له‌هه‌وڵی‌ دابینكردنی‌ گه‌نجینه‌ی مۆدێرن‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتووی بازرگانیداین

ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی به‌رده‌وامه‌ له‌هه‌وڵدان بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی‌ گه‌نجینه‌ی مۆدێرن‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتوی بازرگانی، هه‌رچه‌نده‌ رێگریه‌كانی حكومه‌ت‌و كارئاسانی نه‌كردن بۆ كاره‌كانی ژوور هۆكاره‌ بۆ دواكه‌وتنی پڕۆژه‌كه‌.

ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌، چه‌ند ساڵێكه‌ دركی‌ به‌و راستییه‌ كردووه‌ یه‌كێك له‌گرفته‌ بازرگانی‌‌و ئابورییه‌كانی‌ شاری سلێمانی نه‌بونی‌ گه‌نجینه‌ی‌ پێویسته‌، كه‌ به‌یه‌كێك له‌ره‌گه‌زه‌ گرنگه‌كانی‌ ئابوری‌ سه‌رده‌م داده‌نرێت. 

پاش به‌راوردكاریی‌ له‌گه‌ڵ‌ وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ر، بۆمان ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌شاری‌ سلێمانیدا هه‌ر به‌ناو گه‌نجینه‌یه‌، ده‌نا ژێرزه‌مینی ماڵانن‌و وه‌ك گه‌نجینه‌ به‌كارده‌هێنرێن، بۆیه‌ بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌مان لادروستبوو كه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كۆگای تایبه‌ت به‌بازرگانی بنیاتبنێین، به‌سه‌رنجدان له‌گه‌وره‌یی‌ قه‌باره‌ی‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌شاری‌ سلێمانی‌‌و نزیكیی‌ له‌سنوره‌كانی ئێرانه‌وه‌. 

هه‌رچه‌نده‌ له‌ساڵی ١٩٩١ به‌دواوه‌ له‌ناوچه‌ی "باوه‌مرده‌" نزیكه‌ی ٢٠٠ كۆگا له‌لایه‌ن بازرگانانه‌وه‌ دروستكران، به‌ڵام له‌ئاستی‌ پێویست‌و خوازراودا نه‌بون. شاری سلێمانی كه‌ له‌گۆڕانكارییه‌كی به‌رده‌وام‌و خێرادایه‌، پێویسته‌ هه‌مو ئه‌گه‌رێك ره‌چاو بكات، ره‌نگه‌ رۆژێك سنوره‌كانمان به‌ڕودا دابخرێت، بۆیه‌ ده‌بێت كۆگای تایبه‌ت به‌هه‌ڵگرتنی‌ خۆراك‌و پێداویستیه‌كانی‌ به‌پێی‌ ستانداردی‌ جیهانی‌‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ ته‌ندروست هه‌بێت.

پێشتر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاریدا كه‌ له‌شاره‌كانی دهۆك‌و هه‌ولێرو سلێمانی‌و ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان پرۆژه‌ی گه‌نجینه‌ جێبه‌جێ‌ بكرێت‌و پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری پێویستی بۆ بكرێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌شاری هه‌ولێر ئه‌م كاره‌ چووه‌ بواری‌ جێبه‌جێ‌ كردنه‌وه‌و پاره‌ی خزمه‌تگوزاریه‌كان له‌لایه‌ن شاره‌وانیه‌وه‌ له‌هاوڵاتیان وه‌رگیرا، به‌ڵام له‌سلێمانی ده‌ستنه‌كرا به‌و كاره‌. 

ئێمه‌ وه‌ك ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ پێشنیارمان پێشكه‌ش به‌حكومه‌ت كرد كه‌ زه‌ویه‌كمان بۆ دابین بكه‌ن، حكومه‌ت به‌بڕی ٥٢٠ دۆنم زه‌ویان ده‌ستنیشان كرد، به‌ڵام دوای سێ ساڵ له‌سه‌ردانكردنی فه‌رمانگه‌كان‌و جیاكردنه‌وه‌ی زه‌ویه‌كان تا ئێستاش به‌شێك له‌زه‌ویه‌كان به‌ته‌واوی نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ده‌ست ئێمه‌. له‌كاتێكدا ئێمه‌ خوازیارین پڕۆژه‌یه‌كی بێ‌ كه‌موكورتی‌ پێشكه‌ش بكه‌ین‌و هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌كان له‌خۆبگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كۆگاكان بتوانن رۆڵی‌ گه‌نجینه‌ یان بازاڕێك ببینن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌كۆ ده‌فرۆشن، له‌هه‌مانكاتیشدا بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌رك‌و قورساییش له‌سه‌ر بازاڕ كه‌م بێته‌وه‌.

نه‌خشه‌ی‌ گه‌نجینه‌كان ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ردرا‌وه‌و سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی‌ شاره‌وانی‌‌و ب.گ وه‌به‌رهێنانی‌ تیایه‌، ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنان‌و ب.گ وه‌به‌رهێنان داوای‌ بڕی‌ 4 ملیار دینار "خطاب الضمان"یان كردو ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ ئه‌و "خطاب الضمان"ه‌ی‌ پێشكه‌ش كردوه‌، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ ب.گ وه‌به‌رهێنانی‌ سلێمانی‌ نوسراوێكی‌ ئاڕاسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ كرد داوا ده‌كات زه‌وییه‌كان بكوژێنێته‌وه‌و بیكات به‌ناوی‌ ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنان! ئه‌م كاره‌ش زیاتر له‌دوو ساڵ‌ ده‌خایه‌نێت‌و هه‌ر رۆژه‌ داواكارییه‌كی‌ تریان داوا ده‌كرد، بۆیه‌ ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ په‌نای‌ برد بۆ رێگایه‌كی‌ تر له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ كه‌ تێچوونی‌ سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ "شه‌قام، ئاوه‌ڕۆ، سیاج، ئاو" له‌سه‌ر ئه‌ركی‌ ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ بێت‌و له‌كاتی‌ دابه‌شكردنی‌ زه‌ویه‌كان به‌سه‌ر بازرگانه‌كاندا هه‌ر كه‌س به‌پێی‌ روبه‌ری‌ زه‌وییه‌كه‌ی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی‌ خێراتر كردنی‌ پرۆسه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پڕۆژه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ مۆدێرن به‌سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌‌و مه‌رجی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌و مواسه‌فاتی‌ په‌سه‌ندكراو له‌لایه‌ن بازرگانه‌كان خۆیانه‌وه‌ دروست بكرێت، زه‌وییه‌كان به‌شێوه‌ی‌ مساته‌حه‌ گرێبه‌ستی‌ بۆ ده‌كرێت به‌كرێی‌ ساڵانه‌، كه‌ ده‌بێت كرێیه‌كی‌ كه‌م بێت.

ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ دووره‌ له‌قازانج‌و مه‌به‌ستی‌ بازرگانی‌ كردن، ته‌نها بۆ خزمه‌تكردنی‌ بازرگانان‌و ئابوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌.

تا ئێستا نزكه‌ی دوو هه‌زار فۆرم له‌لایه‌ن بازرگانان‌و كۆمپانیاكانه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ كۆگاو گه‌نجینه‌كان پڕ كراونه‌ته‌وه‌، كۆگاكان ده‌درێت به‌و بازرگانانه‌ی كه‌ به‌ڕاستی كارده‌كه‌ن‌و له‌لایه‌ن ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازییه‌وه‌ ناسراون. كۆگاكان له‌چه‌ند زۆنێكدا جیا كراونه‌ته‌وه‌: خۆراك، كه‌لوپه‌لی‌ كاره‌بایی، جگه‌ره‌، قوماش، چه‌ندین كه‌ره‌سه‌و كه‌لوپه‌لی‌ تر، به‌و مه‌به‌سته‌ی‌ دیزاینه‌كه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی جوان‌و مۆدێرن‌و پێشكه‌وتوو ده‌ركه‌وێت.
 
نه‌وزاد غه‌فور - جێگری دووه‌می سه‌رۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی


AM:09:12:28/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌