ترسناکترین شوێنە گەشتیاریەکان لەجیهاندا

زۆرێک لەوکەسانەی کە عاشقی فیلمە ترسناکەکانن حەز بە ئەنجامدانی گەشتێکی سەرکەشی دەکەن کە تیایدا ئەوە ئەزموون بکەن کە لە فیلمەکاندا بینیوویانە.

ئەمانەش کۆمەڵێکن لە ترسناکترین ناوچە گەشتیارییەکان لە جیهاندا :

١- دوورگەی بوکەڵەکان (ئیسلا دێ لا مونێکاس)، مەکسیک

چیرۆکی دورگەی بوکەڵەکان بەم شێوەیەیە ، ڕۆژێک کچێکی بچکۆلە لە دورگەکەدا دەخنکێت و ڕوحەکەی هەرگیز ئازاد نابیت، لە دوای ڕووداوەکە "جولیان سانتانا بارێرا” لە نزیک لاشەی کچە بچکۆلەکەوە بوکەڵەیەک دەدۆزێتەوە، بۆیە لەو کاتەوە جولیان بوکەڵە کۆدەکاتەوە و هەڵیدەواسێت لە دورگەکەدا بەو هیوایەی کە ڕوحی کچە بچکۆلەکە ئازاد بکات.

لە ئێستادا بەهۆی ئەم چیرۆکە ئەفسانەییەوە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران ڕوو دەکەنە ئەو دورگەیە.

٢- باخچەی بۆمارزۆ (ساکرۆ بۆسکۆ)، ئیتالیا

 

باخچەی بۆمارزۆ لە نێوان ساڵەکانی ١٥٤٨ – ١٥٨٠ بۆ "دوق پایەر فرانسیسکۆ ئۆریسین” دروست کراوە، لەناو باخچەکەدا ٣٠ پەیکەر دروست کراوە لەوانەش پەیکەری "هەرقل” و "ئەفرۆدیت” و "سێربرەس” و دەروازەکەی دۆزەخ لە ئەفسانەی یۆنانیدا، لە ئێستادا ئەم شوێنە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار ڕووی تێدەکات و ناویان لێناوە "پارکی دڕندەکان”  .

٣- شاری تارماییەکان- سێنترالیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

 

لە ساڵی ١٩٦٢ بەهۆی ڕووداوێکەوە شارەکە بە تەواوی گۆڕانکاری بەسەرداهات و وەک یەکێک لە شارەکانی نێو فیلمە ترسناکەکانی لێهات، یەکێک لە بەناوبانگترین فیلمە ترسناکەکان بە ناوی (سایلێنت هیڵ) هەر لەم شارەدا بەرهەم هێنرا، کاتێک ئاگرکوژێنەوەکان خۆڵ و خاشاکی شارەکەیان دەسوتاند کە لە یەکێک لە کانەی خەڵوزە لە کار کەوتووەکاندا کۆکرابووە، ئاگرەکە تەشەنەی سەند و ئەو خەڵوزەی کە لەوێبوو گڕی گرت و تا ئێستاش هەر بەردەوامە لە سوتان،  ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە فۆتۆگرافەرەکان و ڕۆژنامە نوسەکان و گەشتیاران ڕوو بەکەن ئەو شارە.

٤- گردێک لە خاچەکان (کرایز کالناز)، لیتوانیا

 

گردی خاچەکان یەکێکە لە کۆنترین گۆڕستانەکانی ئەو ناوچەیە، کە شوێنێکی پیرۆزی کاسۆلیکییەکانەو ساڵانە وەک حەجکردن سەردانی ئەم شوێنە دەکەن، خەڵکی لەو بڕوایەدان ئەگەر خاچێک لێرە جێبهێڵن ئەوا هەموو ئاواتەکانیان دێتە دی، ئەفسانەی ناوچەکە دەڵێت وەختی خۆی جوتیارێک دوو کچی هەبووە زۆر نەخۆشبوون، ئەویش وەک پاڕانەوەیەک خاچێکی چاندووە بەو هیوایەی دوو کچەکەی لە مردن ڕزگاریان ببێت، پاش ماوەیەک خاچەکە لەسەر پێ وەستاوە و دوو کچەکەیشی چاکبوونەتەوە.

٥- دارستانی ئاوکیگاهارا، ژاپۆن

 

ئەم دارستانە ناسراوە بە "دارستانی خۆکوژی” – ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت خۆیان بکوژن حەزدەکەن لەو دارستانەدا کۆتای بە ژیانیان بهێنن، حکومەت هەموو ڕێ و شوێنێکی توندی گرتووەتە بەر تاوەکو ڕێگری لەو کەسانە بکات کە دەچنە ناو دارستانەکە بۆ خۆکوژی، پۆلیس لە هەموو شوێنێکی ناو دارستانەکەدا پاسەوانی داناوە، هەموو شوێنێکیش لە ژێر چاودێری کامێرادایە، هەرکەسێکیش دەستگیر بکرێت ڕادەستی پۆلیس دەکرێت.

 

٦- ئۆردۆس کانگباشی، چین

بەهۆی گرفتی دارایی و بەرزی نرخی موڵکەکان بارودۆخی ئەم شارە جێگیر نابێت، ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارە٢٠،٠٠٠ کەسە، بەڵام لە ڕاستیدا شارەکە وا دروست کراوە کە ٢ ملیۆن دانیشتوان بگرێتە خۆی،  لەبەر گەورەیی شارەکە و کەمی ژمارەی دانیشتوان  وەک شارێکی زۆر چۆڵ دەردەکەوێت، خەڵکانی ناوچەکە شارەکەیان ناوناوە شاری تارماییەکان.

 

٧- دەریاچە پەڵەکەکە، کەنەدا

دەریاچەکە دەکەوێتە کۆڵۆمبایی بەڕیتانییەوە، دانیشتوانی ئۆکاناگان بە "کلیلوک” ناوی دەبەن، بەسەر ڕووی دەریاچەکەوە دیارە کەوا ئاوەکە پێکهاتەیەکە لە کبریتاتی مەگنیسیۆم، ڕێگەپێنەدراوە کەوا گەشتیاران نزیکبنەوە لەم دەریاچەیە، تەنها وێنە گرتنی دەریاچەکە ڕێگە پێدراوە، بۆیە زیاتر بە گەشتیکی فۆتۆگرافی ناسراوە.

٨- سێدلێک ئۆسواری (کۆستنس ڤی سێدلیک)، کۆماری چیک

 

ئەم کڵێسایە ناسراوە بە "کڵێسای گشت قەشەکان”، لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی وڵاتی چیکە لە شاری کوتنا هۆرا، ئەوەی ئەم کڵێسایەی بەناوبانگ کردووە ئەوەیە کەوا هەموو دیکۆرەکانی ناو کڵێساکە بە ئێسکی مرۆڤەکان کراوە،  گۆڕستانەکە نەیدەتوانی هەموو لاشەی مردووەکان بگرێتە خۆی بۆیە بیریان لەوە کردەوە کە کڵێسایەک دروست بکەن و بە ئێسکی مرۆڤە مردووەکان بیڕازێننەوە.

٩-  پردی ئۆڤەرتاون، سکۆتلەند

 

ئەم پردە لە شاری ”دەمبارتۆنە” بەوە ناوبانگی دەرکردووە کە سەگەکان هەمیشە لەوێوە خۆیان فڕێدەدەنە خوارەوە، هەمووجارێک لە هەمان شوێنەوە، تا ئەوکاتەی زانا "دەیڤد سێکستۆن” لە شوێنەکەی کۆڵییەوە خەڵکی وایاندەزانی شوێنەکە جادوی لێکراوە، بەڵام دەیڤد ئەوەی ڕوونکردەوە کەوا پیسایی جرج و مشکەکانە کاریگەری دەکاتە سەر سەگەکان و وایان لێدەکات خۆیان فڕە بدەنە خوارەوە.

١٠- دورگەی پۆڤێگلیا، ئیتالیا

 

ئەفسانەکان دەڵێن "پۆڤێگلیا” شوێنی کوشتنی ئەو کەسانە بووە کە تاعونیان هەبووە، لەبەر ئەوەی کە بە ویستی خۆیان نەکوژراون هێشتا ڕوحەکانیان لە ناوچەکەدا ماوەتەوە، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٢٢ بۆ ١٩٦٨ نەخۆشخانەیەکی دەروونی لە دورگەکەدا دروست کرا، پاش ئەوەی کۆمەڵێک تاقیکردنەوە ئەنجامدرا لەسەر نەخۆشەکان، دکتۆری باڵای نەخۆشخانەکە توشی نەخۆشی دەروونی بوو، پاش ماوەیەکی کەم خۆی کوشت،  لەو کاتەوە نەخۆشخانەکە داخراوە و چوون بۆناو دورگەکە قەدەغەکراوە.




AM:02:19:15/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 174 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌