ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ژووری بازرگانی ھەمەھانگی دروست دەکەن


ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەفراکسیۆنە جیاوازەکان سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیان کرد و لەگەڵ سەرۆکی ژوور و ئەندامانی ژوور کۆبونەوە، بەمەبەستی دروستکردنی پەیوەندی کارکردن لە نێوان ھەردولادا.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ئەندامانی ئەنجومەنی ژوور پێشوازیان کرد لە نوێنەری فراکسۆنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و گفتوگۆکرا دەربارەی ھاوکاریکردن و بەھێزکردنی پەیوەندیەکان لەنێوان ھەردلادا. 

غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەکۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند ''دەمانەوێت لەئێستادا ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ھاوکارمانبێت لەکارێکی مرۆڤایەتیدا کە ھاوکاری و یارمەتیدانی قوتابیانی بەشەناوخۆیەکانە لەئێستادا پێویستیان بەیارمەتی ھەمولایەکە لەخۆراک و گەرم کەرەوە و سوتەمەنی بۆ مۆلیدەی بەشە ناوخۆیەکان''.

ئەندامانی ئەنجومەن ھاوڕابون لەسەر ئەوەی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیدا ھاوکاربن و ڕاوێژ لەنێوانیاندا ھەبێت و کاری ھاوبەش ئەنجام بدەن بۆئەوەی ڕەوشی ئابوری سلێمانی لەئاستێکی باشدا بمێنێتەوە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند ''ژووری بازرگانی سلێمانی بەردەوام ھاوکاری پێشکەش بە ھەموو ئەوشوێنانەکردووە کە پێویستیان ھەبوە وە لەئێستاشدا بازرگانان لەسلێمانی دەستی ھاوکاریان ڕانەگرتووە بەڵام خراپی ڕەوشی ئابوری وایکردووە لەئێستادا ھاوکاریەکان کەمبێتەوە''.

ئاماژەی بەوەشدا: ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێویستە بەردەوام کاربکات لەگەڵ ژووردا بۆ بەھێزکردن و چارەسەرکردنی کێشە ئابوریەکان لەشاری سلێمانیدا ئەمەش دەبێتە ھاوکارێکی باش تا بازرگانان بەردەوامبن لەکارکردن و ھاوکاریکردنی ھاوڵاتیان.



PM:03:52:04/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 1734 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌