ئه‌مساڵ به‌رهه‌می گوێز له‌ سنووری شارۆكه‌ی پێنجوێن زیادی كردووه‌


به‌به‌راورد به‌ساڵانی رابردوو، ئه‌مساڵ له‌ سنووری شارۆكه‌ی پێنجوێن به‌رهه‌می "گوێز" زیادی كردووه‌، هاوكات به‌هۆی هه‌بوونی چه‌ند جۆرێك گوێزی ده‌ره‌كی له‌ بازاڕه‌كانی كوردستان، كۆسپه‌ له‌ به‌رده‌م ساغبوونه‌وه‌ی گوێزی خۆماڵی.  به‌وته‌ی به‌رپرسێكی باڵای وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش، هۆكاری به‌رده‌وامی هاورده‌كردنی گوێزی ده‌ره‌كی، پێوه‌ندی هه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ گوێزی خۆماڵی پێداویستی ناوخۆیی پڕ ناكاته‌وه‌. 

شه‌ماڵ محه‌مه‌د یه‌كێك له‌ جووتیارانی گوندی چۆمه‌ڕه‌سی سنووری شاره‌دێی ناڵپارێزی سه‌ر به‌شارۆكه‌ی پێنجوێنه‌ راگه‌یاند :"به‌هۆی گونجاویی ناوچه‌كه‌مان له‌رووی كه‌شوهه‌واوه‌، له‌ناو گونده‌كه‌ماندا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو دارگوێز هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ كۆتاهاتنی وه‌زری هاوین و ده‌ستپێكردنی وه‌رزی پایز، ده‌ست ده‌كه‌ین به‌چنینه‌وه‌ و ته‌كاندنی دارگوێزه‌كان، چونكه‌ ده‌بێت هه‌موویان بكه‌ونه‌ سه‌ر زه‌وی و ناشبێت بگاته‌ وه‌رزی زستان، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رما زیانی زۆری بۆ گوێزه‌كان ده‌بێت".

نرخی گوێزی خۆماڵی و ده‌ره‌كی جیاوازه‌ !
سۆران تۆفیق یه‌كێك له‌ جووتیاره‌ به‌ته‌مه‌نه‌كانی باریكه‌ده‌ری سنووری ناوچه‌ی چه‌می شلێری پێنجوێن، وتی "ئه‌گه‌رچی گونده‌كه‌مان خۆی سروشته‌كه‌ی وا هه‌ڵكه‌وتووه‌ كه‌ ناوچه‌یه‌كی به‌رز و  كوێستانییه‌ و خاوه‌نی چه‌ند به‌رهه‌مێكی كشتوكاڵییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، گوێزمان هه‌یه‌ و ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا، ده‌ست ده‌كه‌ین به‌وه‌راندنی و به‌پێی پێویست ده‌یبه‌ینه‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌".

به‌وته‌ی ئه‌و جووتیاره‌، له‌ كوردستاندا هه‌ر ته‌نیا ناوچه‌ی هه‌ورامان گوێزی نییه‌ و ته‌نانه‌ت گوێزه‌كه‌ی ئه‌وان تامی خۆشتره‌، چونكه‌ كه‌شوهه‌واكه‌ی له‌بارتر و گونجاوتره‌. جووتیاره‌كه‌ باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ به‌رهه‌می ئه‌مساڵی گوێزیان به‌راورد به‌ساڵی رابردوو، باشتره‌ و به‌شی به‌رهه‌می ناوخۆیییان هه‌یه‌، به‌ڵام گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێگه‌وبانه‌كه‌یان زۆر ناخۆشه‌ و ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و هۆكارانه‌ی وه‌ك پێویست نه‌گه‌نه‌ بازاڕ و گوێزه‌كه‌یان ساغ نه‌كرێته‌وه‌.

نرخی یه‌ك كلیۆ گوێز له‌و ناوچه‌یه‌ دوو تا سێ هه‌زار دیناره‌، له‌كاتێكدا ئه‌و گوێزه‌ ئه‌مه‌ریكی و ئۆزباكستانی و چه‌ند جۆرێكی تر كه‌ له‌ بازاڕدا هه‌یه‌، هه‌ر كیلۆیه‌كی نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار دیناره‌.

"گوێزیش تووشی نه‌خۆشی ده‌بێت"
سه‌عدی حه‌سه‌ن ئه‌ندازیار و فرۆشیاری پێداویستی كشتوكاڵی له‌ پێنجوێن روونی كرده‌وه‌، ساڵانه‌ به‌هۆی جیاوازی كه‌شوهه‌وا و بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ندێك نه‌خۆشی و مێرووی زیانبه‌خش له‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی تر، بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ رێژه‌ی به‌رهه‌می گوێزیش گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا بێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ساڵانه‌ لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند و كه‌سانی پسپۆڕ و ئه‌كادیمی له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ بنێردرێنه‌ ناوچه‌كانی وه‌ك (هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ورامان و پێنجوێن) كه‌ بڕیكی زۆر و باشی داری گوێزی تێدایه‌، بتوانن رێنوێنیی بده‌نه‌ خاوه‌ن باخه‌كان، بێگومان سوودی زۆری ده‌بێت بۆ باخه‌وانه‌كان و ده‌بێته‌ هۆی زیادكردنی به‌رهه‌م و رێگریكردن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی.

ئه‌و وتی ساڵانه‌ ئه‌م دار گوێزانه‌ی ناوچه‌ی پێنجوێن، رووبه‌ڕووی چه‌ند ده‌رد و نه‌خۆشییه‌ك ده‌بنه‌وه‌ و ده‌رمانی پێویستیش نادرێته‌ خاوه‌ن باخه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانیان.

به‌رهه‌م و دارگوێزه‌كانی پێنجوێن 
مه‌جید سلێمان لێپرسراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كشتوكاڵی ناڵپارێز  دەڵێت، پێگه‌یشتنی گوێز پێویستی به‌ژینگه‌یه‌كی له‌بار و گونجاو هه‌یه‌ له‌رووی كه‌شوهه‌وا و به‌پیتی زه‌وی، بۆیه‌ له‌ سنووری پێنجوێنیشدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی  ناوچه‌یه‌كی كوێستانییه‌، له‌ به‌شێكی گونده‌كانیدا ژماره‌یه‌كی زۆر دارگوێزی لێیه‌، یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گوێزی پێنجوێن، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك یه‌ك جار بیخوات، ئه‌وا تام و چێژێكی خۆش و جیاوازیان هه‌یه‌.

به‌گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ خستیه‌ ڕوو، له‌ سنووری پێنجوێن و هه‌ردوو شاره‌دێی گه‌رمك و ناڵپارێز، ١٠ هه‌زار داری گوێز هه‌ن، به‌جۆرێكیش به‌رهه‌می ئه‌مساڵی گوێز له‌ ناوچه‌كه‌دا زیادی كردووه‌ و ئه‌مساڵ هه‌ر دارگوێزێكیان به‌هه‌زار و ٣٠٠ كیلۆ خه‌مڵاندووه‌، واته‌ بڕی به‌رهه‌می گوێزی پێنجوێن ده‌كاته‌ ١٣ ملیۆن كیلۆ و ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌ 13 هه‌زار تۆن، به‌ڵام ساڵی رابردوو له‌و 10 هه‌زار دار گوێزه‌، نزیكه‌ی پێنج هه‌زاری به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ له‌ناو چوو، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی گوێزی به‌رهه‌مهاتووی سنووری شارۆكه‌ی پێنجوێن.

گوێزی ئه‌مساڵی كوردستان، بڕ و كوالێتی زۆر باشه‌
شاڵاو جه‌مال به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێم، دووپاتی له‌وه‌ كرده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ رۆژانی رابردوو، دوو فێستیڤاڵی جیاواز له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كرا، له‌وێ به‌رپرسانی كشتوكاڵی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ و ناوچه‌ی هه‌ورامان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ناوچانه‌ی به‌گوێز له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی گه‌وره‌ به‌ناوبانگه‌، باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ به‌رهه‌می ئه‌مساڵی گوێزیان له‌رووی بڕ و كوالێتییه‌وه‌ له‌چاو ساڵانی رابردوو زۆر باشتر بووه‌.

ئه‌و روونی كرده‌وه‌، "ئه‌و گوێزه‌ی له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ساڵانه‌ له‌م وه‌رزه‌دا به‌رهه‌م دێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێداویستی ناوخۆیی پڕ ناكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پڕی بكاته‌وه‌، ئه‌وا ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ رێ له‌ هاورده‌كردنی ده‌گرین." 

له‌باره‌ی ئاماری گوێزیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، له‌ كوردستاندا به‌هه‌زاران داری گوێز له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كاندا هه‌ن و تا ئێسته‌ به‌فه‌رمی هیچ ئامارێكی داری گوێزه‌كان و به‌رهه‌میان لا نییه‌.

سووده‌ ته‌ندروستییه‌كانی گوێز بۆ مرۆڤ 
دكتۆر گۆران پێنجوێنی پسپۆڕی بواری خۆراك ئه‌وه‌ی خسته‌روو، "به‌پێی نوێترین توێژینه‌وه‌ی زانستی بواری خۆراك كه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام دراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ خواردنی گوێز سوودێكی زۆری هه‌یه‌ بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سوڕی خوێن چالاك ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆی رێكخستنی بۆڕییه‌ خوێنبه‌ره‌كانی دڵ و به‌رگریكردن له‌ گرژبوونی ده‌ماره‌كانی له‌شی مرۆڤ".

ناوبراو ده‌ڵێت، به‌پێی چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ك خواردنی گوێز به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست رێگری له‌و ڤایرۆسانه‌ ده‌كات كه‌ رووبه‌ڕووی مرۆڤه‌كان ده‌بێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ هۆی رێگرتن له‌ شێرپه‌نجه‌ی  سنگ و ریخۆڵه‌، هه‌روه‌ها گوێز چه‌ندان كانزا و ڤیتامینی به‌نرخی تێدایه‌ وه‌ك  (فسفۆر، مه‌گنسیۆم، زینك، ئاسن، كالسیۆم، فیتامین B 1،  فیتامین E، ئۆمیگا 3،  فۆلیۆم ). هه‌روه‌ها گوێز بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی باكردنی گه‌ده‌ و له‌ناوبردنی كرمی گه‌ده‌ش به‌سووده‌.

 

وشە


PM:12:29:11/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌
Yeezy 350 Boost V2,Adidas Yeezy 750 Boost,Adidas Zestra Chaussures,Nike Air Force 1 07,Air Force 1 Flyknit Chaussures,Air Force 1 Mid 07 Chaussures
Nike Air Max 90 Fireflies,NIKE AIR MAX 90 MID,NIKE AIR MAX 95,NIKE AIR MAX 95 CHAUSSURES,NIKE AIR MAX MOTION LW,NIKE AIR MAX TAILWIND 8