بازرگانێک بەرهەمی خۆماڵی ڕەوانەی وڵاتی بەریتانیا دەکات

ئامادەکردنی:زریان محەمەد

بازرگانێکی شاری سلێمانی بەرهەمە خۆماڵیەکانی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتی بەریتانیا دەکات‌و لەبازاڕەکانی بەریتانیا دەفرۆشرێتەوە.

جەلال محەمەد، بازرگان لەشاری سلێمانی لەلێدوانێکدا بەڕۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی وت "ماوەی زیاتر لەدوو ساڵە کاری بازرگانی دەکەم بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی دەرەوەی هەرێم دەکەم".

وتیشی "ئەو بەرهەمانەی من هەناردەیان دەکەم زۆرتر بۆ وڵاتی بەریتانیایە بەرهەمی ناوخۆین لەجوتیاران دەکڕدرێتەوەو پاشان بەشێوەی هەڵگرتنی تەندروست کۆدەکرێنەوەو ڕەوانە دەکرێت".

ئاماژەی بەوەدا "بەرهەمی برنجی کوردی‌و ڕۆنی کوردی‌و هەنگوینی کوردی‌و ترشی سماق‌و فاسۆلیاو مێوژو قەیسی لەڕێگەی چەند دوکانێک لەبازاڕ کە تایبەت لەجوتیاران دەیکڕنەوەو پاشان بە بڕێکی زۆر دەگاتە دەستی من‌و هەناردەی وڵاتی بەریتانیای دەکەم".

ئەو بازرگانە جەخت دەکاتەوە، بازاڕی بەرهەمە کوردیەکان خواستیان لەسەرەو فرۆشیان هەیە لەوڵاتی بەریتانیا لەڕێگەی مارکێتی تایبەت بەخۆیان دەیفرۆشن بەنرخێکی گونجاو کە هاوڵاتیان بتوانن بیکڕن‌و بەکاریبهێنن".

لەئێستادا ئەو بازرگانە داوا دەکات حکومەت‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاریان بن لەهەناردە کردنی ئەو بەروبومانەی لەناوخۆدا جوتیاران بەرهەمی دەهێنن تا بتواندرێت بەوڵاتانی جیهان بناسێندرێت‌و جوتیاران قازانج لەبەروبومەکانیان بکەن.

ئەو بازرگانانەی بەرهەمی ناوخۆی هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن پێویستیان بە شەهادە مونشەئە هەیە کە لەلایەن ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیەوە دەکرێت.

دابان نەجمەدین، ڕێکخەری پەیوەندیەکان لەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەڕۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی ڕاگەیاند "بەشێکی زۆر لەو بەرهەمە ناوخۆیانەی لەشاری سلێمانیەوە دەڕوات بۆ دەرەوەی هەرێم دەبێت شەهادەی مونشەئیان بۆ بکرێت کە لەلای ئێمەوە بۆ بازرگانانی شاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت".

راشیگەیاند "ئەو بڕوانامانە بەپێی بڕی بەرهەمەکان‌و کێشیان‌و ناونیشانی ئەو جێگایەی بۆی دەنێردرێت دەکرێت ئەمەش بۆ ئەوەیە لەکاتی چونە دەرەوەی بەرهەمە خۆماڵیەکان‌و بازاڕ کردنەوەیان لەدەرەوەی هەرێم ڕێگریان لێنەکرێت".

ڕێکخەری پەیوەندیەکانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئەوەش ڕوندەکاتەوە هاوکاری تەواوی ئەو کەسانە دەکرێت کە دەیانەوێت بەرهەمی ناوخۆیی جوتیاران هەناردەی دەرەوە بکەن بەدروستکردنی بڕوانەمەی چونە دەرەوەی بەرهەمەکان.

لەئێستادا هەوڵی تەواو هەیە بۆ چونە دەرەوەی بەرهەمە ناوخۆیەکان بۆ ناساندنی بەتەواوی وڵاتان.



PM:09:43:11/10/2021




ئه‌م بابه‌ته 218 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌