بۆچی‌ تایبه‌تسازی‌ له‌میسر شكستیهێنا؟

ئه‌زمونی‌ میسر له‌تایبه‌تسازییدا، به‌یه‌كێك له‌خراپترین ئه‌زمونه‌كان داده‌نرێت، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ هه‌ڕه‌مه‌كی‌ كۆمپانیا‌و كارگه‌كانی‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ دران به‌گروپێك له‌سه‌رمایه‌داریی‌ هاوبه‌شی‌ كاربه‌ده‌ستان.
 
له‌میسر، به‌رنامه‌ی‌ تایبه‌تسازی‌ ئه‌و كۆمپانیانه‌ی‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت خاوه‌نیان بو، وه‌ك به‌شێك له‌پڕۆژه‌ی‌ چاكسازی‌ ئابوری‌ له‌ژێر چاودێری‌ سندوقی‌ دراوی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ساڵی‌ 1991ه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد. بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆ پێویستیی‌ گۆڕینی‌ سیسته‌می‌ مه‌ركه‌زی‌ داخراوی‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ له‌و وڵاته‌دا بۆ كه‌رتی‌ تایبه‌ت‌و بۆ په‌یڕه‌كردنی‌ پره‌نسیپه‌كانی‌ بازاڕی‌ ئازاد ده‌كرد. 

له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ 1991 تا 1993، له‌میسردا زیاتر له‌ 282 كۆمپانیا‌و كارگه‌ی‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت فرۆشران. به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌ی‌ فرۆشتن‌و تایبه‌تسازییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ شه‌فاف‌و رێكخراو ئه‌نجام نه‌درا، میكانیزمه‌كان‌و هه‌نگاوه‌كانی‌ گۆڕینی‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ بۆ كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می‌ سه‌رۆكی‌ پێشوتری‌ میسر "موباره‌ك"دا پڕ له‌هه‌ڵه‌‌و كه‌م‌و كورتی‌ بوون، به‌هۆی‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و رۆتین‌و بیرۆكراسیه‌تی‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌. 

له‌مۆدیلی‌ تایبه‌تسازی‌ میسرییدا، كۆمپانیا‌و كارگه‌كان نه‌كران به‌پشك له‌بۆرسه‌دا‌و راسته‌وخۆ به‌وه‌به‌رهێنه‌ر‌و سه‌رمایه‌دارێك فرۆشران، كه‌ زۆربه‌یان خۆیان كاربه‌ده‌ستی‌ ده‌وڵه‌ت یاخود له‌كاری‌ بازرگانیدا شه‌ریكی‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ ده‌وڵه‌ت بوون. گه‌وره‌ترین كه‌موكورتی‌‌و گه‌نده‌ڵی‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش له‌وه‌دا بوو كه‌ پرۆسه‌ی‌ تایبه‌تسازی‌ كۆمپانیاكانی‌ كه‌رتی‌ گشتی‌، له‌لایه‌ن بانكه‌كانی‌ كه‌رتی‌ گشتییه‌وه‌ سپۆنسه‌ر كران‌و ئه‌و سه‌رمایه‌دارو كاربه‌ده‌ستانه‌ی‌ ده‌یانكڕی‌، له‌بانكی‌ گشتی‌ پاره‌یان به‌قه‌رز ده‌درایه‌.  

هه‌روه‌ها پێش ئه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ تایبه‌تسازی‌ رووبدات، له‌میسردا یاساكان هه‌موار نه‌كرانه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ نوێیه‌ی‌ ئابورییدا بگونجێنرێت، به‌تایبه‌تی‌ یاسای‌ كۆمپانیاكان. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ تایبه‌تسازی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ شه‌فاف ئه‌نجام نه‌درا، رای‌ گشتیش بۆ گرنگیی‌‌و پێویستیی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئاماده‌نه‌كرا. هه‌ربۆیه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بوه‌ هۆی‌ پاشه‌كشه‌ی‌ ئابوری‌ نیشتمانی‌‌و زیادبونی‌ رێژه‌ی‌ بێكاری‌‌و ده‌ركردنی‌ نزیكه‌ی‌ ملیۆنێك كرێكار‌و كارمه‌ند له‌سه‌ر كاره‌كانیان، هه‌روه‌ها بوه‌ هۆی‌ گرانتربونی‌ نرخی‌ كاڵاكان‌و پاشاگه‌ردانی‌ له‌بازاڕ‌و زیادبونی‌ جیاوازی‌ چینایه‌تیی. 

هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ پرۆسه‌ی‌ تایبه‌تسازی‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ پشتیوانی‌ لێبكرێت له‌و وڵاته‌دا، له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ دژایه‌تی‌ كرا‌و ده‌وڵه‌ت به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرا كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌وه‌ گه‌شه‌ی‌ به‌گه‌نده‌ڵی‌‌و به‌رخۆری‌‌و ناشه‌فافیه‌ت‌و پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ چه‌ند سه‌رمایه‌دارێكی‌ چاوچنۆك داوه‌.

ئابوریناسان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ شكستی‌ تایبه‌تسازی‌ له‌میسردا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئیراده‌یه‌كی‌ سیاسیی به‌هێزیی‌ ناوخۆی‌ له‌پشته‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو به‌هۆی‌ فشاری‌ ده‌ره‌كییه‌وه‌ ئه‌نجامدرا نه‌ك به‌خواستی‌ ناوخۆ، ده‌وڵه‌تیش له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌داهاتی‌ فرۆشتنی‌ موڵكه‌ حكومییه‌كان، ژێرخانی‌ ئابوری‌ له‌و وڵاته‌دا به‌هێز بكات، داهاته‌كه‌ی‌ خراپ به‌كارهێناو ته‌رخانی‌ كرد بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی


PM:09:07:15/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 286 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌