57 پڕۆژەی گەشتیاری لە جێبەجێكردندان

وەزارەتی شارەوانی، ژمارەی پڕۆژەكانی گەشتوگوزار و بڕی بودجەی تەرخانكراو بۆ ئەو پڕۆژانەی راگەیاند. 57 پڕۆژەی گەشتیاری بەگوژمەی 39 ملیار دینار لە هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردندان.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەگوێرەی ئەو پلانەی بۆ گەشەپێدانی هەرێم داڕێژراوە، گرنگییەكی زۆر بە‌ كەرتی گەشتوگوزار دەدەن.

كوردۆ شابان وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، باسی لەوە كرد، ژمارەی پڕۆژەكان لە ئاستی هەرێمی كوردستان زۆرن، بەشێكیان پێشتر پارەیان بۆ تەرخان كراوە و وەستابوون، بەشێكی تریشیان هەر بودجەیان بۆ تەرخان نەكرابوو.

بە گوژمەی نزیكەی 39 ملیار دینار، 57 پڕۆژە لە قۆناغی جێبەجێكردندان


ئەو روونی كردەوە جگە لە پڕۆژەكانی پێشتر، لەم كابینەیە 57 پڕۆژەی گەشتیاری خراونەتە بواری جێبەجێكردن و  بە مەبەستی پەرەپێدان و بووژانەوەی ئەو سێكتەرە، هەر ئێستە لە هەرێمی كوردستان بە گوژمەی نزیكەی 39 ملیار دینار، 57 پڕۆژە لە قۆناغی جێبەجێكردندان كە هەندێ لەو پڕۆژانە، هی پێشوون و كاركردن تێیاندا وەستابوو، بەڵام ئێستە دەست بە تەواوكردنیان كراوە.

وەك زیاتر خستوویەتیەروو، بەشێكیشیان لە كابینەی نۆیەمدا بڕیاری جێبەجێكردنیان دراوە، ئێستە لە قۆناغی جێبەجێكردندان و بەسەر هەموو پارێزگاكاندا دابەش بوون.

لە كۆی پڕۆژەكان، پارێزگای هەولێر زۆرترین ژمارەی پڕۆژەی بەركەوتووە كە 30پڕۆژەن و زیاتر لە 11 ملیار دینار‌یان بۆ تەرخان كراوە. پارێزگای سلێمانیش بێ گەرمیان و راپەڕین، هەشت پڕۆژەی گەشتیاری بە گوژمەی زیاتر لە نۆ ملیار دینار لە جێبەجێكردندان.

ژمارەی پڕۆژەكان لە دهۆك دەگاتە نۆ پڕۆژە و پێنج ملیار دیناریان بۆ تەرخان كراوە. ژمارەی پڕۆژەكان لە هەڵەبجەش یەک پڕۆژەیە و بە گوژمەی زیاتر لە 620 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێن.

لە ئیدارەی گەرمیان چوار پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار، لە راپەڕینیش دوو پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار جێبەجێ دەكرێن. لەسەر ئاستی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانیش، سێ پڕۆژە بە گوژمەی 6 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێن. 


PM:04:04:24/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 145 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌