''فرۆشتنى كاره‌با به‌ ناوچه‌كانى خواروى عێراق سوودى گه‌وره‌ى ئابوریى به‌ هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت''

راوێژكارى وه‌زاره‌تى كاره‌با رایده‌گه‌یه‌نێت، ''ئه‌گه‌ر سووته‌مه‌نى پێویستمان بۆ دابینبكرێت، ده‌توانین كاره‌باى 24 كاتژمێریى بده‌ین به‌ هاووڵاتیان. حه‌مه‌ئه‌مین حه‌سه‌ن راوێژكارى وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكومه‌تى هه‌رێم، باس له‌وه‌ ده‌كات، فرۆشتنى كاره‌با به‌ ناوچه‌كانى خوارووى عێراق سوودى گه‌وره‌ى ئابوریى به‌ هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت. پێشنیاریش ده‌كات، هاووڵاتیان له‌جیاتى به‌كارهێنانى كاره‌با بۆ گه‌رمكردنى ئاو و ماڵه‌كانییان غاز به‌كاربێنن''.

به‌رنامه‌ى پێدانى كاره‌با بۆ وه‌رزى سه‌رما و سۆڵه‌ چۆنه‌؟ ئایا كاتژمێره‌كانى پێدانى كاره‌با كه‌مده‌كرێنه‌وه‌؟
حه‌مه‌ئه‌مین حه‌سه‌ن: به‌پێى ئه‌و توانایه‌ى له‌به‌رده‌سته‌ ئێستا پێدانى كاره‌با به‌ هاووڵاتییان باشه‌ له‌چاو ئه‌م بارودۆخه‌دا، به‌ڵام زه‌حمه‌ته‌ دیاریى بكرێت بۆ زستان چه‌ند كاتژمێر كاره‌با ده‌درێت، چونكه‌ نازانرێت كێشه‌ى كه‌میى سووته‌مه‌نى بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با چاره‌سه‌ر ده‌بێت یان نا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پێده‌چێت وه‌كو ساڵانى پێشوو كاره‌با كه‌م ببێته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ى كاتژمێره‌كانى پێدانى كاره‌با كه‌م نه‌بێته‌وه‌، پێشنیار ده‌كه‌ین غاز له‌جیاتى كاره‌با به‌كاربهێنن بۆ گه‌رمكردنى ئاو و ماڵه‌كانیان. له‌هه‌مانكاتدا ئه‌گه‌ر نه‌وتى سپی دابه‌شبكرێت دۆخى كاره‌با باش ده‌بێت.

له‌كاتێكدا زۆربه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ نه‌وت و غازى سرووشتییان تێدایه‌، كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كۆنتڕۆڵى حكومه‌تى ناوه‌ند، چۆن ده‌توانن بۆ زستان سووته‌مه‌نیى پێویست بۆ وێستگه‌كان دابین بكه‌ن؟
حه‌مه‌ئه‌مین حه‌سه‌ن: 94%ى كاره‌با له‌ غازى سروشتى كێڵگه‌كانى كۆرمۆر و خورمه‌ڵه‌ به‌رهه‌مدێت، هیچ بڕه‌ سووته‌مه‌نییه‌ك له‌ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ناهێنین.

له‌ ئه‌گه‌رى دابه‌شنه‌كردنى نه‌وتى سپى به‌سه‌ر ماڵاندا كاریگه‌رییه‌كه‌ى چى ده‌بێت له‌سه‌ر دۆخى كاره‌با له‌ زستاندا؟
حه‌مه‌ئه‌مین حه‌سه‌ن: به‌هۆى خراپیى دۆخى ئابوریى، به‌تایبه‌ت مووچه‌خۆران كه‌ پاره‌ى كاره‌باش ناده‌ن، ئه‌گه‌ر نه‌وتیش وه‌ربگرن كاتێك كاره‌باى نیشتیمانى دێته‌وه‌ هه‌ڵپه‌ ده‌كه‌ن و سۆپا ده‌كوژێننه‌وه‌، كاره‌با بۆ گه‌رمكردنى ناو ماڵ و ئاو نییه‌، كێشه‌كانى كاره‌با له‌مانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات.

كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بڕى سووته‌مه‌نى پێویست بۆ وێستگه‌كان دابین بكه‌ن، ده‌توانرێت ڕۆژانه‌ چه‌ند كاتژمێر كاره‌با بدرێت به‌ هاووڵاتییان؟
حه‌مه‌ئه‌مین حه‌سه‌ن: ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ى له‌ئێستادا له‌به‌ر ده‌سته‌ماندایه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌ى ته‌كنیكى بۆ دروست نه‌بێت كه‌م ناكرێته‌وه‌، بڕى سووته‌مه‌نییه‌كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ 2750 مێگاواته‌، به‌ڵام كێشه‌ له‌ زۆربوونى خواسته‌ له‌ زستاندا.

چه‌ندین ساڵه‌ كێشه‌ى كاره‌با به‌م شێوه‌ خراپه‌ به‌رده‌وامه‌، بۆچى چاره‌سه‌ر ناكرێت؟ یان بودجه‌ و سووته‌مه‌نى پێویستى بۆ دابین ناكه‌ن؟
حه‌مه‌ئه‌مین حه‌سه‌ن: به‌هۆى زیادبوونى به‌رده‌وامى به‌شداربوانى كاره‌با، هه‌روه‌ها كردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌ و كارگه‌ى نوێ، ناچارین كاره‌بایان پێ بده‌ین، ده‌بێت به‌كارهێنانى كاره‌با كۆنتڕۆڵ بكه‌ین سیستمى پێدان و به‌كارهێنانى كاره‌با، كه‌ له‌ هه‌رێم په‌یڕه‌و ده‌كرێت، له‌ هه‌ر وڵاتێكى تردا بێت خراپترى به‌سه‌ردا دێت، له‌ هه‌ندێك وڵات زیاده‌ڕه‌وى بۆ سه‌ر تۆڕه‌كانى كاره‌با به‌ تاوان داده‌نرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ كوردستان بووه‌ به‌ دیارده‌، ئه‌و كاره‌بایه‌ى له‌ هه‌رێم ده‌درێت به‌ هاووڵاتییان هیچ جیاوازییه‌كى نییه‌ له‌گه‌ڵ ستانداردى جیهانى و له‌و ئاسته‌دایه‌.

بۆ پێدانى كاره‌باى 24 كاتژمێریى پێویستتان به‌ بڕى چه‌ند سووته‌مه‌نى هه‌یه‌؟
حه‌مه‌ئه‌مین حه‌سه‌ن: پێویستمان به‌ زیادكردنى بڕى غازى سروشتییه‌ كه‌ گونجاوترین شته‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با، ڕۆژانه‌ له‌ كێڵگه‌كانى كۆرمۆر نزیكه‌ى 340 ملیۆن پێ سێجا غازمان بۆ دێت، له‌ خورمه‌ڵه‌ نزیكه‌ى 84 ملیۆن پێ سێجا غاز به‌كارده‌هێنین، ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕه‌ بۆ دووئه‌وه‌نده‌ به‌رز بكرێته‌وه‌ ده‌توانرێت 4500 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌مبێت، به‌مه‌ش ده‌توانین كاره‌باى 24 كاتژمێریى دابین بكه‌ین.

كه‌ى ده‌توانن كاره‌باى 24 كاتژمێریى دابین بكه‌ن و موه‌لیده‌ى ئه‌هلى نه‌مێنێت؟
حه‌مه‌ئه‌مین حه‌سه‌ن: ئه‌گه‌ر دۆخێكى ئارام و ئابورییه‌كى باش بێته‌ئاراوه‌ و پێویستییه‌كانى خه‌ڵك دابین بكرێت، هاوكات به‌ باشترین شێوه‌ كۆنتڕۆڵى كاره‌با بكرێت، ده‌توانین كاره‌باى 24 كاتژمێریى بده‌ین به‌ هاووڵاتییان، سه‌رجه‌م وێستگه‌كانمان تواناى به‌رهه‌مهێنانیان له‌ بڕى خواستى هاووڵاتییان زیاتره‌.

كوردستان پێویستى به‌ چه‌ند مێگاوات كاره‌با هه‌یه‌ له‌ شه‌و و ڕۆژێكدا؟ ژماره‌ى به‌شداربووه‌كانتان بۆ چه‌ند به‌رزبووه‌ته‌وه‌؟
حه‌مه‌ئه‌مین حه‌سه‌ن: ژماره‌ى به‌شداربوانى كاره‌با 1 ملیۆن و 500 هه‌زارى تێپه‌ڕاندووه‌، له‌دواى كاتژمێر 12ى شه‌و هه‌موو كوردستان كاره‌باى هه‌یه‌، به‌ڕۆژ له‌كاتى ده‌وام یان ئێواران خواست به‌رز ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ زستاندا پێویستمان به‌ 4500 مێگاوات كاره‌با ده‌بێت، له‌ ئێستادا ئه‌و بڕه‌مان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌، بۆیه‌ كاره‌با ده‌كوژێنینه‌وه‌ و موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان كار ده‌كه‌ن.

كۆمپانیا هه‌یه‌ له‌ كوردستان سه‌رقاڵى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌بایه‌ بۆ ناوچه‌كانى خوارووى عێراق، كه‌واته‌ بۆچى ناتوانن كاره‌با بۆ هه‌رێم دابین بكه‌ن؟ هاوكات ڕاده‌ستكردنى به‌ڕێوه‌بردنى كاره‌با به‌ كه‌رتى تایبه‌ت به‌ كوێ گه‌یشت؟
حه‌مه‌ئه‌مین حه‌سه‌ن: كۆمپانیاكان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق گرێبه‌ستیان كردووه‌، له‌به‌رامبه‌ر پێدانى نه‌وتى خاو و دواتر پاڵاوتنى له‌ كه‌ركوك و بازیان و كه‌ڵه‌ك نزیكه‌ى 400 مێگاوات كاره‌با بۆ موسڵ به‌رهه‌مده‌هێنن، سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردنى كاره‌با له‌لایه‌ن كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ له‌ قۆناغى سه‌ره‌تاداین، پێشتر له‌ به‌غدا چووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌و دۆخه‌ تایبه‌ته‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان دروستبووه‌، پڕۆسه‌ى به‌ڕێوه‌بردنى كاره‌باى له‌لایه‌ن كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ سست كردووه‌.

كاریگه‌رییه‌ ئابورییه‌كانى فرۆشتنى كاره‌با به‌ ناوچه‌كانى خوارووى عێراق له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان چییه‌؟
حه‌مه‌ئه‌مین حه‌سه‌ن: له‌ڕووى وێستگه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با و هێڵى گواستنه‌وه‌ به‌راورد به‌ ناوچه‌كانى خوارووى عێراق له‌ ئاستێكى باشداین، ئه‌گه‌ر وه‌به‌رهێنان له‌بوارى غازى سروشتیدا بكرێت هاوكات ده‌كرێت بابه‌تى به‌ستنه‌وه‌ى تۆڕه‌كانى كاره‌با سوودێكى زۆر به‌ هه‌رێم بگه‌یه‌نێت له‌ڕووى ئابورییه‌وه‌، له‌هه‌مانكاتدا ده‌توانرێت له‌كاتى به‌ستنه‌وه‌ى وێستگه‌كان ئاڵوگۆڕى وزه‌ى كاره‌با بكرێت.

ده‌وترێت ده‌سه‌ڵاتتان نییه‌ به‌سه‌ر هه‌ندێك لایه‌نى كه‌رتى گشتى و تایبه‌ت بۆ وه‌رگرتنى پاره‌ى كاره‌با، چ ڕێكارێكتان گرتووه‌ته‌به‌ر و چه‌ند شوێن سزا دراون؟
حه‌مه‌ئه‌مین حه‌سه‌ن: ڕێنمایى دراوه‌ به‌سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانى كاره‌با، هه‌ر لایه‌نێك سه‌رپێچى بكات یان پاره‌ى كاره‌با نه‌دات غه‌رامه‌ ده‌كرێت و كاره‌باكه‌ى ده‌بڕین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌ندێك شوێن له‌ هه‌ولێر و سلێمانى دراونه‌ته‌ دادگا.

ورده‌كاریى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له‌ڕێگه‌ى سیستمى هه‌ڵمی و تێكه‌ڵكردنى نه‌وتى ڕه‌ش و گه‌رمكردنى ئاوه‌وه‌ چییه‌؟ به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌توانرێت بڕى چه‌ند مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌مبهێنرێت؟
حه‌مه‌ئه‌مین حه‌سه‌ن: بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له‌ڕێگه‌ى سیستمى هه‌ڵمییه‌وه‌، چه‌ند وێستگه‌یه‌كمان دامه‌زراندووه‌، له‌ سلێمانى نزیكه‌ى 60  مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌مدێت، به‌هه‌مانشێوه‌ له‌ دهۆك 142 مێگاوات. هه‌موو ڕێگه‌كان ده‌گرینه‌به‌ر، له‌ وێسته‌گه‌كانى دوكان و ده‌ربه‌ندیخان 100 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌مدێت، ئه‌م بڕانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خواستى خه‌ڵك كه‌مه‌، به‌ڵام ئاسانترین ڕێگا بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له‌ڕێگه‌ى غازى سروشتییه‌وه‌یه‌.

ئاشتى هه‌ورامى وه‌كو وه‌زیرى كاره‌با به‌ وه‌كاله‌ت، له‌ كوردستان نییه‌، هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ كێ هه‌یه‌؟
حه‌مه‌ئه‌مین حه‌سه‌ن: هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان به‌ ئاشتى هه‌ورامییه‌وه‌ نییه‌، ئه‌و ته‌نها به‌ وه‌كاله‌ت پۆسته‌كه‌ى پێى دراوه‌، بریكارى وه‌زیر سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانى له‌به‌ر ده‌سته‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ یان نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى نه‌وه‌ستاوین.


دواڕۆژ


PM:08:24:05/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 391 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌