"داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێم كاریگەری 50 لەسەدی لەسەر بازرگانی كردووە"

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، سیروان محەمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاند: "داخستنی فڕۆكەخانەكانی سلێمانی و هەولێر و رێگە نەدان بە گەشتە نێودەوڵەتییەكان لەو فڕۆكەخانانەوە كاریگەری زۆر گەورەی دروست كردووە لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پێشتر بازرگانەكانمان لەو فڕۆكەخانانەوە دەچوونە وڵاتانی دەرەوە و كارە بازرگانییەكانی خۆیانیان ئەنجام دەدا، ئێستا بازرگانەكان ناتوانن لە رێی بەغداوە گەشت بكەن و ماوەیەكی زۆر لە فرۆكەخانەی بەغدا بمێننەوە و كاتێكی زۆریان بەفیرۆ دەڕوات، ئەوەش كاریگەری زۆری كردووە و رۆژانە ژمارەیەكی زۆر بازرگان پەیوەندیمان پێوە دەكەن و ناتوانن گەشتەكانیان بۆ توركیا و وڵاتانی تری جیهان بكەن". 

ئەو وتی: "ئەو رێگرییە كاریگەری لەسەر رەوشی دەروونی بازرگانەكانیش كردووە و گەشەی بازرگانیشی بەرەو دواوە بردووە، لە كارگۆكانیش جموجوڵی بازرگانی بەتەواوی وەستاوە و هیچ چالاكییەكی بازرگانی لەو كارگۆیانەدا نەماوە". 

سیروان محەمەد ئەوەشی وت: "راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان زیانی گەورەی بازرگانی و ئابووری بە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێش گەیاندووە". 

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی كرد بەوەی بازرگانەكانی هەرێمی كوردستان لە ناجێگیری دەرونیدا دەژین و دەستەوەستانن لە ئاست دۆخەكەدا، ئەو وتی: "شەڕێكی دەروونی لە گەڵ بازرگانەكانمان و هاووڵاتیان دەكرێت، دەنگۆی داخستنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق و توركیا و ئێران وای كردووە بازرگانەكانیش نەتوانن سەركێشییەكی ئەوتۆ بكەن و كاڵاكانیان بهێننە یەك لەو وڵاتانە و هەڕەشەی داخستنی سنوورەكانیش هەبێت، ئەگەر رەوشەكە ئاسایی ببێتەوە ئەوكات بازرگانەكان بە ئاسایی كارەكانی خۆیان دەكەن". 

بە وتەی سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی، داخستنی فرۆِكەخانەكانی هەرێم بە رووی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان و ئەو دۆخەی لە دوای ریفراندۆمی 25ی مانگی رابردووی هەرێمی كوردستان دروست بووە، كاریگەری 50 لەسەدی لەسەر ئاڵوگۆڕ و جموجوڵی بازرگانی لەناوخۆی هەرێم كردووە. 

ئەو باس لەوەش دەكات، تائێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەردەوامی هەیە و رۆژانە چەندین بارهەڵگر كەرەستەی پیشەسازی و بیناسازی و كشتوكاڵ لەنێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ دەكەن. 

یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لە پلانیاندایە بۆ باشتركردنی دۆخەكە، بە مزووانە شاندێكی باڵا سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات و گفتوگۆ لەسەر ئەو دۆخەی ئێستا و هەوڵدان بۆ بەرەو پێش بردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا دەكەن، هەمان وەفد دواتر بەنیازن سەردانی توركیاش بكەن. 

سیروان محەمەد لەو بارەیەوە وتی: "ئێمە پلانمان هەیە و وەك یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكان لە كۆبوونەوەی بەردەوامداین بۆ ئەو مەبەستە، شاندێكی باڵامان لە هەرسێ‌ پارێزگاكە و كەركووك بەمزووانە لەسەر بانگهێشتی یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكانی ئێران سەردانی ئەو وڵاتە دەكەین، لەوێ‌ چەندین پرۆتۆكۆلی ئابوری و بازرگانی لەنێوان هەردوولا ئیمزا دەكرێت و لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەكانی وڵاتەكە و بەڕێوەبەری گومرگ و بەڕێوەبەری دەروازە سنوورییەكانیشدا كۆدەبینەوە، ئەوەش بەمەبەستی بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوولا، لەگەڵ توركیاش لە پەیوەندیداین تاوەكو هەمان شاند دواتر سەردانی ئەو وڵاتەش بكات و چەندین پرۆتۆكۆلی بازرگانی و ئابووری هاوبەشیش لەگەڵ توركیا ئیمزا بكەین". 

ئێوارەی رۆژی ٢٩ی ئەیلوولی رابردوو بەبڕیاری حكوومەتی عێراقی و لە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان، گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی راگیرا و تەنها رێگا بە گەشتە ناوخۆییەكان دەدرێت.


PM:04:11:11/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 24 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌