داعش له‌ بۆڕییه نه‌وته‌كانی كه‌ركوك نه‌وتی خاوی دزیوه‌


فەرماندەیەکی حشدی عەشایری  ئاشکرای دەکات ''ئه‌و نه‌وته‌ خاوه‌ی داعش له‌ بۆڕییه نه‌وته‌كانی كه‌ركوكی ده‌دزێت، سووته‌مه‌نیی لێ به‌رهه‌مده‌هێنن و له‌ ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی خۆیاندا به‌ هه‌رزان ده‌یفرۆشن''.

ملازم فیراس موحسین، فەرماندە له‌ هێزه‌كانی حه‌شدی عه‌شائیری سه‌ربه‌ حه‌شدی شه‌عبی، بەئاژانسی ئانادۆڵ رایگه‌یاند، "چه‌كدارانی داعش، ئه‌و نه‌وته‌ خاوه‌ی له‌ بۆڕیی نێوان ناحیەی ریاز سه‌ر به‌ قەزای حه‌ویجه‌ و پاڵاوگه‌ی بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەددین ده‌یاندزی، سووته‌مه‌نیی قاچاخیان لێ به‌رهه‌مده‌هێنا".

ملازم فیراس موحسین جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و شێوازه‌ی داعش بۆ به‌رهه‌مهێنانی سووته‌مه‌نی به‌كاریهێناوه‌، زیانێكی زۆری به‌ ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ گه‌یاندووه‌  ئەو وتی: "تیرۆریستان به‌ دزینی دەرامەتەكانی ژێر زه‌وی ئه‌م وڵاته‌وه‌ نه‌وه‌ستاون، به‌ڵكو، ئه‌و پاڵاوگانه‌ی بۆ به‌رهه‌مهێنانی سووته‌مه‌نی به‌كاریانهێناوه‌، ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ی پیسكردووه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ سامانی عێراقیان زۆر به‌ هه‌رزان به‌ ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی خۆیان فرۆشتووه‌ته‌وه‌  راشیگەیاند: "ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ی داعش له‌ عێراق به‌رهه‌می هێناوه‌، له‌ سووریا ده‌فرۆشرا".


AM:11:25:09/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 225 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌