سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی: تورکیا ڕکابه‌ری گه‌وره‌ی ئێرانه‌ له‌هه‌رێمی کوردستان


سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی وتی: له‌ڕابردوودا ئێران ئاماده‌بوونێکی چڕوپڕتری له‌باری ئابوورییه‌وه‌ له‌هه‌رێمدا هه‌بووه‌، به‌ڵام ئێستاکه‌ تورکیا جێگای ئێرانی گرتۆته‌وه‌ و له‌باری ئابوورییه‌وه‌ ڕکابه‌ری سه‌ره‌کی ئێران دێته‌ ئه‌ژمار.
سیروان محه‌مه‌د مه‌حموود سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق هه‌واڵی دامه‌زراندنی ناوه‌ندی بازرگانی ئێرانی له‌شاری سلێمانی ڕاگه‌یاند که‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئه‌نجامدانی هه‌مووی کاروباری پێوه‌ندیدار به‌ هاورده‌کردنی کاڵا و به‌رهه‌مه‌ ئێرانییه‌کان له‌لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانی عێراقه‌وه‌.
ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌کانی سنووری په‌روێزخانیش گوتی: له‌سه‌فه‌ری ئه‌م دواییانه‌ی لێژنه‌ی ژووری بازرگانی سلێمانی بۆ پارێزگای کرماشان چه‌ند پێشنیارمان ئاراسته‌ی پارێزگاری کرماشان کرد و داوامان کرد هه‌نگاوی جیددی له‌مباره‌وه‌ هه‌ڵبگیردرێت.
 
کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق وه‌ک دوو وڵاتی دراوسێ سنوورێکی هاوبه‌شی زۆریان پێکه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌شێک له‌م سنووره‌ ده‌که‌وێته‌ هه‌رێمی کوردستان، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پێوه‌ندی سیاسی دوو لایه‌ن له‌ ئاستێکی به‌رزدایه‌، وه‌ک سه‌رۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی  که‌ له‌ نزیکیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران پێوه‌ندیتان هه‌یه‌، پێوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌رێمی کوردستانی عێراق چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
پێوه‌ندی هه‌رێمی کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران له‌بواری ئابووری و بازرگانییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1991، پاش داڕوخانی حکومه‌تی دیکتاتۆر به‌عس هه‌رێم له‌ باری ئه‌منییه‌وه‌ دۆخێکی باشتری به‌خۆوه‌ گرت، پێوه‌ندییه‌کان په‌ره‌یان سه‌ند و ئێمه‌ پێشکه‌وتنی زۆرمان له‌پێوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانییه‌کان له‌گه‌ڵ براده‌رانی ئێرانی به‌چاو بینی. پاش سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی ئابووری له‌هه‌رێم به‌ داخه‌وه‌ ئاستی ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌کان دابه‌زی و ده‌سپێکردنی شه‌ڕی داعش و دابه‌زینی نرخی نه‌وت ئه‌م ئاسته‌ی زۆرتریش دابه‌زاندووه‌ و کاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ڕه‌وته‌که‌ بووه‌. ئێستاکه‌ و له‌چاو ساڵانی ڕابردوو و پێش 2015 ئه‌م ڕه‌وته‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌ و دابه‌زین درێژه‌ی هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت خواستی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستانی عێراق. سیاسه‌تی پشتیوانی کردن له‌ په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندی بازرگانی و ئابووری به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن سنۆقی پشتیوانی له‌ په‌ره‌پێدانی هه‌نارده‌کارییه‌کان که‌ ده‌توانێ وه‌به‌رهێنه‌ران و هه‌نارده‌کارانی ئێرانی هان بدات ئاماده‌بوونی چڕ و پڕتریان له‌هه‌رێمی کوردستان هه‌بێت.
 
له‌مپه‌ره‌کانی په‌ره‌سه‌ندی پێوه‌ندییه‌ بازرگانی و ئابوورییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌م ساڵانه‌ی ڕابردوودا چی بووه‌؟
گۆڕینی نرخی دراو له‌ئێران و دابه‌زینی بایه‌خی ڕیاڵ له‌ به‌رامبه‌ر دراوه‌کانی وڵاتانی دیکه‌ به‌تایبه‌ت دۆلار یه‌ک له‌ هۆکاره‌ کاریگه‌ره‌کانی ئه‌م بواره‌ بووه‌، کێشه‌ی نێو خاڵه‌ سنوورییه‌کانیش یه‌ک له‌ هۆکاره‌کانی دیکه‌یه‌ که‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێرانی له‌مباره‌وه‌ وتووێژمان کردووه‌، هه‌ندێ له‌مپه‌ر و یاسای حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق به‌تایبه‌ت یاسای گومڕوکیش هۆکاری دیکه‌ی که‌مبوونه‌وه‌ و دابه‌زینی ئاستی پێوه‌ندی ئێمه‌ و کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌، ڕکابه‌رییه‌کانی تورکیا له‌ بواری ئابووری و بازرگانیش یه‌ک له‌ هۆکاره‌کانی دیکه‌یه‌ که‌ پێویسته‌ به‌رپرسانی ئێرانی ئاوڕی تایبه‌تی لێ بده‌نه‌وه‌، تورکیا کاڵاکانی خۆی به‌ کوالێتی به‌رزه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت و نرخیشیان گونجاوتره‌، ڕه‌وته‌که‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستێک که‌ پێویسته‌ به‌رپرسانی ئێرانی پلانی تایبه‌تی بۆ داڕێژن و به‌ جیددی شوێنی ئه‌م مه‌سه‌له‌ بگرن.
 
هه‌میشه‌ گله‌ییتان له‌ ئاماده‌نه‌بوونی کۆمپانیا و یه‌که‌ وه‌به‌رهێنه‌رییه‌کانی ئێران له‌هه‌رێمی کوردستان کردووه‌، به‌ ڕای ئێوه‌ ئه‌م ئاماده‌نه‌بوونه‌ و ڕۆڵی ده‌ڵاڵه‌کان له‌ پرۆسه‌ی پێوه‌ندی ئابووری و بازرگانی ئێران و هه‌رێمی کوردستان تا چ ئاستێک کاریگه‌ر له‌سه‌ر په‌ره‌نه‌سه‌ندنی پێوه‌ندییه‌کان کاریگه‌ری هه‌بووه‌؟
له‌هه‌مووی دیدار و چاوپێکه‌وتنه‌کانم له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئابووری ئێران داوام کردوو که‌ کۆمپانیا و شه‌ریکه‌ی خۆیان له‌ هه‌رێمی کوردستان بکه‌نه‌وه‌، ئێمه‌ ویستوومانه‌ ئاماده‌بوونی ئێران زیاتر له‌ تورکیا بێت. سیاسه‌تی پشتیوانی حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق له‌ به‌رهه‌می ناوخۆ و قه‌ده‌غه‌بوونی هاورده‌کاری 13 کاڵای بنه‌ڕه‌تی مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگه‌ که‌ ناکرێ چاوی لێ داپۆشین، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پاڵپشتی له‌ ئاماده‌بوونی یه‌که‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌کانی ئێران ده‌کات و به‌رهه‌مه‌کانیان ناکه‌ونه‌ به‌ر یاسای گومڕوکی.
 
له‌م بواره‌وه‌ کارخانه‌ی وه‌به‌رهێنانی چیمه‌نتۆ وه‌ک نموونه‌یه‌ک له‌ زۆربه‌ی وتووێژه‌کانتاندا ئاماژه‌ی پێکراوه‌، ئایا هه‌رێمی کوردستان له‌بواری وه‌به‌رهێنانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌وه‌ بێ نیاز بووه‌ و چیدی پێویست به‌ هاورده‌کاری له‌ ئێرانه‌وه‌ ناکات؟
ئێمه‌ له‌ ڕێگای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کان و هاندانیان بۆ سه‌رمایه‌گوزاری له‌ بواری وه‌به‌رهێنانی چیمه‌نتۆوه سه‌فه‌رمان کردۆته‌ ئێران، ئێمه‌ داواکاری ئه‌وه‌ بووین که‌ کۆمپانیا ئێرانییه‌کان له‌ هه‌نگاوێکی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکانی هه‌رێم کارخانه‌ی چیمه‌نتۆ بکه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م ئامانجه‌ نه‌پێکرا و ئێمه‌ ئێستاکه‌ پێنج کارخانه‌ی وه‌به‌رهێنانی چیمه‌نتۆمان هه‌یه‌ که‌ پێداویستی ناوخۆی عێراق دابین ده‌که‌ن و چیدی هاورده‌کاری له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ و باجی گومڕوکی به‌رز بۆته‌وه‌ و بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی ئێرانی چیدی سوودی نییه‌.
 
په‌رپرسانی ئێران و هه‌رێمی کوردستان له‌درێژه‌ی په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کان چ ئه‌رکێکیان له‌سه‌ر شانه‌؟
پێشتر له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پرۆتۆکۆلی دامه‌زراندنی شارۆچکه‌ی پێشه‌سازیمان له‌ سنووره‌کانی ته‌مه‌رچین، باشماخ و په‌روێزخان واژۆ کراوه‌ و ئه‌گه‌ر بچێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ ئه‌وا گۆڕانکارییه‌کی گرنگ ده‌بێت له‌ پێوه‌ندییه‌کانی ئێران و عێراق و هیوادارین دوو لایه‌ن له‌م بواره‌دا پایبه‌ندی گرێبه‌سته‌کانیان بن. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئاسانکاری هاوبه‌ش به‌تایبه‌ت له‌ بواری یاسای گومڕوکی و پشتیوانی له‌ بازرگان و چالاکانی ئابووری ده‌توانێ کاریگه‌رییه‌کی زۆری هه‌بێت، ئێمه‌ ده‌بێ بگه‌ین به‌و بڕوایه‌ی که‌ دراوسێیه‌تی و هه‌بوونی سه‌دان کیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌ش هۆکارێکی گرنگه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کاندا، پێویسته‌ له‌ ده‌فرایه‌تی سنووره‌ هاوبه‌شه‌کانی خۆمان به‌ باشترین شێواز که‌ڵک وه‌رگرین و له‌مپه‌ر و به‌رگره‌کان له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌کاندا له‌ناوبه‌رین، ئێمه‌ پێمان وایه‌ که‌ په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران سوودی بۆمان هه‌یه‌ و هه‌وڵی زیاتریشی بۆ ده‌ده‌ین به‌ڵام ئێرانییه‌کانیش بۆ خۆیان هه‌ندێ ئه‌رکیان له‌سه‌ر شانه‌ که‌ ده‌بێ ئه‌رکه‌کانی خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن.
 
ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی له‌گه‌ڵ ژووره‌کانی دیکه‌ به‌تایبه‌ت ژووری بازرگانی کرماشان چه‌ندین ڕێکه‌وتنی هاوبه‌شی هاوکاریتان هه‌یه‌، یه‌کێک له‌ بابه‌ته‌کان که‌ له‌ هه‌مووی دانیشتنه‌ هاوبه‌شه‌کاندا له‌سه‌ری جه‌خت کراوه‌ هه‌ماهه‌نگی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی سنووری په‌روێزخانه‌، ئێمه‌ له‌هه‌ر سه‌فه‌رێکدا باسی کێشه‌یه‌کی نوێ ده‌بیسین، له‌ سه‌فه‌ری ئه‌م دواییانه‌ی لێژنه‌ی ژووری بازرگانی سلێمانی بۆ کرماشانیش ڕاشکاوانه‌ له‌مباره‌وه‌ قسه‌تان کرد و داواتان کرد که‌ پارێزگاری کرماشان شوێنگری چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی ئه‌م خاڵه‌ سنوورییه‌ بکات، ئه‌مه‌ واته‌ که‌ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانی کرماشان هه‌ماهه‌نگیتان نییه‌ یان ڕێکه‌وتنه‌که‌ ناچێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌؟
ژووره‌کانی بازرگانی چ له‌ ئێران و چ له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق توانی بڕیاردان له‌سه‌ر هه‌ندێ مه‌سه‌له‌یان نییه‌ و ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دائیره‌ حکومییه‌کان، ڕۆڵی ژوور، ناساندنی ئه‌م کێشانه‌یه‌ بۆ دائیره‌ و داموده‌زگا پێوه‌ندیداره‌کان تا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بڕیار بده‌ن. سه‌فه‌ری ئه‌م دواییانه‌ی ئێمه‌ بۆ کرماشان سێهه‌مین سه‌فه‌ری ئێمه‌ له‌ یه‌ک ساڵدا ده‌هاته‌ ئه‌ژمار، ڕاشکاوانه‌ ده‌ڵێم کێشه‌کانی په‌روێزخان زۆرن و ئه‌گه‌ر کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌کرێن خه‌ساری زۆرتر له‌ دۆخی بازرگانی و ئابووری هه‌ردوولا ده‌ده‌ن. به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌م سه‌فه‌ره‌دا چه‌ند پێشنیارمان دایه‌ پارێزگار و هیوادارین بتوانین له‌ خێراترین کاتدا کێشه‌کانی په‌روێزخان چاره‌سه‌ر بکه‌ین.
 
ده‌ڵێن که‌ پێوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کان به‌تایبه‌ت له‌ سنووره‌کاندا سیسته‌ماتیک نییه‌ و ده‌ڵاڵه‌کان له‌م بواره‌دا گه‌وره‌ترین ڕۆڵیان هه‌یه‌، به‌ ڕای ئێوه‌ یه‌کێک له‌ گرنگترین هۆکاره‌کانی دواکه‌وتن و په‌ره‌نه‌سه‌ندنی پێوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانی ئێران و هه‌رێم هه‌ر ئه‌م کێشه‌یه‌ نییه‌؟
ئێمه‌ به‌ ئامانجی چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ تایبه‌ت ژووره‌کانی بازرگانی دانیشتنی باشمان هه‌بووه‌ و توانیومانه‌ سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی ناوه‌ندێکی بازرگانی ئێران له‌ سلێمانی ڕێکه‌وتن بکه‌ین، ئه‌م ناوه‌نده‌ هه‌روه‌ها بۆرسه‌یه‌که‌ که‌ کاڵای هاورده‌کاراوی ئێران له‌هه‌رێمی کوردستان گه‌ره‌نتی ده‌کات و له‌لایه‌ن کۆمپانیا ئێرانییه‌کانیشه‌وه‌ جێی دڵنیاییه‌ بۆ وه‌رگرتنی پاره‌ی به‌رهه‌می هه‌نارده‌کراویان، هه‌بوونی ئه‌م ناوه‌نده‌ هه‌نگاوێکی گرنگه‌ له‌ درێژه‌ی پێوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئێران و دووریکردن له‌سیسته‌می ده‌ڵاڵی به‌تایبه‌ت له‌ سنووره‌کاندا.
 
واته‌ هه‌مووی هاورده‌کاری ئێوه‌ له‌ڕێگای ئه‌م ناوه‌نده‌وه‌ ده‌بێت؟ وه‌ک نموونه‌ ئه‌گه‌ر هاورده‌کارێک له‌هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ داواکاری هاورده‌کاری به‌رهه‌م یان کاڵایه‌ک له‌ئێرانه‌وه‌ بێت ده‌بێ بچێته‌ ئه‌م ناوه‌نده‌؟
به‌ڵێ، له‌ڕاستیدا ئه‌م ناوه‌نده‌ دابینکاری پێداویستییه‌کانی هه‌رێم له‌ڕێگای ئێرانه‌وه‌یه‌ و بازرگانانی ئێمه‌ له‌جێگای ڕۆیشتن بۆ ئێران له‌ڕێگای ئه‌م ناوه‌نده‌وه‌ ده‌توانن کاڵا و به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان دابین بکات.
لایه‌نی ئێرانی ئاگاداره‌ که‌ پلان بۆ دامه‌زرانی ئه‌م ناوه‌نده‌ داڕێژراوه‌؟
ئێرانییه‌کان بۆ خۆیان پێشه‌نگی ئه‌م ڕه‌وته‌ بوونه‌ و ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕێگای ئه‌وانه‌وه‌ له‌ سلێمانی شوێنگری و جێبه‌جێ ده‌کرێت، وێڕای ئه‌مه‌ش ئه‌م ناوه‌نده‌ به‌رهه‌م و کاڵای هه‌نارده‌کراوی ئێمه‌ ده‌ناسێنێته‌ ئێرانییه‌کان.
 
سه‌فه‌ری ئه‌م دواییانه‌ی ئێوه‌ بۆ پارێزگای کرماشان به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریکردن له‌ کۆنفڕانسی توانا و ده‌رفه‌ته‌ سه‌رمایه‌گوزارییه‌کانی ئه‌م پارێزگا بووه‌. له‌م کۆنفڕانسه‌دا بانگهێشتی سه‌رمایه‌گوزارانی هه‌رێم کراوه‌ تا له‌ پڕۆژه‌کانی ئه‌م پارێزگایه‌دا سه‌رمایه‌گوزاری بکه‌ن، به‌ڵام ئێوه‌ پڕۆژه‌ی شارۆچکه‌ی پیشه‌سازی هاوبه‌شتان له‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان و سنووری په‌روێزخانتان پێشنیار کردووه‌، واته‌ میوان و میواندار هه‌ر یه‌که‌یان پڕۆژه‌یه‌کی جیاوازیان هه‌بووه‌. به‌ڕای ئێوه‌ لایه‌نی ئێرانی له‌ وه‌رگرتنی سه‌رمایه‌گوزارانی کوردی عێراقی سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت یان ئاسانکاری ئێوه‌ ڕاکێشه‌ریی پێویستی بۆ ئاماده‌بوونی یه‌که‌کانی ئێرانی ده‌بێت؟
به‌رپرسانی پاریزگای کرماشان له‌م کۆنفڕانسه‌دا، ناوچه‌ی ئازادی بازرگانی قه‌سری شیرینیان پێشنیار کردووه‌ که‌ تیایدا ئاسانکاری بۆ ئاماده‌بوونی سه‌رمایه‌گوزارانی هه‌رێمی کوردستان کراوه‌ که‌ ده‌توانم بڵێم یاسا دانراوه‌کان له‌م ناوچه‌دا له‌ یاساکانی ئێمه‌ باشترن، وێڕای ئه‌مه‌ش لایه‌نی ئێرانی له‌ دابینکردنی خزمه‌تگوزاری پێویستی ئه‌م ناوچه‌ وه‌ک ئاو، کاره‌با، غازی و ... تواناتره‌ و پڕۆژه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووه‌ به‌ مه‌به‌ستی هه‌نارده‌کاری کاڵا و به‌رهه‌م بۆ وڵاتی عێراق، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ئێمه‌ش چه‌ندین ساڵه‌ که‌ پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی شارۆچکه‌ی پیشه‌سازی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پلان بۆ داڕێژاوه‌ به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ تا ئێستا به‌ هۆی کێشه‌ی ئابووری هه‌رێم که‌وتۆته‌ دواوه‌، به‌ڵام به‌ شوێنگرییه‌کانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی جارێکی دیکه‌ چالاکییه‌ دائیره‌ییه‌کانی ده‌ستیان پێکردۆته‌وه‌. پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌م شارۆچکه‌ پیشه‌سازییه‌ هاوبه‌شه‌ خاوه‌نی چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندی گرنگه‌، ئه‌گه‌رچی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاسانکاری بۆ یه‌که‌ وه‌به‌رهێنانه‌کانی ناوچه‌ی ئازادی قه‌سری شیرین کردووه‌، به‌ڵام کاڵا و به‌رهه‌مه‌ وه‌به‌رهێنراوه‌کانیان بۆ هه‌نارده‌کاری ده‌که‌ونه‌ به‌ر یاسای گومڕوکی عێراق، به‌ڵام یه‌که‌کانی ئێرانی له‌ شارۆچکه‌ی په‌روێزخان ناکه‌ونه‌ به‌ر یاساکانی گومڕوکی عێراق و ئه‌مه‌ش له‌ درێژخایه‌ندا ئێرانییه‌کان سوودی زیاتر ده‌که‌ن. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ له‌ ڕێکه‌وتنی هاوبه‌شی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا بڕیار دراوه‌ که‌ لایه‌نی ئێرانی کاره‌با، ئاو و غازی ئه‌م شارۆچکه‌ دابین بکات و ئێستاش کێشه‌ له‌سه‌ر دیاریکردنی ڕێژه‌ی خه‌رجه‌کانه‌.
 
تا ئێستا کۆمپانیا ئێرانییه‌کان بۆ به‌شداری له‌پڕۆژه‌ی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌بوونی خۆیانیان ڕاگه‌یاندووه‌؟
ئێمه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌داین کۆمپانیای زۆر هان بده‌ین له‌م پڕۆژه‌دا به‌شداری بکه‌ن و تا ئێستاش زۆر کۆمپانیا ئاماده‌بوونی خۆیانیان ڕاگه‌یاندووه‌.
 
دوایین قسه‌ی ئێوه‌ له‌بواری پێوه‌ندی ئابووری ئێرانی و هه‌رێمی کوردستانی عێراق چییه‌؟
ئێران له‌چاو سه‌رده‌می پێش ساڵی 2000ه‌وه‌ ئاماده‌بوونی له‌هه‌رێمدا لاوازتر بووه، له‌و ساڵانه‌دا کاڵای تورکی که‌متر له‌ هه‌رێم ده‌بینرا، به‌ڵام له‌گۆڕه‌پانی ڕکابه‌رییه‌کاندا تورکه‌کان ئێستا پێش ئێران که‌وتوون. هیوادارین به‌ له‌به‌رچاوگرتنی سیاسه‌تی باشتر و وردبینانه‌ و ژیرانه‌ جارێکی دیکه‌ ئاماده‌بوونی چڕوپڕ و درێژخایه‌نی ئێرانییه‌کان له‌هه‌رێمی کوردستان ببینین. تورکیا نه‌ته‌نیا له‌هه‌رێمی کوردستان به‌ڵکوو له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق ڕکابه‌رێکی گرنگی ئێرانه‌. پێویسته‌ ئێرانییه‌کان له‌ ده‌رفه‌ته‌کان که‌ڵکی ئه‌وتۆ وه‌رگرن و هه‌نگاوی گرنگتر له‌پێناو پێوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانییه‌کانی خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵگرن.

سه‌رچاوه‌: ته‌سنیم



PM:09:40:14/01/2017




ئه‌م بابه‌ته 788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Yeezy 350 Boost V2,Adidas Yeezy 750 Boost,Adidas Zestra Chaussures,Nike Air Force 1 07,Air Force 1 Flyknit Chaussures,Air Force 1 Mid 07 Chaussures
Nike Air Max 90 Fireflies,NIKE AIR MAX 90 MID,NIKE AIR MAX 95,NIKE AIR MAX 95 CHAUSSURES,NIKE AIR MAX MOTION LW,NIKE AIR MAX TAILWIND 8