فێستیڤاڵی ساڵانەی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی

 
لە سەرەتای كردنەوەی فێستیڤاڵەكەدا كە لەناو پەیمانگاكەدا بەڕێوەچوو ژمارەیەكی زۆری خوێندكاران و مامۆستایان و میوانان ئامادەی بینینی چالاكییەكانی هەرسێ‌ بەشی شێوەكاری و میوزیك و شانۆ بوون كە هەریەكەیان بە پێشكەشكردنی چەند نمایشێكی شانۆ و میوزیك و پێشانگای شێوەكاری لە هۆڵەكانی خۆیاندا چالاكییان ئەنجام دەدا.

سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە، حسێنی كاكەحەمە راگەیاند "ئەو چالاكییانەی ئەمڕۆ پێشكەشی بینەرانی دەكەین، بریتییە لە چالاكی بەشەكانی شێوەكاری و میوزیك و شانۆ، هەر بەشەیان چالاكی خوێندكارەكانی خۆیانە كە چەند نمایشێكی جوانیان پێشكەش بە بینەران كرد".

ئەو وتی: "ئێمە ناتوانین بەبێ‌ ئەنجامدانی فێستیڤاڵ و چالاكی بووەستین و دابنیشین و دەستەوەستان بین، بوودجە هەبێت یان نەبێت ناچارین چالاكی بكەین بۆ نمایشكردنی بەرهەمی خوێندكارەكانمان كە پێیانەوە هیلاك بوون".

حسێنی كاكەحەمە كە یاریدەدەری بەڕێوەبەری هونەری و مامۆستای شانۆیە لە پەیمانگاكە لە بارەی كاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر كار و چالاكییەكانیان وتی: "بە هۆی قەیرانی داراییەوە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا نەمانتوانیوە ئەو كەشە بڕەخسێنین كە خوێندكارەكان پێویستیان پێی هەبووە، ئەوەی كراوە لەسەر هەوڵ و سكی خوێندكارەكان ژیاون و لەسەر گیرفانی مامۆستایان درێژەمان بە كارو چالاكییەكان داوە".

پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی 36 ساڵە دامەزراوە و كۆمەڵێك هونەرمەند و مامۆستای ناودار وانەیان تێدا گووتووەتەوە، پەیمانگاكە سێ‌ بەشی سەرەكی (شانۆ، میوزیك و شێوەكاری) هەیە، ساڵانە 70 تا 75 خوێندكار وەردەگرێت.


PM:05:20:15/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 458 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌