کۆرۆنا و زیادبوونی دانیشتووان و کەمی خۆراک

وەک چۆن پەتای کۆرۆنا رەوڕەوەی ژیانی لە هەموو جیهان راگرت، جارێکیتر ژیان بۆ تیۆرێکی کۆنی پەیوەست بە رۆڵی پەتا لە گێرانەوەی هاوسەنگیی نێوان سروشت و دانیشتوان گێڕدرایەوە، ئەویش تیۆری زیادبوونی دانیشتوانی تۆماس ماڵتۆسی توێژەری بریتانی کە لە ساڵانی نێوان 1776 بۆ 1834 ژیاوە.

لەگەڵ ئەوەی زانایان زۆر دەمێکە ئەو تیۆرەیان بەجێ هێشتووە بەتایبەتی ئەو بەشەی کە بە جیهانی ئابوورییەوە پەیوەستە، وەلێ هەلومەرجی ئەم پەتا نوێیە و ئەو ترس و تۆقاندنەی لە ناخی خەڵکیدا چەسپاندی، وایکرد زۆر کەس بۆ ئەو تیۆرە بگەڕێنەوە و تاوەکو لێی تێبگەن و دەرسی لێوەربگرن.

لە کۆندا قسەکردن لەسەر ئەم تیۆرەی ماڵتۆس، گفتوگۆ یان ناکۆکی لێ نەدەکەوتەوە، بەڵکو لای زانایان بە پسپۆرییە جیاوازەکانیانەوە تەنانەت بە سیاسییەکانیشەوە جێی رێزو بایەخێکی زۆر بوو، چونکە شرۆڤەیەکی باشی بۆ هەژاری و بەدبەختی خەڵکی دۆزییەوە کە لەو سەردەمی ئەوی تێدا دەژیا (سەدەی نۆزدەیەم)، پاشان توانی سیاسەت و تێڕوانینی بۆ رێگرتن لێی دابڕێژێت و هەنگاوەکانی گەشەکردن دەستنیشان بکات. ئەوکات پسپۆرانی ئابووری ئەو تیۆرەیان بەڕێزەوە وەرگرت تاوەکو سودی لێ وەربگرن، ئەویش چەمکی دانیشتوانیان خستە نێو یەک لەو توخمە گرنگانەی کە پەرەسەندنی ئابووری دیاری دەکات چ بەرەو پێشکەوتن بێت یاخود دواکەوتن، واتە لە پاڵ زەوی و بەشینەوە و ئاڵووێر.

تیۆرەکەی ماڵتۆس
بە کورتی تیۆرەکەی ماڵتۆس، خۆراک کە سروشت سەرچاوەیەتی بە دانیشتوانەوە گرێدا، دەڵێ هەردووکیان زیاد دەکەن، بەڵام بە تێكڕای جیاواز، لە کاتێکدا دانیشتوان بە دوای یەکی ئەندازەیی و خۆراکیش بە دوای یەکی ژمارەیی زیاد دەکەن، لە خاڵێکدا لاسەنگیی دەکەوێتە نێوانیان، واتە دانیشتوان چیتر ناتوانن بژین چونکە خۆراکی پێویستیان دەست ناکەوێت، واتە بەرهەمی کشتوکاڵی ناتوانێ هاوشانی زیادبوونی دانیشتوان بڕوات، لێرەوە پەتا کە بەرهەمی سروشتە دروست دەبێت بۆ ئەوەی ئەو لێشاوی زۆربوونی دانیشتوانە رابگرێت و ئەو ژمارە دەهێڵێتەوە کە لەگەڵ بڕی خۆراکدا دەگونجێن!! پاشان سەرباری پەتا هەندێک ئامرازی تری بۆ زیاد کرد کە دەتوانن ئەو لاسەنگییەی نێوان سروشت و دانیشتوان راست بکەنەوە، وەک جەنگ و برسێتی و کارەساتە سروشتییەکان.

لەم سەردەمەدا، ئەو تیۆرە وایکرد، دانیشتوان ببێتە ژمارەیەکی زۆر گرنگ لای بڕیار بەدەستان، کاتێک پلانی فەراهەمکردنی ژیانێکی باشتر و جێگیر بۆ دەوڵەتەکانیان دادەڕێژن، بەبێ رۆچوونە نێو وردەکاری زۆری ئەو تیۆرەوە، گریمانەکانی دەرفەتێکی لەباریان نەک هەر بۆ پەرەپێدانی ئابووری بەڵکو بۆ دیاریکردنی ئەو ئاراستە سیاسییانەی کە حوکمی پەرەسەندن و داڕوخانی ئیمپراتۆرییەتەکانیان دەکرد، لەو مەترسیداتر، هەڵگیرسانی جەنگ و پەنابردنە بەر ئاشتی بوو، تا بەوە گەیشت هەندێک لە بیرمەندان یان سیاسییەکان لە روانگەی پەیوەندیی نێوان سروشت (خۆراک) بە زیادبوون یان کەمبوونی بە فاکتەری دانیشتوانەوە، بایەخ بە باشترکردنی نەژادی مرۆڤ بدەن ، ئەویش لەڕێی ئەو گۆڕانەی کە جەنگ و برسێتی و پەتاکان لە پێكهاتەی دانیشتوان دروستی دەکات، کە باشترین نەژادی مرۆڤ دەمێنێتەوە و لاوازەکەیشی لەناو دەچێت.

رەخنەکان لە تیۆرییەکە
ئەم تیۆرەی ماڵتۆس چ هاوڕای بیت یاخود ناکۆکی بیت، خوێندنەوەی سەردەمیانەی و گونجاندنی بۆ رەوشی ئێستا جۆرێک لە وروژاندنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێوە دیارە، کارلێکی خەڵکیش لەو تۆڕە لەگەڵیدا جۆرێک پۆپۆلیستی پێوە دیار بوو، بەوەی کارتێکی براوەی گفتوگۆی گشتیی خەڵکییە. هەروەها ئیعتباراتی خێر و شەڕی تێکەڵ بووە. بەر لە هەموو کەس لای ئابووریناسان شاراوە نییە کە ئەم تیۆرە لە ساڵانی دوای بڵاوبوونەوەی رووبەڕووی رەخنەیەکی ئێجگار زۆربووە، تا وای لێهات رەخنەکان لە خودی تیۆرەکە زیاتر بوو و دەگوترا رستەیەکی ئەو تیۆرە نییە رەخنەی لێ نەگیرابێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات گریمانە و پێشبینییەکانی پشتگوێ خران، بەتایبەتی لە سایەی ئەو پەرسەندنە گەورەیەی لە بوارە جیاجیاکانی زانست بە درێژایی چەند سەدەیەک مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینی، هەروەها سەبارەت بەو پەرەسەندنەی کە ئەو تیۆرە سیاسییانەی حوکمڕان بوون بۆ بەدەستهێنانی هێز و دەسەڵات و هەژموون بەسەر جیهان روویاندا، رەنگە بەهۆی ئەو شۆکە توندەی کە دووچاری هەمووان بوو و زۆربەی لایەنەکانی ژیانی پەک خست و جیهانی بەو فراوانییەوە کردە شاری دێوەزمەکان.

بەبێ هیچ جیاوازییەک مرۆڤ، نەک حکومەت و دەوڵەتان، تەوەری سەرەکی ئەم قەیرانەیە کە ئەم پەتایانە دروستی کرد، مرۆڤ رووبەڕووی بوونەوەرێکی نادیار (ڤایرۆس) نەک لایەنێکی هاوشێوەی خۆی، بۆتەوە، دەستنیشانکردنێکی لەو جۆرە دیمەنەکە لێڵ دەکات لە هەمان کاتیش ترسناکیشی دەکات، ئەمەش وایکرد زۆر لە شرۆڤەکاران بگەڕێنەوە بۆ ئەم تیۆرە زۆر کۆنەی ماڵتۆس، بەوەی بە رواڵەت نزیکترینە لەم رەوشەی جیهانی تێکەوتووە، ئاسانترینیشە بۆ بیناکردنی دیدێک تاوەکو ئەم قەیرانەی پێ شرۆڤە بکەیت (پەتایەکە بە خێرایی بە هەموو جیهاندا بڵاودەبێتەوە و خەڵکی دەکوژێت).

کۆرۆنا و تیۆریەکەی ماڵتۆس
لە روویەکی ترەوە، ئەم تیۆرە لەلای ئەوانەی بەردەوام بڕوایان بە تیۆر و چەمکی پیلانگێڕی هەیە، بۆ ئەوان ئێمە لە بەردەم پەتایەکی کوشندەی بێ پێشینەداین کە ئامانجەکەی لەناوبردنی تەواوی مرۆڤە، بەڵام بە یەک ئاست هەمووی ناگرێتەوە، وەک تێبینی دەکرێت هەموو نەژادەکان ناگرێتەوە بەڵکو هەندێکیانی زۆر بە وردی کردۆتە ئامانج، وەک ئەوەی خۆی قوربانییەکانی دەستنیشان دەکات!!، رەنگە ئەمە بەڵگەی ئەوە بێت کە لایەنێک لە پشت ئەمەوە بێت، بۆ ئەوەی پێکهاتەی دانیشتوان بگۆڕێت و رێگە بە نەژادێک بدات کە بەسەر ئایندەی مرۆڤایەتیدا باڵا دەست بێت، بۆ ئەوەش دەیەوێ لەوانیتر رزگاری بێت، هەموو ئەوە بۆ خزمەتکردنی لایەنێک بێت.

ئەگەر ئیعتباراتی وروژاندن و حەز بە گفتوگۆی سەرنجڕاکێش وەلاوە نێین، ئەو هۆکارانەی ئەم تێۆرە وەک بەهانە بۆ شرۆڤەکردنی ئەم کۆرۆنا ڤایرۆسە بەکاردەهێنن، لەگەڵ گفتوگۆکردنی پێدراوەکانی ئێستادا یەک لە دوای یەک دەکەون، کە دەیانەوێ بەبێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ گۆڕانی کات و شوێن بکەن و بەزۆر رابردوو بەسەر ئێستادا بسەپێنن. ئەوانەی قسە لەسەر پیلانگێڕی دەکەن ئاماژە بۆ هیچ بەڵگەیەکی مادیی ئەو پیلانگێڕییە ناکەن، لەوەی چ لایەنێک ئیدارەی دەدات، تەنها لە مێشکی خۆیانەوە بەرهەمیان هێناوە، پاشان ئەمە تەنها لە چوارچێوەی بۆچوونێکدا دەمێنێتەوە نەک حەقیقەتێک. لەسەر دەستنیشان کردنی لایەنێک وەک سەرچاوەی دروستکاری ئەم قەیرانە رێک ناکەون. تەنانەت بەر لە راگەیاندنی ئەم پەتایە، هیچ کەس و لایەنێک بە دوور و نزیک بە درێژایی ساڵانی رابردوو، هەر لە پەتای ئەنفلۆنزای ئیسپانی ساڵی 1918 تا بە کۆرۆنا ڤایرۆسەکەی ئێستا دەگات، هیچ ئاماژەیەکی پێ نەداوە. ئایا ئەوانەی پێشوو ( بە ئەنفلۆنزای بەراز و سارس و ئیبۆلا و حوشترەوە) پیلانگێڕی دژ بە مرۆڤایەتی بوون بە ئامانجی هێشتنەوە نەژادێک؟!!.

لەلایەکی ترەوە، (کۆڤید 19) لە بەهێزترین دەوڵەتەوە تەشەنەی کرد، کە خاوەن باشترین و پێشکەوتووترین ئامرازەکانی تەندروستییە، هەروەها ناتوانرێ بگوترێ کە گاپێکی فراوانی لە نێوان ژمارەی دانیشتوان و خۆراکدا هەیە، تاوەکو بڵێین تیۆرە بەناوبانگەکەی ماڵتۆس راستە و دەکرێ بەسەریدا پراکتیزە بکرێت. راستە، هەر یەک لە ئەمریکا و چین یەکتریان تۆمەتبار کرد بەوەی بەرپرسی بڵاوەپێکردنی ئەم کۆرۆنا ڤایرۆسەن، هەروەها بەوەی هاوکار نەبوونە لەوەی زانیاریی دروست سەبارەت بە دەرکەوتن و بڵاوەکردنی بڵاوبکەنەوە، سەرباری ئەوەش رێکخراوی تەندروستیی جیهانیشی تۆمەتبار کرد بەوەی بەلای رێیدا بردووە و هاوکاری چینی کردووە. بەڵام هەموو ئەوە بەشێکە لەو ناکۆکییە سیاسییەی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە گەورەیەی جیهان. بە رەسمی هیچ دەوڵەتێکی تری گەورەی جیهان وەک فرەنسا و ئەڵمانیا و بریتانیا باسیان لە پیلانگێڕی نەکردووە. ئێستا بە حوکمی بوونی هۆکار و ئامرازی پێشکەوتووەوە ئاستی بڵاوبوونی پەتا زۆر فراوانتر و بەهێزترە لە رابردوو. لە سایەی کرانەوەی دەوڵەتانی جیهان بە رووی یەکتر و بزاوتی خێرای گواستنەوەی تاک بە هیچ کلۆجێک بەوانەی رابردوو بەراورد بە ئەو کاتی ماڵتۆس تیۆرەکەی نوسی ناکرێن. لەلایەکی ترەوە، جیهان لە دوای دووەمین جەنگیی جیهانییەوە، چەندین جەنگی ئیقلیمی و ناوخۆیی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها بڵاوبوونی برسێتی لە هەندێک دەوڵەت و ناوچەی دیاریکراو، هەموو ئەوانە نەبوونە هۆکاری گۆڕینی نەژادی مرۆڤ یان پێکهاتەی مرۆڤی بەرەو باشتر نەبردووە. بەڵێ ئەوانە دەیان هەزار قوربانی لێکەوتۆتەوە بەڵام رەوشی شارستانییان باشتر نەبوو، بەڵکو پێچەوانەکەی روویدا.

کەس نییە نکۆڵی لەو خراپەکارییەی مرۆڤ لە بەرامبەر بە سروشت بکات، بەهۆی ئەو هەڵسوکەوت و مومارەسە خراپانەی مرۆڤ دەرهەق بە ژینگە دەیکات، هەموو لە بەرامبەر ئەو کێشانە بەرپرسیارین کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کە زیان بە تەندروستی هەموو دەگەیەنێت، بە دڵنیاییەوە ئەوە لاسەنگیی لە نێوان دانیشتوان و سروشت دروست کردووە. راستە خەڵکانێک هەبوون، چەند ساڵێکە هۆشداری بە حکومەتەکانی خۆرئاوا دەدەن سەبارەت بە مەترسی دەرکەوتنی ڤایرۆسی نوێ، بەڵام دەرکەوتنی ئەم کۆرۆنا ڤایرۆسە دوورترین پێشبینی کەوتنی کارەساتێک بوو وەک ڤایرۆسەکانی تر کە ماوە ماوە لەم دەوڵەت یان ئەویتر یان چەند دەوڵەتێکی نزیک لە یەک بڵاو دەبووەوە، بە شێوەیەکی سنوردار تەشەنە بکات، ئەمەش بە یارمەتی و هاوکاری دەوڵەتانی تری جیهان دەکرا بە خێرایی ئەو قەیرانە تێپەڕێندرێت، نەک وەک ئەمەی ئێستا کە کۆرۆنا ڤایرۆس زۆر بە قورسی و دڕندەیی پەلی بۆ زۆربەی دەوڵەتانی جیهانی کێشاوە.

دەبێت چی بکرێت؟
جیهان پێویستی بە کاتە تاوەکو کۆدەکانی ئەم پەتایە بکاتەوە، کە رەوشی جیهانی سەراو ژێر کردووە، بەڵام نەک بە گەڕانەوە بۆ تیۆرەکەی ماڵتۆس (زیادبوونی دانیشتوان) وەک هەندێک وای بۆ دەچن، هەروەها نەک پەنابردن بۆ تیۆری پیلانگێڕی وەک هەندێکی تر بۆچوونیان وایە، بەڵکو دەبێ لەسایەی ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە مرۆڤایەتی لەگەڵ شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیی بەخۆیەوە بینیویەتی رووبەڕووی ئەم ڤایرۆسە بێتەوە.

دەرکەوت کە ئیدارەدانی قەیرانێکی لەم جۆرە، هیچ لێک تێگەیشتن و هاوکاریی نێودەوڵەتی، کەمی زانیاری و ئاڵوگۆڕیشی نەبوو، ئەمەش رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایەی دواخست. وەک دەرکەوت شێوازی ژیان رۆڵێکی گرنگ لە کەمکردنەوەی بڵاوبوونی و خۆبەدەستەوەنەدان دەگێڕێت. شێوازی ژیانی هەندێک لە گەلان هەیە کە دەبێ دەستبەرداری بن، ئەوەی بە خۆراک و ژیان لەگەڵ ئاژەڵاندا پەیوەستە، کۆبوونەوەی بە کۆمەڵ، هەرچەند ئەوانە دەچنە خانەی ئازادییە بنچینەییەکانەوە کە لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤی ساڵی 1948 دا هاتووە، مەفروزە قسەی تیا نەکرێت، بەڵام بوونی هەڕەشەی تەندروستی کە دەشێ لەسایەی نەبوونی هۆشیاری کۆمەڵگەییدا پێویستی بە پێداچوونە بێت بەو شێوازەی کە زامنی سەلامەتی تەندروستیی گشتی دەکات.

گۆڕینی شێوازی ئیدارەدانی قەیرانێکی قورسی لەم جۆرە هێندە ئاسان نییە، بەڵکو پێویستی بە هەوڵی درێژ خایەنی حکومی و خەڵک و نوخبەش هەیە، بەڵام مرۆڤایەتی باجێکی زۆر قورسی لە بەرەنگاریی ئەم پەتا نوێیە دا، ئەمیش زەرورەتی ئەنجامدانی گۆڕانکاری دەخوازێت، چونکە تاوەکو ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە بوونی هەبێت ئەم پەتایانەش هەر جارەو بە ناوێکە پەیدا دەبن.


PM:01:14:10/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 111 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌