یڵدرم: پەیوەندییە ئابوورییەكانمان فراوانتر دەكەین لە دوو رێگەوە هاوكاری هەرێم دەكەین

سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند، ئاگادارن رەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستان خراپە و بۆ ئەوەش هەموو هاوكارییەك دەكەن؛ لە بواری وزە پەیوەندییەكان فراوانتر دەكەن و دەروازەیەكی دیكەش لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەنەوە.
بینالی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند “پرسێكی سەرەكی كۆبوونەوەمان لەگەڵ بارزانی دۆخی ئابووری بووە، تێدەگەین رەوشێكی ئابووری نالەبار لە هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە بڕیارمانداوە هاوكارییە ئابوورییەكانمان زیاتر بكەین، ئەوەش لە دوو رێگەوە: پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی وزە و كردنەوەی دەروازەیەكی دیكەی سنووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
سەرۆكوەزیرانی توركیا وتی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەشەى کرد، گرفتی ئابوورییان هەیە و ئەم پەیوەندییانەمان فراوان دەکەین بەتایبەتی لە بواری وزەدا و خاڵی سنووری ئەسەندەرە لە رۆژهەڵاتی خابوور (ئیبراهیم خەلیل) سەرلەنوێ دەکەینەوە و هاووڵاتیانمان ئاسودە دەکەین، ئەگەر دەروازەکە دابخرێت بە قاچاخی هاتووچۆ دەکرێت و ئەوکاتەش جیاکردنەوەی تیرۆریست و سڤیل ئەستەم دەبێت.