رێگە بە كەشتییەكانی ئێران نادرێ بچنە بەندەرەكانی چین

كەرتی بازرگانیی ئێران رۆژ بە رۆژ زیاتر دەكەوێتە ژێر گوشاری نێودەوڵەتی و ئەگەر بەشێك لەو گوشارانە بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا بن، ئەوا بەشێكی تریان پێوەندیی بە ستانداردە نێودەوڵەتییەكان بۆ كاروباری بازرگانی هەیە و هۆكار بووە لەوەی كەشتییەكانی ئێران نەتوانن بچنە بەندەرەكانی چین.
 
مودەریس خیابانی بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی دەریاوانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت، ساڵی رابردوو كەشتییەكانی ئێران بۆ ماوەی چوار مانگ مافی ئەوەیان نەبووە بچنە بەندەرە گەورەكانی چین. ئەو ئاماژەی داوە، ئێستەیش كەشتییەكانی ئێران مافی ئەوەیان نییە بچنە ئەو بەندەرانەی چین.

هەرچەندە حكوومەتی ئێران هێشتا لە ژێر گەمارۆی سزا قورسەكانی ئەمەریكادایە كە لە كاتی ترەمپدا بەسەریدا سەپێنرا، بەڵام پێ دەچێت هۆكارێكی تر بۆ رێنەدان بە گەیشتنی كەشتییەكانی ئێران بۆ بەندەرەكانی چین هەبێت، ئەویش بریتییە لە سووتەمەنی ناستاندارد كە لەلایەن كەشتییەكانی ئێران بەكار دەهێنرێت.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە رێكخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی، كۆمەڵێك ستانداردی نوێی بەسەر كەشتییەكاندا سەپاند كە پێوەندی بە رێژەی گۆگردی ناو سووتەمەنییەكەوە هەبوو. ئەو گازوایلەی ئێران بەرهەمی دەهێنێت سەرووی 3.5%ی گۆگردە.

پێویستە بوترێت ئەم هۆكارە لە پاڵ هۆكارەكانی تر، كاریگەری بۆ سەر هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین هەبووە. بەشێك لە كەشتییەكانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە كراونەتە ئامانج و بەگوێرەی وال ستریت جۆرناڵ، لانی كەم 12 كەشتی هێرشیان كراوەتە سەر.

ئێران وڵاتێكە بەهۆی ئەوەی لە سیاسەتە دەرەكییەكەی زیاتر گرنگی بە پەرەپێدانی هەژموونی سەربازی و تەناهی دەدات، كەرتە بازرگانی و ئابوورییەكەی بەردەوام رووی لە پاشەكشە بووە، ئەمەش بە گران لەسەری وەستاوە و گوزەرانی خەڵكی وڵاتەكەی خراپ كردووە.


PM:02:49:13/10/2021




ئه‌م بابه‌ته 195 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌