وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌: به‌ پێنج ترلیۆن دینار 823 پڕۆژه‌ به‌گه‌ڕ خراون

وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ و گه‌شتوگوزاری‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ داتا ئاماری‌ پڕۆژه‌كانی‌ راگه‌یاند و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئێسته‌ به‌ به‌های‌ زیاتر له‌ پێنج ترلیۆن دینار 832 پڕۆژه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممە 21ی‌ ئه‌یلوول، وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ و گه‌شتوگوزاری‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رای‌ گه‌یاندووه‌، به‌ به‌های زیاتر له‌ پێنج ترلیۆن دینار 823 پرۆژه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن كه‌ له‌ سێكته‌ری شاره‌وانی 469 پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری‌ به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ دوو ترلیۆن و 130 ملیار دینار و له‌ سێكته‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆ 297 پرۆژه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی سێكته‌ری ئاو به‌ گوژمه‌ی‌ زیاتر له‌ دوو ترلیۆن و 887 ملیار دینار و سێكته‌ری گه‌شتوگوزار 57 پرۆژه‌ی هه‌مه‌جۆر به‌ گوژمه‌ی نزیكه‌ی 39 ملیار دینار.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ وێڕای ئه‌و پرۆژانه‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار پلانی هه‌یه‌ چه‌ندان پڕۆژه‌ی نوێ ڕابگه‌یه‌نێت كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئاستی خزمه‌تگوزاری و بووژانه‌وه‌ی سێكته‌ره‌كان به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

" ئه‌و 823 پرۆژه‌یه‌ی‌ ئێسته‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن، به‌سه‌ر سێكته‌ره‌كانی شاره‌وانییه‌كان، سێكته‌ری ئاو، گه‌شتوگوزاردا دابه‌شبوونه‌ كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌و سێكته‌رانه‌ش چه‌ندان لقوپۆپیان لێ ده‌بێته‌وه‌ و هاووڵاتییان به‌ یه‌كسانی لێیان سوودمه‌ند ده‌بن،‌ 497 پرۆژه‌یان له‌ سێكته‌ری شاره‌وانین و 297 پرۆژه‌شیان له‌ سێكته‌ری ئاون و هه‌روه‌ها له‌ سێكته‌ری گه‌شتوگوزاریشدا 57 پرۆژه‌ن كه‌ به‌ گوژمه‌ی زیاتر پێنج ترلیۆن دینار ته‌واو ده‌كرێن" وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ وای‌ نووسیوه‌.

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ ئه‌و راپۆرته‌دا كه‌ وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، پڕۆژه‌كان پۆلیس كراون بۆ نمونه‌ له‌ سێكته‌ری شاره‌وانییه‌كان 469 پرۆژه‌ به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ دوو ترلیۆن و 130 ملیار دینار و له‌ سێكته‌ری شاره‌وانی، ئێسته‌ 469 پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ دوو ترلیۆن و 130 ملیار دینار له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێن، پرۆژه‌كانیش پرۆژه‌ی هه‌مه‌جۆرن، وه‌ك دروستكردنی شه‌قام و قیڕتاوكردن و پردی ناو شار و ئه‌نده‌رباس و پرۆسه‌كانی خاوێنكردنه‌وه‌ و ده‌یان جۆری تر پرۆژه‌ و كاری رۆژانه‌.

له‌باره‌ی‌ گوژمه‌ی‌ ئه‌و پڕۆژانه‌یش كه‌ له‌ شاره‌كاندا دابه‌ش كراون ئاشكرا كراوه‌ كه‌ ژماره‌ی پرۆژه‌كانی‌ هه‌ولێر 178 پرۆژه‌ن و به‌ گوژمه‌ی نزیكه‌ی 902 ملیار دینار و له‌ سلێمانی ژماره‌ی پرۆژه‌كان 96 پرۆژه‌ن و‌ به‌ گوژمه‌ی نزیكه‌ی 512 ملیار دینار و له‌ دهۆ ژماره‌ی پرۆژه‌كان 69 پرۆژه‌ن و‌ به‌ گوژمه‌ی زیاتر 245 ملیار‌ دینار.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ 31 پرۆژه‌ هه‌یه‌ و به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ 33 ملیار دینار جێبه‌جێ ده‌كرێن و له‌ گه‌رمیان 26 پرۆژه‌ به‌ گوژمه‌ی نزیكی شه‌ش ملیار دینار و  له‌ ڕاپه‌ڕین 30 پرۆژه‌ به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ 22 ملیار دینار و له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمیش ژماره‌ی پرۆژه‌كان 39 پرۆژه‌ن و‌ به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ 410 ملیار دینار جێبه‌جێ ده‌كرێن.

هه‌روه‌ها روونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ سێكته‌ری ئاو297 پرۆژه‌ به‌ گوژمه‌ی‌ زیاتر له‌ دوو ترلیۆن و 887 ملیار دینار جێبه‌جێ ده‌كرێن  له‌ سێكته‌ری گه‌شتوگوزار 57 پرۆژه‌ به‌ گوژمه‌ی نزیكه‌ی 39 ملیار دینار جێبه‌جێ ده‌كرێن.

له‌ كۆتایشدا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ كۆی پرۆژه‌كان له‌ سێكته‌ری شاره‌وانی و ئاو و ئاوه‌ڕۆ و گه‌شتوگوزار له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یان 823 پرۆژه‌ن و به‌ زیاتر له‌ پێنج  ترلیۆن دینار جێبه‌جێ ده‌كرێن، به‌ ته‌واوبوونی پرۆژه‌كانیش هه‌رێمی كوردستان بووژانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاو به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندان پرۆژه‌ی تر له‌ داهاتوودا ڕاده‌گه‌یه‌ندرێن.



PM:09:52:21/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌