"رۆژانە ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن دۆلار لەسلێمانی ئاڵوگۆڕی دراو ‌ده‌كرێت"


ئا: رێژەن سەردار

وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی، جەبار گۆران لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ "بازرگانی‌و پیشەسازی" دەڵێت "پێشبینی ناکەم نرخی ١٠٠ دۆلار لە ١٤٧ ھەزار دینار زیاتر دابەزێت، هەتا لەلایەن بانکی ناوەندییەوە گۆڕانکاریی لەبەهای دیناری عێراقیدا نەکرێت".

بازرگانی‌و پیشەسازی: نرخی دۆلار ئەم رۆژانە گۆڕانکاریی بەخۆیەوە بینی، پێشبینیتان چییە بۆ بەرزبونەوە یان دابەزینی نرخی دۆلار؟ 
جەبار گۆران: من خۆم پسپۆڕیەکەم کارگێری داراییەو ئەزمونێکی باشیشم ھەیە لەم بارەیەوە، بەردەوامیش بەدواداچون دەکەم لەسەر نرخی دۆلار، پێشبینی ناکەم نرخی ١٠٠ دۆلار لە ١٤٧ ھەزار دینار زیاتر دابەزێت، هەتا لەلایەن بانکی ناوەندییەوە گۆڕانکاریی لەبەهای دیناری عێراقیدا نەکرێت، نرخی ١٠٠ دۆلار نایەتە خوار ١٤٦ هەزارەوە، گۆڕانکارییەکانی رۆژانی رابردو پەیوەندییان بەخواست‌و خستنەڕوەوە ھەیە، پەیوەندی بەخستنەڕووی دۆلاری زئیاترەوە هەیە لەلایەن بانکی ناوەندییەوەو ھۆکاری دابەزینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیادکردنی خستنەڕوو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، كه‌ به‌ دوو جۆر دراو ده‌خاته‌ بازاره‌وه‌، یه‌كێكیان نه‌قدینه‌ییه‌ جۆری دووهه‌م بازرگانییه‌، ئه‌م هه‌فته‌ هه‌ردوو جۆره‌ خستنه‌ڕوویان زیادی كردوه‌‌و ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ش حه‌واڵه‌ كردن بۆ دوبه‌ی تا ئاستێک كه‌میكردوه‌، هاوکات ژمارەیەک بانكه‌ ئه‌هلییه‌كانیش له‌كۆتایی مانگه‌كاندا بڕی نه‌ختینه‌یان زیاد ده‌بێت به‌هۆی پێدانی موچه‌وه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران، بۆیه‌ دۆلار ده‌گۆڕنه‌وه‌ به‌ دینار تاكو موچه‌ی پێبده‌ن، له‌كۆتای مانگه‌كاندا به‌م هۆیه‌وه‌ کە بۆ پابەندبون بەدانی موچەوە لەلایەن بانکەکانەوە دۆلار كه‌مێك داده‌به‌زێت.

بازرگانی‌و پیشەسازی: گۆڕانكاری له‌نرخی دۆلار لەکۆتایی ساڵی رابردوەوە تا ئێستا ئایا‌ بۆته‌ هۆی لاوازبوونی كڕین‌و فرۆشتنی دراو له‌بازاڕه‌كانی دراوی سلێمانیدا؟
جەبار گۆران: له‌كاتێكدا بازاڕ زۆر ۆڕ جوڵەو قه‌ره‌باڵغ ده‌بێت‌و مامەڵه‌ زۆر به‌دراوێكه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ نرخی ئه‌و دراوه‌ جێگیر نه‌بێت، له‌ئێستادا به‌های دۆلار تا ڕاده‌یه‌كی زۆر جێگیره‌، له‌و كاته‌ی كه‌ نرخی دۆلار له‌ ١١٩ هه‌زاره‌ بووه‌ ١٤٦ هه‌زار به‌ڕێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر ئاڵوگۆڕ به‌دۆلارەوه‌ ده‌كرا، له‌ئێستا رۆژانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و بڕه‌ی كه‌ بازرگانه‌كان دهیانه‌وێت بۆ كڕین‌و هێنانی كاڵا. خواست‌و خستنەڕوی دراو لەو کاتەدا گەیشتە ترۆپک‌و بازاڕەکانی پڕ لەجموجۆڵ کرد کە لەکۆتایی ساڵی رابردودا بانکی ناوەندی نرخی دیناری بەرامبەر بەدۆلار دابەزاندو نرخی ١٠٠ دۆلاری لە ١٤٦ هەزاردا جێگیر کرد، لەو کاتەدا نرخی دۆلار بەرزو نزمی زۆر بەخۆیەوە بینی‌و خواستێکی زۆر لەسەر دۆلار هەبوو کەوای کرد نرخەکەی بەرز بێتەوە. بەڵام ئێستا بازاڕ وەک ئەو دۆخەی پێش گۆڕانکاریی لەبەهای دیناری لێهاتۆتەوە. ئەمەش هەندێ جار کەمێک کە بەرز بێتەوە یان نزم بێتەوە نرخی دۆلار پەیوەندی بەخواست‌و خستنەڕووی بازرگانانەوە هەیە. هاوکات جگە لەدۆلار هەندێجار بازرگانان مامەڵە  بەتمەن‌و یۆرۆشەوە دەکەن.

بازرگانی‌و پیشەسازی: له‌ ئێستادا چه‌د جۆر دراو له‌ بازاڕی دراوی سلێمانی مامەڵه‌ی پێوه ‌ده‌كرێت؟
جەبار گۆران: به‌پله‌ی یه‌كه‌م مامەڵه‌ی دۆلار بەدینارە، هەرچەندە وەکو بڕی مامەڵە، مامەڵەی هه‌وایی تمه‌نه‌ لەدۆلارو لەهەموو دراوەکانی تر زیاترە، دواتر تمه‌نی نه‌قدی‌و پاشان یۆرۆ كه‌ چه‌ند كۆمپانیایەكی دیاریكراو مامەڵه‌ی پێوه‌ده‌كه‌ن، دواتر لیره‌ی تورکی‌و سورییە، بەڵام ئێستا نرخیان جێگیر بووەو کەمتر مامەڵەیان پێوە دەکرێ.

بازرگانی‌و پیشەسازی: رۆژانه‌ چه‌ند ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی پێده‌كرێت له‌بازاڕی دراوی‌ سلێمانی؟
جەبار گۆران: بەپێی ئەو داتایانەی ماوەیەک لەمەوپێش وەرمگرتووە بەمامەڵەت هەوایی تمەنەکەو مامەڵەی دۆلار بەتمەنەوە رۆژانه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن دۆلار لەبازاڕو دوکانەکانی سلێمانی ئاڵوگۆڕی دراو ‌ده‌كرێت، كه‌ زۆرترینی ئه‌م بڕه‌ مامەڵه‌ی تمه‌نی هه‌واییه‌، نه‌دۆلارو نه‌تمه‌نی واقعیی له‌بازاڕدا بوونی نییه، بەڵکو تەنها ژمارەیەم بۆ نمونه‌‌ كه‌سێك دێت ده‌ڵێت ٥ ملیار تمه‌ن ماڵم بێت بۆ سبه‌ی یان هەفتەیەکی تر، ئه‌گه‌ر زیانی كرد ده‌یدات‌و قازانجیشی کرد ئەوە قانزاجەکەی وه‌رده‌گرێت.

بازرگانی‌و پیشەسازی: له‌سه‌دا چه‌ندی مامەڵه‌ی بازاڕی دراو له‌سلێمانی‌ مامەڵەی تمه‌نی هه‌واییه لەبڕی ئەو ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن دۆلارەی ئاماژەت پێدا؟
جەبار گۆران: زۆربه‌ی مامەڵه‌كان تمه‌نی هه‌واییه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها ژماره‌یه‌،  كه‌سێك بۆ  نمونه‌ ده‌ڵێت ١٠ ملیار تمه‌ن ده‌وێت بۆ به‌یانی ده‌یكات به‌ ماڵ به‌سه‌ر خۆیه‌وه‌ قازانجی كرد وه‌ریده‌گرێت‌و زیانی كرد ده‌بێت بیدات.

بازرگانی‌و پیشەسازی: له‌سایەی ئەم دۆخەو ئەو مامەڵه‌ی هه‌واییەدا هیچ كه‌سێك زیانی كردوه‌ یان پاره‌كه‌ی ‌خوراوەو مایەپووچ بووبێت؟
جەبار گۆران: له‌ساڵی ڕابردووه‌ چه‌ندین كه‌س مایەپووچ بووە، خه‌ڵك هه‌یه‌ بەهۆی مامەڵەی هەواییەوە ئوتومبێلیان لێسەندوە،‌ هه‌یه‌ خانووی چۆڵكردوه‌، خه‌ڵكیش هه‌یه‌ ڕایكردوه‌، بێگومان مامەڵه‌ی تمه‌نی هه‌وایی  له‌سه‌دا هه‌زار ڕیسك‌و مه‌ترسییه‌، كه‌سێك سه‌رمایه‌كه‌ی ٢ ده‌فته‌ر دۆلاره‌ مامەڵه‌ی یه‌ك ملیۆن دۆلار ده‌كات، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ دوو ده‌فته‌ره‌كه‌ی خۆشی‌و پاره‌ی خه‌ڵكیش بخوات، خه‌ڵك هه‌یه‌ شه‌و مامەڵه‌ی ٤٠ ملیار تمه‌نی كردوه‌ به‌یانی كه‌ هه‌ستاوه‌ وتویەتی ئاگام له‌خۆم نه‌بووە كڕیومه‌ دواتر خۆی شاردۆته‌وه‌، ئەم بازاڕە هه‌موو جۆرێكی تیدایه‌، هەیە پارەی خوراوەو هەشە پارەی خواردوە، بەتایبەتی لەمامەڵەی هەوایی تمەندا، چونكه‌ مامەڵه‌یه‌كی نادروسته‌.



PM:10:15:16/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 435 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌