"گەورەترین نەمامگەی عێراق لە کوردستانە، ساڵانە نزیکەی ٤٠٠ ھەزار نەمام و گوڵ بەرھەم دەھێنێت"

بە دووری ١٠ کیلۆمەتر لە شاری کەرکوکەوە (لەسەر رێگای سەرەکی کەرکووک ـ ھەولێر) نەمامگەیەکی گەورەی گوڵ و نەمام ھەیە، ئەم نەمامگەیە سەدان جۆر گوڵ و نەمامی جۆراوجۆری تێدایە و دەیان کرێکاری کورد و عەرەب و تورکمان و بیانی رۆژانە و بەردەوام سەرقاڵ بەخێوکردنی نەمام و گوڵەکانن.

محەمەد حسێن، خاوەنی ئەم نەمامگەیەیە، ئەو جگە لەوەی بڕوانامەی ماستەری لە بواری باخداری و ئەندازیاری باخچەدا ھەیە، ماوەی ٣٥ ساڵیش ئەزموونی باخداری ھەیە و وەک خۆی دەڵێت پیشەکەی لە باووباپیرانیەوە بۆ ماوەتەوە.

ئەو لە بارەی نەمامگەکە وتی: "نەمامگەی محەمەد گەورەترین و یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق. لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق و لە ساڵی ٢٠٠٤ دەستمان کرد بە دروستکردنی نەمامگەکە".

خاوەنەکەی دەڵێت "سەرەتا پڕۆژەیەکی بچووک بوو، دواتر وردە وردە پەرەمان پێدا و پڕۆژەکەمان گەورە کرد، یەکەمجار لە تورکیا و ھۆڵەندا و وڵاتانی تری ئەورووپاوە نەمام و گوڵمان دەھێنا و پەروەردەمان دەکرد و لەگەڵ ژینگەی ئەم ناوچەیە دەمان گونجاندن و دواتر دەمان فرۆشت بە کەرکووک و شارەکانی تری ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام دوای ئەنجامدانی چەندین توێژینەوە لەگەڵ پسپۆڕانی بوارەکە، خۆمان دەستمان بە بەرھەمھێنانی ئەو گوڵ و نەمامانە کردووە".

ئەم نەمامگەیە لەسەر رووبەری ٦٥ دۆنم زەوی دروستکراوە و ساڵانە سەدان جۆر گوڵ و نەمام بەرھەم دەھێنێت، تێیدا ٦٠ کارمەند لە کورد و عەرەب و تورکمان و بیانی رۆژانە کار دەکەن و سەرقاڵی بەخێوکردن و بەرھەمھێنانی گوڵ و نەمامن.

محەمەد حسێن دەڵێت "ساڵانە نزیکەی ٤٠٠ ھەزار گوڵ و نەمامی جۆراوجۆری وەرزی و چوار وەرزە بەرھەم دەھێنین و گەورەترین نەمامگەین لەسەر ئاستی عێراق، بەرھەمەکانمان رەوانەی شارەکانی تری ھەرێم و عێراق و ئێران و ئوردن و سووریا دەکەین و لەو ناوچانە بریکاری خۆمان ھەیە".

بە ھۆی گەورەیی و جوانی نەمامگەکە و بوونی سەدان گوڵی رەنگاوڕەنگ لە نەمامگەکەدا، رۆژانە ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی کەرکووک و دەورووبەری و ئەو گەشتیارانەی رۆژانە لەو رێگەیەوە گەشت دەکەن سەردانی دەکەن و بەرھەمەکانی دەبەنەوە لەگەڵ خۆیان.


PM:02:43:22/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌