موسه‌ده‌ق ئه‌و سه‌ركرده‌ به‌هێزه‌ی نه‌وت سه‌ریخوارد

ژمارەیەک لە مێژوونووسان موسەدەق تەنها وەک پیاوێکی سیاسی وەسف دەکەن، کە باوەڕی بە یاسا و رێسای دیموکراسی هەبووە، لەم گۆشەنیگاوە، موسەدەق هێمای سەربەخۆیی و دیموکراسی خوازی بوو، ئەگەر چی لە بنەماڵەیەکی سوننەتی لە دایک ببوو، بەڵام لە سیاسەتدا رەفتار و سیاسەتێکی مۆدێرنی رەچاو دەکرد. ئەم تایبەتمەندی و شێوە رەفتارەی موسەدەق، زۆرتر لە میانەی کاروباری نوێنەرایەتیکردنی لە پەرلەمان رەنگی داوەتەوە(١)

جێگایەک کە تێیدا بەرگری توندی لە مافەکانی خەڵک دەکرد و لە ئامادەکردن و پەسەندکردنی زۆر لەیاسا مەدەنیەکان، قسەی یەکەمی پێ بووە، وەک کەسایەتییەکی شوێندانەر. بە سەرنجدان بەوەی کە بواری خوێندنی مافەکان بوو، بەباشی ئەم ئەرکەی راپەڕاندووە و لەم بوارەدا پێشەنگ بووە. کاریگەری سیاسی و بواری کارکردنی مەدەنیانەی موسەدەق بە ئاراستەی یاسا مەدەنیەکان و پەسەندکردنیان لەپەرلەمان، ئێستاش جێی سەرنج و بایەخ و لێ وردبوونەوەیە. (٢)

موسەدەق بۆ پەسەندکردنی ئەم یاسایانە، هه‌وڵی جدی ده‌دا، بۆیه‌ وه‌ك پێشڕەوی خەڵک ده‌ناسرا، هەر ئەو بوو کە دەیگوت ناوەڕاستی شەقام، پەرلەمانە. بەڵام به‌جۆرێكیش پەیامی خەڵکی لە بیرکردبوو، دەنگێک کە لە سەر سفرەی بەتاڵ و فەقیرانەی خەڵک بەرز دەبووەوە. (٣)

موسەدەق لە جەوی سیاسی دەوروبەرەکی، یەک شتی لە بیر کردبوو، پێی وابوو خۆماڵکردنی نەوت سەرەتای چارەسەری و کۆتایی کێشەکانە. لە نەبوونی دامەزراوەی سیاسی و مەدەنی، سیاسییەک کە بیهەوێ پشتی دەسەڵاتێک کە چەکی بە دەستەوەیە لە عەرز بدات، چارێکی نییە مەگەر ئەوەی پشت بە دەنگی شەقام ببەستێت. دروشمی خۆماڵی کردنی پیشەسازی نەوت، دروشمێکی خەڵکیانە و سادە بوو، هەر ئەمەش موسەەدقی گەیاندە دەسەڵات. بەڵام موسەدەق نەیتوانی لە رووی مادییەوە، ئەم دورشمەوە بکات بە دەستکەوت. (٤)

هەر بۆیە، رۆژی کودەتاکە خەڵکەکە نەهاتنە سەرشەقام و موسەدەقیان بە تەنها هێشتەوە، نە تەنها بەرگرییان لێ نەکرد، بەڵکوو لە دژیشی وەستانەوە. موسەەدق کە بەردەوام پشتی بە رای جەماوەر و شەقام دەبەست، تەنانەت رۆژی کودەتاکەش بە هۆی متمانەی لە رادەبەدەری بە خەڵک، نەیتوانی بەربەرەکانێی کودەتاچییەکان بکات. ئەو تەنانەت هۆشدارییەکانی کەسە نزیەکانیشی بە هەند وەرنەگرت (٥)

  • موسەدەق کێ بوو؟

مانگی مەی ١٨٨٢ ،وەزیری نووسینگەی  ناسرەدین شا بوو بە خاوەن کورێك، کە دواتر جڵەوی بزووتنەوەیەکی گەورەی سیاسی و ئابووری بە دەستەوە گرت، دواهەنگاویشی خۆماڵیکردنی پیشەسازی نەوتی ئێران بوو. هەنگاوێک کە ئێستاشی لەگەڵ بێت بە گەورەترین هەوڵ لە میژووی سەربەخۆیی ئابووری ئێران هەژمار دەکرێت.(٦)

محەممەدی موسەدەق، کوڕی میزرا هیدایەتوڵڵا ئاشتیانی بوو، کە لە سەردەمی ناسرەدین شا بەوەزیری نووسینگەی شا بەناوبانگ بوو. کەسێک کە شای ئێران، حیسابی تایبەتی لە سەر دەکرد و هەر بەم هۆیەشەوە لە دوای مەرگی میرزا هیدایەتولڵا لە ساڵی ١٨٩٢ ،پیشە و کاروبارەکەی رادەستی کوڕە ١٠ ساڵانەکەی کرد و ناسناوی «مصدق‌ السلطنه»ی بۆ هەڵبژارد. ناوێک کە دواتر بە محەممەدی موسەدەق ناوبانگی دەرکردو کاتی مەرگیشی هەر بەو ناوە دەناسرایەوە.

محەممەد، دوای خوێندنی سەرەتایی لە تەورێز، رووی کردە تاران و کاتێک کە تەمەنی ١٧ ساڵ بوو وەک ژمێریاری داهاتی باج و ماڵیات دیاریکرا. لە سەردەمی مەشرووتە ئەم پیشەیە کەوتبووە بەر نەفرەت و رقی خەڵک، هەر بۆیە موسەدەقیش وازی لێ هێنا. لە تەمەنی ١٩ ساڵی لەگەڵ کچی سێهەمین خەتیب یان هەمان بەرنوێژی تاران، ژیانی هاوبەشی پێکهێناو بەرهەمی ئەم ژیانەش دوو کوڕ بە ناوەکانی ئەحمەد و غوڵام حسێن، سێ کچ بە ناوەکانی منصوره و ضیااشرف و خدیجه بوو. (٧)

لە یەکەمین خولی هەلبژاردنەکانی ئەنجومەنی مەشروتیەت، لە چینی ئەعیان و ئەشرافی ئیسفەهان وەک نوێنەرهەڵبژێردرا. بەڵام بەو هۆیەی کە تەمەنی نەگەیشتبووە ٣٠   ساڵ،ئێعتبارنامەکەی رەدکرایەوە،تا ئەوەی کە رووی کردە فەرەنسا و دوای تەواو کردنی زانستە سیاسیەکان، چووە سویس و خوێندنی دکتۆراکەی لەوێ تەواو کرد. کاتێک گەڕایەوە بۆ ئێران، وەک سیمایەکی سیاسی جێی خۆی کردەوە، بەجۆرێک کە زۆرێک لە پۆستە سیاسیەکانی ئەو سەردەمەی ئەزموون کرد. له‌وانه‌ وەزارەتی ماڵیە، وەزارەتی عەدلیە، پارێزگار، وەزارەتی دەرەوە، نوێنەرایەتی پەرلەمان، سەرۆکوەزیرانی و سەرئەنجام سەرکردایەتی کردنی بزووتنەوەی خۆماڵیکردنی پیشەسازی نەوتی ئێران.

هەڵبژاردنی موسەدەق بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، لە مانگی مەی ١٩٥٣، سەرنجەکانی لە پەرلەمانەوە  بۆ سەرشەقامەکان راکێشا، شەقام ببووە سەرچاوەیەکی هێزو مانۆڕی سیاسی بەرەی نەتەوەیی کە موسەەدق سەرکرایەتی دەکرد. (٨)

رۆژنامەی حکومەتیی "اطلاعات”ی ئەو کات، لەم بارەوە دەنووسێت: موسەدەق بۆ گوشار خستنە سەر نەیاران و خستنە ژێر رکێفی پەرلەمان، بەرەدوام پشت بە خۆپیشاندان و سەرشەقامەکان دەبەستێ. جەماڵ ئیمامی، نوێنەری ئەو کاتی پەرلەمان، وێڕای هێرشکردنە سەر موسەدەق دەڵێت: سیاسەتمەداری بۆتە سیاسەتی سەر شەقام. سەیری هەر شوێنێک دەکەی گردبوونەوە و میتینگە، گردبوونەوەی خوێندکاران، قوتابیان، منداڵانی تەمەن ٧ ساڵ،لەم  خۆپیشاندانە وەڕز و بێزار بووینە.. چۆنە کاتێک سەرۆکوەزیران لە گەل پرسێکی سیاسی بەرەوڕوو دەبێتەوە، دەست بە جێ ده‌ڵێت: لەگەڵ خەڵکی قسەدەکەم، موسەدەق کابرایەکی پۆپۆلیستە. (٩)

مێژوونووسانی سەدەی بیستەم، موسەدەق بە پیاوێکی پاک و بە دوور لە گەندەڵی وەسف دەکەن، بەتایبەتی جەخت لە سەر هۆگری و مەیلی ناسیۆناڵیستی و نەتەوەخوازی ناوبراو دەکەنەوە.

ستیڤین کینزر، رۆژنامەنووسی ئەمریکی و نووسەری کتێبی "هەموو پیاوەکانی شا”  دەربارەی موسەدەق دەنووسێت: ئاوێتەبوونی بەکگراوەندی ئەشرافی وێڕای ئاستی باڵای خوێندنەکەی، کەسایەتی سەرنجڕاکیشی لە ناوبراو خستبووە روو. بەر لە خوێندنەکەی لە ئەوروپا، بەشدارییەکی چالاکانەی لە شۆڕشی مەشرووتەی ئێراندا هەبووە و بە کردەوە ئاشنایەتی لە گەڵ پرۆسەی سەربەخۆیی خوازی و دیموکراسی پەیدا کردبوو.(١٠)

عەلی ئەنساری، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی سەنت ئەندرۆز، لەبارەی خولیا  وئایدیا سیاسیەکانی موسەدەق دەڵێت: ئەو پێی وابوو کە دەبێ شێوازێکی نوێ لە پەیوەندیەکان گەڵ بیانیەکان گرێ بدرێ. دەبێ بیر لە پەیوەندی نوێ بکرێتەوە و ماڵئاوایی لە پەیوەندیە کلاسیکەکانی سەدەی ١٩ بکرێت.(١١)

ستیڤین لە کتێبی هەموو پیاوەکانی شا دەڵێت: بەلای موسەدەقەوە کە ئەو کات لە مووچەو مەزرای خۆیان ژیانی خۆی تێپەڕ دەکرد، هیچ کام لە چاکسازیەکانی رەزا شا بەگوێرەی پێویست وڵامدەر نەبوون، چ بگات بەوەی کە پێی وابێت حکومەتی رەزاخان، حکومەتێکی باشە. (١٢)

مەجید بەیات، نەوەی موسەدەق لە بارەی باپیری خۆی دەڵێت:باپیرم بە هچ شێوەیەک دژایەتی لە گەڵ شا نەبوو، چ شای قاجار و چ شای پەهلەوی. تەنها لایەنێک کە بە لایەوە ناپەسەند و جێی ناکۆکی بوو، ئەو بوارانە بوو کەلەگەڵ حەز و ویستی دیموکراتی و ئازادیخوازانەی باپیرم ناتەبا بوون. (١٣)

موسەدەق بە پێچەوانەی رواڵەتی ئەشرافی، هیچ کات سیمای پیاوێکی وێنا نەدەکرد کە بتوانێت وڵاتێک بجووڵێنێت، پەرلەمان بۆ ئەو وەک تریبون وابوو، پەرلەمانی بەدامەزراوەیەک دەزانی کەسەرباری هەموو زەخت و گوشارەکان، بەستراوە بە دەسەڵاتی دەرەکی و تەنانەت خودی دەربارنەبێت.

ئه‌و بۆ چەند خولێک نوێنەرایەتی خەڵکی تارانی لە پەرلەمان لە ئەستۆ بوو. پەرلەمانی وەک تریبونێک بۆ لەقاودان و مەحکوم کردنی سیاسەتەکانی بەریتانیاو روسیا و دواتر ئەمریکیەکان بەکار دەهێنا. باوەڕی وابوو کەخودی ئێرانیەکان باشتر لە هەر کەسێک ئیدارەی وڵاتەی خۆیان دەکەن. ئەم بیروباوەڕەی موسەدەق ئەو کاتەی  دەنگی دایەوە کە وێنەکەی لە سەر بەرگی گۆڤاری تایمز بڵاو کرایەوە. موسەدەق باوەڕی ئەوتۆی بە بەشداری و چالاکی لە کاروباری حزبیدا نەبوو. ئەو زۆرتر پشتی بە شەقام و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دەبەست و رێوشوێنی تایبەت بە خۆی هەبوو.(١٤)

دوای تەواو بوونی خولی شەشەمی ئەنجومەن (پەرلەمان)، چالاکییە سیاسیەکانی موسەدەق راوەستا. بەهۆی دەستوەردانی دەوڵەت لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، و لە سیاسەت دوور کەوتەوە و زۆربەی کاتەکانی لەئەحمەد ئاوا بەکاری وه‌رزێری و خوێندنەوە تێپەڕ دەکرد. (١٥)

کریستۆفێر دی بلیگ، رۆژنامەنووس و لێکۆڵەری بەریتانی لە کتێبی، ئێرانی نیشتمانپەروەر، محەممەد موسودەق و کودەتای بەریتانی کە بە پێی بەڵگەنامەکانی ئارشیوی حکوتەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و وڵاتانی دیکە نووسراوەتەوە، و تیایدا وژیانی سیاسی موسەدەقی گێڕاوەتەوە، دەنووسێت: ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی ١٧هەم، سەرنجی خستە سەر سیاسەتی ناوخۆیی، بۆ لاوازکردنی سەڵتەنەت خوازەکان و کۆنەپاریزانی لایەنگری بەریتانیا، گەڵاڵەی ١٩٤٤ ی خۆی دەربارەی هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان بە کۆمەلێک تێبینی خستە بەر دەم پەرلەمان. بە پێی گەڵاڵە نوێیەکە، نەخویندەوارەکان لە دەنگ دان بێ بەش نەدەکران، بەڵام بۆ خەڵکی خوێندەوار و نەخوێندەوار جیاکاری کرا و رێژەی نوێنەرایەتی شارەکانی، بەتایبەت لە تاران زیاد کرد. بەرەی نەتەوەیی لە شارە گەورەکان زۆربەی دەنگەکانی بە دەست هێنا، بەڵام نەیتوانی زۆرینە بۆ خۆی دابین بکات.

دوای ٥ مانگ مشتومڕی پەرلەمانی، مانگی ژولای ١٩٥٢، موسەدەق بە پشتبەستن بەمافی یاسایی سەرۆکوەزیران بۆ دیاریکردنی وەزیری جەنگ، دەرگایەکی دیکەی لە ململانێی بەرووی پەرلەماندا کردەوە، دوای ئەوە کە شا ئەم مافەی بە فەرمی نەناسی، موسەدەق دەستی لە کار کیشایەوە و بێ ئەوەی کە بگەرێتەوە بۆ پەرلەمان، راستەوخۆ پەیوەندی بەخەڵکەوە کرد: بەو ئەنجامە گەیشتووم  کە  پێویستیمان بە وەزیرێکی جەنگی جێی متمانە هەیە، چون شا داواکاری منی رەتکردۆتەوە، بڕیارم دا دەست لە کارەکەم بکێشمەوە. لەئێستادا بەو دۆخەی کە لە ئارادایە، ئەو بزووتنەوەی کە دەستی پێکردووە، ناتوانی بگاتە ئەنجام. (١٦)

 ئەم گۆشەگیریە یارمەتییەکی زۆری بە موسەدەقی کرد، لەگەیشتن بە ئامانجەکانی. چونکە هەمووان دەیانزانی ئەو لەزێدی خۆی ژیانی ئاسایی خۆی تێپەڕ دەکات. بەڵام هاوکات سەلماندبووی کە لە گەڵ رەزاخان ئاویان بۆ جۆگەیەکدا ناڕوات. (١٧)

مێژوو لە  یاری سیاسی کەمی نییە. محەممەد رەزا شای پەهلەوی دوو جار گیانی پیاوێکی رزگار کرد کە لە رادەبەر رقی لێی بوو. هەر کات ویستبای لە گەمەی سیاسی خۆی بە کەسێکی لاواز و بێ توانا وەسفی بکات، دەیگوت: خۆم من موسەدەق نیم لە ژێر لێفەوە وڵات ئیدارە بکەم. (١٨)

هوشەنگ  نەهاوەندی، نووسەرێک لە لە سەردەمانی سەدەڵاتدارێتی حەمەرەزا شا، لە ئێران وەزیر بووە، دەڵێت: یەکەمین نیشانەکانی ناکۆکی لە نێوان شاو موسەدەق ئەو کاتە دەرکەوت، کە باسی نەوت کەوتە رۆژەڤەوە. هیچ کەس لە دژی خۆماڵیکردنی نەوت نەبوو، بێجگە لە لایەنگرانی دەوڵەتی بەریتانیا و تودەییەکان نەبێت. هۆی دژایەتی توودەییەکان ئەوە بوو کە دەیانهەویست نەوتی باکور بدەن بەسۆڤییەت. خەڵک بە گشتیی لایەنگری ئەم سیاسەتەی موسەدەق بوون. موسەدەق پێی وابوو دەبێ هەر جۆرێک بێت بیر لە ئابووری بێ نەوت بکەنەوە. هەڵەی گەورەی موسەدەق دوای ئەوەی کە لە دادگای لاهە سەرکەوتنی بە دەست هێنا، ئەوە بوو کە دەبا بە جۆرێک لە گەڵ بەریتانیەکان رێککەوتنی کردبایە. لێرەوە ناکۆکیەکانی لە گەڵ شا زەقتر بووەوە، چونکە شا لایەنگری رێککەوتن بوو، بە پێچەوانەی موسەدەق کەباوەڕی با سازنی لەو چەشنە نەبوو.(١٩)

شا کە پێگە و جێگەیەکی قاییمی نەبوو، نەیدەتوانی بە شێوەی ئاشکرا لە دژی یاسایی خۆماڵیکردنی نەوت بوەستێتەوە. بەگوتەی ئابراهامیان، مەسەلەی نەوت بە شێوەیەک لای بیرورای گشتیی جێگیر و سەرنجراکێش بوو کە لە بنەڕەتدا شا نەیدەتوانی دژایەتی موسەدەق  و یاساکە بکەت.(٢٠)

دوای ئەوەی کە رەزا شا ملی رێگای دوورگەی موریسی گرتبووە بەر و کوڕەکەی پاڵی بە کورسیەکەیەوەدا، موسەدەق بۆ پیرۆزبایی لە شای تازە کە ژێستی شایەکی دیموکراتی گرتبوو، سەردانی شای گه‌نجی کرد.

موسەدەق وەک نەریتی پیاوە بە ئەزموونەکان، ئامۆژگاری شای کرد کە لە سیاسەتدا رەوشت و میراتی باوکی نەگرێتە بەر، چون بەرەوڕووی چارەنووسی محەممەد عەلی شا دەبێتەوە. وەبیری هێنایەوە کە وەک ئەحمەد شا تەعامول بکات، كه‌نەدەستی لە سیاسەت وەردەدا، نەرێککەوتنی شەرمهێنی لە دژی خەڵکی ئێران واژۆ دەکر. شا بەلاتاوەوە وڵامی دایەوەو گوتی: کۆتاییەکەی، ئەحمەد شایش دوور خرایەوە. موسەدەق بە ئارامی پێی گوت: بەو جیاوازیەی کە خەڵک لە رۆیشتنی ئەحمەد شا خۆشحاڵ نەبوون. لێرەدا مەبەستی باوکی شای جەوان بوو کە دوور خراوە بۆ دوورگەی موریس هەڵکەوتوو لە باشوری رۆژئاوایی ئۆقیانوسی هیند. (٢١)

محەممەد عەلی شای قاجار، شەشەمین پاشای ئێڵی قاجارەکان بوو. ساڵی ١٩٠٦ی زایینی گەیشتە دەسەڵات و دژایەتی توندی مەشرووتەی کرد. دواتر ئەنجومەنی شوورای میللی تۆپباران کرد و دەستی دایە کوشتاری ئازادیخوازان، کۆی ئەم رووداوانە بە”استبداد صغیر”بە ناوبانگە.

دوای ئەوەی کە تاران لە لایەن مەشرووتەخوازەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرا، پەنای بردە بەر باڵوێزخانەی روسیا لە تاران، سەرئەنجام لە ژێر گوشاری دەرەکی  وناوخۆیی، بە ناچاری لە ئێران دوور خرایەوە و ئەحمەدی کوڕی جێگای گرتەوە.(٢٢)

ئەحمەد شا، نەوەی موزەفەردین شا و کوڕی محەممە دعەلی شا بوو، دوای دوروخراوەنەی باوکی، جێگاکەی گرتەوە، بە پێچەوانەی هاوسەردەمەکانی بە کەسێکی کراوە و تێگەیشتوو دەناسرایەوە، لە دژی هەر جۆرە رێککەوتنێک لە گەڵ بیانەکان بوو، کە لە بەرژەوەندی خەڵکەکەی نەبوایە. رستەیەکی بەناوبانگی هەیە کەدەڵێت: ئەگەر بریار بێت نیستمانی خۆم بفرۆشم، باشتر وابوو لە سویس کەلەمم فرۆشایە، نه‌بومایه‌ته‌ شای وڵاتێک، لە قاجارەکان تەنها ٧ کەس پاشایەتیان بە نەسیب بووه‌،  لەو ٧ کەسەش ته‌نها دوو کەسیان تونیان شێوه‌یه‌ك لە ئازادی و سەروەری بۆ خەڵک و وڵاتەکەیان بەدیبێنن، ئه‌وانیش ئەحمەد شا و موزەفەردین شای باپیری بوون.(٢٣)

  • لە پەرلەمانتارییەوە بۆ سەرۆکوەزیران

دوای خۆماڵی کردنی پیشەسازی نەوت، لە ٢٠ مارسی ١٩٥١، سێر فڕانسیس شپرد، باڵوێزی بەریتانیا لە تاران، پێی وابوو لە ئەگەری دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانێکی بەستراوە بە وڵاتەکەی، دەکرێ کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن. ناوبراو داوای لە شا کرد کە سەید زیا تەباتەبایی بە پەرلەمان بناسێنێت و شایش ئەم پێشنیارەی قبووڵ کرد. باڵوێزی بەریتانیا لە نامەیەکدا جەختی کردەوە کەبەریتانیا لەژێر سێبەری هەڕەشەی خۆماڵی کردنی نەوت، ئامادە نییە هیچ دانوستانێک بکات.

باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسه‌ پێی وابوو، بەم نمایشی هێزە دەتوانێ بۆچوونی خۆی بسەپێنیت، لەمانگی مەی ١٩٥١ تەنانەت نەتەوەخوازەکانیش نەیاندەتوانی پێشبینی ئەوە بکەن، كه‌لەدانیشتنی پەرلەمانی ئێران، بۆ هەڵبژاردنی سەید زیا چی روو دەدات. (٢٤)

موسەدەق پاڵەوانی گۆڕەپانەکە بوو، هەمووان چاوەڕێیان دەکرد کە لەم دانیشتنەدا، جڵەوی دژایەتی لەگەڵ بەریتانیا بگرێتە دەست و بە گوتاری ئاگرین هێرش بکاتە سەر کاندیدای شا، بەڵام کاتێک کە سەرۆکی پەرلەمان پرسیاری کرد کێ دەیهەوێ قسە بکات، موسەدەق بێدەنگی هەڵبژارد.

له‌وكاته‌دا کەسێک بە ناو جەمال ئیمامی کە بەستراوە بە دەربار و بەریتانیەکان بوو، یەکەم کەس قسەی کرد، بێ ئەوەی ناوی کاندیدی شا و بەریتانیەکان ببات، موسەدەقی کردە ئامانج، بەده‌بڕینێكی پڕ لەسووکایەتی  هێرشەکانی بۆ سەر موسەدەق دەست پێکرد، ئەوی بە کەسێکی زۆر بڵێ و نابەرپرسیار وەسف کرد، کە ئۆگری درێژدادڕی و قسەی بێ بنەمایە و تەنانەت ئیدیعای سەرۆک وەزیریشی هەیە.

دوای تەواو بوونی قسەکانی ئیمامی، بێ دەنگی سێبەری خستە سەر دانیشتنەکە، موسەدەق بەئارامی هەستا و گوتی به‌فەخر و شانازییەوه‌ خۆم کاندید ده‌كه‌م بۆ سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان كاندیده‌كانی خسته‌ به‌رده‌م ده‌نگدان، و موسەدەق بە رێژەی ٧٩ بەرانبه‌ر به‌ ١٢ دەنگ، بوو بەسەرۆکوەزیرانی ئێران.

له‌رۆژی ٢٨ی ئەپریلی ١٩٥١ بە فەرمی ئه‌و پۆسه‌ته‌ی وه‌رگرت، به‌ڵام ١١ یازده‌ رۆژ دواتر، هێنری گریدی، باڵوێزی ئەمریکا لە ئێران، لە تارانەوە راپۆرتیکی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد. گریدی نووسیبووی : شا لە بابەتی خۆماڵی کردنی نەوتی ئێران و بوون بە سەرۆکوەزیری موسەدەق خەمناک و بێ تاقەتە، بە پێی راپۆرتەکەی گریدی، شا پێی وابووه‌ کە موسەدەق ناتوانێ زۆر به‌رده‌وام بێ، هەر بۆیە سەبارەت بە پرسی خۆماڵیکردنی نەوت رەشبینه‌.(٢٥)

د. موسەدەق دوو ساڵ و سێ مانگ سەرۆکوەزیرانی ئێران بوو، بەڵام هەر لەم ماوە کورتەدا هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی یاسای خۆماڵیکردنی پیشەسازی نەوت، هەروەها سنووردارکردنی دەسەڵاتی شای ئێران، لە چوارچێوەی یاسای مەشرووتە، ناوی خۆی لە مێژووی هاوچەرخی ئێران و جیهان تۆمار کرد.(٢٦)

  • ئابوری بێ نەوت و خۆماڵی کردنی نەوت

له‌سه‌رده‌می موسه‌ده‌قدا، پشکی نەوت لە پەیوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی جیهان، رۆژ لە دوای رۆژ لەزیادبووندابوو، به‌ڵام هێشتاش دۆخی ئاڵۆزی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دارایی وڵاتانی جیهانی سێهەم، بە جۆرێک بوو کەبه‌کردەوە نه‌وتی کردبووه‌ بەڵای گیانی ئابوری وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وت، بەتایبەت کە گەندەڵی دەزگای سیاسی و ئیداری، رێگای بۆ سازان و خیانه‌ت و بەبادانی سەرەوت و سامانی ئەو وڵاتانە خۆش کردبوو، و زۆریەک لەبڕیاربەدەستان و سیاسیەکانی ناوخۆی کردبووه‌،‌ سەوداچی و وابەستە بە بیانیەکانه‌وه‌. (٢٧)

لێرەوه‌ کە لە چەند گۆشەنیگایەوە تەرکیز دەخرێتە سەر ژیان و بەسەرهاتی موسەدەق، بەدەر لە  هەڵە و کەموکۆڕیەکانی، دەبێ بۆ مێژووی بگوترێ کە هەوڵەکانی بۆ خۆمالیکردنی پیشەسازی نەوت جێی ستایش و تێڕامانە. پێشبنی ناكرێت، كه‌ئەگەر کودەتایان لە دژ نەکردبایە، ئیدارەکەی تا کەی و چۆن به‌رده‌وام ده‌بوو، و چی پێده‌كرا، بەڵام هێزێکی پاڵنەری مێژووی سیاسی هاوچەرخ، لەسەردەمی موسەەدق، كاركردن بوو له‌سه‌ر ئابوری بێ نەوت، کە ئه‌گه‌ر بكرایه‌ سەرئەنجامێکی چاوەڕواننەکراوی بۆ خۆی و بزووتنەوەکەی بەدواوە بوو.

تایبەتمەندییەکی دەوڵەتی موسەدق بیركردنه‌وه‌ له‌ئابووری بێ نەوت بوو، ئەم بیرۆکەیە سەرنجی زۆریەک لەسیاسیەکانی بۆ لای خۆی راکێشا، ژمارەیەک بە نامومکینیان دەزانی و ژمارەیەکێش پێداگرییان لەسەر دەکرد، بەریتانیا لە هەوڵدا بوو، لەناوخۆی ئێران بزووتنەوەکە بەلارێدا ببات و بەکردەوە بەرەنگاری بزووتنەوەکە ببێتەوە.

وابه‌سته‌یی حكومه‌ت به‌داهاتی نەوت و پێکهاتەی ناتەندروستی ئابوری، لە تایبەتمەندیە دیارەکانی سەردەمی موسەدەق بوو، ئەو کاتەی کە جڵەوی دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت. دوای خۆماڵیکردنی نەوتی ئێران، سەرەکیترین سەرچاوەی داهاتی ئێران کەنەوت بوو لە گەڵ گرفت بەرەوڕوو بووەوە و بوو به‌هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین كێشه‌. له‌وانه‌ دابینکردنی بودجەی دەوڵەت، ئیدارەدانی دۆخی بێ سەرەوبەرەی وڵات و بودجەی قورس و گرانی کرێکارانی نەوتی باشور، نموونەیەک لەو کێشانە بوون کەتەنگیان بە دەوڵەتەکەی موسەدەق هەڵچنی. لە لایەکی دیکەوە، خۆماڵیکردنی نەوت، سەرباری بڕینی داهاتی نەوت، وڵاتانی ئەوروپا  وئەمریکای کرد بە دژبەری ئێران و لەرێگای گەمارۆی نەوتی (به‌ڕێگریی له‌فرۆشتنی نه‌وتی ئێران) و ئابووریەوە، بزووتنەوەکەیان خستە تەنگانەیەکی زۆرترەوە.(٢٨)

  • ئەشرافزادەیەک کەخەڵکی بەسامان و شەقامی بە پەرلەمان دەزانی

”بەناوی خۆشبەختی خەڵکی ئێران و بە مەبەستی یارمەتیکردن بە پرۆسەی ئاشتی جیهانی، ئێمە واژۆکەران، پێشنیار دەکەین کە پیشەسازی نەوت لە سەرجەم ناوچەکانی وڵات بە بێ هیچ ئەم لاو و ئەولایەک، خۆماڵی بکرێنەوە و وەک سامانێکی نەتەوەیی بناسرێن. بەو مانایە کە کاروباری دۆزینەوە، هەڵێنجان و سەرجەم داهاتەکانی بکەوێتە خزمەت خەڵکی ئەم وڵاتەوە”.

ئەوە دەقی ئەو پێشنیارە بوو، کەلەلایەن فراکسیۆنی کەمینە لە پەرلەمان، بە رابەرایەتی موسەدەق خرایە بەردەم کۆمیسیۆنی نەوت و کۆمیسیۆنیش بە ناچاری پەسەندی کرد، دواتر گەڵاڵەکە برایە پەرلەمان و دەنگی پێویستی بۆ وەرگیرا، پێشتر موسەدەق، لە ١٨ی دیسەمبەری ١٩٤٤ وەک نوێنەری پەرلەمان لەگەڵ پێدانی هەر جۆرە ئیمتیازێک بە وڵاتانی بیانی دژایەتی کردبوو، وێڕای شیکردنەوەی تێزی”هاوسەنگی نگەتیڤ”، گەڵاڵەیەکی مێژوویی رادەستی پەرلەمان کرد، کەپێدانی هەرجۆرە ئیمتیازێک بە وڵاتانی بیانی، مەحکوم و قەدەغە بکرێت و سزا بدرێن، ئەم گەڵاڵەیە دواتر بوو بەهەوێن  وزەمینەی پەسەندکردنی پێشنیاری خۆماڵیکردنی نەوتی ئێران.(٢٩)

ئایدیای ئابوری بێ نەوت، سەردەمانێک هاتە کایەوە کە ئێران لە گەڵ گەمارۆ ئابوریەکانی بەریتانیا بەرەوڕوو بووەوە، دەوڵەتی ئێران کاتێک لەگەڵ بڕینی داهاتی نەوت و هەناردەکردنی بەرەوروو بووەوە، هەوڵی دا لەجیاتی پشت بەست بەنەوت، بۆ دابینکردنی پێداویستی رۆژانە و لەسەر پێڕاگرتنی ئابوری وڵات، گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆیی به‌دات و پەرەبدات بە بواری هەناردە.

گەڵاڵەی ئابوری بێ نەوت، لە لایەن دکتۆر حسێن فاتمی، گوتەبێژی دەوڵەت و وەزیری دەرەوە لە کابینەی موسەدەق بەم شێوە باسی لێکراوە : سیاسەتی ئابوری بێ نەوت، بەو مەبەستە دارێژراوە تا لە ئەگەری چارەسەنەکردنی قەیران و دۆسیەی نەوت، ئێران بتوانێ بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەرێگەی کۆمەڵێک میکانیزم، کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات. لە جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵەیە، تێکڕای هەزینە و تێچووە ناپێویستەکان وەلادەنرێن، سیستمی نوێی باج بە پێی داهات، دێتە ئاراوە و یاساکەی هەموار دەکرێ، بە جۆرێک کە بەکەمترین تێچوو، زۆرترین دەستکەوت بۆ خەڵک و وڵاتەکە مسۆگەر ببێتت(٣٠)

گرفته‌كانی ئێران به‌هۆی نه‌وته‌وه‌ لە کاته‌دا سه‌ریهه‌ڵدا، كه‌هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەر قازانج و سوودی٥٠-٥٠ هاودەنگ و هاوڕان بوون، به‌ڵام موسەدەق پڕۆژه‌ و دونیابینییه‌كی دیکەی هەبوو، هەر لەم سەروبەندەدا، عه‌لی رەزم ئارا کە یەکێک لە دژبەرانی ئەم بیرۆکەیە بوو، لە ساڵی ١٩٥١ تیرۆر کرا. 

  • عەلی رەزم ئارا کێ بوو؟

سەرۆکوەزیرانی سەردەمی محەممەد رەزاشای پەهلەوی بوو، له‌٣٠ ئەپریلی ١٩٠١ لە تاران لە دایک بوو، هەر بەم هۆیەشەوە پێشگری "حاج”یان بە ناوەکەی زیاد کرد، به‌ حاج عەلی رەزم ئارا ناوده‌برا، دواتر لە مێژووی سیاسی ئێران ناوبانگی تایبەت بە خۆی دەرکرد، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا چووە قوتابخانەی نظام مشیرالدوله‌و پاشان چووە بریگاردی مەرکەزی.

لە ئۆپەرایسۆنەکانی دژ بە بزووتنەوەی جەنگەڵ، بە سەرکردایەتی میرزا کوچەک خانی جەنگەڵی و هەروەها سەرکوتی شۆڕشی سمکۆی شکاک، دەستی باڵای هەبوو. ساڵی ١٩٢٣ بۆ درێژەدان بە خوێندن، چووە فەرەنسا. خوێندنی سەربازی لە زانکۆی سەربازی سێن سیر تەواو کردو و دوای دوو ساڵ گەڕایه‌وە بۆ ئێران.

دوای ئەوەی کە کولێژی جەنگ لە ئێران دامەزرا، وەک جێگری ئەم کولێژە و دواتر وەک مامۆستای ئەم کولێژە دیاریکرا، لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم و داگیرکرانی ئێران لە لایەن هێزەکانی موتەفەقینەوە، لە ئەنجومەنی جەنگ پێشنیاری کشانەوەی لە بەشداری لە شەر بە رەزاخان کرد، دوای لەبەر یەک هەڵوەشانەوەی سوپای ئێران، بوو بە فەرماندەی سوپای یەکەم لە تاران و سەرلەنوێ سوپایەکی رێکخستەوە، دواتر وەک سەرۆکی ئەرکانی گشتی سوپا دیاری کراو و پۆستەکانی وەک فەرماندەیی کۆلێژی ئەفسەری و نووسینگەی سەربازی شای پێ ئەسپێردرا.

دوای کشانەوەی هێزەکانی سۆڤییەت لە ئێران، بە بڕیاری شا لەشکەرکێشی بۆ سەر ئازەربایجان  ورۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکرد، کە ئەنجامەکەی بوو بە کۆنتڕۆلکردنەوەی شاری مەهاباد و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری دیموکراتیکی کوردستان بە رێبەرایەتی پێشەوا قازی محەممەد. 

لە مانگی جولای ١٩٥٠ لەپەرلەمان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەنگی هێنایەوە، بەڵام لە ژێر کاریگەری و دژایەتی بەرەی نەتەوەیی، هێزە مەزهەبیەکان و دەربار، سەرباری ئەوەی کە دەوڵەت و سوپا و زۆرینەی پەرلەمانی بە دەستەوە بوو و هاوکات پشتیوانی بەریتانیا و سۆڤییەتی لە گەڵ بوو، بەسەرۆکی یەکێک لە لاوازترین کابینەکانی دەوڵەت لە مێژووی ئێران هەژمار دەکرێت. 

رەزم ئارا، پلانی پەسەندکردنی رێککەتونی پەیوەستکردنی نەوتی ئێرانی(پەیمانی گێس-گۆلشائیان) لە پەرلەمان بە دەستەوە بوو، بەڵام بە هۆی دژایەتی بەرەی نەتەوەیی دەنگی پێویستی به‌ده‌ست نەهێنا، هاوکات لە دژی بیرۆکەی خۆماڵیکردنی نەوتی ئێران وەستابووەوە.(٣١)

ماوه‌ی سەرۆکوەزیرانی رەزم ئارا، هاوکات بوو لە گەڵ هاتنە ئارای کەیسی نەوت لە پەرلەمانی ئێران، رەزم ئارا بە گەورەترین بەربەست لە  سەر رێگای پرۆژەی خۆماڵیکردنی نەوت هەژمار دەکرا. سەرئەنجام لە رێکەوتی  ٧ی مارسی ١٩٥١ لە لایەن خەلیل تەهماسبی لە مزگەوتی شا لە تاران تیرۆرکرا، کەدواتر تیرۆركردنه‌كه‌ی بە” تیرۆری پیرۆز ” ناونرا، بکوژەکەی ئەندامی فیدائیانی ئیسلام بوو، گروپی نەواب سەفەوی، هەمان رۆژ بەرپرسیارێتی تیرۆرەکەی گرتە ئەستۆ.

رۆژێک دوای تیرۆری رەزم ئارا، واتە له‌ ٨ی مارسی ١٩٥١ کۆمیسیۆنی نەوت، پێشنیاری خۆماڵی کردنی پیشەسازی نەوتی ئێرانی پەسەند و راگەیاند، دواتریش لە ئەنجومەنی شوورای میللی و پاشان لەمەجلیسی سینا پەسەند کرا، له‌وكاته‌دا بریتیش پەترۆلۆیۆم، تەنها کۆمپانی نەوتی لایەنی رێککەوتن و خاوەنی مافی تەواوی هەڵێنجانی نەوت لە کیڵگە نەوتیەکانی ئێران بوو، ئەم کۆمپانیا ناچارکرا  تا لەلایەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندی دارایی خۆی، رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە وڵاتانی وەک عێراق و کوێت بباتە سەر و لە لایەکی دیکەوە چاوی یارمەتی بڕیبووە دەوڵەتی بەریتانیا، تاکوو لە بەرامبەر دەولەتی ئێران، بەرگری  ولایەنگری لێبکرێت.

به‌و ئاراسته‌یه‌ش هەم بەریتانیا و هەم ئەمریکا، راستەوخۆ زۆریان هەوڵدا کە سەبارەت بە کەیسی نەوت لە گەڵ موسەدەق رێککەوتن بکەن، بەڵام وتووێژەکان بێ ئەنجام مایەوە و هەڵێنجان و هەناردەکردنی نەوت بە تەواوی راگیرا. (٣٢)

  • چاوه‌ڕوانیی هه‌ڵه‌ی موسه‌ده‌ق له‌واشنتن

دوای خۆماڵی کردنی پیشەسازی نەوت و ململانێ و کێشمەکیشی نێوان ئێران و بەریتانیا، و بەئەنجام نەگەیشتنی وتووێژەکانیان، سه‌رنه‌كه‌وتنی سکاڵاکانی بەریتانیا لە دژی ئێران، بەریتانیا بڕیاری گەمارۆکانی خۆی بۆ سەر ئێران دەرکرد، بە دوای بەریتانیش، کۆمپانیا و وڵاتانی دیکەی جیهان خۆیان لە کڕینی نەوتی ئێران بوارد. ئەمەش سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ بوو کەلێکدانەوە و پێشبینی سەرانی بەرەی نەتەوەیی، لەسەر ئەساسی روانگە و بۆچوونی شارەزایانی ئێرانی سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت لە دوای خۆماڵیکردنی، واقعبینانە نەبوو.

شارەزایان پێیان وابوو، کە دوای راگیرانی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان، دابینکردن و دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ٣٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لەلایەن کۆمپانیاکانی بەریتانیا و ئەمریکا، لەوڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوتی جیهان، ئاسان نییە و راگیرانی هەناردەی نەوتی ئێران شوێندانەری نەرێنی بە سەر بازاڕەکانی جیهانییەوە دەبێت.

هەڵسەنگاندن و خەسارناسی ئەم خوێندنەوەیە نێشان دەدات، کە ئه‌و شاره‌زایانه‌ی له‌و رووه‌وه‌ رایانوه‌رگیراوه‌، شارەزایی و زانیاری تەواویان دەربارەی نەوت و پرسە پێوەندیدارەکانی نەبووە، ئەو لایه‌نه‌یان لە بەرچاو نەگرتووە کە فرۆشی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، لە قۆرغی کۆمپانیا زەبەلاح و کارتێلە نێودەوڵەتیەکانە. هەر ئەم کۆمپانیانەش رێگە نادەن کە ئێران بەبەها و نرخێکی هەزرانتر نەوت بخاتە بازاڕەکانی جیهانەوە. (٣٣)

بەریتانیەکان پێیان وابوو، کە نائارامی لەناوچە نەوتیەکان، تێچووی سیاسی زۆری بەدواوە دەبێت، ئەوان سەرقاڵی کۆمۆنیستەکان بوون، بەڵام لە موسەدەق غافڵ و بێ ئاگا بوون، بەریتانیەکان پێشیان وابوو کە کۆمپانیای نەوت بە دۆزینەوە و هەڵێنجانی نەوت خزمەتێکی گەورەی بە ئێرانیەکان کردووە، ئێستا ده‌بێت هەمووان لە خۆشیا رەقس و سەما بکەن، ئەمەش پەیوەندی بە هەست و بیری هەڵسەنگێندراوی ئێرانیەکانەوە نەبوو.

ئەم بیرکردنەوەی بەریتانیەکان، ریشەکەی لە بیرو  زەینی هەمیشە نارازی رۆژهەڵاتیەکاندا بوو، بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا، کە ئەم  ئیستدلالەیان بە قازانج بوو، خۆیان لە پشت خاڵەکانی”ئیمتیاز نامە”ی نەوت حەشار دەدا، کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا خۆی بۆ گرێدانی رێککەوتنێکی هاوپێچ ئامادە کردبوو، کە پارەیەکی زۆری بۆ ئاوه‌دانکردنەوەی وڵات دەخستە گیرفانی شای نوێی ئێرانه‌وه‌، بەڵام ئامادە نەبوون بەکردەوە مافی خاوەندارێتی(مالکیت) ئێران بە سەر سەرچاوە نەوتیەکانی خۆیدا بە فەرمی بناسن، کۆمپانیای نەوتی ئێران-بەریتانیا تا سەر لەدژی پێشنیاری ئێران بۆ دابەشکرکرنی قازانجی بە دەست هاتوو بە شێوەی فیفتی-فیفتی وەستایەوە.(٣٤)

ئەو دژ وه‌ستانه‌ش دەستپێکی ململانێ گەورەکە بوو، ساڵی ١٩٥١،سکاڵای بەریتانیا لە دژی ئێران لەدادگای نێودەوڵەتی لاهای هاتە ئاراوە و دادگا بڕیارێكی کاتی دەرکرد، دەوڵەتی ئێران پێشوەخت رایگەیاندبوو کە دیوانی لاهای سەلاحییەتی بڕیاردانی له‌سه‌ر ئه‌م کەیسە نییە. ترۆمەن، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا هەوڵی دا موسەدەق بڕیاری دادگا قبووڵ بکات، بەڵام پەیامەکەی بێ وه‌ڵام مایەوە، به‌و هۆیه‌وه‌ ئەمریکا سەرجەم یارمەتیەکانی  بۆ ئێران راگرت.(٣٥)

لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی موسەدەق، سەبارەت بە ستراتژی کۆمۆنیستەکان و هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدان بە دەسەڵات و هێزی خۆیان لە رۆژهەڵتی ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبی، لە سەردەمی حکومەتی دیموکراتەکان کەوتە بەر دید و سەرنج، بەڵام لێکدانەوەو پێشبینی ناوبراو دەربارەی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا، لەگەڵ مەترسی کۆمۆنیزم لەئێران، له‌جێی خۆی نه‌بوو، چونكه‌ دوای سەرکەوتنی کۆماریەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئایزێنهاڤێر کەلەژێر کاریگەی بۆچوونەکانی وینستۆن چەرچیل دابوو، پلانی خستنی موسەدەقی وەک باشترین رێگای بەرەنگاربوونەوەی کۆمۆنیزم لە ئێران قبووڵ کرد.(٣٦)

به‌و شێوه‌یه‌ سەرەکەوتنی کۆنەپاریزان لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٥١ی بەریتانیا و دواتر سەرکەوتنی کۆمارییەکان لە ئەمریکا، تێکڕای پلانەکانی موسەدەقی ڕووبه‌ڕووی شکست کردەوە، وه‌ك ئه‌وه‌ی پلانڕێژی بۆ كردبوو، نه‌یتوانی لەناکۆکی نێوان بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و بەریتانیا کەڵك وەربگرێت، ئەمریکا گەیشتە ئه‌و بڕوایه‌ی کە چارەسەری کێشەی نەوتی ئێران، لە حکومەتی موسەدەق ئیمکانی نییە، ئه‌و بڕوایه‌ی ئه‌مریكاش بوو بەدەستپێکی کودەتا لەدژی موسه‌ده‌ق.(٣٧)

هەر وەک چاوەڕان دەکرا، موسەدەق لە سەرەتاوە تەرکیزی خستە سەر کەیسی نەوت، دوای ئەوەی بوو بە سەرۆکوەزیران، پەرلەمانی راسپارد کە چوار کەس لە نوێنەرانی بەرەی نەتەوەیی بکرێنە ئەندامی لیژنەی ٥ کەسی یارمەتی بە حکومەت، بەتایبەتی لەمەسەلەی جێبەجێکردنی پڕۆژەیاسایی خۆماڵیکردنی نەوت.

دوای ئەوەی کە کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا هەڕشەی کشانەوەی کارمەندەکانی لەئێران کرد، هۆشداریدایە نەوتکێشەکان کە نەوتی کڕدراو لەئێران، لە بازاری جیهانی رەونەقی نییە، موسەدەق وتووێژەکانی لە گەل بەریتانیا راگرت و رایگەیاند، حکومەت یاسای خۆماڵیکردنی نەوت قبووڵ دەکات و بەهیچ شێوەیەک پاشەکشەی لێناکات، له‌به‌رانبه‌ردا کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا تێکنەسیانەکانی لەئێران کشاندەوە و دامەزراوە نەوتیەکانی داخست.

لێرەوە  بوو کەبەریتانیا لەدژی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، سکاڵای تۆمار کرد. لە مانگی ئۆکتۆبەر، موسەدق بە نوێنەرایەتی ئێران، بۆ پرسی سكاڵاكانی به‌ریتانیا، سەردانی نیۆیۆرکی کرد، سه‌ردانه‌كه‌ش له‌كاتێكدا بوو كه‌موسەدەق لەهه‌وڵی وەرگرتنی یارمەتی دارایی لەبانکی جیهانی سەرکەوتوو نەبوو، و به‌تۆمه‌تی دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆی ئێڕان، سەرجەم کۆنسوڵخانەکانی بەریتانیای داخست، بەم جۆرە لە کۆتایی ساڵی ١٩٥١، موسەدەق  پێی نایەململانێێەکی گەورەی دبلۆماسییەوە.(٣٨)

سەڵتەنەت خوازەکان و کۆنەپارێزانی لایەنگری بەریتانیا له‌ئێران، کەتوانای بەرەوڕووبوونەوەیان لەگەڵ بیروڕای گشتیی نەبوو، هەوڵی لاوازکردنی حکومەتیان دا، بەرنوێژی تارانیان وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژارد، لەشارەکان خەڵکی ناڕازییان هاندەدا و دژ به‌موسه‌ده‌ق، به‌تۆمه‌تباركردنی به‌ به‌هۆاری قه‌یرانی ئابوریی به‌بێ باسكردنی دابه‌زینی نرخی نه‌وت، لە بەرمبەریشدا، بەرەی نەتەوەیی جەنگێکی پروپاگانده‌ی دژ به‌لایه‌نی به‌رانبه‌ر راگه‌یاند.

لە لایەک سۆڤییەت و لە لایەکی دیکەوە بەریتانیا، ناسیۆنالیزمی ئێرانیەکانیان بە قسەیەکی بەلاش  وپووچ لێکدەدایەوە، کەکۆمەڵێک سیاسیکاری بێ ویژدان بانگەشەی بۆ دەکەن. گریمانەیان ئەوە بوو کەئێرانیەکان کۆمەڵێک نیشتمانپەرەستی دەمارگرژن، بەڵام بە حەقیقەت یەک نیشتمانپەروەری راستەقینە بوونی نییە. موسەدەق هەیمەنەی بەسەر تێکڕای رەوتە نەتەوەییەکاندا هەبوو، چونكه‌ به‌بڕوای ئێرانییه‌كان لەبنەرەته‌وه‌ راستگۆیی و سەداقەتی موسه‌ده‌ق گومانی لەسەر نەبوو.

دژبەرەکانی موسەدەق و ئەو سیاسیانەی کەچارەنووسی وڵاتیان بەدەستەوە گرتبوو، پێیان وابوو دەبێ بە جۆرێک مامەڵە بکەن، هیچ کەس هەموو شتێک نەباتەوە، بەڵام هەر کەس بەشێکی هەبێ و خەڵکیش باوەڕ بەو درۆیە بکەن کە خزمەتیان پێکراوە.  

یەکەم هەڵەی تاکتیکی موسەدەق ئه‌وه‌ بوو کەچاوەڕوانی ئەوەی لە واشنتۆن هەبوو، سیاسەتی بێ لایەنی بگرێتە بەر، بەڵام ئەم چاوەروانییە وەک ناتێگەیشتنی موسەدەق لە واقعی سیاسەتی نێودەولەتی لێکدەدرێتەوە، ئه‌و تێنەگەیشتبوو کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا تا چ ڕادەیەک لە ژێر کاریگەری شەڕ و ململانێی دژ بە کۆمۆنیزمدایە، بەرژەوەندی هاوبەشی ئەمریکاو بەریتانیا لە دژایەتیان لەگەڵ کۆمۆنیزم كه‌ ئاشكرا بوو تاچه‌ند بۆ ئه‌مریكا ستراتیژه‌، له‌وه‌ نه‌گه‌شتبوو كه‌ ئامانجی ئەمریکا لەلاگیریکردنی بەریتانیا لە کێشەکە، تەنها پاراستنی سەقامگیری بازاڕی نەوت نییه‌، به‌ڵكو گرنگتر لەوە  هێشتنەوەی ئێرانه‌ لەکەمپی وڵاتانی غەیرە کۆمۆنیستی و دوور خستنەوەی ئێرانه‌ لە بازنەی یەکیەتی سۆڤییەت، هاوکات ئەمریکا نیگەرانی ئەوەبوو کەدرێژە کێشانی ململانێی ئێران و بەریتانیا، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ئایدیای خۆماڵیردنی نەوت لای وڵاتانی جیهانی سێهەم.(٣٩)

  • هەندێک لە تایبەتمەندیەکانی موسەده‌ق

کریستۆفر دوبلگ، مامۆستای زانکۆی کەمبریج، لە کتێبی نیشتمانپەروەری ئێرانی دەنووسێت: هۆگرییەکی تایبەتی بەم رستەیە ڤۆڵتر هەبوو( رەنگە ئەوەی کە دەیڵێی باوەڕم پێی نەبێ، بەڵام ئامادەم گیانی خۆم بدەم تا تۆ بتوانی قسەی خۆت بکەی). یەکێک لە بڕیارەکانی موسەدەق ئەوە بوو کە چیدی رۆژنامەنووسان لێپرسینەوەیان لە گەڵ نەکرێت و نەکەونە ژێر زەخت  وگوشاری حکومەتەوە. ئەو گوتبووی: لێیان گەڕێن، ئەوەی کە دەیانهەوێ با بینووسن.(٤٠)

یەکەم بریاری موسەدەق، ئازادیی راگەیەنەکان بوو، یەکەمین شوێنیش کە وەک سەرۆکوەزیران سەردانی کرد، زیندانی قەسری تاران بوو، لەوێ بە سەرۆکی شارەوانی راگەیاند: ئەگەر دەتانەوێ کاروباری شارتان بە دەستەوە بێت، دزەکان بگرن، تەنها مەسینە دزەکان مەگرن، وشتر دزەکانیش بگرن، گوتیشی: ئێرە کوشتارگای زۆرێک لە رۆشنبیران و کەسانی ئازادیخواز بووە.

موسەەدق لە بیرەوەریەکنایدا دەڵێت: کاتێک لە کۆمەڵگا چاکسازی کرا، پێش بە توندڕەوەکان دەگیردرێ، ئاسایش، ئازادی و ئاوەدانی، لەبەردەم توندڕەوەکان بەربەست دروست دەکات، خەڵک ئەگەر لەرادەبەدەر لە ژێر گوشاردا بوو، رێگەی خۆی جیا دەکاتەوە، بەرەو کۆمۆنیزم پاڵ پێوە دەنێن، هەر کردەویەەک کەپێش بە هەناسەدانی کۆمەڵگا بگرێت، شۆرشی بەدوادادێت،

ده‌شڵێت، بەر لەشۆرشی روسیا لەهەموو جیهان سەد کۆمۆنیستە نەدەدۆزییەوە، لە ئێستادا زیاتر لە ٨٠٠ ملیۆن کەس لەدانیشتوانی گۆی زەوی کۆمۆنیستن، حکومەتەکەشیان بەهەمان شێوە. دەوڵەتی بەریتانیا لەخۆڕا نەبوو کەسەربەخۆیی دا بەهیندستان، کاتێک زانیان کە ٤٠٠ ملیۆن کەس دەبنە کۆمۆنیست، سەربەخۆییان پێدان، له‌وه‌ش کۆمەڵیک دەستکەوتیان هەبوو، ٨٠% ی باج، خانووی هەرزان، تەندروستی خۆڕایی و بێ بەرامبەر و هتد… هەمووی ئەمانە لە پێناو چاکسازی و بە قازانجی چینی سێهەم(هەژار)بوو، لە سەرووی رازی کردنی خەڵک،هیچ شتێک بوونی نییە. (٤١)

موسەدەق زۆرتر بە هۆی کەسایەتی، دۆستایەتی و شەرافەتیەوە، جێی متمانە و خۆشەویستی خەڵکی ئێران بوو، بەدرێژایی ئەو ماوەیە کەلەدەسەڵاتدابووە، هیچ جۆرە کەیسێکی گەندەڵی داوێنی خۆی و کەسە نزیکەکانی نەگرتەوە، بە هۆی باری خراپی دارایی و ئابووری وڵات، هیچ کات ئامادە نەبوو مووچە لە خەزێنەی دەوڵەت وەربگرێت. (٤٢)

هەنگاوێکی موسەدەق ئەوە بوو، وەک سەرۆکوەزیران داوای لە ئەحمەدی کوڕی کرد، دەست لەپۆستی جێگری وەزارەتی رێگەوبان هەڵبگرێت، ئه‌ویش له‌كاتێكدا كه‌ئەندازیار ئەحمەد موسەدەق، بەر لەوەی باوکی ببێتە سەرۆکوەزیران، لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانی رەزم ئارا، پۆستی جێگری وەزارەتی رێگەوبانی بۆ دیاریکرابوو، موسەدەق لەم بارەوە دەنووسێت: شا پێی وتم لەو ماوەیەدا کەس  وکاری خۆت بە دەسەڵات گەیاندوو، من وەک خۆم نە دینارێک مووچەم وەرگرتووە و نه‌ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تم بە کار هێناوە، چ هۆیەکی هەبووە کە کەس  وکارەکانم بگەیێنمە دەسەڵات.(٤٣)

له‌دوای ئه‌و كوده‌تایه‌ش كه‌له‌ده‌سه‌ڵات دووری خسته‌وه‌، موسه‌ده‌ق ناچاربوو، بەشێک لە مڵک و ماڵەکەی بفرۆشێت، تاکوو بتوانێ قەرزەکانی بداتەوە، ئه‌وه‌ش لەدۆخێکدا کەلەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆربەی سیاسی و دەسەڵاتدارەکان گەندەڵ و سەروەت و سامانی وڵاتەکەیان بە با دەدا، هه‌ر لەبەر ئەم تایبەتمەندیانەش بوو كه‌ ئه‌و وەک ئوستوورەیەک دەهاتە بەرچاو.

دوای ئەوەی کە لە پۆستەکەی دوور خرایەو و رەوانەی بەردەم دادگای سەربازی کرا، موسه‌ده‌ق شەرعییەتی دادگای بە فەرمی نەناسی، لە دادگا بەردەوام ئەوەی دووبارە دەکردەوە، کەتەنها تاوانێک هەیبێت، خۆماڵیکردنی پیشەسازی نەوتی ئێران بووە، به‌ڵام دادگا حوکمی سێ ساڵ زیندانی بۆ دەرکرد، دوای مانەوەی سێ ساڵ لە زیندان، بۆ زێدەکەی لە ئەحمەد ئاوای تاران دوور خرایەوە و تاکۆتایی ژیانی لە ژێر چاودێری تووندی دامودەزگا ئەمنیەکانی ئەو وڵاتەدا ژیانی بردە سەر، سەر ئەنجام لە ساڵی ١٩٦٧ کۆچی دوایی کرد.

  • سیاسەتی دەرەوەی موسەدەق و هاوسەنگی نێگەتیڤ

موسەدەق بنیاتنەری سیاسەتی بێ لایەنی یان هاوسەنگی نگەتیڤ بوو، سیاسەتی هاوسەنگی نگەتیڤ، به‌پرەنسیپی سەرەکی سیاسەتی دکتۆر موسەدەق هەژمار دەکرێت، سیاسەتێک کە بە واتای دووری گرتن لەم یان ئەو  رەوت یان لایەن و رەچاوکردنی سیاسەتی بێ لایەنی لە نێوان زلهێزەکانی جیهانە، لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی. مەبەست لە وشەی نگەتیڤ، نەفی هەر جۆرە هۆکار، لایەن یان ئەنگیزەیەکە کە ئازادی کردەوەی ئێرانیەکان لە سەر خاکی خۆی نەفی بکات.(٤٤)

موسەدەق کە خوێندنەکەی لە سویس تەواو کرردبوو، بەتوندی لە ژێر کاریگەری سیاسەتی بێ لایەنی سویس لە هاوکێشە نێودەوڵەتیەکاندا بوو. سویس لە ماوەی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی، بێ لایەنی خۆی پاراستبووو.

سیاسەتی هاوسەنگی نگەتیڤی موسەدەق، بە چ مانایەک دێ؟

سیاسەتی سەربەخۆیی تەواوی ئێران و بەستراوە نەبوون بە هیچ وڵاتێک، ئەوەی کە هەموو رێککەوتنەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی جیهان، دەبێ لە بەرژەوەندی و قازانجی خەڵکی وڵاتەکەی بێ.

ئەم بۆچوونەی موسەدەق دژ بەرامبەر بە سیاسەتی هاوسەنگیی پۆزەتیڤ ده‌بینرا، بۆچوونێک کە پێی وابوو به‌پێدانی ئیمتیاز بە وڵاتانی دەرەوە هاوسەنگی رابگیرێت.

سیاسەتی هاوسەنگی نەرێنی، له‌لایه‌ن حزبی توودەی چه‌پڕێ هێرش و ره‌خنه‌ی توندی ده‌كرایه‌ سه‌ر، لەدەرەوەش دژایەی وڵاتانی رۆژئاوای بەدواداهات، بەجۆرێک کە دین ئاچسن، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا (١٩٥٣-١٩٤٩) لەنامەیەکدا بۆ گریدی، جەخت دەکاتەوە کە ئەم سیاسەتەی موسەدەق جیدیترین مەترسیە، دەتوانێ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بخاتە مه‌ترسییه‌وه‌.

لەو سەردەمەدا، هیشتتا بزووتنەوەی وڵاتانی بێ لایەن نەهاتبووە کایەوە، لە ساڵی ١٩٥٦ واتە دوای سێ ساڵ لەکەوتنی موسەدەق، ئەم بیرۆکەیە ریشەی لە وڵاتانی جیهانی سیهەم داکوتا، سەرانی ناسراوی وەک جەواهێر لەعل نەهرۆ، مارشاڵ تیتۆ، جەمال عەبدولناسر و سۆکارنۆ، ئەم بیرۆکەیان وەک چارەسەرێکی سیاسی و ستراتیژی بۆ وڵاتان جیهانی سێهەم هێنایە ئاراوە، توخمی سەرەکی ئەم بیرۆکەیە، پەیوەست نەبوون و خۆبەدوورگرتن بوو لە هاوپەیمانییە سیاسی و سەربازیەکانی وڵاتانی زلهێزی ئەو کات، واتە سۆڤییەت، بەریتانیا و ئەمریکا. (٤٥)

موسەدەق نەتەنها دژایەتی پەیوەست بوونی  ئێرانی بە هاوپەیمانێتی سەربازی سێنتۆ کرد، کە لەلایه‌ن سۆڤییەتەوە سەرکردایەتی دەکرا، بەڵکوو هاوکات لە دژی درێژکردنەوەی رێککەوتننامەی یارمەتیە سەربازیەکانی ئەمریکا بۆ ئێران وەستایەوە، چونکو ئێرانی بەڵێندار دەکرد کەبەرامبەر بەوەرگرتنی پاکێجی یارمەتیە سەربازیەکان، بەرژەوەندی وڵاتانی رۆژئاوایی بپارزێت و لە دژی سۆڤییەت سەنگەر بگرێت.

بەم پێیە ئەمریکا لە ژانویەی ١٩٥٢، یارمەتیە سەربازیەکانی خۆی  بۆ ئێران راگرت، ئەمەش دواتر هۆکارێکی ناکۆکی و دژایەتی ئەمریکا و بەریتانیا بەرامبەر بە ئێران بوو، ئەم بریارەی موسەدەق تێچوویەکی زۆر بەوەداوە بوو و بووە هۆکار و پاڵنەرێکی کودەتا لە دژی خۆی، تیۆری بێ لایەنی هەر چەند بارێکی مانایی نەرێنی هەبوو، بەڵام موسەدەق زۆرتر جەختی لە سەر بێ لایەنی نێگەتیڤ دەکردەوە، بەو مانایە کەئەگەرچی لەهاوکێشە و ململانێ نێودەوەڵەتی و ناوچەییەکان نابێتە لایەن، بەڵام هاوکات دۆستایەتی و پەیوەندی خۆی لە گەڵ وڵاتان دەپارێزێت و بەرژەوەندی وڵاتەکەی لە کوێ بێت، ئەو لەوێیە(٤٦)

کاکڵەی هاوسەنگی نەرێنی و بێلایەنی ئەرێنی لە سیاسەتی دەرەوەی موسەدەق، ئەوە بوو، کە هیچ هێزێکی دەرەکی بۆ ئەوە نابێ پشتی پێ ببەسترێ، بەڵام دەبێ ئەم سیاسەتە لە بواری پەیوەندیەکان و سیاسەتی دەرەوەدا جەختی لە سەر بکرێتەوە.

  • هۆکارەکانی سەرکەوتن و شکستی بزووتنەوەی  خۆماڵی کردنی نەوت 

هۆکارەکانی سەرکەوتن:

داهاتی کەمی ئێران لە نەوت

رێککەوتنی گێس-گۆلشاییان و دژایەتی کەمینەی پەرلەمان

ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی خولی ١٦ هەم 

مانگرتنی موسەدەق و ژمارەیەک لە نەتەوەگەراکان لەدەربار و تیرۆری هەژیر لە لایەن فیدائیانی ئیسلام

پێکهاتنی بەرەی نەتەوەیی.

تیرۆری رەزم ئارا کە دژبەری سەرسەختی خۆماڵیکردنی نەوت بوو.

سەرۆکوەزیرانی  و رۆڵی بەرچاوی موسەدەق.

خۆپیشاندانی بەربلاو دژ بە قەوام و پێداگری لە سەر مانەوەی موسەدەق له‌ پۆستی سەرۆکوەزیرانی.

سەرکەوتنی موسەدەق لە دادگای لاهای.

هۆکارەکانی شکست:

دادگایی نەکردنی ئەنجامدەرانی کوشتاری ٢٢ی جولای ١٩٥١ و مەیدان دان بە سەرلەشکر وسووقی که‌یەکێک بوو لە بڕیاردەرانی کوشتارەکە.

هەڵاوسان کە لە ئەنجامی شکستی ئابوری بێ نەوت هاتە ئاراوە، هەروەها نەفرۆشتنی نەوت لەبازاڕەکان.

سیاسەتەکانی موسەدەق لە پەیوەندی لە گەل جێبەجیکردنی ئابوری بێ نەوت، کۆنتڕۆڵ نەکردنی هاوردەو هەناردە.

ناکۆکی نێوان موسەدەق و نەتەوەخوازەکان لە چۆنیەتی جێبەجیکردنی یاسا.

خانەنشین کردن و دەرکردنی ئەفسەرانی سوپا.

گۆڕانکاری لە سیستمی جیهانی، بۆ وێنە مەرگی ستالین و بە دەسەڵات گەیشتنی خرۆشچۆف و رێککەوتنی ئایزێنهاڤێر و چەرچیل لە کودەتا دژ بە موسەدەق.

ململانێ لە گەڵ دەربار.

 متمانەی موسەدەق بە ئەمریکا.

ناکۆکی و چەند دەستەیی لە ناوخۆ و دەرەوەی سەبارەت بە سیاسەت و رێوشوێنەکانی موسەدەق(٤٧)

  • پلانەکانی موسەدەق لە پەرلەمان و دەوڵه‌ت

بەشێک لە پلانەکانی موسەدەق لە پەرلەمان بریتین بوو لە: جێبەجێکردنی یاسایی خۆماڵیکردنی پیشەسازی نەوت لە سەرتاسەری ئێران.

تەرخانکردنی بەشێک لە داهاتی ئەم پرۆژەیە، بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری وڵات و پێکهێنانی ئاسایش و خۆشگوزەرانی گشتیی.

هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شوورای میللی و شارەوانیەکان.

بنەمای سیاسەتی دەرەوەی لە سەر جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەهێزکردنی ئەم رێکخراوە داڕشت، هەروەها دۆستایەتی و رێزی بەرامبەر لە گەڵ هەموو وڵاتانی جیهانی وەک پرەسنیپێک لە سیاسەتی دەەروەدا جێگیر کرد.

بەشێکی تر لە پلانەکانی موسەدەق، كه‌پەیوەست بوون بەمەسەلەی دیموکراسی و ئازادیەکان و دادپەروەری کۆمەڵیەتی بریتی بوون لە :

کەمکردنەوەی ٢٠%ی لە سەهام  وپشکی مالیکەکان و تەرخانکردنی بۆ گەشە و ئاوەدانی وڵات.

گەڵاڵەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ پێشگرتن بە تێکدانی ئەمن و ئاسایشی گشتی.

گەڵاڵەی نوێی هەڵبژاردن، بۆ زیادکردنی ژمارەی نوێنەرەکان تا ١٧٢ کەس.

گەڵاڵەی یاسای بیمەکۆمەڵایەتیەکانی کرێکاران و بە دامەزراوەکردنی.

گەڵاڵەی سەربەخۆیی سەنتەری پارێزەران، وەک دامەزراوەیەکی مەدەنی و سەربەخۆ بەئاراستەی دادپەروەری و سەروەری یاسا.

فه‌راهه‌مكردنی ئازادی و مافی کۆبوونەوە و میتینگ و خۆپیشاندان و ئازادی حزبەکان و کۆڕو کۆمەڵەکان.

بەرگری لە ئازادی راگەیەنەکان وەک دەسەڵاتی چوارەمی دیموکراسی. 

مۆڵەتی دامەزرانی بانکی”صادرات”  لە لایەن کەرتی تایبەتەوە.

هەوڵەکانی بۆ بنەجێکردن و سەرخستنی ئابووری بێ نەوت. (٤٨)

  • موسەدەق لە روانگەی کەسایەتیە ناوخۆیی و بیانیەکان

وینستۆن چەرچیل:

ئێمە موسەدەق لە دەسەڵات دەخەین، دواتر لەگەڵ جێگرەوەکەی، کێشەی نەوت چارەسەر دەکەین.

ئەنتۆنی ئیدن، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی بەریتانیا:

دوای ئەوەی کە هەواڵی مەرگی موسەدەقم بیست، حەسامەوە.

ڤیلیام داگلاس، دادوەری دیوانی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا:

کاتێک موسەدەق لە ئێران دەستی دایە چاکسازی، ئێمە تۆقین، پیاوێکی بەتەواوی دیموکرات بوو و بەدۆستی خۆمی دەزانم.

ئێمە و بەریتانیەکان دەستمان دایە دەستی یەکتر تا لە ناوی بەرین، دواجار سەرکەوتین، بەڵام دوارۆژەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناومان زڕا.

صالح جبر،سەرۆکی حزبی نیشتمانی عێراق :

بە سەراحەت دەتوانم بڵێم، زیادبوونی بەرهەمە نەوتیەکان و دەستکەوتەکانی، مەدیوونی هەوڵ و هیمەتی موسەدەقە.

قوتبەدین سادقی،شانۆکاری بەناوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستان: 

موسەدەق بە سیمایەکی میانەڕەو و راستگۆ بوو، گوتاری میانەڕەوانەی موسەدەق ئێستاش لە کۆمەڵگای ئێرانی رەواجی هەیە، ئەوەی راستی بێت، ئەو نەتەنها کاراکتەرێکی بیرمەند، بەڵکو سیاسییەکی راستگۆیە.

سەیری کارنامەکەی بکەن، هیچ شوێنەوارێک لە توندڕەوی نەخۆش ئاساو ناواقعی لێنابیدرێت، موسەدەقەکان زۆرتر لە گەڵ کێشە و ململانێ ناوخۆییەکان دەست و پەنجەیان نەرم کردۆتەوە.

گۆڤاری تایمز :

لە وڵاتێکدا کە تۆمەتی سیاسی رەواجی هەیە، ئەم پیاوە شەرافەت و گەورەیی خۆی پاراستووە، ئەو لەدژی هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکییە.

ریوارۆل پاریس :

موسەدەق، گەورەترین پپیاوی سیاسی جیهانە، نوقتە گۆڕانێکە لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دژبەرانی بەبەریتانی وەسفیان دەکرد، روسەکان بە پیاوی ئەمپەریالیزمی ئەمریکیان ئەژمار دەکرد، بەریتانیەکان بە کۆمۆنیستیان ناودەبرد، سەرئەنجام روون بووەوە کە موسەدەق پاڵەوانێکی نەتەوەییە.

رۆژنامەی ئابزرڤێر :

موسەدەق باوکی روحی و یەکێک لە سیما نیشتمانپەروەرەکانە، کە بەرژەوەندی وڵاتەکەی لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنا.

گۆڤاری تایم :

جەستەی لاوازی موسەدەق، لە کێوی ئەلبۆرز بەرزتر و لە نەوتی ئابادان بەگڕتر و سووتێنەرترە.

دەزگای چاپەمەنی دارالهلال، میسر، ١٩٤٩ :

موسەدەق مامۆستای خۆماڵیکردنی نەوتە لە رۆژهەڵات، رێبەرانی بزووتنەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تێکڕایان قوتابی ئەون.

جەمال عەبدولناسر،سەرۆکی پێشووی میسر(٤٩)

من قوتابی قوتابخانەی دژە داگیرکاریم، لە قوتابخانەی موسەدەق وانەکانم خوێندووە.

  • ئەنجام :

ئەزموونی دوو ساڵ ئیدارەی وڵات بە بێ ئابووری نەوت، شوێندانەری خۆی هەبوو، چەرچیل و ئایزنهاڤێر، دوای هەماهەنگییەی زۆر گەیستنە ئەو قەناعەتە کەباشترین رێگا بۆ چارەسەری قەیرانی نەوت، خستنی موسەدەقە.

کاتەکە لە بار بوو، موسەدەق و ئێران هەر دوو بەرەو لاوازی دەچوون، بەرەی نەتەوەیی دوچاری دووبەرەکی و ناکۆکی ببوو، ژمارەیەک لە سیاسیەکان کەتاقەتیان بەسەر چووبوو، بەرە بەرە لە دەربار نزیک بوونەوە.

ژمارەیەک لە روحانیەکان (ئاخوندەکان) کە پاڵپشتی موسەدەقیان کردبوو، بەرەبەرە نیگەرانی رەفتار و کرداری غەیرە ئایینی ناوبراو بوون.

خەڵکی بازاڕ، سەبارەت بەو یاسایانەی کە لە بەرژەوەندی ئەواندا نەبوو، ناڕازی و نائومێد ببوون.

کۆبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی یەک کەس، حەساسییەتی ئەم و ئەوی لێکەوتبووە.

سەرباری ئەمانەش، موسەدەق بەپاکسازی کردنی سوپا، لەو ئەفسەرانەی کە لە پۆستەکانیان دوور خرابووەوە، کۆمەڵێک دوژمنی سوێندخواردووی دروست کردبوو، کەئامادە بوون لەدژی تەنانەت چەک هەڵبگرن.

بەریتانیا و دەزگای هەواڵگری ئەم وڵاتە، لای ئەمریکیەکان قەناعەتێکیان دروست کردبوو کە هەر کات و سات بۆی هەیە ئێران بکەوێتە باوەشی سۆڤییەت، حزبی تودەیان کە بەرەدوام خەریکی رێکخستن و مانگرتن بوو و خوازیاری ئیمتیازی نەوت و ئابووری بۆ سۆڤییەت بوون، وەک داهۆڵێک لە بەردەم ئەمریکیەکان زەق کردبووەوە، هەر چەند کە تودەییەکان بۆ ساتێکیش پاڵپشتی سیاسەتی نەتەوەیی گەرایی موسەدەقیان نەدەکرد.

بەم جۆرە  تراژیدیای تەنهایی سێبەری قورسی خۆی خستە سەر موسەدەق. موسەدەق بەرە بەرە لایەنگرانی خۆی لە دەستداو سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٥٣ دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بە پشتیوانی بەریتانیا کودەتایەکیان لە دژی ریکخست. ئەوە بوو کە شای ئێران بۆ جارێک دیکە گەڕایەوە مەیدانی سیاسەتی وڵات و موسەدەقیش رەوانەی زیندان کرا. ئەنجامەکەی بوو بووه‌ هۆی :

ناسەقامگیری سیاسی و گەڕانەوەی سەردەمی رابردوو.

رێککەوتنە نەوتیەکانیش بەرە بەرە گرێ دەدرانەوە.

سەرباری هەموو ئەمانە، بزووتنەوەی خۆماڵیکردنی نەوتی ئێران، بۆ هەتایە لە مێژووی ئابوری سیاسی و وڵاتانی هەناردەکەری نەوت مایەوە و له‌و نێوانه‌شدا ئه‌وه‌ی جێی سه‌ره‌نجه‌، تابەر لە ١٩٥٨ و شۆڕشی ڤەنەزۆئێلا، هیچ کام لەو وڵاتانە هیچ باسێکیان لە خۆماڵیکردنی نه‌وت نەهێنابووە ئاراوە.

سەرچاوەکان:

1-

http://pahlaviha.pchi.ir/show.php?page=contents&id=19090

2-

http://www.aftabir.com/articles/view/politics/iran/c1c1205847187p1.php/%D9%85%D9%84%DB%8C-%D8%B4%D8%AF%D9%86-%D9%86%D9%81%D8%AA-%D9%85%D9%82%D8%AF%D9%85%D9%87-%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D9%82%D9%84%D8%A7%D9%84-%D9%88-%D8%A2%D8%B2%D8%A7%D8%AF%DB%8C

3-

کتاب میهن پرست ایرانی نوشته کریستوفر دوبلگ استاد دانشگاه کمبریج

4-

https://www.facebook.com/Dr.Mosaddegh/?ref=page_internal&fref=nf

5-

http://www.yjc.ir/fa/news/4948105/%D8%B3%D9%82%D9%88%D8%B7-%D9%85%D8%B5%D8%AF%D9%82-%D9%88-%D8%A7%D8%B9%D8%AA%D8%B1%D8%A7%D9%81-%D8%AA%DA%A9%D8%A7%D9%86%E2%80%8C%D8%AF%D9%87%D9%86%D8%AF%D9%87-%D8%AF%DB%8C%DA%A9%D8%AA%D8%A7%D8%AA%D9%88%D8%B1-%D8%B1%D9%88%D8%B2%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%87%E2%80%8C%D9%87%D8%A7-%D9%88-%D9%87%DB%8C%D8%B2%D9%85%E2%80%8C%DA%A9%D8%B4%DB%8C-%D8%A2%D8%AA%D8%B4-%D8%A7%D8%AE%D8%AA%D9%84%D8%A7%D9%81-%D8%A8%DB%8C%D9%86-%D9%85%D8%B5%D8%AF%D9%82-%D9%88-%D8%A2%DB%8C%D8%AA%E2%80%8C%D8%A7%D9%84%D9%84%D9%87-%DA%A9%D8%A7%D8%B4%D8%A7%D9%86%DB%8C

6-

http://www.historymoaser.blogfa.com/post/11

7-

http://www.bbc.com/persian/mobile/arts/

2012/03/120322_l51_great_persians_mossadeq_bio.shtml

8-

تراژدی تنهایی ؛ زندگی نامه ی سیاسی محمد مصدق؛ کریستوفر دو بلگ

9-

http://kahkeshan-andisheh.blogspot.com/2010/07/blog-post_7786.html

10-

http://www.parsmarket.net/books/AllShahsmen_parsi.pdf

11-

http://www.bbc.com/persian/arts/

2012/03/120322_l51_great_persians_mossadeq_bio.shtml

12-

http://www.parsmarket.net/books/AllShahsmen_parsi.pdf

13-

https://www.tribunezamaneh.com/archives/tag/%D9%85%D8%AC%DB%8C%D8%AF-%D8%A8%DB%8C%D8%A7%D8%AA-%D9%85%D8%B5%D8%AF%D9%82

14-

http://www.movarekhan.com/blog/mosaddeh_and_oil_movement/

15-

https://books.google.iq/books?id=Klz2DQAAQBAJ&pg=PT395&lpg=PT395&dq=%D8%AA%D9%82%D9%84%D8%A8+%D8%AF%D8%B1+%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA++%D9%85%D8%AC%D9%84%D8%B3+%D8%B4%D8%B4%D9%85+%D9%85%D8%B5%D8%AF%D9%82&source=bl&ots=czChzEERV8&sig=FNrohTZ60yzVb82YTFNjlaquTGM&hl=en&sa=X&ved=0ahUKEwj87s2ws__TAhWGWBQKHTizCKQQ6AEIODAD

16-

ایرانی میهن پرست؛ محمد مصرق و کودتای خیلی انگلیسی، کریستوفر دوبلیگ، ص -۱۸۰–۱۸۲

17-

تراژدی تنهایی ؛ زندگی نامه ی سیاسی محمد مصدق؛ کریستوفر دو بلگ

18-

http://mahmoudkhademi.de/2015/03/

19-

https://www.radiofarda.com/a/f2-iran-shah-book-persian-translation-houshang-nahavandi/25239922.html

20-

http://www.madomeh.com/site/news/news/5508.htm

21-

http://fararu.com/fa/news/212436/%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D9%88%DB%8C%D8%B1-%D8%A2%D8%AE%D8%B1%DB%8C%D9%86-%D8%B4%D8%A7%D9%87-%D9%82%D8%A7%D8%AC%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D8%B2-%D8%AA%D8%A8%D8%B9%DB%8C%D8%AF-%D8%AA%D8%A7-%D9%85%D8%B1%DA%AF

22-

https://fa.wikipedia.org/wiki/%D9%85%D8%AD%D9%85%D8%AF%D8%B9%D9%84%DB%8C%E2%80%8C%D8%B4%D8%A7%D9%87

23-

https://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%A7%D8%AD%D9%85%D8%AF%D8%B4%D8%A7%D9%87_%D9%82%D8%A7%D8%AC%D8%A7%D8%B1

24-

http://tarikhirani.ir/Modules/News/Phtml/News.PrintVersion.Html.php?Lang=fa&TypeId=28&NewsId=2783

25-

https://www.radiofarda.com/a/f10_radio_series_on_chronology_of_iran_us_relations_part_16/2311496.html

26-

http://www.asriran.com/fa/news/274354/7-%D9%BE%D8%B1%D8%AF%D9%87%E2%80%8C-%D8%A7%D8%B2%E2%80%8C-%D8%B2%D9%86%D8%AF%DA%AF%DB%8C%E2%80%8C-%D8%AE%D8%B5%D9%88%D8%B5%DB%8C%E2%80%8C-%D8%AF%DA%A9%D8%AA%D8%B1-%D9%85%D8%B5%D8%AF%D9%82-%D8%A2%D8%B1%D8%B2%D9%88%E2%80%8C-%D8%AF%D8%A7%D8%B4%D8%AA%D9%85%E2%80%8C-%D9%82%D8%A8%D9%84%E2%80%8C-%D8%A7%D8%B2-%D9%87%D9%85%D8%B3%D8%B1%D9%85%E2%80%8C-%D8%A7%D8%B2%E2%80%8C-%D8%AF%D9%86%DB%8C%D8%A7%E2%80%8C-%D8%A8%D8%B1%D9%88%D9%85

27-

http://vista.ir/doc/364135/%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D8%B3%DB%8C-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D9%85%D9%84%DB%8C-%D8%B4%D8%AF%D9%86-%D8%B5%D9%86%D8%B9%D8%AA-%D9%86%D9%81%D8%AA-%D9%85%D8%B5%D8%AF%D9%82%DB%8C-%DA%A9%D9%87-%D9%85%DB%8C%E2%80%8C%D8%AA%D9%88%D8%A7%D9%86%D8%B3%D8%AA

28-

http://www.ensani.ir/fa/content/126686/default.aspx

http://m-hosseini.ir/moaser-1/articles-7/682.pdf

29-

http://www.rastannews.ir/%D8%A8%D8%AE%D8%B4-%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D8%B3%D8%AA-3/22064-%D9%85%D8%B5%D8%AF%D9%82-%D8%A7%D8%B4%D8%B1%D8%A7%D9%81-%D8%B2%D8%A7%D8%AF%D9%87-%D8%A7%DB%8C-%DA%A9%D9%87-%D8%B3%D8%B1%D9%85%D8%A7%DB%8C%D9%87-%D8%A7%D8%B4-%D9%85%D8%B1%D8%AF%D9%85-%D8%A8%D9%88%D8%AF

30-

https://www.facebook.com/Dr.Mosaddegh/posts/1937773043105677:0

31-

https://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%AD%D8%A7%D8%AC%E2%80%8C%D8%B9%D9%84%DB%8C_%D8%B1%D8%B2%D9%85%E2%80%8C%D8%A2%D8%B1%D8%A7

32-

http://hrm.nioc.ir/Pages/melli-naft.aspx

33- 

http://www.zamane.info/1390/05/%D8%A2%DB%8C%D8%A7-%D9%85%D8%B5%D8%AF%D9%82-%D9%81%D8%B1%DB%8C%D8%A8-%D8%AE%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%9F/

34-

 http://tolounews.com/newsThread.aspx?ID=514

35-

 موحد، محمد علی: خواب آشفته نفت،‌ دکتر مصدق و نهضت ملی ایران

36-

 خون ونفت- منوچهر فرمانفرمائیان و رکسان فرمانفرمائیان

37-

 ایرانی میهن پرست؛ محمد مصرق و کودتای خیلی انگلیسی، کریستوفر دوبلیگ.

38-

 http://1host2u.com/?fz=8347

39-

 http://www.aftabir.com/articles/view/politics/plitical_history/c1c1153643379p1.php/%D8%A2%DB%8C%D8%A7-%D9%85%D8%B5%D8%AF%D9%82-%D9%81%D8%B1%DB%8C%D8%A8-%D8%AE%D9%88%D8%B1%D8%AF

40-

 ایرانی میهن پرست؛ محمد مصرق و کودتای خیلی انگلیسی، کریستوفر دوبلیگ.

41-

 تقریرات مصدق در زندان- جلیل بزرگمهر، ایرج افشار

42-

 شیرین سمیعی: محبوبیت مصدق، ملی کردن صنعت نفت و دادگاه نظامی

43-

 خاطرات و تالمات دکتر مصدق به قلم دکتر محمد مصدق- به کوشش ایرج افشار

44-

 http://www.ensani.ir/storage/Files/20160518145547-9971-71.pdf

45-

 https://www.facebook.com/Dr.Mosaddegh/posts/1868870123329303:0

46-

 فوران، جان: مقاومت شکننده؛ تاریخ تحولات اجتماعی ایران از صفویه تا سال‌های پس از انقلاب اسلامی، ترجمه احمد تدین

47-

 http://abbasi-joganab.mihanblog.com/post/16

48-

 https://books.google.iq/books?

id=lZsCBAAAQBAJ&pg=PT161&lpg=PT161&dq=%D8%A8%D8%B1%D9%86%D8%A7%D9%85%DB%95%D9%87%D8%A7%DB%8C+%D9%85%D8%B5%D8%AF%D9%82++%D8%A8%D8%A7%D9%86%DA%A9+%D8%B5%D8%A7%D8%AF%D8%B1%D8%A7%D8%AA&source=bl&ots=_bLc4Vt0z8&sig=1VqpYI8NinmTFJeqNEUzHVc2JL8&hl=en&sa=X&ved=0ahUKEwiL3Kq5zf_TAhUBOBQKHVKeD5YQ6AEIOzAD#v=onepage&q=%D8%A8%D8%B1%D9%86%D8%A7%D9%85%DB%95%D9%87%D8%A7%DB%8C%20%D9%85%D8%B5%D8%AF%D9%82%20%20%D8%A8%D8%A7%D9%86%DA%A9%20%D8%B5%D8%A7%D8%AF %D8%B1%D8%A7%D8%AA&f=false

49-

http://vista.ir/article/364953/



PM:02:54:29/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 285 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Yeezy 350 Boost V2,Adidas Yeezy 750 Boost,Adidas Zestra Chaussures,Nike Air Force 1 07,Air Force 1 Flyknit Chaussures,Air Force 1 Mid 07 Chaussures
Nike Air Max 90 Fireflies,NIKE AIR MAX 90 MID,NIKE AIR MAX 95,NIKE AIR MAX 95 CHAUSSURES,NIKE AIR MAX MOTION LW,NIKE AIR MAX TAILWIND 8