قوباد تاڵە‌بانی كۆگاكانی ژووری بازرگانی سلێمانی بەسەركردەوە


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، سە‌ردانی كۆگاكانی ژووری‌ بازرگانی و‌ پیشەسازی سلێمانی كرد كە‌ دە‌كە‌وێتە‌ نێو پڕۆژە‌ی سلێمانی نوێ كە‌ بە‌ سلێمانی بیست بیست ناسراوە و لە تەواوبوونیدا پێنج هەزار دەرفەتی كار دەڕەخسێنێت‌، لەلایەن سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی وپیشەسازی سلێمانی و نەوزاد غەفور، جێگری سەرۆکی ژوور و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و سەرپەرشتیاری ئەندازیاری پرۆژەی گەنجینەکان پێشوازی لێکرا.

قوباد تاڵەبانی، لە بەسەركردنەوەكەدا ئەمڕۆ (2ی ئەیلولی 2021) دەستخۆشی لە لایەنە جێبەجێکارەکانی پڕۆژەکە کرد کە بەشی زۆری پڕۆژەکەیان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ کردووە و داوایکرد زیاتر کار بکرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەکە لەكات و وادەی دیاریكراوی خۆی تەواو بکرێت.

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە باسیان لە گیروگرفتەکانی بەردەم پڕۆژەکە كرد لەوانەش كێشەی كارەبا و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند لەگەڵ وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی قسە دەکەن بۆ ئەوەی کێشەی کارەبای پڕۆژەکە بە تەواوی چارەسەر بکرێت.

جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکە جگە لەوەی سلێمانی دەبێتە سەنتەرێکی گرنگی بازرگانی لە هەموو عێراق، نزیکەی پێنج هەزار هەلی کاری راستەوخۆش بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابین دەکات و خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی كە نزیکەی هەموو ئەو کرێکارانەی ئێستا لە پڕۆژەکە کاردەکەن کرێکاری خۆماڵین.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لە حکومەتی هەرێم بە هەموو توانایانەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی پشتگیری تەواو لە کەرتی تایبەت بکەن بۆ وەبەرهێنانی زیاتر و تەواوکردنی پڕۆژەکان و جارێکی تر جەختی کردەوە کە لەپێناو بووژانەوەی بازاڕدا چیتر ڕێگە نادەن بە هیچ جۆرە دەستوەردانێكی لابەلا لە کاروباری بازاڕدا.

سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند ''لەمانگی ئابی 2018 بەردی بناغەی پرۆژەكە دانراوەو ئێستا 90%ی كارەكانی تەواو بووەو تا كۆتایی ساڵ سەرجەم كارەكانی پرۆژەكە تەواو دەبێت، كە لەسەر ئاستی عیراق گەورەترین پرۆژە دەبێت، شاری سلێمانی دەکاتە سەنتەرێکی بازرگانی گەورە لەسەر ئاستی عێراق، پێشتر تەنها توانراوە بەشی پانزە ڕۆژ خۆراک هەڵبگیرێت لەشاری سلێمانی بەڵام لە ئێستادا بەهۆی دروستکردنی کۆگاکانی ژووری بازرگانی وپیشەسازی سلێمانی جێگای 350 هەزار تۆن پێداویستی خواردن و خۆراكی بكەین كە بەشی 6 مانگ دەكات بۆ شاری سلیمانی ئاسایشی خۆراک دەپاریزێت".
 
پرۆژه‌ی گه‌نجینه‌کانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سليمانی بریتییه‌ له‌ دروستکردنی 586 کۆگای هاوچه‌رخ به‌ ڕوبه‌ری جیاواز، پرۆژه‌که‌ له‌سه‌ر 400 دۆنم زه‌وی له‌ سلێمانی له‌ نزیک گوندی ژاڵه‌ی سه‌روو جێبه‌جێ ده‌کرێت،دابه‌ش بوون به‌سه‌ر چه‌ند زۆنێکدا، لەدروستکردنی پرۆژەکەدا هەموو ستاندار و پێوەرێکی جیهانی تێدا ڕەچاو دەکرێت، له‌ ئێستادا کارکردن تیایدا به‌رده‌وامه‌.



PM:12:38:02/09/2021




ئه‌م بابه‌ته 381 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌