دەرفەتی هەلی کار بۆ دەرچووانی گەشتوگوزار لە سلێمانی کرایەوە


گەشتوگوزاری سلێمانی داوا لە دەرچووانی ئەکادیمی گەشتوگوزار دەکات فۆڕمی دامەزراندنی ئەلکترۆنی پڕبکەنەوە تا لە پڕۆژە گەشتیارییەکان دابمەزرێن و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەكەش دەڵێت، لەمەودوا مەرجە شوێنە گەشتیارییەكان 30%ی كارمەندانیان دەرچووانی گەشتوگوزار بن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت، دەرفەتی دۆزینەوەی سەدان هەلی کاری بۆ تەواوی دەرچووانی گەشتوگوزار (زانکۆ، پەیمانگا و ئامادەیی) خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بەپێی پێوەری ڕیزبەندی بڕوانامە و نمرە و ساڵانی دەرچوون، بۆ لەمەودوا لە پڕۆژە گەشتیارییەکانی کەرتی تایبەت لە پارێزگای سلێمانی دادەمەزرێن.

دەرچووان دوای تۆمارکردنی ناو و زانیارییەکانیان، لەلایەن گەشتوگوزاری سلێمانیەوە خولی ڕاهێنانیان بۆ دەکرێتەوە و بەپێی پسپۆڕیان دەخرێنە سەرکار لە تەواوی ئەو پڕۆژانەی خاوەندارێتیان دەگەڕێتەوە بۆ کەرتی تایبەت کە ژمارەیان نزیکەی 1500 پرۆژەن.

داسیار محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و بە بازاڕکردنی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕاگەیاند، دامەزراندنەكە هەمیشەییە بە بڕیاری دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان كە بەپێی ناوەرۆكەكەی پێویستە 30%ی دەستی كار بكرێت بە دەرچووانی گەشتوگوزار.

وتیشی، "پێشكەشكردن لەڕێی فۆڕمێكی ئەلیكترۆنییەوە دەبێت كە هیچ غەل و غەش و واستەكاری تیانابێت و بەپێی نمرە و بڕوانامە و ئەزموونی كاركردن و ژمارەیەك پێوەر كەسانی خوازیار هەڵدەبژێردرێن”.

لەدوای ئەم بڕیارەوە ئەو خاوەن مۆڵەتی گەشتیارییانەی مۆڵەتەكانیان تازەدەكەنەوە كە ژمارەیان نزیكەی 1500 پرۆژەیە مەرجەكانیان بەسەردا جێبەجێدەكرێت و بەپێچەوانەوە مۆڵەتەكەی بۆ تازەناكرێتەوە و ڕێگەی كاركردنی پێنادرێت، داسیار وای وت.

بڕیارەكە (هۆتێل، مۆتێل، گوندی گەشتیاری، ئاپارتمان و خواردەمەنی خێرا) و هەموو ئەو شوێنانەی لەچوارچێوەی مۆڵەتی گەشتوگوزاردا كاردەكەن دەگرێتەوە.

گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە لیژنەی تایبەتمەندی پێكهێناوە، دوای پڕكردنەوەی فۆڕمەكان داتای خوازیاران وەردەگرێت و دواتر ڕەوانەی سەر كاری خۆیان دەكەن.

داستیار محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، جێبەجێكردنی بڕیارەكە وادەكات دەرچووانی گەشتوگوزار زیاتر خولیای خوێندنەكەیان هەبێت، هەروەها خوێندكاران تەنها ڕوو لە بەشەكانی وەك كارگێڕی و ژمێریاری و كۆمپیوتەر نەكەن، بەڵكو لەوە تێبگەن كە بواری گەشتوگوزاریش لەئێستادا وای لێهاتووە كە بوارێكی بەرفراوانە.

نمونەی ئەوەشی هێنایەوە كە سلێمانی و هەرێم ساڵانە ڕێژەیەكی بەرچاوی گەشتیار ڕووی لێدەكەن، بەجۆرێك تەنها لە ساڵی 2019دا یەك ملیۆن و 300 هەزار گەشتیار ڕوویان لە سلێمانی كردووە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن گەشتوگوزاری سلێمانی ئەوەشی ئاشكراكرد، لەمەودوا شوێنە گەشتیارییەكان ناتوانن تاك لایەنە خۆیان كارمەند و كرێكار وەربگرن، بەڵكو دەبێت مەرجەكانی گەشتوگوزاری تیابێت و هەر شوێنێك مەرجەكانی تیادانەبێت ڕێگای كاركردنی پێنادرێت.

کەسی پاڵێوراو بۆ کارکردن پێویستە باجی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ دروستبکرێت و ئەو بەڕێوەبەرایەتیە ڕەزامەندبێت، ئەوکات خاوەنکاران لە پڕۆژەکانیان دایاندەمەزرێنن بەپێی پسپۆڕی و لێهاتووییان لە زمان و پسۆڕی و ئەزموونی کارکردنیان.

بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمە ئەلیکترۆنییەكە كلیك لێرە بكە


PM:08:52:29/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 186 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌