"گەنجینەكان بەشێكە لەپڕۆژەی شاری بیست بیست"


ئا: بازرگانی‌و پیشەسازی

سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات كە پڕۆژەی گەنجینەكان تەنها بۆ شاری سلێمانی نییە، بەڵكو بۆ تەواوی عێراقە، ئەو دەڵێت "گەنجینەكان بەشێكە لەپڕۆژەیەكی گەورەو ستراتیجی كە بەپڕۆژەی شاری بیست بیست ناسراوە".

سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی بەڕۆژنامەی "بازرگانی‌و پیشەسازی" راگەیاند پڕۆژەی گەنجینەكان كە ساڵی 2018 لەلایەن كاك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەردی بناغەی دانراوەو چاوەڕوان دەكرێ‌ تا كۆتایی ئەمساڵ تەواو ببێت، یەكەم پڕۆژەی شاری بیست بیستە كە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو وتی "گەنجینەكان بەو ئامانجە دروستكراوە كە سلێمانی بكاتە ناوەندێكی بازرگانی گەورە بۆ هەموو عێراق‌و بەشێكە لەپڕۆژەی شاری بیست بیست".
 
وتیشی "پڕۆژەی شاری بیست بیست پڕۆژەیەكی ستراتیجییەو بیرۆكە بنەڕەتییەكەی لەسەر ئەو بنەمایە بنیاتنراوە كە شاری سلێمانی دووەم دروست بكرێت لەسەر رێگەی سلێمانی عەربەت‌و لەسەر روبەری 22 هەزار دۆنم زەوی، كە هەزاران هەلی كار دەڕەخسێنێت".

 سەرۆكی ژوور ئەوەی رونكردەوە كە پڕۆژەی شاری بیست بیست لەساڵی 2007 تا 2011 لەناو ماستەر پلانی شاری سلێمانی داڕێژراوەو دەبوو لەساڵی 2020 تەواو بكرێت، بەڵام یەكەم پڕۆژەی ناو ئەم پڕۆژە گەورەیە كە چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، پڕۆژەی گەنجینەكانە، ئەو وتی "هیوادارین پڕۆژەی دووەم‌و سێهەمی شاری بیست بیسیش بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، بەرنامەی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی ئەوەیە كە لەگەڵ شارەوانی پڕۆژەكانی دیكەی شاری بیست بیست كە چواردە پڕۆژەی بازرگانی گرنگ‌و گەورەن بچنە بواری جێبەجێكردنەوە، كە بەجێبەجێ کردنیان دەبنە هۆکاری بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم‌و جموجۆڵی بازرگانی‌و پیشەسازی زیاتر‌و قەرەباڵغی ناو شاری سلێمانیش كەمتر دەكاتەوە".

وتیشی "'گەنجینە لەهەموو وڵاتێكی جیهاندا گرنگی‌و بایەخی گەورەی هەیە‌و پڕۆژەی ستراتیجییە، بۆ ئەوەی جێگەو رێگەی خۆت هەبێ‌‌و توانای هەڵگرتن‌و پاراستنی خواردن‌و كاڵاكانت هەبێ‌، ئەگەر جاران دەمانتوانی بڵێین توانای هەڵگرتنی خواردنی بەشی 15 رۆژمان هەیە ئەوا ئێستا دەتوانین بەدڵنیاییەوە بڵێین بەشی شەش مانگمان خواردنمان لەگەنجینەكاندا هەیە".

سیروان جەختی لەوەش كردەوە كە گەنجینەكان دەتوانن ببنە بازاڕێكیش بۆ ئاڵوگۆڕی كاڵا‌و كەلوپەل، ئەو وتی "ئامانجمان لەدروستكردنی گەنجینەكان ئەوە بووە هەلی كاری زیاتر بڕەخسێنین كە تا ئێستا هەلی كاری بۆ زیاتر لە 5 هەزار كەس رەخساندوەو دوای تەواو بونی پڕۆژەكەش دڵنیاین لەو رێژەیە زیاتر هەلی كار دەڕەخسێنێت".



PM:10:18:17/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 506 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌