هەڵگرتنی ڤیزای ئێران و عێراق بۆ هاووڵاتیانی هەردوو وڵات تەنها بۆ گەشتی ئاسمانییە


باڵیۆزی ئێران لە عێراق ڕایگەیاند، هەڵگرتنی ڤیزای ئێران و عێراق بۆ هاووڵاتیانی هەردوو وڵات تەنها بۆ گەشتی ئاسمانییە و دەشڵێت، ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ئەگەر کۆرۆنا کۆنتڕۆڵ کرا ئەوا هەڵگرتنی ڤیزا بۆ سەرجەم گەشتەکان بێت.   

 ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان عێراق و ئێراندا کراوە، تەنها ئەو کەسانەی لە ڕێگەی گەشتی ئاسمانییەوە گەشت دەکەن پێویستیان بە ڤیزا نییە.   

وتیشی، "پێدەچێت لە داهاتوودا و ئەگەر پەتای کۆرۆنا کۆنترۆڵ کرا و بارودۆخەکە باش بوو ئەوا هەڵگرتنی ڤیزا گەشتی وشکانیش بگرێتەوە."  

هاوکات سەعید خەتیب، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش بەهەمانشێوە لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، "هەڵگرتنی ڤیزای عێراق بۆ هاووڵاتیانی ئێران تەنها گەشتی ئاسمانی دەگرێتەوە."   

یەکشەممە 12ی ئەیلولی 2021، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە تاران کۆبوونەوە.     


AM:10:43:13/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 211 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌