ئەمساڵ زۆرترین ماتۆڕ هاوردەی سلێمانی كراوە


ئا: رێژەن سەردار

خاوەنی كۆمپانیایەكی تایبەت بەكڕین‌و فرۆشتنی ماتۆڕ ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمساڵ بەراورد بەساڵانی رابردوو زۆرترین ماتۆڕ هاوردەی سلێمانی كراوەو ساڵ بەساڵیش فرۆشتن‌و بەكارهێنانی ماتۆڕ زیاتر دەبێت.

نەوزادی عەبدوڵا رەباتی، خاوەنی كۆمپانیای شاتووی نوێ‌ بۆ فرۆشتنی هەموو جۆرە ماتۆڕسكیل‌و ماتۆڕی سێ‌ تایی‌و ماتۆڕی دوو تایی‌و چوار تایی‌و فرۆشتنی هەموو پارچەیەكی یەدەكی ماتۆڕسكیل، بەرۆژنامەی "بازرگانی‌و پیشەسازی" راگەیاند كە بەهۆی گرانی بەنزینەوە خەڵك زیاتر روی كردوەتە كڕین‌و بەكارهێنانی ماتۆڕ، ئەو وتی "ساڵ بەساڵ فرۆش‌و بەكارهێنانی ماتۆر زیاتر دەبێت لەبەرئەوەی مەسرەفی كەمترە، خەڵك دەتوانێ‌ بیكڕێ‌، لەكاتێكدا ئوتومبێل پارەی زۆری ئەوێ‌‌و مەسرەفیشی زۆرە‌و نرخی بەنزینیش گرانە".

وتیشی "هەرچەندە ساڵ بەساڵ نرخی ماتۆڕیش بەرزتر دەبێتەوە بەڵام ئەم بازرگانییە هەر گەورەترو زیاتر دەبێت، پار ئەو ماتۆڕەی كڕیومانە بە850 دۆلار ئەمساڵ بە 940 كڕیومانە، واتە 90 دۆلاری چوەتە سەر، بەڵام هێشتا هەر فرۆشی زیاتر دەبێت".

خاوەنی ئەم كۆمپانیایە ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەو ماتۆڕانەی لەبازاڕی هەرێمی كوردستاندا هەن زۆربەی هەرە زۆریان لەچین‌و ئێرانەوە دێن، هاوكات ماتۆڕی ژاپۆنی بالەش دێت كە هی دەستی دوون، ئەو وتی "ماتۆڕی گرانبەها لێرە كڕیاریان نییە، چونكە ئەو کەسانەی روو دەكەنە ماتۆڕ زۆربەیان ئەو كەسانەن كە داهات‌و دەرامەتیان سنوردارە، بۆ نمونە جۆرە ماتۆڕەكانی هندستان ماتۆڕی چاكن، بەڵام لێرە خەڵك نایكڕێت لەبەرئەوەی نرخەكەیان بەرزە، ئێستا ئێمە لەكۆپانیاكەماندا ماتۆڕی هندیمان هەیە كەس نایكڕێ‌، چونكە نرخیان 1200 دۆرە، بەڵام ماتۆڕی هەرزان بەهای چینی‌و ئێرانی بە400 دۆلارەو كڕیاریان زۆرە". 

نەوزاد ئەوەش روندەكاتەوە كە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر ماتۆڕ دێتە كوردستان‌و شاری سلێمانیشەوە، ئەو وتی "ساڵانە هەزاران ماتۆڕ دێتە كوردستانەوە، بەپێی ئەوەی من ئاگادارم ئەمساڵ زۆرترین ماتۆڕ هاوردەی سلێمانی كراوە".

سەبارەت بەپێشنیاریشی بۆ رێكخستنەوەی شەقام‌و رێگەو بانەکانی شار كە بەهۆی زۆربوونی ژمارەی ماتۆڕسوارەوە لەزۆر شوێندا پاشگەردانی تێكەوتووە، خاوەنی كۆمپانیای شاتووی نوێ‌ وتی "نزیكەی مانگێك لەمەوبەر لەگەڵ بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی كۆبوینەوە، پێشنیاری رێكخستنەوەو بەكارهێنانی ماتۆڕمان خستوەتە بەردەم بەڕێوەبەری هاتوچۆ، ئەویش پێشنیارەكانمانی خستوەتە بەردەستی وەزارەتی ناوخۆ، ئێمە داوامان كردوە ماتۆڕ ببێتە سەنەوی‌و وەك ئوتومبێل سەنەوی هەبێت، ئەوانەی لێیدەخوڕن پێویستە مۆڵەتی یاساییان هەبێ‌، لەبەرئەوەی هەر منداڵێك هەڵدەستێ‌‌و ماتۆڕ لێدەخوڕێ‌‌و خۆی ئەیا بەئوتومبێل‌و عامودو دەنگی بەرز دەكاتەوەو مایەی ناڕەزایی خەڵکە، بەڵام ئەگەر ئەم کارە بكرێتە یاسایی‌و ماتۆڕ سەنەوی هەبێ‌و ماتۆڕسواران مۆڵەتی یاساییان هەبێ‌، ئەو وەختە لەشەقام‌و رێگەو باندا بە بەرپرسیاریەتی زیاترەوە دەڕۆن بەرێگەدا‌و لەكاتی سەرپێچیشدا دەتوانرێ‌ لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێ".



PM:04:12:10/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 183 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌