سەرۆك كۆمار: بانكی ناوەندی عیراق لەهەرێم كارەكانی فراوان دەكات

ئەمڕۆ 7ی كانونی یەكەمی 2017، سەرۆك كۆمار دكتۆر فوئاد مەعسوم لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازی كرد لە دكتۆر عەلی عەلاق سەرۆكی بانكی ناوەندی.

لە دیدارەكەدا باری دراو و دارایی ئێستاو پێویستی نوێكردنەوەی میكانیزم و پسپۆڕییەكانی كاركردنی بانكی لەعیراق تاوتوێكرا بەسود وەرگرتن لە تازەترین شێوازی تەكنیكی جیهانی، گرنگیی رۆڵی بەڕێوەبردن و سەركردایەتیكردنی بانكی ناوەندیی عیراق دوپاتكرایەوە لەپشتیوانیكردنی هاوبەشیكردن لەگەڵ بانكە بیانییە باوەڕ پێكراوەكان و ئاسانكاریی مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەكانی دراوی ناوخۆ و دەرەوە و هاریكاریكردنی كارەكانیان لە ناوخۆی وڵاتدا بەپێی قانونەكان بەو جۆرەی لە خزمەتی بەخێرای بنیاتنانی سیستمی ئابوریی بەهێزو پێگەیشتو بكات.

سەرۆك كۆمار گرنگیی پتەوكردن و فراوانكردنی كارو چالاكی لقی بانكی ناوەندیی لە هەرێمی كوردستانی دوپاتكردەوە بەوجۆرەی تۆكمەكردنی رایەڵەی پەیوەندی مامەڵەكردنی دارایی لەگەڵ دامەزراوە داراییە رەسمییەكان لە هەرێمی كوردستان و كارئاسانیی رێكارو مامەڵەی كۆمپانیاكان و هاووڵاتیان لە هەرێمدا زامن دەكات، ئاماژەیشیكرد بۆ هەوڵی جدی لە یەكخستنی سیستمی بانكیی عیراق لەسەرتاسەری وڵاتدا لە پێناوی هەستانەوەو بوژانەوەی باری ئابوری لە تەواوی عیراقدا.

لای خۆشیەوە عەلاق بایەخدانی بانكی ناوەندی دوپاتكردەوە لەگەشەپێدانی كارەكانیدا لەسەر هەردو ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە ئەوەیشی خستەڕوو كە بانكی ناوەندیی بایەخی تایبەتی دەدات بە بەهێزكردنی كاری بانكەكە لە هەرێمی كوردستان و هەوڵدەدات بۆ چارەسەركردنی تەواوی ئەو  كێشەو كۆسپانەی كە دێنە بەردەم كۆمپانیاكانی كە لە ناوچەكە كاردەكەن، سوپاس و پێزانینیشی دەربڕی بۆ ئەو بایەخدانەی سەرۆك كۆمار بەبانكی ناوەندیی لەم بارودۆخە ناسكەدا، لەو روەوە ستایشی رێنماییەكانی بەڕێزیانی كرد.


PM:04:37:07/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 63 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌