شەشەمین كۆنفرانسی ساڵانەی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان لە شاری لەندەن بەرێوەدەچێت


 سبەینێ‌ شەشەمین كۆنفرانسی ساڵانەی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان لە شاری لەندەن بەرێوەدەچێت و بڕیارە بۆ ئەمساڵیش جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری سامانە سروشتییەكان و پارێزگاری كەركوك بەشداربن. كۆنفرانسەكە رۆژانی 5 تا 7  ئەم  مانگە بەردەوام دەبێت و لەلایەن بەشداربووانەوە گفتوگۆ لەسەر دەرفەت و ئاستەنگەكانی بەردەم كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بڕیاریشە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان و دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك و فرانكلین جێفری باڵیۆزی پێشوی ئەمریكا لە عیراق و بەرێوەبەری ئەو كۆمپانیا نەوتیانەی لەهەرێم كاردەكەن بەشداری ئەو كۆنفرانسەبن.

 بەپێی ئەو بەیاننامەی كە لەلایەنە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە بڵاوكراوەتەوە، لەو كۆنفرانسەدا تاوتوێی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و بەردەوامی جەنگی داعش و كاردانەوەكانی لەسەر كەرتی نەوتی هەرێم دەكرێت، ئاماژەی بەوەشكردوە، هەرچەندە ئەو هۆكارانە هەبووە بەڵام كەرتی نەوت ئەرێنی بوەو پێدانی شایستە داراییەكانیش بە كۆمپانیاكان بەردەوامی هەیە. 

كۆنفرانسی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان گەورەترین كۆبونەوەی نێودەوڵەتی كەرتی نەوت و گازی هەرێمەوە ماوەی شەش ساڵە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی داعشەوە شوێنی كۆنفرانسەكە لە هەولێرەوە بۆ لەندەن گواستراوەتەوە.