"لەسلێمانی ٨٥٠ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی هەیە"


ئا: رێژەن سەردار

پسپۆری سامانی ماسی له‌به‌رێوبه‌رایه‌تی كشتوكاڵی سلێمانی، سه‌ڵاح مه‌جید لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ "بازرگانی‌و پیشەسازی" دەڵێت "له‌سنوری پارێزگای سلێمانی ٨ كارگه‌مان هه‌یه‌ عه‌له‌فی ماسی دابین ده‌كات بۆ ماسی كارب".

بازرگانی‌و پیشەسازی: چەند جۆر پڕۆژەی ماسی لەسنوری پارێزگای سلێمانی ھەیەو ژمارەیان چەندە؟ 
سه‌ڵاح مه‌جید: بەداخەوە حکومەتی ھەرێم‌و وەزارەتی کشتوکاڵ کەمتەرخەم بوون لەئەنجامدانی ڕوپێوی بۆ زانینی ژامارەی وردی پرۆژەکانی ماسی، تەنانەت ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانیش بودجەی تەرخان کرد بەڵام ئامادە نەبوون ڕوپێو ئەنجام بدەن، بۆیە ئەم ئامارانەمان بەھەوڵی خۆمان دەستکەوتووە. سێ جۆر پرۆژەمان ھەیە: یەکەم: حەوزە گڵەکان کە دوو جۆرن، مۆڵەتدارن‌و بێ مۆڵەت، ئەوانەی کە مۆڵەتیان لەوەزارەتی کشتوکاڵ وەرگرتووە ژمارەیان ٥٢ پڕۆژەیە، بێ مۆڵەت ئەوانەی کە ئێمە ئاگادار بین ٣٦٠ پرۆژەی بێ مۆڵەت ھەیە. سەرجەم حەوزە گڵەکان ٤١٢ پرۆژەیە. توانای به‌رهه‌مهێنانی سه‌رجه‌میان کە لەسە ١٤٥٠ دۆنم زه‌وییه، له‌هه‌ر دۆنمێك هه‌زار ماسی كاربی تێده‌كرێت. جۆری دووهه‌م: حه‌وزی هه‌ڵواسراوه‌ له‌ده‌ریاچه‌كاندایه‌و پێده‌وترێت حه‌وزی هه‌ڵواسراو ''قه‌فه‌س''، ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تی هه‌یه‌ ٧ پرۆژه‌یه‌ له‌ده‌ریاچه‌ی دوكان، توانای به‌رهه‌م هێنانیان ٤٢٠ هه‌زار ماسییه‌، ٥ پرۆژه‌ی ترمان له‌قۆناعی دروستكردندایه‌ له‌ده‌ریاچه‌ی دوكان و بنگرد. جۆری سێهه‌م حه‌وزه‌ كۆنكرێتییه‌كان له‌ناوچه‌ ساردو كوێستانیه‌كان، هه‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ماسی سه‌له‌مون تاكو ٩ پرۆژه‌ی مۆڵه‌دارمان هه‌یه‌، دوو دانه‌ له‌كاركردن وه‌ستاون، ٧ پڕۆژەیان كارده‌كه‌ن‌و توانای به‌رهه‌مێنانیان ٥٣٠ هه‌زار ماسییه‌، به‌ڵام حه‌وزه‌ هاڵواسره‌وه‌كان‌و كۆنكرێتیه‌كان به‌ نیوه‌ی توانای خۆیان كارده‌كه‌ن.

بازرگانی‌و پیشەسازی: به‌رهه‌مهێنانی ماسی له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی گه‌یشتۆته‌ ئاستی خۆبژوێی؟
سه‌ڵاح مه‌جید: سوڕی سه‌رمایه‌ له‌به‌خێوكردنی ماسیدا دوورو درێژه‌ به‌ به‌راورد له‌جۆره‌كانی تری ئاژه‌ڵ، بۆ نمونه‌ له‌په‌له‌وه‌ردا ٤٠ بۆ ٥٠ رۆژ به‌خێوی ده‌كه‌یت پێده‌گات‌و ده‌چێته‌ بازاڕه‌وه‌، خاوه‌ن پرۆژه‌كه‌ سه‌رمایه‌ی خۆی ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌ماسیدا لایه‌نی كه‌م ٧ مانگی پێوسته‌، له‌ساڵێكدا یه‌ك وه‌رز ده‌توانن به‌رهه‌م بهێنن، ئێمه‌ له‌و وه‌رزه‌دا به‌رهه‌مان ئه‌وه‌نه‌ زۆر ده‌بێت به‌شی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ش ده‌كات، به‌ڵام له‌ وه‌رزه‌كانی تردا پێوستمان به‌هاورده‌یه‌، حه‌وزه‌ گڵ‌و هه‌ڵواسراوه‌كان له‌سه‌ره‌تای به‌هاردا له‌سه‌ره‌تای مانگی نیسان، په‌نجه‌ ماسی ده‌خەنه‌ حه‌وزه‌كانیان له‌سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم پێده‌گات، واته‌ كه‌ به‌رهه‌می ناوخۆ پێده‌گات به‌رهه‌مه‌كه‌ له‌بازاڕدا زۆر زۆر ده‌بێت‌و نرخ داده‌به‌زێت، به‌شه‌ی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ش ده‌كات، واتا له‌ ١ی ١٠ تاكو كۆتایی مانگی ٣ به‌رهه‌می ماسی ناوخۆمان زۆر هه‌یە.

بازرگانی‌و پیشەسازی: وشكه‌ ساڵی كاریگه‌ری هه‌بووە له‌سه‌ر پڕۆژه‌كانی به‌خێوكردنی ماسی؟
سه‌ڵاح مه‌جید: كاریگه‌ری هه‌بووه‌ به‌دوو شێواز، ئێمه‌ حه‌وزمان هه‌یه‌ ٤٠ دۆنم زه‌وییه،‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كه‌ وشكی كردوه‌ ناتوانێت ماسی به‌خێو بكات، له‌زۆربه‌ی ناوچه‌كان هه‌مانه‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوی حه‌وزه‌كان كانی‌و چه‌م بووه‌، ئێستا وشكی كردوه‌ ناتوانن ماسی به‌رهه‌م بهێنن، ئه‌مه‌ش بوەته ‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی سامانی ماسی، شێوازی دووه‌م كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر كەمبوونه‌وه‌ی سامانی ماسی له‌چه‌مه‌كان، له‌زۆر شوێن گه‌رای ماسییه‌كانیش فه‌وتاون، له‌و كاته‌ی ماسی سوره‌و بزه‌ گه‌را ده‌ده‌نێن ئاستی ئاوی چه‌مه‌كان داده‌به‌زێت یاخود وشك ده‌كات، بۆیه‌ گه‌رای ماسییه‌كان ده‌كه‌وێته‌ وشكانی‌و به‌مه‌ش ده‌فه‌وتێت، بۆیه‌ ئه‌مساڵ بڕی به‌رهه‌می ماسی چه‌مه‌كانیش كه‌مه‌.

بازرگانی‌و پیشەسازی: له‌ماوه‌ی رابردوودا حكومه‌تی هه‌رێم په‌نجە ماسی به‌رهه‌م ده‌هێناو ده‌یخسته‌ ده‌ریاچه‌و چه‌مه‌كانه‌وه‌ تاكو ئێستاش به‌رده‌وامه‌؟
سه‌ڵاح مه‌جید: ئێمه‌ هه‌ڵهێنه‌ری ناوخۆمان هه‌یه‌ بۆ حه‌وزه‌ هه‌ڵواسراوو گڵه‌كان له‌قه‌ڵادزێ‌و پشده‌ر دوو ساڵه‌ كار ده‌كه‌ن، به‌داخه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌ت بودجه‌ دابین ناكات هه‌ڵهێنه‌ره‌ حكومیه‌كان له‌كار كه‌وتون، هه‌ڵهێنه‌ری حكومی تاكو ساڵی ٢٠١٧ ئیشی كردو ساڵانه‌ نیو ملیۆن په‌نجه‌ ماسی دابه‌ش ده‌كرد، په‌نجه‌ ماسییه‌كی زۆر باش‌و ته‌ندروستی به‌رهه‌م ده‌هێنا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا له‌كاركردن وه‌ستاوه‌ كه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆر كه‌میشی پێویسته‌، به‌ڵام حكومه‌ت دابینی ناكات، بۆیه‌ خاوه‌ن پڕۆژه‌كانی ماسی زۆر ناچارن به‌قاچاخ له‌باشوری عێراق‌و ئێرانه‌وه‌ په‌نجه‌ ماسی بهێنن كه‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ قه‌ده‌غه‌ی كردووه‌، هه‌ڵێنه‌ری ماسی سه‌له‌مون له‌كوردستان‌و عێراق بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی نوسراویان بۆ ده‌كرێت‌و له‌ده‌روازه‌ سنورییه‌كانه‌وه‌ په‌نجه‌ ماسی سه‌لمون ده‌هێنن بۆ حه‌وزه‌ كۆنكرێتییه‌كان.

بازرگانی‌و پیشەسازی: عه‌له‌فی پرۆژه‌كانی ماسی چۆن دابین ده‌كرێت، هیچ كارگه‌یه‌كی عه‌له‌ف له‌ ناوخۆ هه‌یه‌؟
سه‌ڵاح مه‌جید: ئێمه‌ له‌سنوری پارێزگای سلێمانی ٨ كارگه‌مان هه‌یه‌ عه‌له‌فی ماسی دابین ده‌كات بۆ ماسی كارب، به‌ڵام هی ماسی سه‌له‌مون له‌ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت، عه‌له‌فی سه‌ر ئاو كه‌وتووه‌ چونكه‌ ماسی سه‌له‌مون ناتوانێت عه‌له‌ف له‌بنی ئاو هه‌ڵبگرێته‌وه‌، عه‌لە‌فی كارگه‌ ناوخۆیه‌كان ژێر ئاو كه‌وتە‌وه‌ بۆ ماسی كارب.

بازرگانی‌و پیشەسازی: به‌رزبونه‌وه‌ی به‌های دۆلار كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرۆژه‌كانی به‌خێوكردنی ماسی هه‌بووه‌؟
سه‌ڵاح مه‌جید: كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر گرانبونی نرخی ئالیك، له‌به‌رئه‌وه‌ی نرخی كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌تایه‌كانی كه‌ ئالیكی ماسی پێدروست ده‌كرێت گران بووه‌، بۆ نمونه‌ سۆیا به‌راورد به‌پار بۆ یه‌ك تۆن ١٠٠ دۆلار زیادی كردوه‌، پرۆتین‌و ڤیتا‌مینه‌كانیش له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان دێت، له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات گران بووه‌و دۆلاریش به‌رزبۆته‌وه‌، خاوه‌ن پرۆژه‌كان ماسی به‌دینار‌  ده‌فرۆشن، به‌ڵام عه‌له‌ف به‌دۆلار ده‌كڕن، ئه‌مه‌ خه‌ڵكی توشی زه‌ره‌رو زیان كرد.

بازرگانی‌و پیشەسازی: له‌ڕووی تام‌و چێژو كوالێتیه‌وه به‌رهه‌می پرۆژه‌كانی ناوخۆ توانویەتی كێبڕكێی ماسی هاورده‌كراو بكات؟
سه‌ڵاح مه‌جید: ماسی ناوخۆ زۆر بەتام‌و چێژترو كوالێتی به‌رزتره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌كارگه‌كانی ناوخۆ ئالیك وه‌رده‌گرێت‌و كارگه‌كانیش له‌ژێر چاودێری وردی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵدان، به‌رهه‌می خراپ به‌كارناهێنن، به‌رده‌وام پشكنین ده‌كرێت له‌لایه‌ن ڤێتێنه‌ری سلێمانیه‌وه‌.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئه‌مساڵ نه‌خۆشی ماسی هاوشێوه‌ی باشوری عێراق لەکوردستان بڵاوبۆته‌وه‌؟
سه‌ڵاح مه‌جید: هیچ نه‌خۆشیه‌كی مه‌ترسیدار لهپڕۆژەکانی ماسی ‌هه‌رێمی كوردستان بڵاونه‌بۆته‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌باشووری عێراق هه‌یه‌، له‌پرۆژه‌كانی ئێمه‌ جاروبار نه‌خۆشی ده‌بێت، به‌ڵام چاره‌سه‌ره‌كه‌ی له‌نۆرینگه‌كانی ڤێتێنه‌ری به‌رده‌سته‌، زوو چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. 




PM:08:41:12/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 189 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌