەكانیاندا.
دووەم: ئاژانسەكانی پەیوەندییە گشتییەكان، ئەم ئاژانسانە بەشێوازێكی بڵاو توانیویانە نووسینگەكانیان لەدەرەوەی وڵاتەكانیان بكەنەوە، بۆ نموونە ئەو ئاژانسانەی توانیویانە متمانەی گەورە بەدەست بهێنن لە ئەنجامدانی چەندین راپرسی لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەت كارەكانیان لەبواری راپرسی‌و هەڵسەنگاندندا.
سێیەم: ئاژانسەكانی پەیوەندیی گشتی نێودەوڵەتی، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، بەشێوەیەكی بەرچاو چالاكییەكانی راوێژكارانی پەیوەندییە گشتییەكان زیادیكردووە، بەتایبەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەر بۆیە زۆرێكیان بیریان لەوە كردەوە كە ئاژانسی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا بۆ خۆیان دابمەزرێنن، هەر لەو بارەیەشەوە دێڤید لویس توێژەری دیاری پەیوەندییە گشتییەكان دەڵێت، بۆمان دەركەوتووە كە ئەم بوارە گرفت‌و كێشەی زۆری هاتۆتە پێش لە مامەڵەكردنی ئاژانسەكانی پەیوەندییە گشتییەكان لەگەڵ وەبەرهێنی بیانی‌و هاونیشتمانی لەبەردەم یاسادا، وەك چۆن هەندێك وڵات چاودێریی توندی دارایی دەخەنە سەر كۆمپانیا بیانییەكان‌و مەرج دادەنێن كە كرێكارو كارمەندەكان لەخەڵكی ئەو وڵاتە بن كە تیایدا كاردەكەن.
بێگومان چۆن كاری پەیوەندیی گشتی نێودەوڵەتی گرنگەو ئامانجەكانیش دەركەوت، بەڵام رێگری‌و بەربەستی زۆریش دێتە بەردەم ئاژانسەكان، وەك قورسی‌و گرفتی زمان‌و دیالێكتەكانی لەزۆرێك لەوڵاتان كە كاری تێدادەكەن، هەربۆیە پێویست دەكات ئەوكەسانەی لەم بوارە كاردەكەن گرنگی بەزمانی بێگانە بدەن، بەتایبەت زمانی ئەو وڵات‌و ناوچەیەی كارەكانیانی تێدا دەكەن.
بەهۆی گرنگیی پەیوەندییە گشتییەكان، ئەم بوارە بۆتە گرنگترین كار لەلایەن كۆمپانیاو دامەزراوەكان‌و رێكخراوەكان، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بازاڕی كار لەجیهاندا گەشەسەندنێكی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت‌و هەر دامەزراوەو كۆمپانیاو رێكخراوێك‌و حكومەتێك گرنگی بەبوارەكە نەدات، لە شەمەندەفەری پێشكەوتن‌و گەشەكردن دوادەكەوێت.
گرنگە بزانین ئەو هۆكارانە چین كە بوونەتە هۆی گرنگیدان بەبواری پەیوەندیی گشتی نێودەوڵەتی، گرنگترینیان:
یەكەم: وەرچەرخانی سیاسی‌و ئابوورییە لە جیهاندا.
دووەم: دەركەوتنی تەكەتولی ئابووریی نێودەوڵەتی.
سێیەم: بەجیهانی بوونی پڕۆژە ئابوورییەكان.
چوارەم: پێشكەوتنی تەكنەلۆجی لە بواری پەیوەندیكردن‌و زانیاری.
پێنجەم: ئەو دڵەڕاوكێیەی لەجیهانگیریدا روویدا لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی‌و رۆشنبیری.
كەواتە لەڕوانگە زانستییەكەوە، بواری پەیوەندیی گشتی نێودەوڵەتی هۆكارێكی گرنگ‌و پێویستییەكی سەردەمیانەیە، كە حكومەتەكان‌و رێكخراوو ئاژانسەكان گرنگیی پێبدەن.

PM:01:34:23/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 566 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌