سەرۆکی ژوور: لەهەوڵی چارەسەری كێشەی دەروازە سنورییەكانی پەروێز خان‌و باشماخداین

ئا: بازرگانی‌و پیشەسازی

سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، سیروان محمەد ئاماژە بەوە دەكات كە چەند هۆكارێك بونەتە هۆی كەمبونەوەی جوڵەی بازرگانی لەدەروازە سنورییەكانی پەروێز خان‌و باشماخ، كە گرنگترینیان تەشەنە سەندنی دیاردەی گەندەڵییە لەدەروازە سنورییەكانی ناوەڕاست‌و خوارووی عێراق، كە وایكردووە بازرگانانی كوردستان بۆ هێنانی كاڵاكانیان روبكەنە ئەو مەرزانە، ئەو دەڵێت "لەهەوڵ‌و هەماهەنگیداین لەگەڵ هەردوو حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی ناوەندی عێراق بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم گرفت‌و كێشەیە بكەین‌".

سیروان محەمەد بە"بازرگانی‌و پیشەسازی" راگەیاند ماوەی چەند مانگێكە جوڵەی بازرگانی لەدەروازە سنورییەكانی پەروێز خان‌و باشماخ كەمی كردووە، بەهۆی چەند هۆكارێكەوە، كە گرنگترینیان ئەو گەندەڵییەیە باڵی بەسەر دەروازە سنورییەكانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراقدا كێشاوەو لەڕێگەی بەرتیلێكی كەمەوە بازرگانان دەتوانن بارەكانیان بەبێ‌ دانی گومرك یان لەبەرامبەر بڕە پارەیەكی كەمدا تێپەڕێنن، هەروەها بەهۆی ئەوەی لەدەروازەکانی ناوەڕاست‌و خوارووی عێراق کارئاسانی دەکرێت لەجۆری پبناسی گومرگیدا کە ئەمەش دەبێتە ھۆی کەمبونەوەی تێچوی بارەکان بەم ھۆیەشەوە بەشێک لەبازرگانە دیارەکانی ھەرێمی کوردستان کارە بازرگانییەکانیان گواستۆتەوە بۆ ئەو دەروازانە بۆ هێنانی باری كاڵاكانیان کە کەمتری تێدەچێت بەراورد بەهەرێمی کوردستان، ئەو وتی "هۆكاری دیكەش زۆرن، لەوانە بەرهەمی ناوخۆیمان لەم وەرزەدا ساڵانە زیاد دەكات‌و ھاوردە کردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان بەھۆی پێگەشتنی بەرھەمی ناوخۆییەوە کەم دەکات، هەروەها دۆخی سیاسی ناوچەكە بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئێران‌و عێراقەوە تا ئەندازەیەک نائاسایی بووەو ئەمەش رەنگدانەوەی هەبووە لەدەروازە سنورییەکاندا، جگە لەوەی كە کرێی گواستنەوە لەدەروازەکانی باشماخ بەراورد بەشوێنەكانی دیكە زیاترە".
 
وتیشی "ئێستا لەهەماهەنگیداین لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراقیش بۆ ئەوەی لەهەموو دەروازە سنورییەكان یاسا جێبەجێ‌ بكرێت‌و پابەند بن بەرێكارە یاساییەكانەوە‌و لەهەوڵی چارەسەری ئەو کێشەیەداین بۆ ئەوەی جوڵەیەكی زیاتر بكەوێتەوە دەروازە سنورییەكانی باشماخ‌و پەروێز خان‌و توانیویشمانە بازرگانان بهێنینەوە سنورەكانی خۆمان‌و لەهەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبین بەمەبەستی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە".

سەرۆكی ژوور پێیوایە ئەم كێشەیە هەنگاو بەهەنگاو بەرەو چارەسەر كردن دەڕوات، ئە‌و وتی "لەبەرنامەماندایە وەكو ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی لەگەڵ بەرپرسانی مەرزەکان كۆببینەوەو داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكانیش دەكەم  كرد کاری جدی بۆ بکرێت‌و ڕێڕەوی بازرگانی لەو دەروازەیە ئاسایی بکرێتەوە".
 
وتیشی "جوڵەی بازرگانی لەدەروازە سنورییەكانی پەروێز خان‌و باشماخ هەم بۆ هاولاتی‌و بازرگانان گرنگەو هەم بۆ حكومەتی هەرێمیش، كە سەرچاوەیەكی گرنگی بژێویی‌و گەشەی بازركانی‌و دەرامەت‌و داهاتیانە".




PM:09:33:08/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 479 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌