ڕۆڵی‌ كۆمه‌ڵگا له‌خوڵقاندنی‌ سه‌ركرده‌دا

• كۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تیه‌كان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاو ده‌ستپێكی‌ ژیان‌و گوزه‌ران له‌سه‌ر گۆی‌ زه‌ویداو له‌ده‌ستپێكی‌ مێژووی‌ مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ ڕۆڵ‌و كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بوه‌ له‌سه‌ر پێشكه‌وتن‌و گه‌شه‌كردن‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و پێگه‌یاندنی‌ تاكه‌كان‌و دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌ت‌و حوكمڕانی‌‌و ڕێكخستنی‌ هه‌مو بواره‌كانی‌ ژیان، تاگه‌یشتۆته‌ ئه‌م ئاست‌و پێگه‌یه‌ی‌ ئێستا كه‌ به‌هه‌مو پێوانه‌كان گه‌یشتۆته‌ ترۆپكی‌ داهێنان‌و خۆشگزورانی‌‌و پێشكه‌وتنه‌كان.

 

كۆمه‌ڵگا بۆ خۆی‌ بریتیه‌ له‌ گردبونه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێك كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی‌ هاوبه‌ش كۆیان ده‌كاته‌وه‌ له‌نمونه‌ی‌ خوێن ،بازرگانی‌ ،پیشه‌سازی‌،نه‌ته‌وه‌،ئاین،مه‌زهه‌ب،شار،گوند،خێزان و…هتد.هه‌ربۆیه‌ش كۆمه‌ڵگاكان ده‌كرێنه‌ سێ‌ جۆره‌وه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ دروستبونیان،وه‌ك:
• كۆمه‌ڵگا جێگیره‌كان به‌مه‌به‌ست: له‌نمونه‌ی‌:زانكۆ و قوتابخانه‌ و سه‌ندیكا و ڕێكخراو و حیزبه‌ سیاسیه‌كان،كه‌ له‌پێناو مه‌به‌ستێكی‌ دیاریكرداودا دروستكراون.
• كۆمه‌ڵگا ناجێگره‌كان به‌بێ‌ مه‌به‌ست: له‌نمونه‌ی‌، گردبونه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ له‌ده‌وری‌ ڕووداوێك له‌ شه‌قامێكدا، یان گردبونه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێك له‌ یاریگایه‌كدا بۆ بینینی‌ یاریه‌ك.
• كۆمه‌ڵگا خۆڕسكه‌ جێگیره‌كان: له‌نمونه‌ی‌،نه‌ته‌وه‌ و شار،گوند. ئه‌م جۆره‌شیان له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ ساده‌یی‌ و ئاڵۆزی‌ ده‌كرێته‌ دوو جۆری‌ تره‌وه‌ له‌: كۆمه‌ڵگا ساده‌ و ساكاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و كۆمه‌ڵگا ئاڵۆزه‌كانی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌.

ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زانستی‌ كۆمه‌ڵناسی‌ له‌سه‌ری‌ ڕێكه‌وتوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو جۆره‌ كۆمه‌ڵگاكان به‌ بێ جیاوازی‌ پێكهاته‌و جۆری‌ په‌یوه‌ندی‌ وسروشتی‌ دروستبونیانه‌وه‌،هه‌موانیان ڕۆڵ و كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر خوڵقاندنی‌ ڕووداوه‌كان ،به‌ ئه‌رێنی‌ و نه‌رێنیانه‌وه‌ و ڕۆڵیان هه‌یه‌ له‌ پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و هه‌ڵكه‌وتنی‌ سه‌ركرده‌ و ڕابه‌رایه‌تی‌ كۆمه‌ڵگاكان.

• جا چه‌ند كۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تیه‌كان ئاستی‌ هوشیاری‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و ئه‌منی و تێگه‌یشتن و زانست و ته‌كنه‌لۆجیایان به‌رز بوبێت و دووركه‌وتبنه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگا ساده‌ و سه‌رتاییه‌كان و بوبنه‌ خاوه‌نی‌ فه‌لسه‌فه‌ و ڕێباز و ئایدیای‌ مرۆڤایه‌تی‌ و هه‌نگاویان نابێت و پلانیان هه‌بوبێت بۆ خۆشگوزه‌رانی‌ تاك و كۆمه‌ڵگاكانیان و به‌دوای‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانیه‌كی‌ ڕه‌شید و دادپه‌روه‌ردا گه‌ڕابن كه‌ هه‌موو مرۆڤه‌كان تیایدا ئازادی‌ و سه‌ربه‌خۆ بووبن و مافه‌كانیان دابینكرابێت و هه‌موان هه‌ست به‌بون و كه‌رامه‌ت و پیرۆزیه‌كانیان بكه‌ن و سیسته‌مێكی‌ حكومڕانی‌ دیموكراسییان پێكه‌وه‌ نابێت،به‌دڵنیایی‌ له‌م جۆره‌ كۆمه‌ڵگایانه‌دا تاكی‌ به‌هره‌مه‌ند و لێهاتوو و زیره‌ك و داهێنه‌ر و پڕ به‌خشش په‌یدا ده‌بێت و ده‌خڵقێت و له‌ناویشیاندا سه‌ركرده‌ی‌ هه‌ڵكه‌وتوو كاریزماش دێته‌ به‌رهه‌م،كه‌ دواتر ئه‌م سه‌ركرد و ڕابه‌رانه‌ جارێكی‌ تر ده‌بنه‌وه‌ هۆكاری‌ پێشكه‌وتنی‌ كۆمه‌ڵگاكانیان و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ نایه‌كسانی‌ و توندوتیژی‌ و زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌و ده‌بنه‌ هۆی‌ پێه‌وه‌كه‌وه‌نانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ ڕه‌فا و پێشكه‌وتو و ئازادیخواز و لیبڕاڵ كه‌ تیایدا تاك و كۆمه‌ڵگا هه‌ست به‌ دادپه‌روه‌ری‌ و پێكه‌وه‌ژیان و كاری‌ هاوبه‌ش و ئاشتی‌ و خۆشگوزه‌رانی‌ بكه‌ن.

بۆیه‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان كۆمه‌ڵگا و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان بریتیه‌ له‌هاوكێشه‌یه‌كی‌ دوو ئاڕاسته‌یی‌ و ته‌واوكه‌ری‌ یه‌كتر،به‌و شێوه‌یه‌ كۆمه‌ڵگای‌ هوشیار سه‌ركرده‌ی‌ هوشیار ده‌خوڵقێنێت و سه‌ركرده‌ی‌ هوشیار و كاریزماكانیش كۆمه‌ڵگاكانیان به‌ره‌و لوتكه‌ی‌ به‌رزی‌ و پێشكه‌وتن و داهێنانی‌ زیاتر ده‌به‌ن.
• به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ كۆمه‌ڵگا داخراو و قه‌تیس و دۆگما و هه‌ژار و نه‌خۆش و دواكه‌وتوه‌كان كه‌ تیایدا تاكه‌كان هه‌ست به‌زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌ و كۆیلایه‌تی‌ ده‌كه‌ن له‌ئه‌نجامی‌ پیاده‌كردنی‌ سیستمی‌ حوكمڕانیه‌كی‌ تاكڕه‌و و چه‌وسێنه‌ر و خۆسه‌پێن و سیسته‌مێكی‌ حوكمڕانی‌ داخراو و نوخبه‌یی‌ و بنه‌ماڵه‌ییه‌كانه‌وه‌،هه‌میشه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ تاكی‌ ناته‌ندروست له‌ جه‌سته‌ و عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌دا به‌رهه‌مدێنن و دواتریش ده‌بنه‌ ماكینه‌ی‌ به‌رهه‌مێنانی‌ سه‌ركرده‌ی‌ تاكڕه‌و و خۆپه‌سه‌ندو مه‌غرورو هیچ نه‌زان ،كه‌ له‌ئه‌نجامیشدا به‌هه‌مان شێوه‌ كۆمه‌ڵگا به‌ده‌ست سیاسه‌ت و بیركردنه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ی‌ چه‌وت و هه‌ڵه‌ی‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌وه‌ توشی‌ ده‌یان كاره‌ساتی‌ جه‌رگبڕ ده‌بێت و كۆمه‌ڵگاش ڕۆژ به‌ ڕۆژ به‌ره‌و دواكه‌وتویی‌ زیاتر و هه‌ژاری‌ و نه‌هامه‌تی‌ و نه‌خوێنده‌واری‌ و توندوتیژی‌ و ده‌مارگیری‌ و داخراوی‌ زیاتر و چه‌وساندنه‌وه‌و به‌كۆیله‌كردن ده‌چێت.

• لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ،كه‌ ئایا كۆمه‌ڵگا و سه‌ركرده‌كانی‌ كورد له‌كوێی‌ ئه‌م هاوكێشه‌یه‌دان ؟
به‌داخه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای‌ كورده‌واری‌ له‌ ڕووی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منی‌ و زانستیه‌وه‌ به‌كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ پێشكه‌وتوو دانانرێت، به‌لاَم له‌ڕووی‌ سیاسیه‌وه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ هوشیاره‌و حه‌زو خواستی‌ بۆ پێشكه‌وتن و ئازادی‌ و دیموكراسی‌ و مافه‌كانی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ و یه‌كسانی‌ و خۆبژێوی‌ و كرانه‌وه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاكانی‌ تردا به‌هێزه‌ و گه‌ره‌كیشێتی‌ هاوبه‌شی‌ بكات له‌ پێكه‌وه‌نانی‌ ژیان و ئاشتی‌ ناوچه‌یی‌ و دونیاشدا و له‌و پێناوه‌شدا به‌ سه‌دان ساڵ خه‌بات و قوربانیداوه‌ و به‌رده‌وامیشه‌،هه‌ربۆیه‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك هه‌ست به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ و مافه‌كانی‌ بكات و خه‌بات و قوربانیشیان له‌ پێناودا بدات به‌دڵنیایی‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ هوشیاره‌، به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانی‌ ناهوشیار وله‌ئاست پێویست و قوربانیدانه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردیدا نه‌بون و نین، هه‌ر بۆیه‌ نه‌توانراوه‌ كۆمه‌ڵگای‌ كورده‌واری‌ له‌هه‌موو بواره‌كانی‌ تریشدا هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بنێت،بۆیه‌ هه‌موو كاره‌سات و نوشست و شكسته‌ سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ و شۆڕش و خۆپیشاندانه‌كانی‌ كورد له‌هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌ی‌ كوردستاندا به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ ڕابه‌ر و سه‌ركرده‌كانه‌وه‌ نه‌ك كۆمه‌ڵگای‌ كورده‌واری‌،هه‌ربۆیه‌ش تائێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئامانج و دوامه‌نزڵی‌ سه‌ركه‌وتن و هه‌ر له‌ناو بازنه‌یه‌كی‌ بۆشدا ده‌خولێینه‌وه‌ و نه‌توانراوه‌ نه‌ له‌ناوخۆدا دۆستی‌ یه‌كتر بین و نه‌له‌ده‌ره‌وه‌ش دۆست و هاوپه‌یمانی‌ كۆنكرێتی‌ پێكه‌وه‌ بنێن و هه‌ر بێ‌ پشتیوان و بێ‌ دۆستی‌ ماوینه‌ته‌وه‌و ته‌نها شاخه‌كان به‌پشتیوانی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ خۆمان ده‌زانین و نمونه‌كانیشمان هه‌موو كاره‌ساته‌كانی‌ ئه‌نفال و كیمیاباران و هه‌ڵه‌بجه‌ و جینۆساید و له‌ئێستاشدا بێ‌ ده‌نگی‌ ناوچه‌كه‌ و دونیا و ته‌نانه‌ت خۆشمان له‌سه‌ر عفرین و مقاوه‌مه‌ت و به‌رخۆدانه‌ بێ‌ وێنه‌كه‌یه‌تی‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ دوو مانگه‌ به‌بێ‌ كه‌سی‌ و بێ‌ پشتیوانی‌ و به‌ته‌نها ڕووبه‌ڕووی‌ گه‌وره‌ترین سوپا و چه‌ته‌ تیرۆریسته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ بۆته‌وه‌و خۆڕاگری‌ ده‌كات.

جا هه‌ركات توانیمان به‌مانای‌ وشه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ هوشیار پێكه‌وه‌ بنێین ئه‌وا ئه‌وكات ده‌توانین سه‌ركرده‌و ڕابه‌رانێكیش دروستبكه‌ین كه‌ بتوانن كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ بپه‌ڕێننه‌وه‌ ئه‌وبه‌ری‌ ئه‌مان و ئاسایش و ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ و خۆشگوزه‌رانی‌ و پێشكه‌وتن و پڕ له‌ یه‌كسانی‌ وڕه‌فا و دوور له‌ نادادپه‌روه‌ری‌.

AM:03:57:26/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌