ئێران: رەخنە لە پشتگوێخستنی ناوچەی بازرگانی بانە و مەریوان دەگیرێت


ڕۆژنامەی قانونی ئێرانی لە ڕاپۆرتێكدا لەژێر ناوی (ناوچەی ئازادی هەژاری) ڕەخنە لە پەرلەمانی ئێران دەگرێت، كە بۆچی ئاوڕ لە ناوچەی بازرگانی ئازادی بانە‌و مەریوان ناداتەوە.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، هێرشە تیرۆریستیەكانی شاری تاران، زەنگی ئاگاداركردنەوەی سنوور نشینەكان بوو كە دەبێت ئاوڕی جدیان لێبدرێتەوە، بەڵام نابێت هێرشە تیرۆریستیەكانی تاران بكرێت بە كێشەیەكی نەتەوەیی، چونكە خەڵكی كوردستانیش بەئاشكرا ئەم هێرشانەیان ئیدانەكردووە. 

هاوكات عەبدولمحەمەد زاهدی پارێزگای كوردستان كە ناوەندەكەی شاری سنەیە بەرۆژنامەی قانونی راگەیاندوە: نوێنەرانی ئێران مەترسی ئەوەیان هەیە كە كردنەوەی ناوچەی بازرگانی ئازاد، ببێتەهۆی لافاوی هاوردەكردن بۆ ئێران، بەڵام ئێمە دەبێت لەبیری چارەسەركردنی بێكاری بین لەم ناوچەیە، سەرەڕای ئەوەش زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوو بەكردنەوەی ناوچەی بازرگانی ئازاد، خۆشگوزەرانی‌و ئەمنیەتی زیاتریان بۆ سنوورەكانی خۆیان گواستۆتەوە.

زاهدی سەبارەت بە ژێرخانەكانی ناوچەی ئازادی بانە و مەریوان ئاماژەی بەوەشكردوە: لە ئێستادا ئێمە لە ڕووی ئاو و كارەبا و رێگاوبانەوە سەرقاڵی ئامادەكردنی پارێزگای كوردستانین بۆ دروستكردنی ئەو ناوچەیە، لە ئەگەری دەنگدان بەم پڕۆژە یاسایەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەڕێژەیەكی زۆر زیاد دەكات.



AM:11:57:16/06/2017




ئه‌م بابه‌ته 504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌