ورده‌كاری سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی كه‌نداو بزانه‌


ئاژانسی بلوومبێرگ، راپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ تێر و ته‌سه‌لی كێشه‌كانی نێوانی وڵاتانی كه‌نداو و قه‌ته‌ری شیكردووه‌ته‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ له‌لایه‌ن گرانت كلاركه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ و تێیدا باس له‌ هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و قه‌یرانه‌ ده‌كات، كه‌ به‌شێكی زۆری په‌یوه‌ندی به‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌، قه‌یرانه‌كه‌ش، هه‌فته‌یه‌ك له‌ دوای سه‌ردانه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ناوچه‌كه‌، سه‌ریهه‌ڵدا.

له‌ لووتكه‌ی نێوان وڵاتانی ئیسلامی و تره‌مپ، سعوودیه‌ هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌ ئێران و هاوكاریكردنی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان نیشاندا و ریاز ته‌هرانی به‌م هاوكاریكردنه‌ تۆمه‌تبار كرد، پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌كانیش له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر، به‌هۆی بوونی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و وڵاته‌ی كه‌نداوه‌ له‌گه‌ڵ ئێران.

وه‌ك راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ئه‌م 11 پرسیاره‌، وه‌ڵامی كۆی هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و قه‌یرانه‌ ده‌رده‌خات.

1- هۆكاری قه‌یرانه‌كه‌ چییه‌؟
به‌شێكی زۆری سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك كلارك ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، پێشتر ئاژانسی فه‌رمی قه‌ته‌ڕ لێدوانه‌كانی میری ئه‌و وڵاته‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ره‌خنه‌ی له‌ هه‌ستی "دژایه‌تیكردنی ئێران" گرتبوو، به‌ڵام هه‌ر زوو به‌رپرسانی قه‌ته‌ڕ لێدوانه‌كانییان ره‌تكرده‌وه‌ و رایانگه‌یاند، كه‌ هاككه‌ره‌كان ئه‌و لێدوانانه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ره‌خنه‌كانی سعوودیه‌ و ئیمارات زیاتر هه‌ڵشكا، به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی شێخ ته‌میم په‌یوه‌ندی به‌ حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێرانه‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌مه‌ش وه‌ك ته‌حه‌دایه‌ك بۆ سعوودیه‌ لێكدرایه‌وه‌.

2- ئایا ململانێیه‌كی ئایینزایی نێوان سووننه‌ و شیعه‌یه‌؟
به‌شێكی به‌ڵێ، به‌و پێیه‌ی ململانێیه‌كی هه‌رێمی له‌نێوان ئایینزای سووننه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سعوودیه‌ و ئایینزای شیعه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌ و هه‌ریه‌ك له‌وانه‌، جه‌مسه‌رێكی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری كێشه‌ و ململانێكانی ناوچه‌كه‌ن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكیشدا سعوودیه‌، پاساو بۆ پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌هێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "قه‌ته‌ڕ به‌ هاوكاریكردنی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانی وه‌كو ئیخوان و رێكخراوی داعش و قاعیده‌، سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ی شێواندووه‌"، هه‌روه‌ها به‌ هاوكاریكردنی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانی نزیك له‌ ئێران تۆمه‌تباری ده‌كات كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی سعوودیه‌ و به‌حره‌ین هه‌ن.

3- بۆچی ئێستا ناكۆكییه‌كان سه‌ریانهه‌ڵدا؟
كلارك له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، دوای سه‌ردانه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ ناوچه‌كه‌ و له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌رانی وڵاتانی ئیسلامی،  به‌ گشتی په‌نجه‌ی تۆمه‌تییان بۆ ئێران راكێشا و به‌ ئاشكرا ئه‌و وڵاته‌یان وه‌ك پاڵپشتیكاری تیرۆریستان وه‌سفكرد، دواتریش هه‌ریه‌ك له‌ ریاز و ئه‌بوزه‌بی، قه‌ته‌ریان به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ هه‌وڵی لابردنی ئه‌و دابڕاوییه‌ ده‌دات، كه‌ تاران تێیدا ماوه‌ته‌وه‌، دواتر ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و كه‌سایه‌تی و رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی كه‌نداو، هێرشییان بۆ سه‌ر قه‌ته‌ڕ ده‌ستپێكرد و به‌وه‌ تۆمه‌تبارییان كرد، كه‌ خه‌نجه‌ری ئێرانی له‌ پشتی دراوسێكانی داوه‌.

سه‌ردانی دۆناڵد تره‌مپ، بۆ سعوودیه و پێشوازیكردنی شاهانه‌ له‌لایه‌ن شا سه‌لمان

4- شرۆڤه‌كاره‌ سیاسییه‌كان چی ده‌ڵێن؟
شرۆڤه‌كاره‌ سیاسییه‌كان پێیان وایه‌، هه‌ریه‌ك له‌ سعوودیه‌ و ئیمارات، دۆستایه‌تی تره‌مپیان قۆستووه‌ته‌وه‌ و به‌كاریده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رهه‌ڵستكارێك نه‌توانێت كۆسپ بخاته‌ به‌رده‌م هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی له‌ دژی هه‌ژموونی ئێران له‌ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ها گوشاری ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌ سه‌ر قه‌ته‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ی واز له‌ هاوكاریكردنی گرووپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كانی وه‌كو ئیخوان و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بهێنێت.

5- بۆچوونی ئێران چییه‌؟
حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ گفتوگۆ قه‌ریرانه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و هاوكاری بكات، هه‌رچی ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نه‌یی، رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ و ده‌سه‌ڵاتی له‌ رۆحانی باڵاتره‌، گوتی: "سعوودیه‌ به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی له‌ یه‌مه‌ن په‌یڕه‌وی ده‌كات، ده‌ڕووخێت".

سعوودیه‌ له‌ مانگی ئاداری 2015ه‌وه‌، له‌ دژی حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن، هاوپه‌یمانییه‌كی پێكهێناوه‌، كه‌ شیعه‌ن و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن، به‌و پێیه‌ی حووسییه‌كان ده‌سه‌ڵاتی عه‌بد ره‌به‌ مه‌نسوور هادییان ره‌تكرده‌وه‌ و ده‌ستییان به‌سه‌ر سه‌نعای پایته‌ختدا گرت كه‌ له‌لایه‌ن كه‌نداوه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێت.

6- گۆڕه‌پانه‌كانی دیكه‌ی ململانێی نێوان سعوودیه‌ و ئێران له‌ كوێیه‌؟
ئه‌و دووڵاته‌ له‌ شه‌ڕێكی بریكاریدان له‌ ناوچه‌كه‌، ململانێكانییان له‌ سووریاوه‌ بۆ یه‌مه‌ن درێژده‌بێته‌وه‌، ریاز گومانی له‌وه‌ش هه‌یه‌، كه‌ ئه‌و هێرشه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ی له ساڵی 2016 كرایه‌ سه‌ر داموده‌زگاكانی حكوومه‌ته‌كه‌ی، به‌ پلانی ئێران بووه‌.

ململانێكانی ریاز و تاران دوور و درێژه‌ و پێشتریش به‌هۆی له‌ سێداره‌دانی نه‌مر ئه‌لنه‌مر، پیاوی ئایینی دیاری شیعه‌ له‌ سعوودیه‌، هاووڵاتییانی ئێران هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی سعوودیه‌ له‌ تاران و ئاگریان تێبه‌ردا، دواتریش په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و دووڵاته‌ پچڕا.

7- ئایا ناكۆكییه‌كان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ڕ نوێن؟
ئه‌و نووسه‌ره‌ ده‌ڵێت: "له‌ ساڵی 2014، هه‌ریه‌ك له‌ سعوودیه‌ و ئیمارات و به‌حره‌ین، خه‌ریكبوون په‌یوه‌ندییه‌كانییان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ڕ بپچڕێنن، كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیش ململانێ ناوخۆییه‌كانی میسر بوو، قه‌ته‌ڕ هاوكاری و پشتیوانی ئیخوانی ده‌كرد له‌و وڵاته‌، هه‌رچی سعوودیه‌ و ئیمارات بوون، پاڵپشتی "كوده‌تای سه‌ربازییان" ده‌كرد، هه‌روه‌ها ده‌وحه‌ میوانداری به‌رپرسانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی و تاڵبیانی ده‌كرد، كه‌ ریاز و ئه‌بوزه‌بی به‌و كاره‌ ئاسووده‌ نین.

بۆیه‌ شرۆڤه‌كاران پێیانوایه‌، ئامانجی سعوودیه‌ له‌ گوشارخستنه‌ سه‌ر قه‌ته‌ڕ به‌هۆی ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و وڵاته‌ له‌ سنوور و چوارچێوه‌ی سه‌نگ و قورسایی ستراتیژی خۆی زیاتر هه‌ڵسووكه‌وت ده‌كات.

8- ئایا قه‌ته‌ڕ كار بۆ تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌كات؟
له‌وانه‌یه‌ ئه‌و كاره‌ بكات، به‌ڵام ئێستا هه‌ندێك كشاوه‌ته‌وه‌ دواوه‌، له‌ سه‌روبه‌ندی راپه‌ڕینی به‌هاری عه‌ره‌بی، قه‌ته‌ڕ جیاواز له‌ ته‌واوی حكوومه‌ت و رێكخراوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هاوكاری ئه‌و گرووپ و كۆمه‌ڵانه‌یان ده‌كرد، كه‌ داوای گۆڕانكارییان ده‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ راپه‌ڕینه‌كان وڵاتانی كه‌نداوییان نه‌گرته‌وه‌، له‌وێوه‌ ئیخوان له‌ میسر گه‌شه‌ی زیاتری كرد، به‌ڵام دواتر قه‌ته‌ڕ پاڵپشتییه‌كانی راگرت، به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی دراوسێكانی له‌ 2014.

قه‌ته‌ڕ هه‌وڵده‌دات وه‌ك ناوه‌ندگیرێكی بێهاوتا له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ڵسووكه‌وت بكات، سه‌ركردایه‌تی ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌، له‌یه‌ك كاتدا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ تاڵبیانیش، به‌ڵام به‌هۆی لایه‌نگیریكردن و پشتگیركردنی ئیخوان، وه‌كو لایه‌نێكی ململانێكان له‌ میسر، ئه‌و پێگه‌یه‌ی له‌ده‌ستداوه‌.

9- چی له‌ باره‌ی قه‌ته‌ڕه‌وه‌ ده‌زانی؟
گه‌وره‌ترین وڵاتی هه‌نارده‌كاری غازی شله‌ له‌ جیهان، هه‌روه‌ها به‌رزترین ئاستی داهاتی هه‌یه‌، قه‌ته‌ڕ ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی میوانداری مۆندیالی 2022 بكات و تۆڕێكی فراوانی ته‌له‌ڤزیۆنی هه‌یه‌، كه‌ ئه‌لجه‌زیره‌یه‌، هه‌روه‌ها گه‌وره‌ترین بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له‌ناوچه‌كه‌ له‌و وڵاته‌یه‌، كه‌ بنكه‌ی ئاسمانی ئه‌لعه‌دیده‌ و به‌مدواییانه‌ سعوودیه‌ داوای له‌ ئه‌مه‌ریكا كرد، بنكه‌ ئاسمانییه‌كه‌ بگوازێته‌وه‌ خاكی وڵاته‌كه‌ی، له‌ ئێستاشدا نزیكه‌ی 10 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له‌ قه‌ته‌ڕ بوونیان هه‌یه‌.
 
به‌ندرێكی هه‌نارده‌كردنی غازی شل له‌ قه‌ته‌ڕ

10- كاریگه‌ری قه‌یرانه‌كه‌ له‌سه‌ر بازاڕ چییه‌؟
كلارك باس له‌وه‌ ده‌كات، هه‌ر ململانێیه‌ك له‌ناوچه‌كه‌، ناجێگیرییه‌ك له‌ بازاڕه‌كانی نه‌وت درووست ده‌كات، ململانێی نێوان وڵاتانی كه‌نداو، ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانییه‌كان، گرووپی سیتی رایگه‌یاندووه‌، كه‌ گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران، كاریگه‌ری له‌ راده‌به‌ده‌ری له‌سه‌ر بازاڕه‌كانی نه‌وت و دارایی جیهاندا ده‌بێت.

هه‌ر بۆیه‌ به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه‌نداو و پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌كانی سعوودیه‌، ئیمارات، به‌حره‌ین و میسر له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ڕ، پشكه‌كانی ئه‌م وڵاته‌، 5% داكشاوه‌.

11- له‌به‌رچی ئه‌م قه‌یرانه‌ جیاوازه‌؟
مه‌هران كامراڤا، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانكۆی جۆرج تاونی قه‌ته‌ڕ، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی تره‌مپ ده‌ڵێت: "جیاوازی و ناكۆكییه‌كانی نێوان وڵاتانی كه‌نداو شتێكی نوێ نییه‌، به‌ڵام كات و ئاستی ئه‌و گوشار و ناكۆكییه‌كانه‌ جێگه‌ی سه‌رنجن كه‌ پێشتر به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش خواست و ویستی سعوودیه‌ و ئیمارات نیشانده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ته‌ڕ به‌ ته‌واوی ملكه‌چ بكه‌ن".


AM:10:51:08/06/2017




ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Yeezy 350 Boost V2,Adidas Yeezy 750 Boost,Adidas Zestra Chaussures,Nike Air Force 1 07,Air Force 1 Flyknit Chaussures,Air Force 1 Mid 07 Chaussures
Nike Air Max 90 Fireflies,NIKE AIR MAX 90 MID,NIKE AIR MAX 95,NIKE AIR MAX 95 CHAUSSURES,NIKE AIR MAX MOTION LW,NIKE AIR MAX TAILWIND 8