عاسم جیهاد: وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به‌رده‌وام ده‌ستپێشخه‌ر بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان

 
 لەم چاوپێکەوتنەدا گرنگترین بابەتەکانی پەیوەندیدار بە پرسی نەوت لەعێراق لەگەڵ عاسم جیهاد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق تاوتوێ دەکرێت.

زیانه‌كانی عێراق له‌ دامه‌زراوه‌ و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی به‌ چه‌ند ده‌خه‌مڵێندرێت ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌نجامی كۆنتڕۆڵكردنی داعش بۆ چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراق زیانییان پێگه‌یشتووه‌؟

عاسم جیهاد: "له‌ راستیدا خه‌مڵاندن یان خستنه‌ڕووی هه‌ر زانیارییه‌ك له‌ باره‌ی ئه‌و زیانانه‌ی کە بەر كه‌رتی نه‌وت كه‌وتوون به‌ هۆی داعشه‌وه‌ کارێکی قورسه‌، ئێستا له‌ قۆناغی دووباره‌ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌و دامه‌زراوانه‌ین له‌و ناوچانه‌ی كه‌ رزگاركراون كه‌ داعش زیانی پێ گه‌یاندبوون، چاوه‌ڕوانی ته‌واوبوونی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان و رزگاركردنی ته‌واوی ناوچه‌كانین بۆ ئه‌وه‌ی رووپێو و ئامارێكی روون و راست و گشتگیر بخه‌ینه‌ روو. 

زیانه‌كان به‌ هۆی داعشه‌وه‌ زۆرن، هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق به‌ هۆی كردنه‌ ئامانجی بۆڕی گواستنه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی و به‌و پێیه‌ ئاستی هه‌نارده‌كردن كه‌م بوویه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌و ناوچه‌یه‌ راوه‌ستا، هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ی داعش نه‌ینه‌وای كۆنتڕۆڵ كرد عێراق له‌ نێوان 250 هه‌زار بۆ 400 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا ئاستی هه‌نارده‌ی كه‌مبوویه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر به‌ پاره‌ هه‌ژماری بكه‌ین بڕێكی زۆر ده‌رده‌چێت.

ئه‌وه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی داعش 18 بیری سووتاند له‌ گه‌یاره‌، كۆی گشتی ئه‌و بیره‌ نه‌وتییانه‌ی كه‌ به‌ هۆی داعشه‌وه‌ زیانییان پێگه‌یشتووه‌، 34 بیرن له‌ كۆی 50 بیری كیڵگه‌ی نه‌وتی گه‌یاره‌، كۆمپانیا نه‌وتییه‌ نیشتمانییه‌كان و به‌ هه‌وڵێكی زۆر توانییان ئاگری بیره‌كان بكوژێننه‌وه‌ و ژینگه‌پیسبوون به‌ هۆی سووتاندنی ئه‌و بیرانه‌ رابگرن. 

داعش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌ستی به‌سه‌ر چه‌ندین ئه‌مباری سووته‌مه‌نی و بیری دیكه‌دا گرت، له‌گه‌ڵ دزین و فرۆشتنی نه‌وت كه‌ هه‌موو زیانه‌كانی به‌ر عێراق كه‌وتوون له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌گاته‌ ملیاره‌ها دۆلار. 

ئێستا وه‌زاره‌تی نه‌وت سووره‌ له‌سه‌ر وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌ نه‌وتییانه‌، هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ رزگاركردنی هه‌ر شوێنێك میلاكاتی وه‌زاره‌تی نه‌وت بچنه‌ ئه‌و شوێنه‌ و كاری خۆیان بكه‌ن و خزمه‌تگوزاریی پێشكه‌شی هاووڵاتییان بكه‌ن وه‌كو پێدانی سووته‌مه‌نی و شتی دیكه‌.

سه‌ركه‌وتووبوین له‌ به‌گه‌ڕخستنی پاڵاوگه‌ی گه‌یاره‌، یه‌كه‌مین یه‌كه‌ی به‌ توانای چوار هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا به‌كارخراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها كار له‌سه‌ر به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه‌ش به‌رده‌وامن، زۆر بۆڕیمان نۆژه‌نكردنه‌وه‌، كۆمپانیای پڕۆژه‌ نه‌وتییه‌كان هەستاون به‌ دانانی ئه‌مباره‌كان له‌ پێناو به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی وێستگه‌ی كاره‌بای گه‌یاره‌، بۆیه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌وڵمان به‌رده‌وامه‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا و پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین و ئه‌وانی دیكه‌ش. 

كه‌واته‌ ئه‌و زیانانه‌ی كه‌ داعش به‌ كه‌رتی نه‌وتیی عێراقی گه‌یاندووه‌ به‌ چه‌ند ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت؟ 

عاسم جیهاد: "ناتوانیین ئه‌و ئاماره‌ بخه‌ینه‌ روو، ته‌نها دوای رزگاركردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ناوچه‌كان نه‌بێت، ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ی ناوچه‌كان هه‌مووی رزگاركران ئه‌وا سه‌رجه‌م زیانه‌كان له‌ سووتاندن و دزین و تێكدان و شتی دیكه‌ش ده‌خه‌ینه‌ روو، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت خه‌مڵاندنی راسته‌قینه‌مان له‌به‌رده‌ستدا بێت". 

ئاستی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق له‌ ئێستادا چه‌ند ده‌بێت؟، عێراق پلانی هه‌یه‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی، پلانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌مباره‌یه‌وه‌ چییه‌؟ 

عاسم جیهاد: "ئاستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق له‌ ئێستادا به‌ پێی رێككه‌وتنی ئۆپیك کە پابه‌ندیین پێوه‌ی كه‌ بڕه‌كه‌ی له‌ رۆژێكدا ته‌نها له‌ ناوه‌ڕاست و باشووره‌وه‌ سێ ملیۆن و 200 هەزار به‌رمیل ده‌بێت، كه‌مێك زیاد و كه‌می تێدایه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ تێكڕایی پێوانه‌یی زۆره‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بڵێین ئێستا ئاستی هه‌نارده‌كردنی كه‌م كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌ نرخی زیاتر، چونكه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر زیادكردنی داهات كردووه‌، عێراق ئێستا سه‌نگی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش رۆڵی عێراق له‌ لایه‌ن وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ به‌رز راگیراوه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی عێراق نه‌بایه‌، ئێستا نرخی نه‌وت له‌ ده‌ورووبه‌ری 30 دۆلاردا ده‌بوو. 

هه‌رچی په‌یوه‌ندیی به‌ وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتی غازی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وا پلانی باشمان هه‌یه‌، عێراق ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ خۆتێركردن كه‌ رۆژانه‌ شه‌ش هه‌زار تۆن ده‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌ستمان كردووه‌ به‌ هه‌نارده‌كردنی ئه‌وه‌ی کە لە پێداویستی ناوخۆ زیاده‌، به‌شێك له‌ غازی چڕ هه‌نارده‌ده‌كه‌ین، هه‌رچی غازی وشكه‌ ئه‌وا ئاستی به‌رهه‌مهێنانمان زیادیكردووه‌، به‌ڵام به‌شی پێویستیی ناوخۆیی ناكات و ناچارین به‌شێك له‌ غازی وشك هاورده‌ بكه‌ین بۆ دابینكردنی بۆ وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، ئومێد ده‌كه‌ین دوای ساڵی 2018 بگه‌ین به‌ تێربوونی ناوخۆیی له‌ غازی وشك و هه‌نارده‌كردنی ئه‌وه‌ی زیاده‌یه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌. 

رێككه‌وتنمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كوێت كه‌ ئه‌و غازه‌ خاوه‌ی ده‌سووتێت بۆ ئه‌وه‌ی بیده‌ین به‌و وڵایە و پڕۆژه‌كه‌ له‌ كۆتاییه‌كانیدایه‌ و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر زیادبوونی داهاته‌كانی ده‌بێت، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كارده‌كه‌ین بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیكه‌ش به‌مه‌ش عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی باشتر له‌وه‌ی پێشوو، عێراق خه‌ریكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بارودۆخی پێشتر و رۆڵی گه‌وره‌ ده‌گێڕێت له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی جیهانی له‌ رووی نه‌وت و غازه‌وه‌.

په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان چۆنه‌؟، رێككه‌وتنی نوێتان ده‌بێت له‌باره‌ی نه‌وت و غازه‌وه‌؟ 

عاسم جیهاد: "ئومێد ده‌که‌ین بگه‌ین به‌ رێككه‌وتن له‌گەڵ هه‌رێم، به‌ڵام هێشتا مه‌سه‌له‌كان وه‌كو خۆیانن، هه‌ر لایه‌نێك ده‌یه‌وێت ئه‌و خاڵانه‌ به‌جێ بگه‌یه‌نێت و بیخاته‌ رێككه‌وتنه‌وه‌ كه‌ بۆ خۆی باش بێت به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، وه‌زاره‌تی نه‌وتی حکوومەتی فیدرال به‌رده‌وام ده‌ستپێشخه‌ر بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی رێككه‌وتنی نه‌وتی نابێت به‌ پێدانی نه‌وته‌كه‌ی و ئه‌و بڕه‌ی بۆی دیاریكراوه‌ به‌ پێی یاسا به‌ حكوومه‌تی ناوه‌ند، ئومێد ده‌كه‌ین بگه‌ین به‌ رێككه‌وتن له‌ نێوان هه‌ردوولا، چونكه‌ كاریگه‌ریی باشی ده‌بێت بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ندیش له‌سه‌ر هه‌مان ئاست، هه‌روه‌ها پاڵپشته‌ بۆ ئابووریی عێراق و باشتركردنی. 

زانیارییتان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌كات؟ 

عاسم جیهاد: "تا ئێستا هیچ زانیارییه‌كمان نییه‌، ئومێد ده‌كه‌ین حكوومه‌تی هه‌رێمی بڕی ئه‌و نه‌وته‌ی هه‌نارده‌ی ده‌كات و زانیارییه‌كانی په‌یوه‌ست پێوه‌ی بدات به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت، چونكه‌ ئێستا عێراق رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ ده‌ستپێشخه‌ریی شه‌فافییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، بۆیه‌ گرنگه‌ عێراق سه‌رجه‌م ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌كات بیانخاته‌ روو و ئاشكرایان بكات، هه‌روه‌ها ئه‌و داهاتانه‌شی به‌ده‌ست دێن، ئێستا عێراق بڕی هه‌نارده‌كراو و ئاستی داهاتی مانگانه‌ی به‌ پێی خشته‌یه‌ك ئاشكرا ده‌كات و نرخی ئه‌و به‌رمیله‌شی كه‌ ده‌فرۆشرێت ئاشكرایه‌، ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ شه‌فافییه‌ت و ئومێد ده‌كه‌ین هه‌رێمی كوردستانیش هه‌مان شت بكات كه‌ رۆڵی گرنگی ده‌بێت بۆ عێراق به‌ تایبه‌ت له‌ لای رێكخراوه‌كانی شه‌فافییه‌ت له‌ جیهاندا و بۆ عێراقیش باشه‌ و پێگه‌ی به‌هێزتر ده‌كات. 

باشه‌ جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ شوێنی دیكه‌وه‌ زانیارییتان پێناگات له‌سه‌ر ئاستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان؟ 

عاسم جیهاد: "ئێمه‌ هیچ زانیارییه‌كمان له‌ لا نییه‌، چۆن وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ شه‌فافییه‌ت له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌كات، ده‌بێت وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانیش هه‌مان شت بكات، جگه‌ له‌ عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان و پێگه‌كه‌شی له‌ لای رێكخراوه‌كانی شه‌فافییه‌ت كاریگه‌ر ده‌بێت". 

كه‌واته‌ په‌یوه‌ندییتان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌؟ 

عاسم جیهاد: "دابڕانمان نییه‌، لێره‌ و له‌وێ شانده‌كان سه‌ردانی یه‌كتر ده‌كه‌ن، نه‌گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن ناگاته‌ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییمان نه‌بێت، ئێمه‌ برایین و ده‌بێت بگه‌ین به‌ رێككه‌وتن". 

ئاژانسی ئانادۆڵو: رووپێوتان هەیە بۆ قۆناغی دوای داعش بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی نوێ له‌باره‌ی ئاستی یه‌ده‌گی عێراق بخه‌نه‌ روو؟

عاسم جیهاد: "له‌دوای وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كاری كۆمپانیای رووپێو و دۆزینه‌وه‌ی نه‌وتی، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق هه‌نگاوی زۆر گه‌وره‌ و جیددی ناوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی رووپێوی جیۆلۆجی دیكه‌ی نوێ، بۆیه‌ چه‌ندین لێژنه‌مان دروستكرد بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، ئێستا شه‌ش تیمی بوومه‌له‌رزه‌ییمان هه‌یه‌ و رووپێوییان ئه‌نجامداوه‌ به‌مدواییه‌ و گه‌یشتینه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ 10 ملیار به‌رمیلی دیكه‌ بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ یه‌ده‌گی جێگیره‌ و به‌وه‌ش یه‌ده‌گی جێگری عێراق له‌ 143 ملیار به‌رمیله‌وه‌ بووه‌ته‌ 153 ملیار و ئومێد ده‌كه‌ین به‌منزیكانه‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ زیاتر ببێت. 

عێراق تا ئێستاش به‌شێكی زۆر كه‌می له‌ نه‌وتی خۆی خستووه‌ته‌ وه‌به‌رهێناوه‌، شاره‌زایان ده‌ڵێن دوا به‌رمیلی نه‌وت له‌ جیهاندا له‌ عێراق ده‌بێت و بۆیه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر پێگه‌ی عێراق، ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یه‌ده‌گی نه‌وتی عێراق چه‌ند جاری ئه‌و ژماره‌یه‌ بێت كه‌ ئێستا هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ ئاینده‌دا له‌ رێگه‌ی رووپێوه‌كانه‌وه‌ ئه‌و ژمارانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش رۆڵی گرنگی هه‌یه‌ و عێراق ده‌كاته‌ وڵاتێكی زیاتر جێ بایه‌خ". 


PM:02:11:22/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 167 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Yeezy 350 Boost V2,Adidas Yeezy 750 Boost,Adidas Zestra Chaussures,Nike Air Force 1 07,Air Force 1 Flyknit Chaussures,Air Force 1 Mid 07 Chaussures
Nike Air Max 90 Fireflies,NIKE AIR MAX 90 MID,NIKE AIR MAX 95,NIKE AIR MAX 95 CHAUSSURES,NIKE AIR MAX MOTION LW,NIKE AIR MAX TAILWIND 8