"هاووڵاتیانی هەرێم بێبەشدەبن لەوەرگرتنی قەرزی پیشەسازی عێراق"

بریكاری وەزارەتی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەهۆی كێشە سیاسییەكانەوە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێبەش دەبن لە وەرگرتنی قەرزی پیشەسازی.

عادل كەریم، بریكاری وەزارەتی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكانی عێراق لە چاوپێكەونێكدا باس لەوەدەكات، بەهۆی ئەوەی كارگەكانی هەرێم مۆڵەتیان لە بەغدا وەرنەگرتووە بۆیە لەناوچەكانی خواروو باج دەخرێتە سەر بەرهەمەكانیان، ئەمەش بەهۆی كەمتەرخەمی و بەدەنگەوە نەهاتنی حكومەتی هەرێمەوەیە.

دەمەوێت باس لە سیاسەتی پیشەسازی عێراق بكەیت بەراورد بە رابردوو ئایا پێتوانییە پاشەكشەی كردووە؟  
عادل كەریم: پێش 2003 لە عێراقدا سیاسەتی ئیشتراكی پەیڕەوكراوە حكومەت خاوەنی زۆربەی كارگەكان بوو، بۆیە ئیدارەكە مەركەزی بووە و بازاڕی عێراق پارێزراوە لە هەموو كاڵایەكی دەرەكی تەنها ئەوانە نەبێت كە حكومەت خۆی مۆڵەتی پێداون هاوردە بكرێن، ئەوكات كارگەكانی عێراق بەشێكیان لەكاردا بوون هەرچەندە زۆربەیان كۆن و خراپ بوون، دوای رزگاركردنی عێراق سیاسەتی بازاڕی ئازاد پەیڕەوكرا ئەمەش وایكرد كاڵایەكی زۆری بیانی بێتە ناو عێراقەوە بە نرخێكی هەرزان، جگەلەوە فرۆشتنی نەوتێكی زۆر و پێدانی پارەی هاوكاری بەعێراق و چاككردنی بوودجە و موچە وایكرد ئابوری عێراق و نرخی دراوەكەی بەهێزبێت، یەكێك لە بڕیارە هەڵەكانی بریمەر لابردنی گومرگ بوو لەسەر كاڵا، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو كاڵایانەی لە عێراق بەرهەمدەهێنران نەیاندەتوانی ڕكابەری كاڵای بیانی بكەن، چونكە لەدەرەوە تەكنەلۆجیای بەرهەمهێنانی زۆر بە نرخێكی كەم هاتبووە ئاراوە و لە عێراقیشدا بەپێچەوانەوە، جگەلەوە بەشێكی زۆری كارگەكان دزران و وێنرانكران، ئێستاش عێراق بوەتە شوێنی ساغكردنەوەی كاڵای ئێرانی و توركی و چینی، پێموایە دەبێت زۆربەی كارگەكان ڕێكبخرێن و بفرۆشرێن بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت بەڕێوەی بەرێت، لەبەرئەوەی تائێستا یاسایەك نییە بۆ بەتایبەتكردن، بۆیە نەتوانراوە ئەمە بكرێت پێشتر هەوڵدرا ئەم كارگانە چاكبكرێنەوە و بەشێكی زۆریان دران بە وەبەرهێنان بەتایبەت كارگەكانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ.

بەپێی یاسا لە عێراقدا ئەگەر كەسێك پڕۆژەیەكی پیشەسازی هەبێت چۆن هاوكاری دەكرێت و مەرجەكانی چیین؟
عادل كەریم: حكومەتی عێراق لەئێستادا قەرزێكی داناوە بۆ كەرتی پیشەسازی بۆ ئەو مەبەستەش چەند پڕۆژەیەكم پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بەنزیكی 1 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار دانراوە بۆ پڕۆژە تایبەتەكانی كەرتی پیشەسازی، ئەم بڕە پارەیەش بەپێی ژمارەی دانیشتوان بەسەر  پارێزگاكانی عێراقدا دابەشكراوە جگە لە هەرێمی كوردستان، مەرجەكان بۆ پێدانی قەرزەكە دەبێت پڕۆژەیەكی پیشەسازی بێت و گرەنتی ئەوەی هەبێت كە ئەو قەرزە دەگێڕێتەوە، تا نزیكی 20 ملیۆن دۆلار قەرز دەدرێت بە هەر پڕۆژەیەك لە ماوەی 5 تا 10 ساڵدا پێویستە قەرزەكە بداتەوە، بەپێی سیستمێك حكومەت حسابی پڕۆژەكە دەكات، جگەلەوە عێراق لەسەرجەم شارەكاندا كۆمەڵگەی پیشەسازی دەكاتەوە، ئەم پرۆژەیە لە بەسڕە و ناسریە جێبەجێكراوە، هەوڵدەدرێت لە پاریزگاكاندا سەرجەم خزمەتگوزارییەكان بۆ كارگەی نوێ جێبەجێ بكرێت، هەر لەو شوێنانە مۆڵەتی پێبدرێت و دەست بە دروستكردنی بكرێت، بەڵام پێویستە دوربێت لە كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و هاووڵاتیان. 

ئەو قەرزەی كە دەدرێت بە پڕۆژەی پیشەسازی بۆچی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە؟
عادل كەریم: حكومەتی عێراق پارەی لە بانكی مەركەزیی قەرز كردووە، داوامان لە پەرلەمانتارە كوردەكان كرد تا 17%ی ئەو قەرزە بۆ هەرێمی كوردستان لە یاساكەدا بچەسپێنرێت، دیارە بەهۆی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نەتوانراوە ئەمە بكرێت، پێویستە پەرلەمانتارە كوردەكان كە لە لیژنەی دارایین ئەمە بچەسپێنن. 

بۆ بنیادنانەوەی كەرتی پیشەسازی عێراق چەند ملیار دۆلاری پێویستە؟ هاوكات پلانی بنیادنانەوەی موسڵ لەم كەرتەدا چۆنە و چی بۆ دەكرێت؟
عادل كەریم: عێراق یەك دۆلار بۆ چاككردنەوەی كەرتی پیشەسازی تەرخان ناكات، فەلسەفەی عێراق بریتییە لە هاوبەشیكردن لەگەڵ كەرتی تایبەت، سەرجەم كارگە و كارخانەكان رادەستی كەرتی تایبەت بكرێت و چاكی بكەنەوە لەبەرامبەردا بڕە پارەیەك بدەن بە حكومەتی عێراق، لە موسڵ كۆمەڵێك كارخانەی چیمەنتۆمان هەیە وەك حەمام عەلیل و بادوش و سنجار، جگەلەوە لەناو موسڵدا چەندین كارگەی ترمان هەیە، هەندێكیان بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانیان بەركەوتووە، بڕیارە كارگەكان بدرێنە كەرتی تایبەت لەبەرامبەردا بەشێك لە بەرهەم و قازانجەكەیان بدرێتە حكومەت گرنگ ئەوەیە بخرێنەكار. 

ئایا گرێبەستی نوێ هەیە لەنێوان هەرێم و وەزارەتی پیشەسازی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە؟
عادل كەریم: بۆ ئەو مەبەستە چەند جارێك چومەتە هەولێر، تائێستا یەك وەزیری پیشەسازی هەرێم نەهاتوەتە عێراق ئەمە زەرەری هەیە، چونكە كۆمەڵێك دۆسیە لەنێوانی هەردوولادا هەیە و هەرێم كەمتەرخەم بووە، بۆنموونە ئەو كارخانانەی لە كوردستان مۆڵەت وەردەگرن لە عێراق ناناسێنرێن و دانیان پێدانانرێت، بۆیە بەرهەمەكانیان لە ناوچەكانی خوارووی عێراق گومرگ دەكرێت.

بەپێی ئەو پشكنینانەی كردوتانە یەدەگی سامانی سروشتی عێراق چەندە؟
عادل كەریم: لە عێراقدا لەدوای ساڵی 1984وە پشكنینی تەواوكراوە بۆ هەموو شتێك كە لە ژێر زەویدا هەیە، لە كوردستاندا ئەمە نەكراوە، هەندێك شوێن كە لە پێشتردا كراوە بەهۆی نەمانی شەڕەوە بووە، بۆنموونە لە 1974 بۆ 1975 پشكنین بۆ هەندێك شوێن كراوە، جگەلەوە حكومەت هەندێك پشكنینی تری كردووە و دەزانرێت لەكوێ ئاسن و مس و نیكڵ و گۆگرد هەن، بەشێكی زۆری ئەم كانزا سروشتییانە دەكەونە سنورەكانی هەرێمی كوردستان وەك پێنجوێن، هەرچەندە بڕەكەی نازانرێت چەندە، بۆ ئەو مەبەستە پێشتر پڕۆژەیەكمان داوە بە حكومەتی هەرێم تا پشكنین دەستپێبكەن و عێراقیش هاوكاریان بیت بوودجەی زۆریشی پێویست نییە، بەڵام نەكرا.

زۆربەی سەرمایەدار و بازرگانەكانی هەرێم گلەیی ئەوە دەكەن ئەو بەرهەمانەی لە هەرێمەوە ڕەوانەی ناوچەكانی خوارووی عێراق دەكرێن باجیان لێ وەردەگیرێت، بۆچی باجیان دەخرێتەسەر لەكاتێكدا لەناو عێراقدا بەرهەمدەهێنرێت؟ چیتانكردووە بۆ نەهێشتنی باج؟
عادل كەریم: ئەمە لەوە سەرچاوەی گرتووە كاتێك حكومەتی عێراق یاسای باجی جێبەجێكرد هەرێم پێوەی پابەند نەبوو، ئەو گومرگەی وەردەگیرێت بەشێكی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم، بۆیە عێراق یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكانی دەركرد یاساكەش لەلایەن وەزارەتەكەی ئێمەوە جێبەجێدەكرێت، بەم پێیە هەر بەرهەمێك كە لەدەرەوە هاوردە دەكرێت گومرگی دەخەینەسەر تاوەكو بەرهەمی ناوخۆ بپارێزین و خەڵك هانبدەین پیشەسازی بكات و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بپارێزین، چونكە بەمشێوەیەی ئێستا كە هەموو شتێك هاوردە دەكرێت ناتوانین پارێزگاری لێ بكەین، لەهەمانكاتدا توانیومانە پارێزگاری لە بەرهەمی چیمەنتۆ بكەین، زیاتر لە 60%ی چیمەنتۆی عێراق لە كوردستان و سلێمانی بەرهەمدێت، ئەگەر ئەو یاسایەمان جێبەجێ نەكردایە ئێستا سەرجەم كارگەكانی هەرێم داخرابوون، جێی داخە لە سنورەكانی كوردستانەوە ڕێگە دەدرێت بەهێنانی چیمەنتۆی دەرەوە، زیانێكی گەورەیە بۆ ئابوری خەڵك و كارگەكان، وەكو وەزارەتی پیشەسازی عێراق نزیكەی 70 بەرهەممان پاراستووە، هەر كاڵایەك لەدەرەوە بێت زیاتر لە 50%ی باجی دەخەینە سەر بۆ ئەوەی خەڵك ناچاربێت بەرهەمی خۆماڵی بكڕێت، ئەمەش وادەكات وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی لە عێراقدا كاربكەن، چونكە بازاڕەكەیان مسۆگەرە، ئەگەر هەرێم لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی عێراق پابەندبوایە بە یاساكەوە ئەو باجەش وەرنەدەگیرا لەسەر هەندێك بەرهەم، بەڵام ئێستا لەسەر چیمەنتۆ نەماوە.

لە چوارچێوەی وەزارەتەكەی خۆتدا چیتكردووە بۆ هەرێمی كوردستان؟
عەلی كەریم: دەتوانیت لە وەزارەتی پیشەسازی و وەبەرهێنەرە كوردەكان بپرسیت ئایا من چیمكردووە؟ بۆ نموونە سەرپەرشتی پڕۆژە یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكانم كردووە، وەفدی توركی و ئێرانی هاتنە لام بۆ ئەوەی ئەم یاسایە لەسەر چیمەنتۆ جێبەجێنەكرێت بەقسەمان نەكردن، ئەمەش وایكرد كارگەكانی ناوخۆ بكەونەوە كار، كارمكرد بۆ ئەوەی ئەو لۆگۆ   بازرگانییانەی كوردستان لەعێراقدا بەكاربهێنرێت، یاساش لە من گەورەترە هەندێكجار ناتوانین بجوڵێینەوە.

دەوترێت لە هەرێم ئاسانكاری باش بۆ وەبەرهێنەر و سەرمایەدارە عەرەبەكان دەكرێت، بەپێچەوانەوە لەناوچەكانی خواروو ئاستەنگ بۆ سەرمایەدارە كوردەكان دروستدەكرێت، وەڵامی تۆ چییە؟
عادل كەریم: ڕاست نییە، هەر كوردێك لە عێراقدا وەبەرهێنانی كردبێت بەپێی یاسا ئەوپەڕی پشتگیری كراوە، سەرمایەداری كورد هەیە لە سەماوە و كەربەلا  پڕۆژە جێبەجێ دەكەن، بەپێچەوانەوە پێموایە هەرێمی كوردستان بەوپێیەی ناوچەیەكی چەپەكە و ئارامی تێدایە پێویست بوو زۆرترین ئاسانكاری بۆ وەبەرهێنەری عەرەب بكەن و ڕێزیان لێ بگرن، لەبەر ئەوەی لێرە پارە دەخەنە ئیشەوە، بەداخەوە لە بەغدا پێماندەڵێن داخڵبوونی ئێمە بۆ هەولێر زۆر ناڕەحەتە و بەخراپی مامەڵەمان لەگەڵدا دەكەن.

باس لەوە دەكرێت پڕۆژە پیشەسازییە گەورەكان لەلایەن بەرپرسانی باڵای عێراقەوە كۆنتڕۆڵكراون و ڕێگە نادرێت خەڵكی تر كاری تێدا بكات، تاچەند راستە؟ ئەگەر وایە كێ كۆنتڕۆڵی پرۆژەكانی كردووە؟
عادل كەریم: وانییە، چونكە زۆربەی كارگەكانی عێراق لەلایەن حكومەتەوە بەڕێوەدەبرێن، بەشێكی زۆری پڕۆژە وەبەرهێنەرەكان كورد وەریگرتووە، ئەمەش بەو مانایە نییە بڵێین عێراق بەهەشتە كێشەی نییە.

پێتوایە چارەسەری كێشە ئابورییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چۆن دەكرێت؟  
عادل كەریم: تاكە چارەسەر جیابوونەوەیە لە عێراق، لە هەرێم بونیەی تەحتی لە ئاستێكی باشدایە و پیشەسازی و وەبەرهێنانی باشی تێدا دەكرێت، بەڵام پێویستە دەسەڵات ڕوون و شەفاف بێت لە داهاتدا و چاو بە گوزەرانی خەڵكدا بخشێنرێتەوە، دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم پاش جیابونەوە گرنگە هاووڵاتی عێراق و كوردستان لە هەردوو وڵات ئیقامەیان هەبێت وەك وڵاتانی خلیج.

دوارۆژ


AM:01:59:15/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 271 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌