به‌ڕێوەبه‌ری كارگه‌ی دۆشاوی شاره‌زوور: رۆژانه‌ ١٥٠ تۆن ته‌ماته‌ له‌جوتیاران وه‌رده‌گرین


ئا: رێژەن سەردار

به‌ڕێوەبه‌ری كارگه‌ی دۆشاوی شاره‌زوور ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانیان بەرزبوەتەوەو رۆژانه‌ بڕی ١٥٠ تۆن ته‌ماته‌ له‌جوتیاران وه‌رده‌گرن، ئەو دەڵێت "دەتوانین له‌كاتژمێرێكدا ٤ هه‌زارو ٨٠٠ قوتو دۆشاوی تەماتە بەرهەم بهێنین".

جاسم ته‌وێڵه‌یی، به‌ڕێوەبه‌ری كارگه‌ی دۆشاوی شاره‌زوور بەڕۆژنامەی "بازرگانی‌و پیشەسازی" راگەیاند كارگه‌كه‌یان له‌ئێستادا له‌كاركردندایه‌و رۆژانه‌ بڕی ١٥٠ تۆن ته‌ماته‌ له‌جوتیاران وه‌رده‌گرن، ئەو وتی "ته‌ماته‌ وه‌رزییه‌، سه‌ره‌تا له‌به‌سره‌ پێده‌گات، دواتر له‌كوت‌و عه‌ماره‌و ناوچه‌كانی تری باشورو ناوه‌ڕاستی عێراق‌و دواتر هه‌ولێرو دهۆك، له‌ئێستادا كاتی پێگه‌یشتنی ته‌ماته‌ی شاره‌زووره‌، ده‌مانه‌وێت جوتیاران به‌شێوه‌یه‌كی زانستی ته‌ماته‌ بچێنن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دوو كیلۆ خاكی  شاره‌زوورمان برده‌ تاقیگه‌كانی ئیتاڵیا له‌شاری رۆما پشكنینیمان بۆ كرد، ئه‌وانیش ناوی سێ تۆوی ته‌ماته‌یان پێوتین كه‌ له‌گه‌ڵ كه‌شو هه‌وای شاره‌زوور ده‌گونجێت‌و به‌رهه‌مێكی زۆر ده‌دات، له‌كاتی چاندنی تۆوی ئاسایی جوتیاران دوو بۆ سێ تۆن ته‌ماته‌‌یان ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌و شێوازه‌ زانستییه‌ی له‌ئیتاڵیا وه‌رمانگرت‌و له‌گه‌ڵ چاندنی ئه‌و تۆوانه‌ له‌یه‌ك دۆنم زه‌ویدا‌ ٣٥ بۆ ٤٠ تۆن ته‌ماته‌مان ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌مه‌ش جوتیاران زۆر سوودمه‌ند ده‌بن".

 سەبارەت بەبڕی به‌رهه‌مهێنانی كارگه‌کەشیان، ئەو وتی "له‌ئێستادا زۆربه‌ی ئامێره‌كانی كارگه‌كه‌مان گۆڕیوه‌ به‌ئامێری نوێ‌و پێشكه‌وتوو، كه‌ له‌یه‌ك خوله‌كدا ده‌توانێت ١٥٠ قوتوی ٨٠٠ گرامی تێبكات، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ خوله‌كێكدا ٨٠ قوتو به‌رهه‌مده‌هێنین‌ کە له‌كاتژمێرێكدا ٤ هه‌زارو ٨٠٠ قوتو ده‌كات".

تەوێڵەیی ئاماژە بەوەش دەکات کە کارگەکەیان هەلی كاری بۆ ژمارەیەک لەگەنجانی شاری هەڵەبجە رەخساندوەو سەرجەم ستافەکەیان خەڵکی ئەو شارەن کە کارگەکەیانی تێدایە، ئەو وتی "لەهه‌ڵه‌بجه‌ له‌هه‌موو ماڵێكدا دوو سێ ده‌رچووی زانكۆ هه‌یه‌، بۆیه‌ پێوستیمان به‌ئه‌ندازیاری بیانی نه‌ماوه‌، سه‌رجه‌م كارمه‌نده‌كان خه‌ڵكی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ن، له‌ئێستادا ٤٠ كارمه‌ندمان هه‌یه‌ له‌ڕه‌گه‌زی كوڕو كچ كه‌ زۆربه‌یان به‌شی كشتوكاڵی یاخود زانستی خۆراكیان ته‌واو كردوه،‌ چه‌ند ئه‌ندازیارێكی میكانیكیشمان هه‌یه‌، له‌سه‌رجه‌م گونده‌كان كارمه‌ندمان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم ڕێگریمان لێنه‌كات‌و كێشه‌مان بۆ دروست نه‌كات، به‌نیازین كارگه‌كه‌ فروان بكه‌ین‌و هه‌لی كاری زیاتر بره‌خسێینن".

دەربارەی گونجاویی تەماتەی کوردستانیش بۆ دۆشاوی تەماتە، تەوێڵەیی وتی "ته‌ماته‌ چه‌ند جۆرێكە، له‌وڵاتان ته‌ماته‌ی پیشه‌سازی هه‌یه‌ كه‌ له‌٥ كیلۆ ته‌ماته‌ كیلۆیه‌ك دۆشاو ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و ته‌ماته‌ كوردییه‌ی لای خۆمان هه‌یه‌ ورده‌كه‌و گرنج گرنجه‌كه‌، له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ سودی نییە بکرێت بەدۆشاو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین به‌دۆشاو به‌ ٩ بۆ ١٠ كیلۆ ئینجا كیلۆیه‌ك دۆشاومان ده‌ستده‌كه‌وێت، بۆیه‌ له‌هه‌وڵداین جۆره‌ تۆوێكی تایبه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ بهێنین بیده‌ین به‌جوتیاران تاكو ئه‌وه‌ بچێنن".

وتیشی "له‌هه‌موو جیهاندا سیسته‌مێك هه‌یه‌ بۆ كارگه‌كانی دۆشاوی ته‌ماته، ته‌ماته‌ ناگوازرێته‌وه‌ له‌وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی تر،‌ بۆ نمونه‌ ئێران كاتێك ته‌ماته‌ی مه‌شهه‌د پێده‌گات له‌وێ ٢١٥ كارگه‌ی دۆشاوی ته‌ماته‌ هه‌یه‌، بۆیە زۆرجار كه‌ ته‌ماته‌ی مه‌شهه‌د پێده‌گات ده‌یكات به‌ دۆشاو ده‌ینرێت بۆ كوردستان‌و كرماشان تاكو ته‌ماته‌ی كرماشان پێده‌گات، ئینجا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كرماشان دۆشاو ده‌نرێت بۆ مه‌شهه‌د، له‌نێوان وڵاتانیشدا ساڵانه‌ چه‌ند جارێك ئێران له‌توركیا دۆشاو ده‌هێنێت، یاخو له‌چین دەیهێنێت، به‌ڵام ئێمه‌ به‌شێك له‌و دۆشاوه‌ی كه‌ لە ئێستادا به‌رهه‌می ده‌هێنین له‌ساردكه‌ره‌وه‌دا خه‌زنی ده‌كه‌ین بۆ دوای وه‌رزی ته‌ماته‌، دۆشاوی ته‌ماته‌ی شاره‌زوور به‌رهه‌می ته‌ماتەی‌ كوردستان‌و عێراقه"‌.

به‌ڕێوەبه‌ری كارگه‌ی دۆشاوی شاره‌زوور ئەوەش روندەکاتەوە کە به‌رهه‌مه‌كانیان ته‌نها بۆ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان نییەو سەرباری کۆمەڵێک گرفت‌و رێگرییش، بۆ باشورو ناوه‌ڕا‌ستی عێراقیشی ده‌نێرن، ئەو وتی "به‌داخه‌وه‌ له‌م وڵاته‌دا هه‌موو شتێك بارگاوی کراوە بە‌سیاسه‌ت‌، شیعه‌كانی عێراق دۆشاوی ته‌ماته‌ی ئێرانیان به‌كارده‌هێنا، سونه‌كانیش هی توركیا، ئێمه‌ش دۆشاوی شاره‌زوورمان نارد بۆ پارێزگاكانی باشورو ناوه‌ڕاستی عێراق، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ چونكه‌ به‌كوردی له‌سه‌ریمان نوسی بوو عه‌ره‌بی تێدا نه‌بوو كه‌مترین فرۆشی هه‌بوو، بۆیه‌ بیرمان له‌ دروستكردنی براندێك كردوه‌ به‌ناوی دۆشاوی ته‌ماته‌ی به‌غداد، هێما بازرگانییه‌كه‌شمان له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ تۆماركرد، خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا سونه‌و شیعه‌كانی عێراق هه‌ردووكیان به‌رهه‌می كارگه‌كه‌مان به‌كارده‌هێنین‌و خواستێكی ئێجگار زۆری له‌سه‌ره‌، له‌هه‌موو شارێكی عێراق دوو بریكارمان هه‌یه‌، رۆژانه‌ بارهه‌ڵگرمان ده‌ڕوات".

وتیشی "لەئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکەین به‌رهه‌مه‌كانمان هه‌نارده‌ی ده‌رەوه‌ی كوردستان بكه‌ین، به‌ڵگه‌نامه‌كانمان داوه‌ته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌نیازین، به‌رهه‌مه‌كانمان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكه‌ین ئه‌گه‌ر كارئاسانیمان بۆ بكرێت".

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات کە چەن كێشه‌و گرفتێک لەبه‌رده‌م فروانبونی كارگه‌كەیاندا هەیەو لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک پێویست هاوکارییان نەکردون، ئەو وتی "زۆرجار لێكتێنه‌گیشتن دروست ده‌بێت، له‌ماوه‌ی رابردوودا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ ماوه‌ی ١١ مانگ كاره‌كانمانی ڕاگرت، شكاتیان لێكردین، بەڵام خۆشبه‌ختانه‌ كه‌یسه‌كه‌مان بردوه‌و ده‌ستمانكرده‌وه‌ به‌كاركردن، چه‌ندین  جار دوای نه‌وتی ڕه‌ش‌و قه‌رزی كشتوكاڵیمان كردوه‌، به‌ڵام حكومه‌ت ئه‌ڵێت من هیچم نیه‌، نه‌وته‌ ڕه‌شه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم پاك‌و كوالێتی باشه‌، چه‌ندین جار له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ‌و پیشه‌سازییه‌وه‌ نوسراومان كردوه‌ بۆ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان نه‌وتی ڕه‌شمان بده‌نێ، به‌ڵام نه‌ له‌كابینه‌ی پێشوو، نه له‌م كابینه‌یه‌ش وەڵام نه‌دراوینته‌وه‌، بۆیه‌ ناچار له‌بازاری ره‌ش ده‌یكڕین كه‌ كوالێتی باش نیه‌و زۆر جار كێشه‌ بۆ ئامێره‌كانمان دروست ده‌كات، هه‌رچۆنێك بێت ئه‌گه‌ر هاوكاریشمان نه‌كه‌ن به‌س كێشه‌مان بۆ دروست نه‌كه‌ن سوپاسیان ده‌كه‌ین‌و هیچمان له‌حكومه‌ت ناوێ ئه‌گه‌ر ئه‌و ماوه‌یه‌ كارگه‌مان ڕانه‌گریرا ئێستا كاره‌كانمان زۆر فروان ده‌كرد".

سەبارەت بەوەش کە له‌ئێستادا كارگه‌ی دۆشاوی ته‌ماته‌ی هه‌ریر كراوه‌ته‌وه‌و ئایا دەتوانن پێكه‌وه‌  به‌رهه‌می كوردستان دابین بكه‌ن، تەوێڵەیی وتی "به‌خۆشحالیه‌وه‌ ئێستا كارگه‌ی هه‌ریریش كار ده‌كات پێكه‌وه‌ داوامان كردوه‌ پارێزگاری له‌به‌رهه‌مه‌كانمان بكات، یاسای پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆمان بۆ ده‌ربكات ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان بۆ بكه‌ن كاره‌كانمان زۆر پێشده‌كه‌وێت‌و هه‌لی كاری زیاتر ده‌ڕه‌خسێنین‌و جوتیاران زیاتر سوودمه‌ند ده‌بن، بڕی به‌رهه‌م هێنانیشمان زۆر زیاد ده‌كات.

وتیشی "خۆشبەختانە لەناوخۆی کوردستانیشدا رۆژ بەڕۆژ خواست له‌سه‌ر دۆشاوی ته‌ماته‌ی شاره‌زوور زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لەلای ئەو کەسانەی هەستی نیشتیمانیان بەرزەو دەیانەوێ گەشە بەتوانای بەرهەمهێنانی ناوخۆ بدەن‌و دەشزانن کە کوالێتی بەرهەمی ناوخۆ زۆر باشترو بەرزترە لەکوالێتی ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەکرێن، بەتایبەتی لەخۆراکدا کە ئەوەی خۆمان تەندروستترە، بۆ نمونە جێی خۆشحاڵیمانە کە کارمه‌ندانی تاقیگه‌ی خۆراكی هه‌ڵه‌بجه‌ كڕیاری به‌رده‌وامی كارگه‌كه‌مانن".



PM:08:46:20/08/2021




ئه‌م بابه‌ته 269 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌