حكومەت لە بەرامبەر ئاوەدانكردنەوە و وێرانكردندا !

یەكەم: ئاو
ئاو سامانێكی سروشتی نەتەوەییەو تەنیا هی زیندوانیش نییە، بەڵكو سامانی نەوەكانی داهاتوی گەلانە. هەر لەبەر ئەوەشە ئێستا لەهەموو جیهان ئاو پێگەیەكی هەرە گرنگی ستراتیجی‌و جێی بایەخی هەیە. زۆر بوونی ژمارەی دانیشتووان‌و گەشەسەندن‌و پەرەسەندنی تەكنۆلۆجیاو گۆڕانی كەشوهەوا پێگەی ستراتیجی ئاویان گەورەترو فراوانتر كردۆتەوە. دەوترێ‌ كە شەڕی جیهانی سێیەم لەسەر ئاو دەبێ‌. مەبەستی ئێمە لەئاو ئاوی سەر زەوی‌و ژێر زەوی كوردستان دەگرێتەوە كە سەرەڕای كاریگەری خراپی كەشوهەوا هێشتا وڵاتەكەمان خاوەنی سەرمایەیەكی گەورەی ئاوە. بێگومان ئەگەر بەپلانی زانستیانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ‌‌و بەپێی پێویست‌و بەشێوازی گونجاو بەكاربهێندرێ‌ ئەوا نەك هەر خۆمان بەڵكو نەوەكانیشمان لەكارەساتی بێ‌ ئاوی دەپارێزین.
ساڵانی رابردوو حكومەت لەبواری گلدانەوەی ئاو و دروستكردنی بەنداو هەندێ‌ هەنگاوی باشی ناوە، بەڵام دروستبونی قەیرانی دارایی‌و رێگری كردنی هەندێ‌ لایەنیش لەو كەرتە هەنگاوەكانی وەستاندون یان زۆر سست كردوون. ئەوەی گرنگە ئەو كەرتە كەوتۆتە ناو پلان‌و پلانەكەش بایەخی زیاترو سەرمایەگوزاری زیاتری دەوێ‌.
هەرچی سەبارەت بە ئاوی ژێر زەوییە بەداخەوە زۆر خراپ وەبەردەهێندرێ‌‌و حكومەتیش لە ئاستیدا دەستەوەستان‌و كەمتەرخەمە. شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە كە ئاوی ژێر زەوی كوردستان بەهۆی كەم بارین‌و خراپ بەكارهێنانی رۆژ بە رۆژ لە كەم بوونەوەدایەو زۆری بیرلێدانی نا زانستی‌و نا پێویست تا دێت خێراتر ئەو سامانە مەزنە لەناو دەبات. ئاوەدانكردنەوەو دروستكردنی خانووبەرەو باخداری‌و ئاژەڵداری زۆر گرنگن، بەڵام ئایا ئەوەی ئێستا لەكوردستان دەگوزەرێ‌ بەپێی پێوەری زانستی‌و پلان‌و ستراتیجیەتە؟.

لەقۆناغێكی زۆر مەترسیدارداین‌
بێگومان نا، چونكە دروستكردنی ئەو هەموو قەسرو ڤێلاو خانو و مەزرەعانە لە دەرەوەی بازنەی شارەوانی‌و گوندەكان‌و لەسەر گردو بەرزایی‌و زورگ‌و دەشتە دێمەكارەكان بەشێوەیەكی هەڕەمەكی ئەگەر لەسەرێك نیشانەی ئاوەدانكردنەوەبن ئەوا لە سەرەكەی تر بەڵگەی وێرانكردنێكی مەترسیدارە، بەتایبەت بۆ نەوەكانی داهاتوو. ئایا كەی حكومەت سنورێك بۆ ئەو دیاردە مەترسیدارە دادەنێ‌‌و بەپێی پلانێكی زانستی هاوسەنگی بۆ بەكارهێنانی ئاو و هەڵكرتی بۆ نەوەكانی داهاتوو دادەرێژێ‌؟.
ئێمە لەقۆناغێكی زۆر مەترسیدارداین‌و ئەڵێی لەم وڵاتە كۆچەرین‌و دەمانەوێ‌ ئەوەی سەر زەوی‌و بن زەوی بە زوترین كات دەربهێنین‌و بیخۆین‌و بڕۆین!.
ئەرێ‌ گەلۆ دەكرێ‌ حكومەت لەبەرامبەر نەوەكانی دوا رۆژ ئەوەندە خەمساردو بێ‌ باك بێ‌؟!

دووەم: كارەبا
یەكێك لەگرفتە گەورەكانی كوردستان كارەبایەو بێ‌ كارەبایی وێردی سەر زمانەو یەكێكە لەو خاڵانەی كە بەردەوام حكومەتی پێ‌ تومەتبار دەكرێ‌، گوایە نەیتوانیوە یاخود ناتوانێ‌ گرفتی كارەبا چارەسەربكات. بەداخەوە حكومەت تا ئێستا نەیتوانیوە سیستمێكی گونجاو بۆ بەرهەم هێنان‌و دابەشكردن یان فرۆشتنی وزەی كارەبا دابین بكات‌و لەو بوارەدا زۆر خێڵەكیانە مامەڵەی كردووە. هەرچەندە سەرچاوەكانی وزەی كارەبای زیاد كردوون، بەڵام نەیتوانیوە كۆتایی بەگرفتەكە بهێنێ‌. من نامەوێ‌ لێرەدا بچمە سەر بابەتی چارەسەركردنی بنەڕەتی ئەو گرفتانە، بەڵام دەمەوێ‌ پەنجە بۆ بەكارهێنانی وزەی كارەبا لەبواری ئاوەدانی‌و ئاوەدانكردنەوە درێژ بكەم. رۆژ بە رۆژ كوردستان ئاوەدانتر دەبێتەوەو ئاواییەكان فراوانتر دەبن كە ئەوەش جێی خۆشحاڵیەكی گەورەیە. بەڵام ئەو ئاوەدان بوونەوە هەڕەمەكی‌و بێ‌ پلان‌و بێ‌ خاوەنیەی كە هەیە هەر وەكو چۆن لەبواری ئاو زیانێكی كوشندەیە ئەوا لەبواری كارەباشدا زیانێكی گەورەیە. دروستكردنی ڤێلاو قەسرو ماڵ لە دەرەوەی بازنەی شارەوانی‌و گوندەكان پێویستی بە خزمەتگوزاری گشتی زیاترەو لەناویشیاندا كارەبا. پێویست بە بەڵگە هێنانەوە ناكات هەموومان رۆژانە دەبینین كە خوا پێداوان‌و لێپرسراوانی ئەم وڵاتەو خەڵكی تریش بە پشتبەستن بە دەسەڵاتدارو قسە رۆیشتوان رۆژ بەڕۆژ دوور لەئاواییە رەسەنەكان بینایی نوێ‌ قوت دەكەنەوەو بیرێكی سوری لێ‌ دەدەن‌و كارەبای حكومەتیشیان بۆ رادەكێشرێ‌ !…

بەفیرۆدانی بڕێكی زۆر كارەبا
ئێستا سەدان‌و بگرە هەزاران قەسرو ڤێلا لەم كوردستانە بە تاقی تەنیا چەندین كیلۆمەتر كارەبای حكومەتیان بۆ راكێشراوە كە ئەوەش خەرجییەكی گەورەو بەفیرۆدانی بڕێكی زۆر كارەباو تێكدانی سیمایی ئاوەدانی شارستانییە، ئەوە لەكاتێكدا هێشتا دەیان‌و بگرە سەدان گوند هەن تێلی كارەبای نیشتیمانیان بۆ رانەكێشراوەو بێ‌ كارەبان!! گرنگە حكومەت خزمەتگوزاریەكانی ئاو و كارەباو تەندروستی‌و خوێندن بگەیەنێتە هەموو جێگایەكی پێویست، بەڵام كاتێك ئاوەدانكردنەوەو بڵاوبونەوەی خەڵك لەچوارچێوەی پلان‌و بەرژەوەندی گشتی‌و دواڕۆژ دەردەچێ‌‌و ئەوا ئاوەدانكردنەوەكە جگە لەوێران كردن‌و ماڵوێرانكردنی نەوەكانی داهاتوو هیچی تر نییە.

AM:04:03:17/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 187 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌