فاروق مەلا مستەفا: مام جەلال بە سەرمایەدارە سوورەكە ناوی دەبردم

 
دامەزرێنەر و سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕیی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ دەڵێت “كەرتی پەیوەندییەكان لەعیراق، سەركەوتووترین سێكتەرەكانی بواری كەرتی تایبەتە لەچاو بوارەكانی دیكەدا، ئەگەر پێوانەی بكەیت بەبەشەكانی دیكەی ئەو كەرتە”.

وتیشی “ئەم كەرتە لەساڵی 2003وە بووەتە كەرتێكی چالاك لەڕووی گەشەسەندنی ئابووری و رۆشنبیری و تەنانەت بواری سیاسیشی گرتەوە، بەوەی تەكنەلۆژیایەكی نوێ لەكاتێكی زوودا گەیشتە عێراق”.

سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕیی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بۆ پەیوەندییەكان داوایشی لە حكومەتی عێراقی كرد، پشت بە كەرتی نەوت نەبەستێت و بڕیاری بەپەلە لەوبارەیەوە بدات و برەو بەكەرتەكانی دیكەش بدرێت.
 
هەروەها داوایش دەكات كە حكومەت چاودێرییەكانی خۆی توندتر بكات لەسەر بانكە ئەهلییەكان.

فاروق مەلا مستەفا، دامەزرێنەر و سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕیی ئاسیاسێڵ، لەبەرنامەی (حوار خاص)ی كەناڵی ئاسمانی سۆمەریەدا ئاماژەی بەوەداوە، نەوت گرنگترین سەرچاوەی داهاتە بۆ عێراق و وڵاتانی ناوچەكە، وتیشی “پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق بڕیاری بەپەلە بدات لەبارەی ئەوەی پشتبەستن بەكەرتی نەوت كەمبكرێتەوە و برەو بە كەرتەكانی دیكە بدرێت”.

فاروق مەلا مستەفا ئەوەشی خستەڕوو كە دۆخی بانكە ئەهلییەكان پێویستی بە چارەسەری خێرا و واقیعی هەیە، وتیشی “هەمیشە داوام ئەوەیە حکومەت چاودێرییەكانی خۆی لەسەر ئەو بانكانە توندتر بكاتەوە”.

فاروق مەلا مستەفا باسی لەوەشکرد، گەندەڵییەكی بەرچاو لە سیستمی كاری هەندێك لە بانكە ئەهلییەكان هەیە، بەهۆی نەبوونی كۆنترۆڵی حكومەتەوە بۆ سەر ئەو بانكانە.

بە وتەی فاروق مەلا مستەفا “عێراق وەك وڵاتانی دیكەی ناوچەكە نییە كە تاقە ئەڵتەرناتیڤی بۆ نەوت تەنیا نەوت بێت، بەڵكو عێراق خاوەنی كەرتی دیكەیە وەك كشتوكاڵ، سەرەڕای بوونی ئاوێكی زۆریش بۆ ئەو بوارە، جگە لەوەش خاوەنی باشترین جۆرەكانی كانزایە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە، ئیدارەدانی ئەو كەرتانە و وەبەرهێنان تیایاندا، بەئاڕاستە راستەقینەكەی خۆیدا نەڕۆیشتووە”.

نموونەیش بۆ ئەو قسانە، وەك سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕیی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ باسی لێوە كرد “بوونی گەورەترین كارگەی چیمەنتۆ بوو لە عێراق كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكات”. بەوتەی ئەو “پێویستیی نیوەی عێراق بەزیادەوە دابین دەكات و ئەركی حكومەتە برە و بەو جۆرە كارگانە بدات”.

سەبارەت بەوەی بۆچی زۆربەی پرۆژەكانی لەسنووری سلێمانیدایە؟ فاروق مەلا مستەفا وتی “من لە لایەنی فیكری و سیاسییەوە سەیری پڕۆژەكانی خۆم دەكەم بۆ ئێستا و داهاتوو، من خۆم بەبەشێك لەبزوتنەوەی سیاسی و فیكری دەزانم كە كاریگەریی لەسەر هەموو كایەكانی كۆمەڵگا هەیە، من لەسلێمانیم، خوێندنم لەسلێمانی بووە و ئیمكانیاتی تاكە كەسێك لەم بوارانەدا هەروا دەبێت و ئەوەش تواناكانمە، وەك پەندەكەش دەڵێت “خێر بۆ خوێش نەك بۆ دەروێش”.
 
وتیشی “پاش یەكخستنەوەی ئیدارە، هەموو گرنگییەكان بۆ هەولێر چوون، لەگەڵ خۆشەویستیمان بۆ ئەو پارێزگایە، ئەویش بەهۆی ئەوەی كرایە پایتەخت، سلێمانی كەنار كەوت، هەموو شتێك بەئاڕاستەی هەولێر چوو، ئۆفیسی هەموو كۆمپانیاكان چوونە هەولێر، بۆیە ئەم شارە پێویستی بەوە هەبوو ببوژێنرێتەوە”.

لەوەڵامی پرسیارێكیشدا کە ئەو ئاسانكارییەی لەسلێمانی بۆیدەكرێت، لەهەموو شوێنێكی تر وایە، فاروق مەلا مستەفا وتی “لەهەموو كوردستان ئەو ئاسانكارییەم بۆ دەكرێت و هیچ جیاوازییەك نییە”.

سەبارەت بەوەی ئایا شاری فاروقی پزیشكی، ساڵانە زیانێكی زۆری بەردەكەوێت كە 3 ملیۆن دۆلاری ساڵانەیە؟ ناوبراو وتی “ساڵی (2014) کە یەکەم ساڵی کارکردنی نەخۆشخانەکە بوو 21 ملیۆن دۆلار زیانی هەبوو، ساڵانی دوای ئەویش زیانەكان كەمبوونەتەوە لەو بڕە پارەیە، بەڵام ئەوەی لەبەرژەوەندیی خەڵكی عێراق بێت، بۆ من ئەوە گرنگترە”.
وتیشی “خاوەن كلینیكەكان دژایەتییەكی گەورەیان كردین و رۆڵێكی خراپیان هەبوو”.
ئەوەشی راگەیاند “پێشتر و بۆ ماوەی 5 ساڵ خۆم وا هەژمار كردوە كە لەماوەی ئەو پێنج ساڵەدا تەنیا زیان بكەم و چاوەڕێی قازانجم نەكردوە چونكە مەبەستی من لە دروستكردنی ئەو شارە 100% مرۆیی بووە و قازانجنەویستیشە و هەوڵیشمداوە پەرەی پێبدەم”.

فاروق مەلا مستەفا، راشیگەیاند “لەپرۆژەمدایە كۆلێژێكی گەورەی پزیشكی بكەمەوە و چاوەڕێی ئەوەم مۆڵەتەكەی وەربگرم، سیستمی ئەو كۆلێژە پزیشكییە دەبەستمەوە بە سیستمێكی ئەمریكی یاخود بریتانی و لەسەر بنەمایەكی تەواو نوێ دەبێت”.

ئەوەشی ئاشكرا كرد “لە هەمانكاتدا پرۆژەی دیکەم هەیە كە شوێنی ئەو زیانانە دەگرێتەوە و سوود و قازانجی بەردەوامیان هەیە”.

سەبارەت بە پرۆژەكانی ئاسیاسێڵیش لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش، ناوبراو وتی “بەهۆی داگیركاریی داعشەوە بۆ ئەو ناوچانە، بەفەرمانی خۆیان هەموو پرۆژەكانی پەیوەندی لەو ناوچانە بچڕێنراون و ئێمە هیچ دەستمان نەبووە لەبڕینیان”.
 
رەتیشیكردەوە كە كەلوپەلەكانی كۆمپانیاكەی لەو ناوچانە دزرابن و برابێتنە شاری رەققە لە سوریا.

بەڵام “پێشتر لەهێرشی مافیاكاندا زیاتر لە 18 دامەزراوەمان لەناوچەكانی موسڵ وێران كراون بە تۆمەتی بێ بنەما”.

فاروق مەلا مستەفا رەتیشیكردەوە، یەك دیناری حكومەتی لابێت و “وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن با ئاشكرای بكات ئەگەر یەك دینار قەرزدار بین”.

وتیشی “ئەو زیادكردنەی كراوەتە سەر یەكەی پڕكردنەوە كە 20%ە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی ناوەند”.
 
سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕیی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ، وتیشی “باجی خۆمان دەدەینە حكومەتی ناوەند و زیادكردنی 20%یش بەفەرمانی حكومەت بوە، چونكە پێویستی بەو پارەیە هەیە، بۆ ئێمە زیانە، چونكە كڕیارمان كەمبووەتەوە لەڕووی داهاتەوە، داهاتمان كەمبوەتەوە”.
 
وتیشی “لەئێستادا نەوەی سێیەمی مۆبایل لەهەموو عیراق بەكارە و ئەگەر حكومەتی ناوەند رێگە بدات، ئێمە ئامادەین نەوەی چوارەمی مۆبایل بێنینە وڵاتەوە”.

 سەبارەت بە دانی باجیش، وتی “لەهەموو 100 دۆلارێك 15 دۆلار دەدەینە حكومەتی ناوەند لەكۆی داهاتی گشتی كۆمپانیاكەمان”.

ئەوەشی وت”كاتی خۆی بە یەك ملیار و 250 ملیۆن دۆلار مۆڵەتی ئیشپێكردنی ئاسیاسێڵمان وەرگرتوە”.

ئاماژەی بەوەشدا “سەرەڕای هەموو ئەو فشار و بەربەستانەی دێنە رێمان، بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبووین یەك دینار وەك بەرتیل بدەینە هیچ كەس و لایەنێك”.
 
سەبارەت بەو لایەنە سیاسییەی فاروق مەلا مستەفا پشتگیری دەكات، ناوبراو وتی “لایەنی چەپخوازم”.

دەربارەی بوونی هاوپشكیش لە دەرەوە، ناوبراو وتی “كۆمپانیاكانی دەرەوە خاوەنی شارەزایی باشتر بوون، بۆیە پێشتر لەگەڵ كۆمپانیای وەتەنیەی كوەیتی رێكکەوتین لەساڵی 2003 تا 2007 و دواتر كشانەوە”.

وتیشی “84%ی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ عیراقییە و پێشتریش داوایەكمان لەوبارەیەوە لە دادگا بۆ سوودی خۆمان بردەوە كە وتبوویان ئێوە عێراقی نین”.

سەبارەت بە دەزگای دواڕۆژ بۆ روناكبیری و راگەیاندنیش، فاروق مەلا مستەفا، وتی”ئەگەر بزنسمان خاوەن فیكر بوو، زانی چی روو دەدات لەچواردەوری، ئەوە تەواوكاری كارەكانێتی بەشێوەیەكی باش، بۆیە من لە پۆلی یەكی ناوەندییەوە كارم لە میدیادا كردوە، بۆ بژێوی خۆم و خێزانەكەم، لە بەغدا لەوەزارەتی ئیرشاد وەرگێڕ بووم، سوودی زۆریشم لێ بینی، چونكە لەو سەردەمەدا لەگەڵ نوخبەیەكی باشی هونەرمەندان و رۆشنبیرانی عیراقی كارمكرد و یەكمان ناسی كە هەندێكیان ئێستاش ماون، لەوانە هادی عەلەوی، نوری راوی و جەمیل جبوری، لەوكاتەدا بەرپرسم بوون، هاوكات د. مستەفا جواد و جەلال حەنەفی-م ناسی”.

فاروق مەلا مستەفا، جەختی كردەوە كە “پاڵپشتی سیستمی ئیشتراكی چەپخواز دەكەم و سەرسامم بەو سیستمە حوكمەی لە چین پیادە دەكرێت”.

لەكۆتایی قسەكانیدا فاروقی مەلا مستەفا پێناسەیەكی مام جەلالی هێنایەوەبیر كە پێی وتوە “سەرمایەدارە سوورەكە”، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی بزنسمانێكی شیوعی بووم.
 
س: دوارۆژ
ڕێ