تائێستا 9 یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەكاركەوتوون


 وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ئاشكرایدەكات، بەهۆی نەبوونی گازوایلەوە تائێستا 9 یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەكاركەوتوون و بۆ مانگی 12ش تەنها 8 سەعات كارەبا بەهاوڵاتیان دەدرێت. 

 
ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم رایگەیاندوە، بەهۆی نەبوونی گازوایلەوە 9 یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەكار وەستێندراون، بۆ بەگەڕخستنەوەشیان مانگانە بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلاریان پێویستە، وتیشی ئەگەر بكەونەوە كار، ئەوە توانای بەرهەمهێنانی هەزار و ٢٠٠ مێگاوات كارەبایان دەبێت‌و رۆژانەش لەسەرتاسەری هەرێمدا نزیكەی پێنج سەعات كارەبا زیاتر دەكەن، بەڵام بەهۆی زۆری خەرجیانەوە كە مانگانە نزیكەی ١٠٠ ملیۆن دۆلارە، نەتوانراوە بخرێنەوە كار. 

ئومێد ئەحمەد رونیكردۆتەوە، ئێستا توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان نزیكەی دوو هەزارو ٥٠٠ مێگاواتە، بەڵام خواست لەسەر كارەبا بۆ پێنج هەزارو ٥٠٠ مێگاوات زیادیكردووە، بەم جۆرەش هەرێم 3 هەزار مێگاوات كارەبای دیكەی بۆ دابینكردنی ٢٤ سەعات كارەبای نیشتیمانی پێویستە.