قه‌یرانی‌ دارایی ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستیه‌كان نابێت


له‌ دیدارێكیدا د.ڕێكه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید وه‌زیری‌ ته‌ندروستیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رووناكی خسته‌سه‌ر به‌رنامه‌و پلانی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ ئه‌مساڵی‌ 2017و ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی‌ له‌ڕابردوودا هاتۆته‌پێش، هاوكات باس له‌ دامه‌زراندنی‌ كۆمپانیایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌هێنانی‌ ده‌رمان بۆ هه‌رێم ده‌كات، كه‌ سه‌ر به‌حكومه‌ت بێت، ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو قه‌یرانی‌ دارایی؛ كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر سێكته‌ری‌ ته‌ندروستی‌ به‌جێهێشتووه‌، بۆیه‌ وه‌ك وه‌زاره‌ت هه‌وڵیانداوه‌ كاریگه‌رییه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بۆ هاووڵاتیان نه‌بێت.

*كاریگه‌رییه‌كانی‌ قه‌یرانی‌ دارایی دوو ساڵ‌و نیوی‌ هه‌رێم له‌سه‌ر سێكته‌ری‌ ته‌ندروستی‌ چی بووه‌؟

 - ئێمه‌ش وه‌ك سێكته‌ره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان روبه‌ڕوی‌  چه‌ندین ئاسته‌نگ‌و قه‌یران بووینه‌وه‌، له‌وانه‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌و بڕینی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداو شه‌ڕی‌ تیرۆرو هاتنی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ ئاواره‌ی ناوچه‌كانی‌ عیراق بۆ هه‌رێم كه‌ ژماره‌یان زیاتره‌ له‌ یه‌ك ملیۆن‌و 800 هه‌زار كه‌س، هه‌روه‌ها دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت له‌و ماوه‌یه‌دا، هه‌روه‌ها به‌هۆی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ داهاتی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان هاووڵاتییان زیاتر روو له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان ده‌كه‌ن‌و ئاماره‌كانیش ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ سه‌ردانیكه‌رانی‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان به‌راورد به‌ ساڵانی‌ پێش قه‌یرانه‌كان زۆر زیادیكردووه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ وایكرد قه‌یرانه‌كان له‌ كوردستان قوڵتر بێته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش له‌ سێكته‌ری ته‌ندروستی‌ هاوشێوه‌ی‌ سێكته‌ره‌كانی‌ دیكه‌ له‌ رووی‌ مووچه‌‌و شایسته‌كانی‌ پزیشك‌و كارمه‌نده‌كانمان كه‌مبۆته‌وه‌، له‌ رووی‌ ده‌رمانیشه‌وه‌ پێش ئه‌م ره‌وشه‌ بۆمان هه‌بوو بێ هیچ سنوورێك ده‌رمان دابین بكه‌ین، به‌ڵام ئێستا ده‌بێ رێژه‌یه‌ك دیاری بكه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌ شانازییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رێزو سوپاسمان بۆ پزیشكان كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌‌و كارگێڕی‌ نه‌خۆشخانه‌كان توانیویانه‌ ئه‌و كاریگه‌رییه‌ كه‌مبكه‌نه‌وه‌و بتوانن كاری‌ خۆیان به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێكترو باشتر جێبه‌جێ بكه‌ن، تا كاریگه‌رییه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندورستییه‌كان بۆ هاووڵاتییان دیارنه‌بێت.

* له‌باره‌ی‌ پلانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ بۆ ئه‌مساڵ‌و دامه‌زراندنی‌ كۆمپانیایه‌كی‌ گشتی‌ بۆ هاورده‌كردنی‌ ده‌رمان  كه‌ له‌ پلانه‌كه‌دا باسی لێوه‌كراوه‌؟

- له‌یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌مساڵی‌  ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ كوردستان ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی به‌رنامه‌و پلانی‌ ئه‌مساڵمان خسته‌ڕوو، یه‌كه‌م خاڵی‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ زیادكردنی‌ داهاتی‌ ته‌ندروستییه‌، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی‌ دانانی‌ باجه‌ له‌سه‌ر ماده‌ زیان به‌خشه‌كانی‌ وه‌ك جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌و خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان، ئه‌و داهاتانه‌ش هه‌ر له‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ خه‌رج ده‌كرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران درێغی‌ نه‌كردوه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ بارودۆخی‌ ئابووری‌ هه‌رێم پێویسته‌ به‌دوای‌ داهاتی‌ تر بگه‌ڕێین، تا كه‌موكورتییه‌كانی‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ پێ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ به‌هۆی‌ دانانی‌ باج له‌سه‌ریان ئه‌و ماده‌ زیانبه‌خشانه‌ كه‌متر هاورده‌ی‌ كوردستان ده‌بێت، خاڵێكی‌ تر له‌ پلانه‌كه‌مان  پێشنیازی دامه‌زراندنی‌ كۆمپانیایه‌كی‌ گشتیه‌ بۆ هاورده‌كردنی‌ ده‌رمان، ئه‌و كۆمپانیایه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم خۆی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ بكات بۆئه‌وه‌ی‌ ده‌رمان بۆ كه‌رتی‌ گشتیی‌و تایبه‌ت دابین بكات، به‌وه‌ش ده‌توانین تاڕاده‌یه‌كی‌ زۆر هێنانی‌ ده‌رمان كۆنترۆل بكه‌ین‌و ئاگاداری‌ هه‌موو ئه‌و ده‌رمانانه‌ بین كه‌ هاورده‌ی‌ هه‌رێم ده‌بێت.

* ئه‌ی‌ له‌باره‌ی بوونی‌ ده‌رمانی‌ ماوه‌ به‌سه‌رچوو  هه‌نگاوه‌كان به‌چی گه‌یشتوون؟

- له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا كارێكی‌ زۆرمان له‌سه‌ر كوالێتی‌ ده‌رمان كردووه‌، وه‌ك كۆنترۆڵی‌ بازگه‌كان‌و رێگرتن له‌ هاورده‌كردنی‌ ده‌رمانی‌ ماوه‌به‌سه‌ر چوو «ئێكسپایه‌ر»، به‌ڵام هێشتا هه‌ر ماومانه‌و پێویست ده‌كات كاری‌ زیاتر بكرێت بۆئه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی‌ بۆ ئه‌و دیاردانه‌ بدۆزینه‌وه‌، له‌و چاره‌سه‌رانه‌ش دامه‌زراندنی‌ ئه‌و كۆمپانیا نیشتمانیه‌یه‌ بۆ هێنانی‌ ده‌رمان، هاوكات كار له‌سه‌ر باشتركردنی‌ تاقیگه‌كانی‌ خۆراك ده‌كه‌ین به‌تایبه‌تی‌ له‌سه‌ر سنووره‌كان، له‌پێناو  پاراستنی‌ هاووڵاتییان له‌ خواردنی‌ زیان به‌خش‌و بێ كه‌ڵك، جگه‌ له‌وانه‌، هه‌وڵده‌ده‌ین پاشماوه‌كانی‌ پزیشكی‌ به‌ تایبه‌تی‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی‌ زانستی‌ له‌ناو ببه‌ین، ئه‌ویش به‌ هاوكاریی‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی‌ ژینگه‌و وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌.

*له‌باره‌ی‌ دانانی‌ نرخ‌و لۆگۆی وه‌زاره‌ت له‌سه‌ر ده‌رمان‌و نه‌هێشتنی‌  نرخه‌ جیاوازییه‌كان چی ده‌ڵێی‌؟

- دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستكرا به‌ دانانی‌ نرخ له‌سه‌ر جۆری‌ ده‌رمانه‌كان ئێستا زۆربه‌ی‌ ئه‌و ده‌رمانانه‌ لۆگۆو  نرخیان بۆ دانراوه‌، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ بڕیارمان داوه‌ هیچ ده‌رمانێك نابێ به‌بێ نرخ‌و لۆگۆی وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ بێته‌ ناو هه‌رێم، به‌وه‌ش به‌ تێپه‌ڕبوونی‌ كات هه‌موو ئه‌و ده‌رمانانه‌ی‌ كه‌ له‌ بازاڕه‌كانی‌ كوردستاندا ده‌فرۆشرێت لۆگۆو نرخی‌ له‌سه‌ر داده‌نرێ.

* باس له‌بوونی‌ ده‌رمانی هۆشبه‌ر ده‌كرێت له‌ هه‌رێم ئه‌وه‌ چۆن كۆنترۆڵكراوه‌؟

- ئه‌و حاڵه‌ته‌ ته‌نیا له‌ كوردستان نییه‌، به‌ڵكو له‌ زۆربه‌ی‌ وڵاتانی جیهاندا هه‌یه‌، ئێمه‌ ناتوانین به‌ڵێن بده‌ین بەهه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌ی‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام ده‌توانین نه‌خشه‌ رێگه‌یه‌ك دابنێین، به‌هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان تاكو جۆره‌ رۆشنبیری‌‌و هۆشیارییه‌ك بڵاوبكه‌ینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌كانی‌ ئه‌و ماده‌یه‌و چۆنیه‌تی‌  رێگرتن  له‌هێنانی‌ ئه‌و مادانه‌ بۆ هه‌رێم‌و دانانی‌ سنوورێك بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌. 

*له‌باره‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ پزیشك‌و كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌؟

- ئێمه‌ له‌كاتی‌ ئێستا پێویستمان به‌ دامه‌زراندنی‌ پزیشك هه‌یه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌كان‌و نووسراویشمان بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران به‌رزكردۆته‌وه‌، ئه‌وانیش به‌ڵێیان پێداوین ژماره‌یه‌كمان بۆ دامه‌زرێنن. جگه‌ له‌ پزیشك‌و كارمه‌ندی ته‌ندروستی‌، هه‌رێم پێویستی به‌ دروستكردنی‌ نه‌خۆشخانه‌و زیادكردنی‌ قه‌ره‌وێڵه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌مه‌ش پلانێكمان دانابوو له‌ زاخۆوه‌ تا خانه‌قین 2500 قه‌ره‌وێڵه‌ی‌ تازه‌ دروست بكرێت كه‌ نرخه‌كه‌ی ملیارێك‌و 200 ملیۆن دیناره‌، هه‌رچه‌نده‌ پلانه‌كه‌ چووه‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ دارایی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ له‌كاتی‌ ئێستادا راگیراوه‌.

 *ئایا كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌ كوردستان تاچه‌ند هاوكاریی‌ حكومه‌ت ده‌كات له‌ بواری‌ ته‌ندروستیدا؟

- كه‌رتی‌ تایبه‌ت به‌ ته‌واوكه‌ری‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ داده‌نرێ، له‌ هه‌موو وڵاتێكیش پێویسته‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت هه‌بێت، ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی‌ هیوادارین ئه‌وانیش  له‌ ئاستی‌ پێویستدابن، به‌تایبه‌تی‌ بۆ یارمه‌تیدانی‌ پێشمه‌رگه‌و كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان‌و كه‌مئه‌ندامان‌و كه‌مده‌رامه‌تان به‌ تایبه‌تی‌ له‌م بارودۆخه‌ پڕ قه‌یرانه‌، ئاگادارین نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان به‌ڕه‌چاوكردنی‌ گوزه‌رانی‌ خه‌ڵكی‌ نرخه‌كانیان كه‌مكردۆته‌وه‌.

* باس له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت؟

-دیاره‌ له‌ سلێمانی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ شۆڕش هه‌یه‌، بڕیاریشه‌ له‌ هه‌ولێر نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌ دروستبكرێت،بۆ ئه‌مه‌ش تیمێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ تیمێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ سه‌رقاڵی‌ ئه‌و كاره‌ن، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش زۆر گرنگ‌و باشه‌، جگه‌ له‌و دوو شاره‌ پێویسته‌ له‌ هه‌موو پارێزگاكانی‌ هه‌رێم نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌بێت.

*په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ به‌غدا چۆنه‌،ئایا پشكی‌ هه‌رێم له‌ بواری‌ ته‌ندروستی‌ ده‌گات؟

- له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ به‌غدا هه‌ماهه‌نگی‌‌و په‌یوه‌ندیه‌كی‌ باشمان هه‌یه‌، به‌ڵام  سه‌باره‌ت به‌ پشكی‌ هه‌رێم ئه‌وا كه‌متر 50%ی‌ پشكی‌ هه‌رێم له‌ بواری‌ ته‌ندروستیدا ره‌وانه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ نه‌خۆشخانه‌كانی‌ كوردستان چاره‌سه‌ری‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عیراقه‌وه‌ ئاواره‌ی‌ هه‌رێم بوون، جگه‌ له‌وانه‌ش له‌ شه‌ڕی‌ دژ به‌ داعش زۆربه‌ی‌ برینداره‌كانی‌ هێزه‌كانی‌ عیراق له‌ سنووری‌ موسڵ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی‌ ئێمه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، به‌جۆرێك هه‌ندێكجار له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ هه‌ولێر ته‌واوی‌ نه‌خۆشه‌كان هی‌ ئه‌وانن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر نه‌خۆشه‌كانی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم كردووه‌،بۆیه‌ ده‌بێ حكومه‌تی‌ عیراقی زیاتر مافه‌كانی‌ هه‌رێم له‌ رووی‌ ته‌ندروستی‌ دابین بكات.
 
كوردستانی نوێ



PM:02:30:23/02/2017




ئه‌م بابه‌ته 494 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Yeezy 350 Boost V2,Adidas Yeezy 750 Boost,Adidas Zestra Chaussures,Nike Air Force 1 07,Air Force 1 Flyknit Chaussures,Air Force 1 Mid 07 Chaussures
Nike Air Max 90 Fireflies,NIKE AIR MAX 90 MID,NIKE AIR MAX 95,NIKE AIR MAX 95 CHAUSSURES,NIKE AIR MAX MOTION LW,NIKE AIR MAX TAILWIND 8